خالید ره‌زا
ئه‌گه‌ر شۆڕشه به‌رده‌وامه‌کانی کورد و حزبه سیاسییه‌کانی، له‌سه‌رده‌می به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌کداریی و خه‌باتی شاخدا، بۆ ده‌ستخستنی پاره و داهات په‌نایان بۆ زۆرێک له‌سه‌رچاوه‌ی پاره کۆکردنه‌وه بردبێت، هه‌ر له: گومرگانه، ده‌وڵه‌مه‌ندانه، بڕینی بانک و قاسه‌ی دائیره‌کان، فڕاندنی خه‌ڵکانی بیانی، بردنی مه‌ڕوماڵاتی ده‌وڵه‌ت، هه‌ندێک جاریش گرتنی تاوانبار و به پاره به‌ره‌ڵاکردنی. ئه‌مانه گه‌ر تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆرێش ره‌وایه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی پێدرابێت و پێبڕابێت، ئه‌وا له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تداریی کوردی و ده‌سه‌ڵاتی یاساییدا هیچ پاساوێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ی نایاسایی و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر پارووی ده‌می هاووڵاتییانی خۆماڵیدا نه هه‌ر قبوڵنییه، به‌ڵکه دهچیَته خانه‌ی دزین و به‌قه‌ولی په‌نده عه‌ره‌بییه‌که‌ش ده‌بێته( حامیها حرامیها)!
بۆیه ده‌بێت حزبی سیاسی له سایه‌ی حکومڕانی خۆماڵی و سه‌روه‌ری یاسادا بۆ سه‌رچاوه‌ی داهاتی ره‌وا و یاسایی بگهڕیَت.
گه‌رچی حزبه سیاسییه‌کانی له‌مه‌ڕخۆمان زۆر جار به‌هانه‌ی سه‌رنه‌که‌وتن و که‌موکوڕییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ که‌م ئه‌زموونی کورد له بواری حوکمڕانیدا ده‌هێننه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌شیان دروستنییه! به‌ڵام خۆ ناتوانن له‌ژێر په‌رده‌ی هیچ بڕوبیانوویهکدا ره‌وایی به حزب بده‌ن له ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی شاده‌ماره‌کانی ئابووری وڵات و کۆنترۆڵکردنی بازاڕدا! ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌جۆرێک ترسناک بووه، که له‌جیاتی ئه‌وه‌ی حکومه‌ت کۆمه‌ک به حزب بدات، حزب له جیاتی پارله‌مان میزانییه دیاریده‌کات و ده‌یدات به حکومه‌ت!! حزب و حکومه‌ت به جۆرێک ده‌ست له‌ملانی یه‌ک کراون که ههڵاوێردنیان مه‌حاڵه!
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم خاڵ بخه‌مه سه‌ر پیت و ههندیَک زانیاری گشتی هه‌م به خوێنه‌ران و هه‌م به‌ڕای گشتی بده‌م په‌نا بۆ ئاشکراکردنی جۆگه‌له‌کانی داهاتی حزب ده‌به‌م له‌م وڵاته‌ی که مافی په‌نابه‌ری سیاسی داوه به ده‌یان هه‌زارکه‌سی وه‌ک نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند دێڕه. دیاره قسه‌کردن بێ داتا و ژماره ده‌چێته خانه‌ی گۆتره و گۆتره کارییه‌وه !
حزبی سیاسی له زۆر سه‌رچاوه‌وه پاره یان داهات بۆ خۆی دابینده‌کات، سه‌رچاوه‌ی داهاتی حزبه سیاسییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ش وه‌ک هه‌ر وڵاتێکی خاوه‌ن داموده‌زگای یاسایی و ئیداری جۆراوجۆرن وه‌ک: ئه‌ندامانه، زه‌ریبه‌ی حزب، چالاکیکردن، پاشه‌که‌وتکردن، کۆمه‌ک وه‌رگرتن، کۆمه‌کی ده‌وڵه‌تی ..
دیاره له‌م وڵاتانه زۆرترین تێچوون که حزب پاره‌ی پێویستبێت بۆی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه.
