ئازادی راده‌ربڕین و یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی ‌ کوردستان
 چه‌قۆی‌ نه‌خوێنه‌واران




Thursday, January 3, 2008
 

پشکۆ ناکام

.... بۆ ئه‌وه‌ی‌ ماهیه‌تی‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵات و سیستمێكی‌ سیاسی‌ بزانیت، زۆر پێویست به‌خۆهیلاك كردن ناكات، هه‌رچی‌ دروشم و وته‌ی‌ میدیای‌ حیزبی‌ و هاوار هاواری‌ به‌رپرسه‌كان هه‌یه‌، بیخه‌ ئه‌و لاوه‌، بڕوانه‌ تێروانیی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌مه‌ڕ ئازادی‌ تاك و له‌وێشه‌وه‌ بڕوانه‌ پرنسیپی‌ رێز گرتنیان له‌ ئازادی‌ را ده‌ربڕین كه‌ هه‌م ئازادی‌ هه‌م ئازادی‌ رۆژنامه‌ ده‌گرێته‌وه‌.. هیچ حیزب  و گروپ و ده‌سه‌ڵاتێكی‌ سیاسی‌ ناتوانێت سه‌ربه‌خۆ بێت گه‌ر تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت، نه‌ك هه‌ر سه‌ربه‌خۆ بوون، به‌ڵكو پارێزگاریكردن له‌و سه‌ربه‌خۆییه‌، پاراتنی‌ ئه‌و ئازادییه‌ی‌ تاك له‌ راده‌ربرین ئه‌ركێكی‌ تری‌ حیزب و ده‌سه‌ڵاتدا – دیاره‌ پارله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی‌ گرنگی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ سیاسی‌ ئه‌ركێكی‌ گه‌وره‌ و به‌رپرسیارێتییه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌ دابینكردنی‌ ئه‌و  یاسا و پرنسیپانه‌ی‌ وه‌ك "میتودی‌ یاسایی‌" راگر و پارێزگاری‌ ئه‌و به‌رگریكردنه‌یه‌ له‌ مافی‌ تاك، له‌ مافی‌ رۆژنامه‌، له‌ مافی‌ سه‌ندیكا، له‌ ده‌ربڕینی‌ ئازادانه‌، بێ كه‌مترن رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ هیچ یاسایه‌ك كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئازادیی‌ راده‌ربڕین ده‌وه‌ستێته‌وه‌...
   دیاره‌ كه‌ ده‌ڵێن پارله‌مان، مه‌به‌ستمان پارله‌مانی‌ حیزبیی‌ نییه‌، واته‌ ئه‌و پارله‌مانه‌ نا كه‌ حیزب، ده‌سه‌ڵات، بنه‌ماڵه‌، وه‌ك چه‌ترێك به‌كاری‌ ده‌هێنن بۆ سه‌پاندنی‌ یاسا و بڕیاره‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانیاندا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكیدا و به‌تایبه‌تی‌ به‌سه‌ر "رۆژنامه‌ی‌ ئازاد"..دا.. ئه‌مڕۆ ئه‌و رۆڵه‌ ناشایسته‌یه‌ی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان ده‌رهه‌ق به‌ رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ كوردستان ده‌یبینێت، باشترین به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌و راستیه‌ی‌ كه‌ پارله‌مانه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌زگایه‌كی‌ سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاته‌ و له‌هیچ بوار و ئاستێكدا ناتوانێ بۆ یه‌ك جاریش بێت له‌ پێشنیاز و ئه‌وامری‌ حیزب ده‌رچێت، كه‌ پارله‌مان نوێنه‌ری‌ حیزبه‌كان ده‌گرێته‌خۆ، ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ببێ‌ به‌ پاشكۆی‌ ده‌سه‌ڵات و وه‌ك ته‌له‌فزیۆنێك كۆنترۆڵه‌كه‌ی‌ به‌ده‌ست حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بێت.

