ئازادی راده‌ربڕین و یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی ‌ کوردستان
 سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: نه‌بوونی‌ یاسای‌ رۆژنامه‌وانی‌ باشتره‌ له‌و یاسایه‌ی‌ كه‌ په‌سه‌ندكرا




Friday, January 4, 2008
 


سازدانی : نه‌ژاد جه‌لال

گه‌ڵاڵه‌كردنی‌ پرۆژه‌یاسایه‌ك سه‌باره‌ت به‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌لایه‌ن سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان‌و ره‌وانه‌كردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ گفتوگۆكردنی‌ په‌رله‌مانتاران  ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌، دروستبونی‌ رای‌ جیاواز له‌ناو په‌رله‌مانتاران و به‌جێهێشتنی‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن هه‌ندێك ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌وه‌، دوای‌ ده‌ستكاریكردنی‌ پرۆژه‌ یاساییه‌كه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان له‌ ناو په‌رله‌ماندا یاساكه‌ په‌سه‌ندكرا به‌ناوی‌ (یاسای‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان)، دواتر دروستبونی‌ ناڕه‌زایی‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بانگه‌واز و ناردنی‌ یاداشت بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كاردانه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌نوسان بوو به‌رامبه‌ر یاساكه‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش پێش ئه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ی‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ پێ بگات وتی‌: " من یاسایه‌ك ئیمزا ناكه‌م كه‌ ئازادیی‌ كۆت و به‌ندكات"، هه‌موو ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ری‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌ی‌ سایتی‌ سبه‌ین له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوس سه‌ردار عه‌بدوڵلا.

*سه‌ره‌تا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی‌ یاسای‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان پرۆژه‌ی‌ یاسایه‌كی‌ پێشكه‌شكرد و دواتریش پارله‌مانی‌ كوردستان به‌ ده‌ستكارییه‌وه‌ په‌سه‌ندی‌ كرد، چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: له‌راستیدا ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان پێشكه‌شیكردبوو له‌ناو رۆژنامه‌نووساندا تێیبنی‌ له‌سه‌ر بوو، له‌ ئه‌ساسه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ خۆی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ باش نه‌بوو، دواتریش كه‌ ره‌وانه‌ی‌ پارله‌مان كراو  كۆمه‌ڵێك گفتوگۆ و دانیشتی‌ له‌سه‌ر كرا، به‌ڵام له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ باشبكرێت له‌ پارله‌مان پرۆژه‌كه‌ خراپتر كرا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی‌ یاساكه‌ یاسایه‌كی‌ باش نییه‌، یاسایه‌ك نییه‌ بۆ وڵاتێك بێت كه‌ له‌ حاڵه‌تی‌ دیموكراتیزه‌كردندایه‌، كه‌ سه‌یری‌ ئه‌و یاسایه‌ ده‌كه‌یت هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت ئه‌وانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارن ترسیان له‌ ئازادیی‌ هه‌یه‌، به‌ نه‌فه‌سی‌ ترس له‌ ئازادیی‌ و ترس له‌ كاردانه‌وه‌ ئه‌و  یاسایه‌ دانراوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی‌ یاساكه‌ ئیستناد نه‌كاته‌ سه‌ر ماف، یاسایه‌كیش ئیستناد نه‌كاته‌ سه‌ر ماف به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی‌ یاسایه‌كی‌ خراپه‌.


*له‌كاتی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاساكه‌دا رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك مادده‌ ناڕه‌زایی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌ كه‌ پێیان وابوو ئه‌و به‌ندانه‌ رێگریی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئازاد ده‌كه‌ن، تۆ وه‌ك رۆژنامه‌ نووسێك كام به‌ند به‌ڕێگری‌ ئازادیی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌زانیت؟

سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: من له‌سه‌ر هیچ كام له‌ به‌نده‌كان قسه‌ ناكه‌م، ده‌كرێت له‌سه‌ر به‌نده‌كان قسه‌ بكه‌ین و ده‌كرێت جیاوازی‌  بیروڕاش له‌سه‌ر به‌نده‌كان هه‌بێت، من پێم وانیه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ به‌ندێك هه‌یه‌ رۆژنامه‌یه‌ك یان كه‌ناڵێكی‌ راگه‌یاندن داده‌خات، چونكه‌ ئێستا ئه‌وه‌ ئاسایی‌ بۆته‌وه‌ كه‌ وڵاتێك رۆژنامه‌یه‌ك داده‌خات، دواتر به‌ناوێكی‌ تره‌وه‌ هه‌مان رۆژنامه‌ ده‌رده‌چێت، خۆی‌ ئه‌مه‌ جه‌وهه‌ری‌ كێشه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ رۆژنامه‌نووس نوساون به‌ هه‌ندێك ده‌قی‌ شكلییه‌وه‌، من وایده‌بینم و ترسم له‌ به‌نده‌كانی‌ ئه‌و یاسایه‌ نییه‌، به‌ڵكو ترسم له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ یاساكه‌ی‌ له‌سه‌ر دانراوه‌. ئه‌م یاسایه‌ بۆ رێكخستنی‌ كاری‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راده‌ربڕینه‌، من هاوكێشه‌كه‌ واده‌بینم كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌ پڕه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی‌، له‌ سیستم و ئیداره‌ و له‌ خزمه‌تگوزاری‌ و ...هتد ناڕه‌زاییه‌، وه‌ك چۆن خه‌ڵك ناڕازییه‌ ئاواش تاكه‌كان ئاوات و خه‌ونیان هه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵی‌ به‌دیهێنانی‌ ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر كه‌ناڵی‌ ئازاد و ئاشتیانه‌ و مه‌ده‌نی‌ نه‌بێت به‌پێی‌ یاسا كه‌ خه‌ڵك ته‌عبیر له‌ ڕای‌ خۆی بكات، واته‌ تۆ ده‌رگاكانی‌ راده‌ربڕینی‌ ئازاد داده‌خه‌یت، مرۆڤ له‌سه‌ر خه‌ون بینا كراوه‌، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌و ده‌رگایه‌ش دابخات ئه‌وا خه‌ڵك شێوازی‌ تر ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ ده‌ربڕینی‌ رای‌ خۆی‌.


*كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات رێگریی‌ ده‌ربڕینی‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین بكات، خه‌ڵك شێوازێكی‌ تر بگرێته‌ به‌ر ئاكامێكی‌ مه‌ترسیدارتری‌ ده‌بێت بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات؟

 سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ڕێگای‌ یاسایی‌ ده‌ربڕینی‌ رای‌ ئازاد دابخات ئه‌وا خه‌ڵك به‌دوای‌ رێگای‌ نایاساییدا ده‌گه‌ڕێت، بۆیه‌ به‌دووری‌ نازانم ئه‌گه‌ر سیستمی‌ یاسا دانان له‌م وڵاته‌دا به‌م نه‌فه‌سه‌ یاسا دابنێت كه‌ یاسای‌ رۆژنامه‌وانی‌ پێدانراوه‌، ئه‌وا به‌ دووری‌ نازانم خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌ په‌نا بۆ شێوازی‌ نایاسایی‌ و توندوتیژیی‌ به‌رن، ئه‌گه‌ر تائێستاش ئه‌وه‌ دروست نه‌بووه‌ مانای‌ ئه‌وه‌نییه‌ خه‌ڵك بیری‌ لێنه‌كردۆته‌وه‌، زۆر كه‌س هه‌یه‌ وابیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت شێوازی‌ چه‌كداریش بگیرێته‌ به‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ داواكارییه‌كانی‌، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كۆمه‌ڵگاكه‌مان غه‌رق نه‌كه‌ین له‌ ململانێی‌ ناته‌ندروست كه‌ وڵاته‌كه‌ به‌ره‌و دواوه‌ ببات، بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌م قۆناغه‌ ببڕین ده‌بێت ئه‌و رۆحه‌ی‌ یاسای‌ پێدا داده‌ڕێژرێت ئیستنادی‌ پشت به‌ماف ببه‌ستێ، ده‌بێت بنه‌ماكه‌ی‌ ماف بێت نه‌ك به‌ ته‌نها ئه‌رك بێت، بڵێت ئه‌وه‌ بكه‌ و ئه‌وه‌ مه‌كه‌، ده‌بێت یاسا له‌ پێناوی‌ ماف و ئازادیدا بێت.


