مه‌حمود ره‌زا ئه‌مین
خوێنه‌ری به‌ڕێز ئاگادار ئه‌که‌م که تێرمی حکومه‌ت وه‌کو مه‌جاز به‌کارئه‌هێنم. ئه‌گینا له باری تێگه‌یشتنی نوێ و له رۆڵی حکومه‌ت و ئه‌رکه‌کانی، ناتوانرێ به‌هیچ جۆرێک به‌مه‌ی له کوردستاندا هه‌یه، بوترێ حکومه‌ت.
فه‌شه‌له‌کانی حکومه‌تی حیزب:
یه‌که‌م: له باری سیاسییه‌وه:
1- حکومه‌تی دوو حیزبه نه‌ک خه‌ڵک. ئه‌م دوو حیزبه هه‌مو شتێکی هه‌رێمیان، به وه‌زاره‌ته‌کان و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌کان و به پاره‌و ده‌سه‌ڵات و، بهخهڵکیشهوه، له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش کردوه. به‌شی زۆر بۆ پارتی، به‌شی که‌م بۆ یه‌کێتی؛
2- له سه‌رده‌می به‌عسدا هه‌رێمی کوردستان یه‌ک هه‌رێم بو. له سه‌رده‌می حکومه‌ته‌کانی پ‌د‌ک و ینک دا بوه به دوو گیتۆ: گیتۆی بارزانی و گیتۆی تاڵه‌بانی؛
3- بێ باکی ده‌سه‌ڵات له نه‌خۆشییه سیاسی، ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و گوێنه‌گرتن له خه‌ڵک و گوێنه‌دان به‌خه‌ڵک هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری و ئینتیما بۆ خاکی، له ناو کۆمه‌ڵدا لاواز کردوه. ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک له ده‌سه‌ڵات خه‌ریکن بیان بوژێننه‌وه؛
4- ئه‌م حکومه‌ته نه‌ک خه‌می دابینکردنی ئازادییه‌کانی نیه، به‌ڵکو له سایه‌یدا ئازادیی: سیاسی، رۆژنامه‌نوسی و خۆپیشاندان به راده‌ی ترسناک به‌رته‌سک کراونه‌ته‌وه. زه‌وتکردنی ئازادییه‌کان ناوبانگی هه‌رێمیان له لوتکه‌وه شۆڕ کردۆته‌وه بۆ (اسفل السافلین). له دوای 17 ی شوباته‌وه دۆخه‌که خراپتر بوه؛
دووه‌م: له باری ئابورییه‌وه:
1- ئابوری کشتوکاڵی سیستماتیک له لایه‌ن هه‌ردوو حیزبه‌وه وێرانکراوه. بۆ ململانێی حیزبی و کڕینی زۆرترین ویژدان و زۆرترین وه‌لا، هه‌ردوو حیزب که‌وتنه پێشبڕکێی شێتانه بۆ چه‌کدارکردنی گوندنشینان. له‌لایه‌ک له پرۆسێسی به‌رهه‌مهێنانی ئابورییان دابڕین، له لایه‌کی تر کردنیان به موچه‌خۆری مشه‌خۆری به‌کاربه‌ر؛
2- ئابوری پیشه‌سازی وێرانکراوه. له‌باتی ئه‌وه‌ی که‌ڵک له ره‌یعی نه‌وت وه‌ربگرێ بۆ دروستکردنی ئابوری پیشه‌سازیی به‌هێز. حکومه‌تی حیزب به‌کاری ئه‌هێنێ بۆ زیادکردنی موچه‌خۆری بندیوار و کڕینی وه‌لا. به‌راوردێکی خێرا له‌نێوان قانونی بودجه‌ی 2010 و هی 2011 دا ده‌ری ئه‌خا ئه‌م حکومه‌ته چه‌ند کۆڵهوارو بێ پلان و بێ ستراتیجه؛