   ماوه‌یه‌كی‌ زۆر پێش گه‌ڵاڵه‌كردنی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستان بدرێت به‌ "پارله‌مان"!!.. له‌سه‌ر زاری‌ به‌رپرسان و رۆژنامه‌ حیزبیی‌ ((تیپی‌ زۆرنا ژه‌نه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات)) له‌ملاو ئه‌ولامان بێت كه‌ ده‌بێت مه‌ودا و پانتایی‌ كاركردنی‌ رۆژنامه‌كان ده‌بێت سنوردار بكرێت و كه‌م بۆنه‌ هه‌بوو ده‌سه‌ڵات باس له‌وه‌ نه‌كات كه‌ رۆژنامه‌ نووسه‌كان ده‌بێت پرنسیپی‌ خۆیان نه‌به‌زێنن.. حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتیش به‌تایبه‌تی‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی‌، له‌ترسی‌ رای‌ گشتی‌ خه‌ڵك و له‌ ترسی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ شاڵاوی‌ رۆژنامه‌نووسان، داوایكرد كه‌ رۆژنامه‌ نووسانی‌ كوردستان له‌رێی‌ سه‌ندیكاوه‌ پۆرۆژه‌ یاساییه‌ك بدات به‌ پارله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ دوایی‌ تری‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌...ئه‌و دوو خاڵه‌ گرنگه‌ی‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات پێی‌ شاگه‌شكه‌ بوو برتیی‌ بوو له‌ "رێز گرتن" له‌ دابونه‌ریتی‌ گشتیی‌ و "كاریگه‌ری‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌" بوو، كه‌ ئه‌م دوو خاڵه‌ هیچ چوارچێوه‌ و ده‌ستنیشان كردنێكی‌ بۆ نه‌كراوه‌، دابونه‌ریتی‌ گشتیی‌ چییه‌؟ كێ‌ ده‌گریته‌وه‌؟! چۆن لێكده‌درێته‌وه‌؟! لێره‌دا ده‌سه‌ڵات بۆی‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ به‌په‌سه‌ندی‌ ده‌زانێت و خۆی‌ بگرێته‌وه‌، بخرَته‌ به‌زاندنی‌ یه‌كێك له‌و دوو خاڵه‌ و به‌مه‌ش سزادانی‌ ئه‌و رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نووسه‌ی‌ ئه‌و خاڵه‌ی‌ به‌زاندووه‌، هه‌ر به‌پێی‌ یاساكه‌ واتا یاسای‌ رۆژنامه‌نووسی‌ سزا ده‌درێت!! ره‌نگه‌ سبه‌ینێ‌ رۆژنامه‌یه‌ك باس له‌ رابردووی‌ حیزب یان سه‌رۆكی‌ حیزبێك بكات، ئیتر ئه‌مه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌لادان له‌رێزگرتنی‌ دابونه‌ریتی‌ گشتی‌ له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و بخرێته‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ یاساییه‌وه‌!!! ده‌سه‌ڵات زۆر باس له‌ ئاساشی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ ده‌كات، تائێستا به‌ڕوونی‌ باسی‌ لێ ناكات ئاسایشی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ چی‌ ده‌گرێته‌وه‌ و ئه‌و خاڵانه‌ چین كه‌ نابێت له‌مباره‌یه‌وه‌ ببه‌زێنرێت...

    ئایا ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ خه‌ریكی‌ دروستكردنی‌ چه‌كی‌ "ئه‌تۆمییه‌" و له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئاسایشی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ نابێت باس بكرێت؟! ئایا ده‌سه‌ڵات له‌ شه‌ڕی‌ ساردایه‌ "kallakriget" له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ دراوسێ‌ یان له‌گه‌ڵ هێزێكی‌ تری‌ نه‌ناسراو و وروژاندنی‌ ئه‌م خاڵه‌ به‌زاندنی‌ ئاساشی‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌؟! ئایا ده‌سه‌ڵات خه‌ریكی‌ پیشه‌سازی‌ و بازرگانی‌ چه‌كه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س سوود له‌ نهێنیه‌كانی‌ وه‌رنه‌گرێت، نابێت ئه‌م خاڵه‌ ببه‌زێنریت؟! ئایا ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ دووچاری‌ مه‌ترسی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ ره‌گه‌زه‌ غه‌یره‌ كورده‌كان بۆته‌وه‌ له‌ كوردستان بۆ رێگرتن له‌وه‌ی‌ هه‌رێم نه‌كرێت به‌چه‌ند پارچه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌بێت ئاگامان له‌و ئاسایشی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ بێت؟! ئه‌مانه‌ و ده‌یان "ئایا"یه‌ی‌ تر هه‌ن كه‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ سه‌ر له‌ خه‌ڵك بشێوێنێت و كه‌س زاتی‌ ئه‌وه‌ نه‌كات كه‌ ئازادانه‌ رای‌ خۆی‌ ده‌رببرێت نه‌وه‌ك كار بكاته‌ سه‌ر ئاسایشی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌، كه‌ له‌ڕاستیدا و له‌ ناوه‌ڕۆكه‌ شاراوه‌كه‌یدا ئاسایشی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ له‌ هه‌رێم ئاسایشی‌ ده‌سه‌ڵات و حیزب و بنه‌ماڵه‌یه‌..

