| 
                         | 
                     
                    
                        | 
                             دوا زانیارى لەبارەى تەندروستى کچە گۆرانیبێژەکەى باکورەوە | 
                     
                    
                        | 
                            27/05/2015   09:57:38 | 
                     
                    
                        
                            (سبەی): 
دواى ئەوەى موتلو كایای كچە گۆرانبێژی باكوری كوردستان كە لە ئەنجلمی هێرشێكدا بە سەختی برینداركرا، تائێستا لە نەخۆشخانەیە و لەژیر چاودێرى وردى پزیشکیدایە، بەڵام بەپێی لێدوانی پزیشكەكان باری تەندروستی بەرە و باشبون دەچێت و وەڵامى بۆ چارەسەرەکان هەیە. 
سایتى خەبەر تورك لە نوێترین هەواڵیدا سەبارەت بە باری تەندروستی موتلو كایا، ئاماژەی بەوە كردوە هەرچەندە ئەو كچە هونەرمەندە تائێستا بێ هۆشە، بەڵام باری تەندروستی جێگیرە و بەرەو باشبون دەچێت، پزیشكەكانیش ئاماژەیان بەوە كردوە وەڵامدانەوەی كایا بۆ ئەو چارەسەرانەی بۆی دەكرێت باشە، چەند جوڵەیەكیشی كردوە، بەڵام رەنگە تا هەفتەیەكی دیكەش گۆرانكاری ئەوتۆ لەبارودۆخیدا رونەدات و لەژێر چاودێری ورددا بمێنێتەوە. 
موتلو كایا كچە كوردێكی تەمەن (19 ساڵ)ی شاری ئامەدە و دوای بەشداریكردنی لە پرۆگرامێكی تایبەت بە بەهرەمەندان، توانی بەهۆی دەنگە خۆشەكەیەوە جەماوەرێكی زۆر بۆ خۆی كۆبكاتەوە و تەنانەت بەشێک لە هونەرمەندەکانیشى سەرسام کرد لەوانە سیبل جان، بەڵام هەفتەی رابردو لە ئەنجامى ئەو هێرشەى کرایە سەر ماڵەكەی بە سەختی بریندار کرا و سەرى پێکرا. 
 بەتۆمەتی ئەو كارەش پۆلیسی توركیا چوار كەسی دەستگیر كرد كە ئێستا سیانیان ئازاد كراون و چوارەمیشیان كە خۆشەویستە كۆنەكەی موتلو كایایە تائێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە. | 
                     
                    
                        | 
                         | 
                     
                 
             |