بابزانین کامانه‌ن ئهوجۆگهلانهی که ده‌ڕژێنه ناو ده‌غیله‌ی حزبه‌کانی هۆڵاند اوه؟
* ئه‌ندامانه (Lidmaatschapsgelden ) :
ئابوونه‌ی ئه‌ندامان یه‌کێکه له‌سه‌رچاوه ناوخۆییه گرنگه‌کانی داهاتی حزب، هه‌ر بۆیه له ریزبه‌ندی سه‌رچاوه‌کانی داهاتی حزبدا پله یه‌کی دراوه‌تێ. له‌ڕابوردوودا ئه‌ندامانه به‌شی هه‌ره‌زۆری ئیشوکاره‌کانی حزبی پێڕایی ده‌کرا، دیاره به که‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامان ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ش که‌مده‌کات، له زۆربه‌ی وڵاته‌کانی ئه‌روپادا ئه‌ندامانه رێژه‌ی %25 داهاتی حزب پێکده‌هێنێت، به‌ڵام له هۆڵاند جیا له وڵاته ئهروپاییهکانی تر ئه‌ندامانه نزیکه‌ی %50 داهاتی حزب پێکده‌هێنیت.
ئه‌م رێسایه حزبی سۆسیالیستی وڵاته‌که نا گرێته‌وه. دیاره له‌م حاڵه‌ته‌دا زۆری داهات به‌نده به زۆری ژماره‌ی ئه‌ندامانه‌وه.
له‌م وڵاتانه‌دا هه‌موو که‌سێک، هه‌موو حزبێک، کۆمپانیایه‌ک، یه‌که‌یه‌کی ئیداری، به‌کورتی له‌م وڵاته ئه‌گه‌ر حاسبی بانک، یان ژماره‌ی بانکت نه‌بێت پاره به ده‌ستی نادرێت، داهات به ده‌ستی وه‌رناگیرێت واته له‌ڕیی سیستمی بانکییه‌وه حکومه‌ت کۆنترۆڵی داهاتی تاک و کۆ ده‌کات، که‌س نا‌توانیت گزی وفزی له ده‌وڵه‌ت بکات. که‌واته حکومه‌ت زۆر به ئاسانی ده‌توانێت کۆنترۆڵی سه‌رمایه و داهاتی حزبه‌کانیش بکات، له ههرسهرپێچییهکی مالی دا لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکات.
ئه‌ندامانه‌ی حزبیش هه‌ر به‌م جۆره کۆنترۆڵده‌کرێت بۆیه هیچ حزبێک ناتوانێت به گۆتره ژماره‌ی ئه‌ندامه‌کانی بڵێت، دیاره تا ژماره‌ی ئه‌ندامان زۆربێت داهاتی حزب زیاتر ده‌بێت، چونکه ئه‌وه‌ی ئه‌ندامبێت ده‌بێت ئه‌ندامانه بدات.
به دیاریکردنی ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزبه‌کان حکومه‌ت ده‌توانێت کۆنترۆڵی ریژه‌ی ئه‌و له 20% ی کۆمه‌که ده‌وڵه‌تییه بکات که به‌پێی ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزبه‌کان ده‌درێت به حزبه‌کان!
هه‌ڵه ناکه‌ین گه‌ر ئه‌مه وا بخوێنینه‌وه که له‌م وڵاتانه ئه‌ندامه‌کان به‌شێکی گرنگ له داهاتی حزب زامن ده‌که‌ن، نه‌ک حزب ببێته سه‌رچاوه‌ی ژیانی ئه‌ندامان و، خۆی بخاته شوێنی ده‌وڵه‌ت و، مه‌کته‌بی کار(Arbeidsbeureau )، ئیش بۆ خه‌ڵک و، ئه‌ندامه‌کانی بدۆزێته‌وه! گه‌لۆ: تاکه‌ی حزبه‌کانی لای خۆمان ئیشوکاره‌کانی خۆیان نازانن؟
بۆ زانینی ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزبه‌کانی هۆڵاند سه‌یری خشته‌ی ژماره‌ی (1) بکه:
خشته‌ی ژماره ( 1 )
زنجیره حیزبه‌کان له 1-1-2005 له 1-1-2006 له 1-1-2007 ژماره‌ی ده‌نگی هاتوله هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2006 دا ڕێژه‌ی ئه‌ندام بۆ ژماره‌ی ده‌نگ
سه‌رچاوه: DNPP
Documentatiecentrum Nederlandse Politieke Partijen
تێبینی: هه‌ردوو خانه‌ی 6،7 ی لای چه‌پی خشته‌که بۆ زیاتر روونکردنه‌وه خۆم بۆم زیاد کردووه. دیاره ژماره‌ی ده‌نگی هاتووی حزبهکانم له ماڵپه‌ڕی پارله‌مان ده‌رهێناوه. ستوونی رێژه‌ی ئه‌ندام بۆ ژماره‌ی ده‌نگ خۆم کردوومه.