...به‌هه‌رحاڵ... كاتێك ئه‌و پرۆژه‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ چووه‌ پارله‌مان بۆ گفتوگۆ و په‌سه‌ندكردنی‌، چی‌ لێهات؟ ((پێش ئه‌وه‌ی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌وه‌ بده‌ینه‌وه‌ چی‌ لێهات، گومان له‌وه‌دا نییه‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌ری‌ ده‌سه‌ڵات به‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ خۆیان راگه‌یاندبوو كه‌ ده‌بێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و خاڵانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌سزای‌ رۆژنامه‌نووس و رۆژنامه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ په‌سه‌ندبكرێت)).

   ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ پارله‌مان له‌ڕێگای‌ لیژنه‌كانی‌ ناوخۆییه‌وه‌ ده‌ستكاری‌ كراوه‌ و ئه‌و خاڵانه‌ی‌ باس له‌ "سزادان"ه‌كان ده‌كات به‌ئاره‌زووی‌ دڵی‌ ده‌سه‌ڵات زیادكراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی‌ له‌خۆیدا له‌ڕووی‌ یاساییه‌وه‌ تاوانه‌ و ده‌بێت ئه‌و ئه‌ندام پارله‌مانانه‌ی‌ ده‌ستكاری‌ پرۆژه‌كه‌یان كردووه‌ بدرێن به‌دادگا كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ دواجاریشدا سه‌رۆكایه‌تی‌ پارله‌مان بگرێته‌وه‌ كه‌ نه‌یتوانیوه‌ "ئه‌مانه‌ت"ی‌ پرۆژه‌كه‌ بپارێزێت و له‌و ئه‌ندامانه‌ی‌ نه‌پرسیوه‌ته‌وه‌كه‌ خۆیان ئاره‌زوو مه‌ندانه‌ و به‌پێی‌ ئه‌وامر-ی‌  - جهاتی‌ علیا- ده‌ستكاری‌ پرۆژه‌كه‌یان كردووه‌، لێره‌شدا پرسیارێكی‌ گرنگ دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ كێن ئه‌وانه‌ی‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ كردووه‌ جگه‌ له‌وانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بووه‌ و ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیووه‌ و هۆڵی‌ پارله‌مانیان جێهێشتووه‌؟ ئه‌وانی‌ تر بۆ رازیكردنی‌ ده‌سه‌ڵات و حیزب په‌له‌یان بووه‌ له‌ په‌سه‌ندكردنی‌ پرۆژه‌كه‌، گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌كی‌ هه‌ستیار و گرنگی‌ وه‌ك یاسای‌ "رۆژنامه‌ گه‌ری‌" ی‌ بیروبۆچوون و باكگراوندێكی‌ رۆشنیبری‌ فراوانی‌ ده‌وێت، له‌ پارله‌مانه‌كه‌ی‌ هه‌رێم ره‌نگه‌ ئه‌ندام پارله‌مانی‌ وایتێدابێت له‌ ژیانیدا رۆژنامه‌یه‌كی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ نه‌خوێندبێته‌وه‌ و له‌ ئه‌ركی‌ رۆژنامه‌ و مێژوو و ده‌ور و په‌یوه‌ندی‌ رۆژنامه‌ و ئازادی‌ و ...هتد، هیچ شتێك نازانێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانێت كه‌ "كه‌س بۆی‌ نییه‌ باس له‌ حیزب و سه‌رۆك بكات"، ئاخر ئه‌وه‌ چۆن ده‌توانێت و چی‌ ده‌زانێت له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یاسا و پرۆژه‌یه‌كی‌ ئاوا گرنگ؟! لیستی‌ وایتیا بوو كه‌ هه‌ر هه‌موویان به‌یه‌ك ده‌نگ، ده‌نگیان بۆ یاسا –بێ‌ یاسا-یه‌كه‌ داوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو "كۆپی‌ یه‌كتر بن"، دیاره‌ فه‌رمانی‌ حیزب زایخواستوه‌!! خۆ ئه‌گه‌ر لیستێك هه‌ر هه‌موویان وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه‌، بۆ ده‌وامی‌ پارله‌مان ده‌كه‌ن، باشتر وایه‌ یه‌كێكیان له‌جیاتی‌ ئه‌وانی‌ تریش دانیشێت و قسه‌ بكا "گه‌ر قسه‌ بكا" و ده‌نگیش بدات!!!
... پرۆژه‌ یاساكه‌ش به‌جۆرێك ده‌ستكاری‌ كراوه‌ و گۆڕاوه‌ كه‌ كت و مت یاساكانی‌ –به‌عس- مان ده‌هێنێته‌وه‌ یاد كه‌ باس له‌و ده‌كات ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووس یا رۆژنامه‌یه‌ك دژ به‌و یاسانه‌ جوڵایه‌وه‌ ده‌كرێت بێئاگاداری‌ دادگا ئه‌و كه‌سه‌ راپێچی‌ زیندان بكرێت و رۆژنامه‌كه‌ش دابخرێن... به‌ڵێ‌ ئه‌م  یاسایه‌ هه‌ر هه‌مان یاسای‌ جارانی‌ به‌عسه‌ خه‌ڵك ده‌مێكه‌ ئاشنایه‌تی‌، ئه‌وكاته‌ش گه‌ر له‌ ده‌زگایه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ بچووكترین شت بنووسرایه‌ كه‌بۆنی‌ –دژایه‌تیكردنی‌ سه‌رۆك و حیزب-ی‌ لێبهاتایه‌، ئه‌وه‌ دائیره‌ی‌ ئه‌من، خۆی‌ هه‌موو پرۆسه‌كه‌ی‌ جێبه‌جێده‌كرد له‌ گرتنی‌ رۆژنامه‌نووس و داخستنی‌ رۆژنامه‌كه‌!!
    ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت پارله‌مان بكات به‌ده‌زگایه‌ك بۆ به‌یاساییكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ خۆی‌، خۆزگه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ یه‌ك جاریش بێت و هه‌ر له‌ رێی‌ –چه‌تره‌كه‌یه‌وه‌- بڕیاری‌ زیندانیكردنی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌رده‌كرد كه‌ گه‌نده‌ڵن و له‌ میلله‌ت ده‌دزن، به‌ڵام ئه‌مه‌ مه‌حاڵه‌، چونكه‌ ئه‌و دزانه‌ كه‌سانی‌ ناو ده‌سه‌ڵات خۆین...
  