*كه‌واته‌ ده‌بێت یاسا ماف و ئه‌رك له‌خۆی‌ بگرێت، نه‌ك ته‌نها لایه‌نێكیان؟

سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: به‌ڵێ‌ ده‌بێت هه‌م ماف و هه‌م ئه‌ركیش له‌ یاسادا هه‌بێت، یاسایه‌ك نییه‌ به‌ ته‌نیا بڵێ‌ تۆ به‌س جێبه‌جێ‌ بكه‌، ماف له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌رك ده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌رك له‌گه‌ڵ خۆیدا ماف ناهێنێت.


*پاساوی‌ هه‌ندێك لایه‌ن بۆ یاسای‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێگیری‌ بكرێت له‌ ناوزڕاندن و تێكدانی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، تۆ رات چییه‌؟

سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: جه‌وهه‌ری‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردستان خراپه‌، ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی‌ یاساكه‌ی‌ په‌سه‌ند كردووه‌ خراپه‌، نابێت بڵێین ته‌نها فڵان به‌ند خراپه‌، من له‌ چوار چێوه‌ی‌ ئازادی‌ گشتییه‌وه‌ سه‌یری‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ ده‌كه‌م، پێم ئاساییه‌ یاسایه‌ك ده‌ربچێت سنوری‌ ئاشكرا و به‌هێز دابنێت بۆ ناوزڕاندن و هێرشی‌ ناڕه‌وا له‌ راگه‌یاندندا، به‌گرنگیشی‌ ده‌زانم یاسایه‌ك هه‌بێت بۆ كۆنترۆڵی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، ئه‌گه‌ر ئازادیی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كۆمه‌ڵگا نه‌یه‌ته‌وه‌ پێم وایه‌ مه‌ترسیی‌ هه‌یه‌، كه‌ ئازادیی‌ رۆژنامه‌گه‌ریش مه‌ترسی‌ خسته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیی‌، نابێت به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیی‌ بكه‌ینه‌ قوربانی‌ ئازادیی‌ رۆژنامه‌وانی‌ و ده‌بێت ته‌عریفێكی‌ تر بۆ ئازادیی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ بدۆزینه‌وه‌.
یه‌ك شت هه‌یه‌ رۆژئاوا كردوویه‌تی‌ و زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌، كۆمه‌ڵگاكانی‌ ئه‌وان پڕه‌ له‌ ململانێی‌ و ناكۆكی‌، به‌ڵام به‌ یاسا هه‌موویان رێكخسته‌وه‌، به‌ڵام لێره‌ شێوازه‌ ئاشتییه‌كان به‌یاسا دابخرێت، ئه‌وا ده‌نگه‌ ناكۆكه‌كان و ناڕه‌زاییه‌كان تا سه‌ر كپ ناكرێن، ئه‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ خراپه‌ و دوارۆژی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان ده‌خاته‌وه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.


*تۆ وتت خراپی‌ یاساكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌قڵیه‌تێكی‌ خراپ یاساكه‌ی‌ داناوه‌، ئایا تۆ پێت وایه‌ بوونی‌ یاسایه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیی‌  له‌ كوردستان تا چه‌ند گرنگه‌، به‌ڵام به‌و مانایه‌ نا كه‌ یاسای‌ رۆژنامه‌وانی‌ دانه‌نێین و كار به‌یاسای‌ رۆژنامه‌وانیی‌ سه‌رده‌می‌ حكومه‌تی‌ به‌عس بكه‌ین؟

سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: من پاكانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات ناكه‌م، به‌ڵام ناشبێت رۆژنامه‌نووس و رۆژنامه‌ی‌ خۆمان به‌ فریشته‌ بزانین، رۆژنامه‌كانی‌ ئێمه‌ش رێژه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ سنور به‌زاندن و ناوزڕاندنی‌ تێدایه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێمه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ئازادیی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ زیاتر بترسن و ئه‌وان خۆشیان ترسیان له‌ ئازادیی‌ هه‌یه‌، ترسیان له‌ هێزه‌ تازه‌ هه‌ڵچووه‌كانی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ به‌دیلی‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌، یه‌كێك له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ یاسای‌ دامه‌زراندنی‌ حیزبه‌، بۆ كه‌س له‌سه‌ر ئه‌مه‌ قسه‌ ناكات! یه‌كێك له‌ گله‌ییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن چی‌ یاسایه‌ک ده‌رچووه‌ ئێوه‌ وه‌كو رۆژنامه‌نووس قسه‌تان له‌سه‌ر نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌خۆتانه‌وه‌ هه‌یه‌ كردووتانه‌ به‌هه‌ڵڵا، به‌ڕای‌ من یاسا هه‌ر نه‌بێت باشتره‌ له‌وه‌ی‌ یاسایه‌كی‌ خراپت هه‌بێت.


*به‌ڵام یاسا گرنگه‌ بۆ رێكخستنی‌ كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌رستۆش ده‌ڵێت "بوونی‌ یاسایه‌كی‌ زاڵم له‌ نه‌بوونی‌ یاسا باشتره‌"؟

سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: ئێمه‌ له‌ فه‌راغی‌ یاسادا نین، كۆمه‌ڵێك یاسا هه‌یه‌ كاری‌ پێده‌كرێت، ئه‌و یاسایه‌ی‌ دانراوه‌ له‌و یاسایانه‌ خراپتره‌ كه‌ كاری‌ پێده‌كرێت، ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر ببات نه‌بێت باشتره‌. ده‌بێت ئێمه‌ یاسایه‌ك دابنێین كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێش ببات، ده‌بێت یاسایه‌ك هه‌بێت رۆژنامه‌وانی‌ وا ئاراسته‌ بكات شانبه‌شانی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ وڵات بڕوات، ئه‌گه‌ر یاساكه‌ وانه‌كه‌وێته‌وه‌ یاسامان نه‌بێت باشتره‌، با ساڵێكی‌ تریش یاسا نه‌بێت گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ وا ئاڕاسته‌ بكه‌ین.


*باسی‌ ئه‌وه‌تكرد كه‌ ئه‌قڵیه‌تێكی‌ خراپ ئه‌م یاسای‌ په‌سه‌ند كردووه‌، ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ش له‌ناو پارله‌ماندایه‌، رات چییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌دای‌ پارله‌مان له‌ په‌سه‌نكردنی‌ ئه‌م یاسایه‌دا؟

سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: ئێمه‌ پێویسته‌ دوو شت جیا بكه‌ینه‌وه‌، پارله‌مان و پارله‌مانتار، له‌ سیستمی‌ پارله‌مانی‌ ئێمه‌دا وایه‌ ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانی‌ ئێمه‌ سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و حیزبه‌ و ئه‌و لیسته‌ی‌ به‌دڵه‌ كه‌ چۆته‌ ناوییه‌وه‌ و له‌رێگه‌یه‌وه‌ بووه‌ به‌ئه‌ندام پارله‌مان، من به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م گله‌ییم له‌ ئه‌ندام پارله‌مانه‌كان نییه‌، گله‌ییم له‌و حیزبانه‌یه‌ كه‌ پارله‌مانتاریان هه‌یه‌، ده‌بێت گله‌یی‌ له‌ حیزبه‌كان بكرێت كه‌ نوێنه‌ریان له‌ پارله‌مان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر حیزبه‌كان ئه‌وه‌یان پێباش نه‌بووایه‌، ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانیش وا ده‌نگیان ئه‌دا، پارله‌مانتاره‌كانیش وا حه‌ز ده‌كه‌ن حیزبه‌كانیان وا ئاراسته‌یان بكه‌ن كه‌ خه‌ڵك سوپاسیان بكات و حه‌ز ناكه‌ن تاوانبار بكرێن و ره‌خنه‌یان لێبگیرێت كه‌ ئیشێكی‌ خراپیان كردووه‌، به‌ڵام حیزبه‌كانیان وا ئاڕاسته‌یان ناكات، ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌ پارله‌مانتاره‌كان ئه‌و ده‌نگه‌یان به‌ بڕوای‌ خۆی دابێت و هه‌ندێكیشیان غه‌دریان له‌ ویژدانی‌ خۆیان كردبێت، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌حیزبه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.


