Print WWW.SBEIY.COM
 کێ لەقیطە لەکوردستان
خه‌ندان محه‌مه‌د جه‌زا
29/05/2015
ئاستەمترین وشەی ئەم سەردەمە "لقیط / زۆڵ"، ئایا ئەمە یەکەم وشە و زاراوەی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان دەبێت؟ ئەگەر وایە ئەوا ئێمە ئەو سەربەخۆییەمان نەگەرەکە کە سوکایەتی و رسوایی بە کەرامەتی مرۆڤەکانەوە بکات. گۆڕینی شوناسی منداڵێک لە کۆرپە و لە مرۆڤەوە بۆ وشەی "زۆڵ" یان شەرعدۆستەکان واتەنی "لقیط" تاوانێکە بارتەقای تیرۆرکردنی مرۆڤێکی ئەمڕۆ لەدایکبو. ئەم پێناسە سوکە، سەرجەم رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.. کارمەندە خەوتوەکانی تەندروستی، بگرە سەرجەم سیستەمی پەروەردەیی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و تا دەگاتە حوکمڕانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. دەسەڵاتی سیاسی لەم سوکایتییە بەرپرسیارە و دامودەزگا پەروەردەیەکانیان و سەرتاپای یاسا و رێساکانی دادوەری قرچۆک و لەرزۆک دەبن.. رۆشنبیرو مشەخۆرەکان دەبن بەیەک، هەمو "ماف پارێزەکانی" مرۆڤ و منداڵپارێزەکان و سەرتاپای کۆنفراسەکانی نان خواردن و تەشریفاتی نمایشی باڵەخانە زۆر زۆر بەرزەکان یەکسان دەکات بە کەمتر لە هیچ، چونکە "هیچ" بەهایەکی زۆر بەرزی هەیە هەندێ جار.

لێرە و لەوێ زوزو دەنگی دەهۆڵێکی فو پیاکراو دەبیستین باسی "دەوڵەتێکی دیموکراسی مۆدێرنی سەربەخۆی کوردستان دەکات"!؟ نازانین بای ئەم فوە لەچ سەرچاوەیەکی مەعریفی و بنەمایەکی زانستییەوە دێت! سەربەخۆی بە چ مانایە؟ دیموکراسییەکی چۆن؟ لەکاتێکدا تا ئێستاش هەر کار بەیاسای کۆیلایەتی ساڵی ١٩٣٩ ئێراق دەکەین. چونکە بەپێی ئەم یاسایە: منداڵی بێدایک و باوک بەپلەدو هەژماردەکرێت و بێ بەش دەکرێت لە دەسکەوتە سیاسیەکان! ئایا ئێستا سەدەی بیست و یەکە یان سەدەکانی ناوەڕاست؟ گەر منداڵێک بێ کەس چەنێکیش بەهرەمەند بێ ئەوا بۆی نیە لەداهاتودا ببێتە خاوەنی پلەوپایەی شیاو وەک ئەندام پەرلەمان بەڕێوەبەر یان سەرۆک. بەڵام کێ هەیە بتوانێت بیسەلمێنێت سەرۆک و ئەندام پەرلەمان و کاربەدەستانی ئیستای وڵات هەمو کوڕی دایک و باوکی خۆیانن؟ کەچی ئەم یاسایە بەشێوەی مەبەست نادیار پێمان دەڵێت سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی ئێمە بۆیە بەکەسی رەوا نابینن ببێتە سەرۆک، چونکە بە زۆڵ سەیری هەموو ئەوانی تر دەکەن. فەلسەفەی زۆڵ و زۆڵاندنی خەڵک چاوگێکی نێرسالاری و ئایینی بە بەردبوی هەیە کە هەرگیز ناکرێت لەم سەردەمەدا لێی خۆش ببین.