    به‌په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و بڕیاره‌ یان ئه‌و یاسایه‌، به‌ڕاستی‌ وه‌ك چه‌قۆیه‌ك بوو كه‌ نه‌خوێنه‌واره‌كانی‌ پارله‌مان دایان له‌جه‌سته‌ی‌ ئازادی‌ و ئازادی‌ راده‌ربڕین، چه‌قۆیه‌ك بوو كه‌ ده‌سه‌ڵات و حیزب دای‌ به‌و نه‌خوێنه‌وارانه‌ و ئه‌وانی به‌كاریانهێنا، گه‌ر وانه‌بێت چۆن كه‌سێك خۆی‌ به‌نوێنه‌ری‌ خه‌ڵك ده‌زانێ و پشتگیری‌ له‌ مافه‌كانیان ده‌كات تا به‌و جۆره‌، به‌و ئاسانییه‌ ده‌نگ ده‌دات به‌ پرۆژه‌یه‌ك له‌ "ستالین"ه‌وه‌ بۆ "سه‌دام" به‌میرات به‌جێمابوو؟! ئاخر كه‌سێك هه‌م نه‌خوێنه‌وار و هه‌م ملكه‌چی‌ هه‌موو بڕیاره‌كانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆی بێت، چاوه‌ڕێی‌ كام گفتوگۆ و كام بیروڕا و كام لێكدانه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت له‌ ده‌زگایه‌كی‌ وه‌كو پارله‌مان؟!! به‌داخه‌وه‌، جگه‌ له‌و كه‌سه‌ بوێر و خاوه‌ن هه‌ڵوێستانه‌ی‌ كه‌ به‌و ده‌ستكاریكردنه‌ و به‌خودی‌ پۆرژه‌كه‌ رازی‌ نه‌بوون و كۆبوونه‌وه‌كه‌یان جێهێشتبوو، ده‌ركه‌وت كه‌ حیزبه‌ بچووكه‌كان – كۆرس-ه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتیش ده‌نگیان بۆ پرۆژه‌كه‌ دابوو، له‌ كاتێكدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پارله‌مان! ره‌خنه‌ و قسه‌یه‌كی‌ زۆریان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌..