3- ئابوری بازرگانی، له رێگه‌ی کۆمپانیاکانی حیزب و که‌سانی به‌ستراو به حیزبه‌وه بازاڕی کوردستانی وێران کردوه. کوالیتی له نزمترین ئاست و نرخ له به‌رزترین ئاستدایه. حیزب له چه‌ند بوارێکی ژیانییدا کۆمپانیای مۆنۆپۆلی دروستکردوه. سه‌دان کۆمپانیا و مانیفاتۆری ناوخۆ بونه قوربانی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی بازرگانیی حکومه‌ته‌کانی حیزب؛
4- داهاتی نه‌وت و غازی کوردستان له‌باتی ئه‌وه‌ی بخرێته خزمه‌تی دامه‌زراندنی ژێرخانێکی ئابوریی به‌هێز بۆ هه‌رێم، ئه‌دزرێ و خراوه‌ته خزمه‌تی زیادکردنی هه‌ژمونی دوو حیزب به‌سه‌ر ته‌واوی کۆمه‌ڵ و به‌سه‌ر ته‌واوی کایه‌کانی ژیاندا؛
5- ئابوری خزمه‌تگوزاری: ئاو و ئاوه‌ڕۆ، کاره‌با، ته‌ندروستی، رێگاوبان؛ په‌روه‌رده، پۆست و هێڵی ئاسمانی. یان بێخزمه‌تن و به‌شی نیوه‌ی پێویستییه‌کانی خه‌ڵک ناکه‌ن، یان حیزب کۆنترۆڵی کردون. ئه‌گه‌ر سه‌یری داهاتی خه‌مڵێنراوی ساڵی 2010 بکه‌ین، که حکومه‌ته‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح داینا بو، ئاسان ده‌رئه‌که‌وێ داهاتی ئه‌م که‌رتانه بۆ خه‌ڵک و بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی توانای خزمه‌تکردن نین، بۆ موتهنهفیزهکانی ده‌سه‌ڵاتن؛
6- هه‌رێمی کوردستان ئابوری نیه. به قسه‌ی کاربه‌ده‌ستان خۆشیان بێ، داهاتی هه‌رێم بریتی یه، به ته‌نیا له‌و 17% یه‌ی بودجه‌ی عێراق، که ره‌یعی نه‌وته. واته بێجگه له ره‌یعی نه‌وت له کوردستاندا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی تری ئابوری نیه بتوانێ به‌شداری له ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی سه‌رچاوه‌کانی داهاتی نیشتمانی و له گه‌وره‌کردنی ئه‌م داهاته‌دا بکا؛
7- حکومه‌ته حیزبییه‌کانی هه‌رێم هیچ شانازییه‌کی ئابورییان نیه، پێوه‌ی بنازن. ئه‌وان له باتی ئه‌وه‌ی رۆڵی حکومه‌ت ببینن، رۆڵی (ئه‌مین سندوق) وازی ئه‌که‌ن: به‌غدا پاره‌یان ئه‌داتێ، ئه‌مان به (نائه‌مینی) دابه‌شی ئه‌که‌ن: به‌شی شێر بۆ خۆیان، به‌شی مه‌مره‌و مه‌ژی بۆ خه‌ڵک؛
8- ته‌حه‌دای سه‌رۆکی کابینه‌ی شه‌ش و پێنج کابینه‌که‌ی پێشوی ئه‌که‌م ئه‌گه‌ر بتوانن، له‌و هه‌زاران پرۆژه‌یه‌ی له 20 ساڵی رابردودا ئه‌نجامیان داون، ده دانه پرۆژه پیشان بده‌ن که ئه‌م چوار سیفه‌ته‌ی پرۆژه‌ی سه‌رکه‌وتوی تیابێ: له‌کاتی دروستکردندا ئه‌وله‌ویه‌تیان ههبوبێ؛ به کوالیتی به‌رز ته‌واو کرابن؛ به پاره‌ی دیاریکراو و له کاتی دیاریکراودا ته‌واو بوبن.
