ئهمین جاف
هێرشکردنەسەر چادرەکانی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی ئازادیی پەڵەیەکی رەشیترە بە ناوچاوانی دەسەڵاتەکەی ئەم هەرێمەوە، ئەم جۆرە رەوشتانەی دەسەڵاتی کوردی وا لە تاکی کوردی دەکات کە بەگومان بێت لەو تروسکە هیوای کە جاروبار لە ناخی مرۆڤی کوردیدا دەبزویێت، بۆ بیرکردنەوە لە مافی چارەیخۆنوسینی ئەم میللەتە.
ئەم کردەوانە مرۆڤ دەخاتە گومانەوە کە کەسانێک رۆژێک لە رۆژان ئەو هەمو ماڵوێرانی و قوڕبەسەریەیان بە سەر ئەم میللەتە هێناوە ئەو کەسانە رۆژێک لە رۆژان، راستگۆبوبێتن، بەدڵسۆزییەوە شۆڕشیان بۆ ئەم میللەتە کردبێت، ئەم جۆرە کردەوانە وا لە تاکی کوردی دەکات کە بیرکردنەوە زۆر ترساناکی لادروست ببێت کە نزیکە لە تەخوینەوە.
دەسەڵاتێک کە لەپێناوی کورسیدا، لەپێناوی بەرژەوەندی تەسکی حیزب و بنەماڵەدا، بیر لەو هەمو شێوازە قێزنەوانە بکاتەوە بۆ بەرنگاربونەوە و دەمکوتکردنی دەنگی ئازادی گەنجانێک کە زۆربەی زۆریان نەوەیی ئەو ئە پێشمەرگە شەهیدانەن کە ئەم دەسەڵاتەیان بە کورسی حوکمڕانی گەیاندوە.
دەسەڵاتێک بە هێرشکردنی گولهباران و فەڵاقە و راونان و بەکارهێنانیی وشەی ناشایستە رازی نەبێت، بە سوکایەتیکردن بە دەستگیرکراوەکان رازیینەبێت، پەنا بۆ سوتانی کەناڵەکانی راگەیاندن و سوتاننی چادری خۆپیشاندەران بەرێت، چۆن دەتوانێت پەیمانی چاکسازی و وەعدی گۆڕانکاری بەو میللەتە بدات.
وەعدەکانی چاکسازیی بە هیچ شێوەیەک قبوڵناکرێت، ئاخۆ ئەو کەسانەی کە هەڵدەسن بە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی جەماوەر کێن، بە چ میکانیزمێک هەڵدەسن بەو کارە، کەی و چۆن ئەو چاکسازیانە دەکرێن، بە کام بودەجە، یاخو ئەم بڕیارانە تەنها کات بەسەربردنە، خۆ و خەڵک خەڵەتاندنە، کەس نییە لەم هەرێمەدا کە بڕوای بەو وەعدانە هەبێت، چونکە ئەو کارانە بە دهسەڵاتێک دەکرێت کە جێگای بڕواو متمانەی خەڵکبێت، خەڵکی کوردستان ئەزمونێکی تاڵو دورو درێژیان هەیە لە سەر کارەکانی گشت کابیینە یەکلەدوای یەکەکانی هەرێـم...
دەسەڵاتێک خاوەنی ئەو عەقڵییەتەبێت کە لە نێوەشەوەدا لە گەرمەی خەودا بە سوپای چەکداری هەڵکوتێتە سەرخەڵکو، هێرش بکاتە سەر ئەو مێردمناڵانەی کە هێشتا لە ژێر تەمەنی هەژدە ساڵیدان، خاوەنی هیچ ئەزمونێک ژیان نەبن، تەنانەت لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەشدا توانای ئەوەیان نەبێت کە چٶن ئەو ئاگرە بکوژێننەوە، ئەمە کردەوەیی چ جۆرە مرۆڤێکی سەر ئەم زەمینەیە، بۆیە ئەگەر دەسەڵات دەیەوەی کۆتای بەو خۆپیشاندانە بهێنێت لە جیاتی چادرەکان دەبێت گشت... سوتێنن، یا... بسوتێنن.
پاش ئەم هەمو دەستدرێژی و هێرشانە چێتر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێدنگ نابن و هیچ داخوازیەکیان نییە، هەڵوەشاننەوەی حكومەت کەمتریین داخوازیی ئەو خەڵکەیە، لێرە بەدواوه لەم رۆوە، دوا لە خۆپیشاندەران دەکەن کە دروشمەکەی خۆیان بگۆڕن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتی ئێستای هەرێم و پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکراتی نیشتمانی، بۆئەوەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەرد و بێ غەش لە کوردستاندا ئەنجامبدرێت.