ئه‌م یاسای‌ رۆژنامه‌ گه‌رییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌لماندییه‌وه‌ كه‌ چاره‌نووسی‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ڕیی‌ كۆمه‌ڵێك نه‌خوێنه‌واره‌وه‌ به‌ره‌و كوێ‌ ده‌ڕوات؟ له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماندووه‌، سه‌ره‌ڕای‌ حیزبیبوون، ده‌سه‌ڵات ناتوانێ‌ هه‌موو ده‌نگه‌كان بكڕێت، ناتوانێت به‌ئاره‌زووی‌ خۆی‌، هه‌رچ میلۆدییه‌كی‌ وت، ئه‌وانی‌ تر وه‌كو –توتی‌- بیڵێنه‌وه‌.. ئه‌وه‌تا كۆمه‌ڵێك نه‌خوێنه‌وار چه‌قۆیه‌كیان له‌ رۆژنامه‌ و رای‌ ئازاد وه‌شاند، له‌به‌رامبه‌ریشدا كۆمه‌ڵێَك كه‌سی‌ خاوه‌ن ویژدان، كه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێك "مۆم" بوون له‌ هۆڵه‌ تاریكه‌كانی‌ پارله‌ماندا  "مه‌به‌ست له‌ تایركایی‌ فیكرییه‌" رووناكیان دا به‌ پاشه‌رۆژ".... ئه‌و مۆمه‌ و رووناكییه‌كانیان تێكه‌ڵ به‌ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵك بێت.. چه‌قۆی‌ نه‌خوێنه‌واره‌كان چیتر هیچ جه‌سته‌یه‌ك نابڕێت.. ئه‌وه‌ش ئه‌مڕۆ نا ...سبه‌ی‌...

 
     Print     Send this link     Add to favorites
 
پرۆژه‌ یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌ نووسی‌ له‌ كوردستان
ده‌قی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستاندا كه‌ پارله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كرد
سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: نه‌بوونی‌ یاسای‌ رۆژنامه‌وانی‌ باشتره‌ له‌و یاسایه‌ی‌ كه‌ په‌سه‌ندكرا
دانیشتنی 4/12/2007 ی پارله‌مانی کوردستان:
زانیاریی ته‌مومژاوی
یاسای نوێی رۆژنامه‌نووسان و شه‌رعیه‌تدان به‌گه‌نده‌ڵیی
چه‌قۆی‌ نه‌خوێنه‌واران
پارله‌مان و ئازادی‌
گڵۆپی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان مه‌شكێنن،
تا تاوانه‌كان دانه‌گیرسێن
د.سامان فه‌وزی‌: سه‌ندیكا جێ باوه‌ڕی‌ هه‌موو رۆژنامه‌نوسان نییه‌
چه‌ند تێبینییه‌ك له‌سه‌ر
پرۆژه‌ی‌ یاسای‌ كاری‌ ڕۆژنامه‌نووسیی له‌ كوردستاندا

Sbeiy.com © 2007-2011 All rights reserved    
ئه‌مه‌ریكا: له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌نده‌ی‌ راسته‌وخۆمان هه‌یه‌ مامۆستایانی هاوبه‌ش ستایشی سه‌رجه‌م مامۆستایانی‌ كوردستان ده‌كات به‌غدا؛ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمبه‌وه، 70 كه‌س بون به‌ قوربانی‌ به‌هۆی‌ كوشتنی‌ خوشكه‌زاكه‌یه‌وه‌، میرێكی كوه‌یتی‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێت چوارقوڕنه‌؛ كارمه‌ندانی به‌شی سیانه‌ی كاره‌با مانیانگرت بۆ وه‌رگرتنی خوێندكارانی هه‌رێم، نوێنه‌ری‌ 22 زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێرن سوریا؛ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 14 كه‌س كوژراون هه‌ولێر؛ چه‌ندین كه‌س ناویان له‌ناو ليستى (دامه‌زراوان) و (دانه‌مه‌زراوان)دا نه‌هاتوه‌ته‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانی‌ لیبیا: قه‌زافی له‌ شاری‌ سیرته‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: حكومه‌تی‌ توركیا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ كورد وه‌ستاندوه‌ هۆشیار زێباری‌: بونی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق ناشه‌رعیه‌و جێگه‌ی‌ قبوڵكردن نیه‌ 5 هه‌زار یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ شاره‌كاندا بۆ هێزه‌كانی ناوخۆ دروستده‌كرێت ئه‌ڵمانیا؛ تارا جاف و داریوشی‌ ئیقبالی‌ كۆنسێرتێك كۆیان ده‌كاته‌وه‌ سلێمانی؛ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام بانگهێشتی دادگا کراو به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌خسی ئازاد کرا شانۆگه‌ری‌ گێژه‌ن نمایش ده‌كرێ