سێیه‌م: له باری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه:
1- حکومه‌ته‌کانی پ‌د‌ک و ینک پێکهاته‌ی چینایه‌تی کۆمه‌ڵی کوردستانیان شێواند به‌سه‌ر یه‌کدا. جوتیارو چینه‌کانی ناو ئاواییه‌کانی کوردستانیان ته‌فروتونا کرد. نه کرێکاری جوتیارییان هێشت، نه جوتیاری هه‌ژار و بۆرجوازی بچوک و گه‌وره‌ی لادێ و نه چینی مامناوه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌ندی شار. کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم، بۆ دروستکردنی په‌رژینی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خۆ پاراستن له رقی خه‌ڵک، کۆمه‌ڵی کوردستانیان ته‌شویهـ کرد؛ سه‌رله‌نوێ به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان چین و توێژی نوێیان لێ دروست کرد؛
2- خزمه‌ته‌کانی ئه‌م حکومه‌ته به‌گوێره‌ی ریزبه‌ندییه‌ک ئه‌گه‌ن و دابهشئهکرێن که، له دنیادا بێ وێنه‌یه،: سه‌رۆک له سه‌ری سه‌ره‌وه، بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆک دوای ئه‌و، حیزبی سه‌رۆک دوای بنه‌ماڵه، ئه‌ندامانی (م.س)ـی حیزب دوای ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه، ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی دوای ئه‌ندامانی (م.س)ـی حیزب، کادرانی ریزی دووه‌می حیزب پێش ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب، دۆسته‌کانی حیزب له‌ناو خه‌ڵکدا پێش خه‌ڵکی بێلایه‌ن؛
3- به هۆی بێویژدانی حکومه‌تی حیزبه‌وه ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی له خهتهرایه. بێدادیی کۆمه‌ڵایه‌تی؛ نه‌بونی پره‌نسیپی وه‌کیه‌کی له به‌رده‌م قانوندا؛ په‌ره‌سه‌ندنی بێ‌کاری و هه‌ژاری؛ گه‌نده‌ڵیی سیستماتیک؛ هه‌ڵتۆقینی ده‌وڵه‌مه‌ندی شهوورۆژهی حیزبی و ئیفلاسپێکردنی ده‌وڵه‌مه‌نده شه‌ریفه‌کان له‌و فاکته‌رانه‌ن که ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی وێران ئه‌که‌ن؛
4- له رێگه‌ی ده‌ستوه‌ردانی (ناوه‌ندی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی) هه‌ردوو حیزب، له قانون و له کاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادیاری، قانونی عه‌شایه‌ری جێگه‌ی قانونی شارستانی گرتۆته‌وه‌و ژماره و رێژه‌ی تاوانی کۆمه‌ڵایه‌تی (دزی، کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و تۆڵه‌ی عه‌شایه‌ری) له زیادبون دان.
