Print WWW.SBEIY.COM
 هەولێر؛ سەندیكای پارێزەران بایكۆتی كۆنگرەی دادوەری دەكات
29/05/2015 12:22:59
(سبەی):
كۆنگرەی پێشخستنی سیستەمی دادوەری لەشاری هەولێر دەستی بەكارەكانی كرد، نەقیبی سەندیكای پارێزەرانیش بایكۆتی كۆنگرەكە دەكات و دەڵێت، رۆڵی پارێزەران لەبەرچاو نەگیراوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆتێل شیراتۆن لەشاری هەولێر ئەنجومەنی دادوەری هەرێم كۆنگرەی پێشخستنی سیستەمی دادوەری دەستپێكرد، كۆنگرەكە دوو رۆژ دەخایەنێت و ئەمڕۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حكومی و رێكخراوەكانی بورای دادوەری ئامادەی كۆنگرەكە بون.
ئەنجومەنی دادوەری لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت، ئامانج لەم كۆنگرەیە بەرەوپێشبردنی رۆڵی ئەنجومەنی دادوەری و دادواكاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەرییە لەكوردستان، كە لە رابردودا وەك پێویست نەیتوانیوە رۆڵی خۆی ببینێت و لەلایەن دەسەڵاتەكانی ترەوە دەستوەردان لە كاروبارەكانی كراوە.
لەگەڵ دەستپێكی كۆنگرەشدا، بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیكای پارێزەران بایكۆتی كۆنگرەی كرد و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم كۆنگرەیەدا رۆڵی پارێزەران لەبەرچاو نەگیراوە و لەكاتێكدا سەندیكای پارێزەران 8 هەزار ئەندامی هەیە بەڵام تەنها 10 پارێزەر بانگهێشتكراون، ئەوەش ئاماژە بۆ پەراوێزخستنی رۆڵی پارێزەران.