*تۆ ده‌ڵێیت سه‌رچاوه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ حیزبه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ هه‌رێم یاساكه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌و وتی‌: "ئاسایشی‌ هه‌رێم به‌ ئازادیی‌ راده‌ربڕین ده‌پارێزرێت" له‌ هه‌مان كاتدا كاك مه‌سعود سه‌رۆكی‌ پارتیشه‌، ئایا ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ سیاسه‌ت یان بیروڕای‌ تایبه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌ كه‌باوه‌ڕی‌ به‌ ئازادیی‌ راده‌ربڕین هه‌یه‌؟

سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: من له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ پێم وابوو كه‌ داوابكه‌ین له‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كه‌ په‌سه‌ندی‌ نه‌كات، ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی‌ رۆژنامه‌نووس بووین یاداشتێكی‌ به‌په‌له‌ و پوختمان نارد بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كه‌ یاساكه‌ په‌سه‌ند نه‌كات، شتێكیش هه‌یه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌ ته‌نها سه‌رۆكی‌ پارتی‌ نییه‌، واقیعێكیش هه‌یه‌ من ئه‌توانم سیاسه‌تی‌ حیزب بخوێنمه‌وه‌ به‌ڵام ناتوانم نیه‌تی‌ حیزب بخوێنمه‌وه‌، ئێمه‌ش قسه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ت ده‌كه‌ین، له‌ پارله‌مان ئه‌ندامانی‌ كوتله‌ی‌ حیزبێك ئاوا ده‌نگیان داوه‌، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ سیاسه‌تی‌ حیزبه‌كه‌یه‌تی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمش یاساكه‌ی‌ نه‌دیوه‌ تا موناقه‌شه‌ی‌ بكات، به‌ڵام ره‌تی‌ ده‌كاته‌وه‌.
• كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم یاساكه‌ی‌ نه‌بینیوه‌ چۆن ره‌تیكردۆته‌وه‌؟
 سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ گوێبیستی‌ ده‌نگه‌ ناڕه‌زاییه‌كانه‌وه‌ بڕیار ئه‌دات په‌سه‌ندی‌ نه‌كات، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم قسه‌یه‌كی‌ زۆر پڕ مانای‌ كرد وتی‌:" من یاسایه‌ك ئیمزا ناكه‌م كه‌ ئازادییه‌كان كۆت بكات". من ئاوا ئه‌و مه‌وقیفه‌ی‌ ئه‌و ده‌بینم، سه‌رۆكێكه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ داوه‌، سه‌رۆكێكه‌ به‌ته‌نگ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانه‌وه‌یه‌، سه‌رۆكێكه‌ حیساب بۆ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌كات".


*تۆ باست له‌وه‌ كرد كه‌ وه‌ك گروپێك یاداشتێكی‌ ناڕه‌زاییتان نووسیوه‌ و ناردووتانه‌ بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، پێت وانییه‌ خاڵی‌ لاواز له‌ مه‌وقیف وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به‌و یاسایه‌ په‌رته‌وازه‌یی‌ ده‌نگه‌كان بوو، له‌لایه‌ك ئێوه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ گروپێك هه‌بوو مه‌وقیفی‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی‌ هه‌ر وه‌ك رۆژنامه‌نوسان، سه‌ندیكاش به‌جیا مه‌وقیفی‌ خۆی‌ هه‌بوو چوونه‌ لای‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش، دواتر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی‌ یه‌كێتی‌ و پارتیدا دانیشت، بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌نها گوێ‌ له‌ سه‌ندیكا و راگه‌یاندنی‌ یه‌كێتی‌ وپارتی‌ بگرێت له‌سه‌ر ناڕه‌زایی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م یاسایه‌ كه‌ به‌ته‌نها ئه‌وانیش نه‌بوون نارازی‌ بن؟

سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك براده‌ر بووین بڕیارماندا به‌ نه‌فه‌سێكی‌ مه‌ده‌نی‌ كاره‌كانی‌ خۆمان بكه‌ین، كۆمه‌ڵێكیش ده‌یانوت مانده‌گرین و واده‌كه‌ین و چی‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام خۆی‌ كاری‌ مه‌ده‌نی‌ به‌ مانگرتن ده‌ستپێناكات، به‌ڵكو دوا قۆناغ مانگرتنه‌، ئه‌م یاسایه‌ له‌ دژی‌ رۆژنامه‌یه‌ك و لایه‌نێك ده‌رنه‌چووه‌، ئێمه‌ هه‌موومان كۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م یاسایه‌ خراپه‌، به‌ڵام هه‌ندێك براده‌ر بانگه‌وازێكیان بڵاو كردبۆوه‌، كه‌ جۆێك له‌ هه‌ڵوێستی‌ پێشوه‌ختی‌ پێوه‌ دیار بوو، جۆرێك له‌ توندڕه‌ویی‌ پێوه‌ دیار بوو، جۆرێك له‌ خۆجیاكردنه‌وه‌ی‌ پێوه‌ دیار بوو، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ پێشتر كۆبوونه‌ته‌وه‌ و خۆیان وایان وتووه‌، به‌ڵام پێمان وابوو كه‌ جۆرێك له‌ خۆجیاكردنه‌وه‌یان كردووه‌، ئێمه‌ دواتر په‌یوه‌ندیمان به‌و براده‌رانه‌ی‌ تره‌وه‌ كرد، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون ئیمزای‌ یاداشته‌كه‌ی‌ ئێمه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ش پێمان وابوو ئه‌م دابه‌شبوونه‌ نه‌خۆشییه‌ و نابێت رێگه‌ی‌ پێبده‌ین.
من واینابینم ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ بێت كه‌ له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی‌ ئه‌واندا ناویان هاتووه‌، به‌ڵكو زیاتر هه‌ڵوێستی‌ شه‌خسیی‌ چه‌ند كه‌سێك بوو، ئه‌گه‌ر ره‌ئی‌ من ده‌پرسی‌ ئه‌وه‌ كارێكی‌ خراپ بوو، به‌ڵام دواتر هه‌ندێك له‌وانیش هاتنه‌ سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ ئێمه‌، ده‌بێت ئێمه‌ هه‌ندێك هه‌ڵوێستی‌ هه‌رزه‌كاریی‌ وازلێبێنین، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆده‌رخستن نییه‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتییه‌وه‌، ده‌بێت له‌مه‌ودواش هه‌موومان یه‌كبگرین و وابكه‌ین كه‌ ئه‌مجار پارله‌مان یاساكه‌ی‌ نارده‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم یاسایه‌كی‌ باشبێت.
سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی‌ راگه‌یاندنی‌ یه‌كێتی‌ و پارتیش من زۆر گله‌ییم لێیان هه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ناڕازیبووین، به‌ڵام دواتر كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وه‌فدی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ بانگ كرد و سه‌ندیكا و راگه‌یاندنی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ بانگ كرد، ئه‌مه‌ هه‌ركه‌سێك كردبێتی‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ به‌سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كردووه‌، من چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌م له‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم نه‌ده‌كرد، ده‌بوایه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وه‌فدێكی‌ له‌ ۆرژنامه‌نووسه‌ ناڕازییه‌كان بانگ بكردایه‌، به‌ڵام به‌ته‌نها ئه‌وان بانگ ده‌كات، راگه‌یاندنی‌ یه‌كێتی‌ و پارتیش كه‌ بیانه‌وێت ئه‌و مرونه‌ته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم والێبكه‌ن كه‌ ده‌ستكه‌وتی‌ خۆیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ په‌سه‌ند نه‌كرێت، ئه‌وه‌ش خراپه‌، ده‌بوایه‌ ئه‌وانیش خۆیان جیانه‌كردایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش ئه‌وان خۆیان جیاكرده‌وه‌.