چواره‌م: له باری ئاسایشه‌وه:
1- ئاسایشی تاک و ئاسایشی کۆمه‌ڵ و ئاسایشی نیشتمانی، له رێگه‌ی میلیشیای حیزبی و بێ ده‌سه‌ڵاتی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت و دوو ئیداره‌ییه‌وه له خه‌ته‌ردان. هه‌روه‌کو 20 ساڵی رابردو، له روداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی کوردستاندا به‌ته‌نیا حیزب و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بڕیارده‌ر بون. روداوه‌کانی رۆژی ره‌شی 17ـی شوبات و رۆژانی دوایی به کرده‌وه سه‌لماندیان که له‌م هه‌رێمه‌دا یه‌ک تاکه که‌سی خاوه‌ن بڕیاری نیشتمانی و یه‌ک تاکه ده‌زگای نیشتمانی بونیان نیه. ده‌رکه‌وت تێکڕایان پیاو و ده‌زگای حیزب بون نه‌ک ده‌وڵه‌ت؛
2- ئاسایشی خۆراک ئه‌گه‌ر له ژێر سفره‌وه نه‌بێ، سفره. ئاسایشی خۆراک کاتێک زامن ئه‌بێ که هه‌رێم به‌شی پێویستی دانیشتوان، له ناو هه‌رێمدا به‌رهه‌م بهێنێ. ئه‌وه حکومه‌ته بێ پلانه‌که‌ی حیزبه که ئاسایشی خۆراکی خستۆته خه‌ته‌ره‌وه؛
3- سه‌روه‌زیری ئێسته‌ی هه‌رێم، کاتێک جێگری سه‌روه‌زیری عێراق بو ئه‌یوت "هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر گه‌وره‌تر و خه‌ته‌ر تره". ئه‌م بۆچونه بۆ ئاسایشی هه‌رێمیش راسته. که‌چی سه‌روه‌زیر له‌باتی ئه‌وه‌ی کار بکا بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ته‌ره، کار ئه‌کا بۆ زیادکردنی. له ده‌یان نمونه، ته‌نیا دوو نمونه بۆ پاڵپشتیی بۆچونه‌که‌م ئه‌هێنمه‌وه:
نمونه‌ی یه‌که‌م: خانه‌نشینکردنی 19 کادری حیزبیی یه‌کێتی به ئیمزا‌و نوسراوی نهێنی سه‌روه‌زیر، به وه‌زیری خانه‌نشین. ئه‌گه‌ر میدیای ئازاد ده‌سته‌که‌ی ئاشکرا نه‌کردایه، خوا ئه‌زانێ تا ئێستا چه‌ند کادری تری حیزبی، به نوسراوی نهێنی و ئیمزای سه‌روه‌زیر، به پله‌ی وه‌زیر خانه‌نشین کرابون.
پرسیار ئه‌مه‌یه: ئه‌کرێ که‌سێکی گه‌نده‌ڵکار، ئامرازی له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی بێ؟ که‌س بیستویه‌تی عه‌مه‌لیاتی قه‌یسه‌ری به شفره‌ی ژه‌نگاوی بکرێ و نه‌خۆشه‌که نه‌مرێ؟
نمونه‌ی دووه‌م: سه‌روه‌زیر، رۆژی 2 شه‌ممه، 8/11/2010 له ئۆفیسی سه‌روه‌زیر له سلێمانی، به ئاماده‌بونی وه‌زیری ته‌ندروستی، له‌گه‌ڵ سه‌ندیکای کارمه‌ندانی ته‌ندروستیی کوردستان کۆبوه‌ته‌وه. له‌و کۆبونه‌وه داخراوه‌دا باسی گه‌نده‌ڵییه‌کانی حکومه‌ته‌که‌یی کردوه. له‌باره‌ی دامه‌زراندنه‌وه وتویه‌تی: "به گوێره‌ی قانونی بودجه‌ی ساڵی 2010 ئه‌بو له سه‌رتاسه‌ری کوردستان 9000 که‌س دامه‌زرێنین، به‌ڵام ئێمه له سه‌روی ئه‌و ژماره‌یه‌وه زیاتر له 25000 که‌سی ترمان دامه‌زراندوه". دکتۆر درێژه‌ی داوه‌تێ و پرسیوێتی: "ئه‌زانن ئه‌وانه کێن که دامان مه‌زراندون؟ خزمی من و خزمی دکتۆر تایه‌ر و خزمی جه‌باری سه‌ندیکا و خزمی فڵان کۆمیته و فیسار مه‌ڵبه‌ند بون...له تهعینکردنیاندا هیچ پێوانه‌یه‌کی شاره‌زایی و موسته‌هه‌قی له‌به‌رچاو نه‌گیراوه".