ئەی لەقیطەکانی نیشتیمان زوڕناو دەهۆڵی کام سەربەخۆیییە بکوتین دەتانەوێ کوێ بکەینە وڵات؟ ئێوە کە کاتێک خۆتان و یاسا و رژێمەکەتان کەس نازانێت کوڕی کێیە، چۆن شوناسێک بۆ ئێمە دەدۆزنەوە لەو دەوڵەتەدا؟ سەروەت و سامان و توانا ئابوری و داراییەکانی ئێوەیە دەبێت ناوبنرێت "لقیط" چونکە خۆشتان نازانن لەکوێوە پەیداتان کردون. ئێوە داهاتی ئەم وڵاتەتان هەتککرد، رۆژژانە لاقەی شوناس و مرۆڤ بون و سەروەری کۆمەڵگایەک دەکەن، ئێوانە رۆژانە رەوشت و بەها بەرزەکان بە ئاوی تێزاب ئەشۆنەوە مرۆڤ لە هەموو بوونێکی مرۆڤانەی خۆی دادەماڵن. بەڵێ ئەم هەمو لاقەیە دەکەن، دڵنیام دەبێت هەموو شتەکان و هەمو کەسەکان بە لەقیط ببین، ئەی خۆ ماقوڵ نییە وا نەکەن.
 
ئێوەن دەستدرێژی ئاشکرا دەکەنەسەر کەسێتی هاوڵاتی و ئێوە خۆتان لەقیطی دامەزراوەکانی وڵاتن کە وڵاتتان تاڵانکرد و خۆشەویستی ئەکوژن و کچانی ئێمە بەناوی کەنزیەکەکانەوە داعشفرۆش دەکەن. لای ئێمەش ئەوەی نوکی قەڵەم لەتکات لەقیطە ئەوەی پەڕەی جواننوسی بدڕێنێت لەقیطە و ئەوەی نۆکەری بۆ داگیرکەرانی وڵاتەکەمان بکات لەقیطە نەک کۆرپەیەکی بێ تاوان، جا بەهەر بیانویەک لەدایک بوبێت.

با هیچ نەبێت لەمەوپاش کاربەدەستە لەقیطەکان بە ئاگا بێن و بەهۆش خۆیاندا بێننەوە، ئەوان زەمانێکە کوردستانیان خستۆتە هەراجخانە و گەلەکەیان کردوەتە دەستی دو. هەرچی کورسی و پلەوپایەی دەسەڵاتە بەخۆتان نەبێ بە کەسی رەوانابینن، ئێ دەکەمێک بایی ئەم خۆسەپاندنە بن و با شتێکیشتان لێ بوەشێتەوە. دیارە ئیوە نازانن خەڵک تۆلەیان هێندە بەزەبرە تائەبەد خۆتان و مێژوتان و نەوەتان لەژیر رقی توڕەبونیان دەربازتان نابێت، دلنیام بەبارتەقای جالەنەوتەکان تفی بێ ئابرویی دەچننەوە.
 
گەر کۆمەڵگایەکی هوشیارو بەخەبەر بونی بوایە بەر لەئێوە دەبو لایەنی کەم نیوەی کارمەندو پزیشکەکانی تەندروستی بێ دەنگی بشکێنن و ئەم بێ حورمەتیە بە هاوڵاتیان راگرن و شوناسی سومبلی ئازادی و شۆڕشی گۆڕینی یاساکان و سەروەری بۆ مرۆڤ بون بەو منداڵە بێتاوانانە بدەن کە ئێوە بە زۆڵیان دەزانن. گەر کوردستان کۆمەڵگایەکی زیندو و هوشیاری تێدا بوایە چۆن رازی دەبون وێنەی منداڵیک بەئاشکرا لە تەواوی کەناڵ و میدیاکانەوە پەخش بکرێت و شوناسی لەقیطی بەباڵادا بکرێت؟

لەقیط ئەو کۆرپەیە نیە بێ ئاگاو بێ ویستی خۆی دەخرێتە سەر ئامێزی شەقامێکی پڕتاوانەوە، بەڵکو لەقیط تەواوی ئەو سیستەم و دەسەڵات و یاسا داسەپاوە و خۆسەپێنەیە، ئەو یاسا و رێسایانەیە کە لەبازاڕی باندەکانی لەشفرۆشی و بازرگانی بەکرێکارانی بیانی و جەستەی وڵاتێکی داغانەوە دەکەن.