پرۆفایل
*سه‌ردار عه‌بدوڵڵا ساڵی‌ 1967 له‌ شاری‌ كه‌لار له‌دایك بووه‌، له‌ ساڵی‌ 1985 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان تا دوای‌ راپه‌ڕینی‌ ساڵی‌ 1991.
ساڵی‌ 1998 كۆمه‌ڵێك بوون گۆڤاری‌ گۆڤاریان ده‌ركردووه‌ كه‌ پێنج ژماره‌ی‌ لێده‌رچووه‌، ساڵی‌ 2000 سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بووه‌. سه‌رنوسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌ بووه‌ تا ژماره‌ 55.
 
     Print     Send this link     Add to favorites
 
پرۆژه‌ یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌ نووسی‌ له‌ كوردستان
ده‌قی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستاندا كه‌ پارله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كرد
سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: نه‌بوونی‌ یاسای‌ رۆژنامه‌وانی‌ باشتره‌ له‌و یاسایه‌ی‌ كه‌ په‌سه‌ندكرا
دانیشتنی 4/12/2007 ی پارله‌مانی کوردستان:
زانیاریی ته‌مومژاوی
یاسای نوێی رۆژنامه‌نووسان و شه‌رعیه‌تدان به‌گه‌نده‌ڵیی
چه‌قۆی‌ نه‌خوێنه‌واران
پارله‌مان و ئازادی‌
گڵۆپی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان مه‌شكێنن،
تا تاوانه‌كان دانه‌گیرسێن
د.سامان فه‌وزی‌: سه‌ندیكا جێ باوه‌ڕی‌ هه‌موو رۆژنامه‌نوسان نییه‌
چه‌ند تێبینییه‌ك له‌سه‌ر
پرۆژه‌ی‌ یاسای‌ كاری‌ ڕۆژنامه‌نووسیی له‌ كوردستاندا

Sbeiy.com © 2007-2011 All rights reserved    
ئه‌مه‌ریكا: له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌نده‌ی‌ راسته‌وخۆمان هه‌یه‌ مامۆستایانی هاوبه‌ش ستایشی سه‌رجه‌م مامۆستایانی‌ كوردستان ده‌كات به‌غدا؛ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمبه‌وه، 70 كه‌س بون به‌ قوربانی‌ به‌هۆی‌ كوشتنی‌ خوشكه‌زاكه‌یه‌وه‌، میرێكی كوه‌یتی‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێت چوارقوڕنه‌؛ كارمه‌ندانی به‌شی سیانه‌ی كاره‌با مانیانگرت بۆ وه‌رگرتنی خوێندكارانی هه‌رێم، نوێنه‌ری‌ 22 زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێرن سوریا؛ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 14 كه‌س كوژراون هه‌ولێر؛ چه‌ندین كه‌س ناویان له‌ناو ليستى (دامه‌زراوان) و (دانه‌مه‌زراوان)دا نه‌هاتوه‌ته‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانی‌ لیبیا: قه‌زافی له‌ شاری‌ سیرته‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: حكومه‌تی‌ توركیا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ كورد وه‌ستاندوه‌ هۆشیار زێباری‌: بونی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق ناشه‌رعیه‌و جێگه‌ی‌ قبوڵكردن نیه‌ 5 هه‌زار یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ شاره‌كاندا بۆ هێزه‌كانی ناوخۆ دروستده‌كرێت ئه‌ڵمانیا؛ تارا جاف و داریوشی‌ ئیقبالی‌ كۆنسێرتێك كۆیان ده‌كاته‌وه‌ سلێمانی؛ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام بانگهێشتی دادگا کراو به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌خسی ئازاد کرا شانۆگه‌ری‌ گێژه‌ن نمایش ده‌كرێ