پرسیار ئه‌مه‌یه: ئه‌گه‌ر سه‌روه‌زیری خه‌ڵکه بۆچی به‌ده‌ستی خۆی به‌شداری له گه‌وره‌ترکردنی خه‌ته‌ری گه‌نده‌ڵیدا ئه‌کا؟ ئه‌گه‌ر راست ئه‌کا دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ئه‌کا، بۆچی کار له‌سه‌ر زیاتر له 2700 راپۆرتی ده‌زگای چاودێریی دارایی سلێمانی ناکا؟ بۆچی تا ئێستا گه‌نده‌ڵێکی گه‌وره‌و دزێکی گه‌وره‌ی ماڵی گشتی نه‌داوه به دادگا؟ ئه‌گه‌ر له‌به‌رچاوی کامیرا به‌ڵێن ئه‌دا گه‌نده‌ڵی نه‌هێڵێ، بۆچی له پشتی کامێراوه گه‌نده‌ڵی ئه‌کا؟ ئه‌گه‌ر مه‌قاوه‌مه‌ی حیزبی پێ ناکرێ، بۆچی ئیستیقاله ناکا؟
4- خه‌ته‌ری ستراتیجی. ئه‌رکی سه‌رشانی سهروهزیره ئه‌گه‌ر زانی خه‌ته‌ری ستراتیجی له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یه، به چنگ و ددان دیفاع بکا و هه‌مو کابینه‌که‌ی بخاته گه‌ڕ بۆ سڕینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی ئه‌و خه‌ته‌ره. بۆ رای گشتیی کوردستانیشی ئاشکرا بکا، بۆئه‌وه‌ی پشتیوانی کابینه‌که‌ی بن بۆ نه‌هێشتنی. لێ با بزانین د. به‌رهه‌م چۆن و به چ میکانیزمێک ئه‌یه‌وێ ئه‌و خه‌ته‌ره بسڕێته‌وه که خۆی ناوی ناوه خه‌ته‌ری ستراتیجی:
رۆژی شه‌ممه، 6/11/2010 (ئه‌گه‌ر زه‌ینم له دیاری کردنی رۆژه‌که‌دا به هه‌ڵه‌یدا بردبم، ئه‌وا رۆداوه‌که هی سه‌ره‌تای مانگی نۆڤه‌مبه‌ری پاره) ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی ئه‌کادیمیای کوردستان له هه‌ولێر چونه‌ته لای سه‌روه‌زیر بۆ هه‌ندێ داواکاریی تایبه‌تی رێکخراوه‌که‌یان. له‌ناو قسان‌دا د. به‌رهه‌م تکای لێکردون، بۆ سڕینه‌وه‌ی خه‌ته‌رێکی ستراتیجی له‌سه‌ر هه‌رێم یارمه‌تی بده‌ن.
ئه‌مه‌ی ناو ئه‌م 2 جوت که‌وانه کرۆکی قسه‌کانی سهروهزیره: "له‌بادینان خه‌ته‌رێک له په‌ره‌سه‌ندندایه، بوه به مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی و من ناتوانم ته‌ده‌خولی تیا بکه‌م... ساڵانێکه پرۆگرامی خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی کراوه به بادینی... ئه‌و کتێبانه‌ی له هه‌ولێره‌وه بۆ قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کانی ناوچه‌ی بادینان ئه‌نێردرێن هه‌مویان له گه‌نجینه‌کانی په‌روه‌رده‌ی دهۆک دائه‌نرێن، له باتییان کتێب به زاراوه‌ی بادینی دابه‌ش ئه‌کرێ... تکاتان لێ ئه‌که‌م، ئێوه پیاوی ئاقڵن به‌ڵکو هه‌وڵبده‌ن له بادینان چه‌ند پیاوی ئاقڵی وه‌کو خۆتان بدۆزنه‌وه‌و پێکه‌وه کار بکه‌ن بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م خه‌ته‌ره که هه‌رێمه‌که‌مان به‌ره‌و که‌رتبونی یه‌کجاره‌کی ئه‌با".
پرسیار ئه‌مه‌یه: تۆ وه‌کو سه‌روه‌زیر، ئه‌گه‌ر دوو ده‌زگای ئاسایش و دوو ده‌زگای پۆلیس و دوو هێزی پێشمه‌رگه و دوو وه‌زاره‌تی دارایی و دوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و دوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و دوو گیتۆی حیزبیت پێ نه‌کرێن به‌یه‌ک؛ ئه‌گه‌ر نه‌توانی دوو ده‌زگای جاسوسیی ناشه‌رعی حیزبی دابخه‌ی؛ ئه‌گه‌ر نه‌توانی ئابوری باش بکه‌ی؛ ئه‌گه‌ر نه‌توانی ئاستی بژێوی خه‌ڵک به فیعلی به‌رز بکه‌یته‌وه؛ ئه‌گه‌ر نه‌توانی ئاسایشی تاک و کۆمه‌ڵ و نیشتمان و خۆراک دابین بکه‌ی؛ ئه‌گه‌ر نه‌توانی رێگه له دزینی داهاتی نه‌وت و غاز بگری؛ ئه‌گه‌ر نه‌توانی سنورێ بۆ گه‌نده‌ڵی دابنێی؛ ئه‌گه‌ر نه‌توانی به‌شی پێویست و لایق به مرۆڤی ئه‌م چه‌رخه خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان به‌رهه‌م بهێنی؛ ئه‌گه‌ر به پۆستی سیاسییه‌وه نه‌توانی خۆت له قه‌ره‌ی کاری سیاسی و خه‌ته‌ری سیاسی بده‌ی؛ ئه‌گه‌ر نه‌توانی خه‌ته‌ری ستراتیجی بسڕیته‌وه، ئه‌ی ئه‌م خه‌ڵکه تۆ و حکومهتهکهتی بۆچیه؟
له ئه‌سڵا، حکومه‌تی وه‌ها فاشیل بۆچی هه‌بێ؟ بۆ به‌فیڕۆدانی پاره و وێرانکردنی ئابوری؟ بۆ تهقنینکردنی دزی و ناعه‌داله‌تی؟ بۆ شه‌رعاندنی زوڵم و سته‌م و بێدادی؟ بۆ تێکدانی ئاسایشی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی؟
ئه‌وی راستی بێ، ئێستا گه‌وره‌ترین خه‌ته‌ر له‌سه‌ر هه‌رێم، هه‌بونی ئه‌م حکومه‌ته‌یه نه‌ک نه‌بونی. ئه‌م حکومه‌ته نه‌ک شه‌رعیه‌تی بونی له‌ده‌ستداوه، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئه‌و فهلهتانه ئه‌منییه‌ی دروستی کردوه، هی ئه‌وه‌یه ده‌ستبه‌جێ ئیستیقاله بکا یان ئیستیقاله‌ی پێ بکرێ. حکومه‌تی وه‌ها هه‌تا زو ههڵوهشێنرێ دره‌نگه.
کوردستان له‌م ساته‌دا پێویستی به حکومه‌تێکی بێلایه‌نی وه‌هایه که بتوانێ له ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا میلیشیاو ده‌زگای ناشه‌رعی، پاره و ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی دوو حیزبه‌که دربهێنێ و بیانداته ده‌ست که‌سانی پرۆفیشۆناڵی بێلایه‌ن و هه‌ڵبژاردنێکی پاک، دیمۆکراسی، بێ ته‌رغیب و ته‌رهیب و ته‌زویر ئه‌نجام بدا. بێ ئه‌مه، نه دۆخه‌که ئارام ئه‌بێته‌وه نه چاره‌نوسی سه‌رکرده‌کانی کورد له چاره‌نوسی بن عه‌لی و موباره‌ک و قه‌زافی و ..و باشتر ئه‌بێ.