له خشته‌ی 1 دا:
تێبینی ژماره‌ی ئه‌ندامانی هه‌ر حزبه و ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگانه بکه که هێناونی، ئنجا مرۆف تێده‌گات که هێنانی ده‌نگ به پیێ که‌م وزۆری ژماره‌ی ئه‌ندام نییه، به‌ڵکه به پێی به‌رنامه و کاری سیاسی حزبه. کورد وته‌نی به ریش نییه به ئیشه.
له سه‌رێکی تره‌وه که سه‌یری تێکڕای ئه‌ندامانی حزبه‌کان ده‌که‌یت له‌چاو نزیکه‌ی 16.369.000 شانزهملێۆن و سێسه‌د و شه‌ستونۆ هه‌زار ژماره‌ی دانیشتوانی وڵاته‌که‌دا، ئینجا ده‌زانیت له‌م وڵاته دیمۆکراتییانهدا حزبایه‌تی یانی چی .
بۆت ده‌رده‌که‌وێت که دروست حزب که‌مینه‌ی کۆمه‌ڵ و پرد و رایه‌ڵه‌ی نێوان خه‌ڵک و سیاسه‌ته**!.
خۆ ئه‌گه‌ر وردتر لێی بڕوانین ئنجا تێده‌گه‌ین له‌م وڵاته‌ی خۆمان چۆن هه‌موو کۆمه‌ڵ یان (حزباوی) کردووه، تێده‌گه‌ین که حزبی تۆتالیتا‌ر و شمولی یانی چی؟ تێده‌گه‌ین که حزب چۆن وه‌ک جاڵجاڵۆکه تانوپۆی ژیانی مرۆفی کوردی چنییوه، تێده‌گه‌ین چۆن حزبایه‌تیان شۆڕکردۆته‌وه به‌ناو هه‌موو کایه‌کانی ژیاندا، ته‌نانه‌ت ده‌ستیشی خستۆته ناو ژیانی هاوسه‌رێتی مرۆفهکانهوه ! مه‌ترسی دروستبوونی حزبی قائید و دروستکردنی سه‌رکرده‌ی دیکتاتۆر و سه‌رۆکی به‌ناو نه‌ته‌وه‌یی ئا لێره‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرن!!
له سه‌ر ته‌رزی ئه‌و شیوه حزبایهتیکردنه مێژوو ئه‌م نموونانه‌مان پێده‌ڵێت: ستالین، سه‌دام حسێن، بهشارئهلئهسد، عومه‌ر حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌شیر، کاسترۆ، مۆگابی و ده‌یانی تر .!
له‌کام حزبی بچووکی وڵاته‌که‌م بپرسیت ژماره‌ی ئه‌ندامه‌کانت چه‌نده بێ دوو دڵی ژماره‌یه‌کت پێده‌ڵیت که له هی هه‌ر10 ده حزبه‌که‌ی خشته‌ی 1 زیاتره!
* به‌شێک له موچه (Salarisafdracht ( :
دووه‌م سه‌رچاوه‌ی داهاتی حزب بریتییه له دانی به‌شیک له موچه، ئه‌مه ئه‌و که‌سانه ده‌گرێته‌وه که له‌ڕێی لیستی حزبه‌وه نوێنه‌رایتی خه‌ڵک ده‌که‌ن(Volksvertegenwoordigers ) واته له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن وه‌ک: پارله‌مان، ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمه‌کان، ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌کان . هه‌ندێک له حزبه‌کان وه‌ک مه‌رجێک بۆ کاندیدکردن داوایان لێده‌که‌ن به‌شێک له موچه‌کانیان بده‌ن به حزب، ئه‌م به‌شه له موچه به باجی (حزب ) ناو ده‌برێت! ئه‌م بڕه پاره‌یه‌ش له زۆربه‌ی کاتدا بریتییه له ریژه‌ی 10% موچه‌کانیان!
ئه‌م ریژه‌یه دروست به‌قه‌ده‌ر ئه‌و رێژه‌یه‌یه که به‌ڕێز کاک عه‌دنان موفتی پێی زۆربوو وه‌کو باج ی( ده‌وڵه‌ت ) له ئه‌ندام پارلهمانهکانمان ببڕدرێت!
ئه‌مه بۆ حزبی سۆسیالیست ( SP) جۆرێکی تره، ئه‌م پییوایه ئیشی نوێنه‌ره‌کانیان وه‌کو کاری خۆبه‌خش وایه، بۆیه هه‌موو نوێنه‌ره‌کانی حزبی سۆسیالیست پێویسته له‌سه‌ریان که موچه‌کانیان بخه‌نه ناو ده‌غیله‌ی حزبه‌وه. دواتر حزب موچه‌یه‌کی شیاو و گونجاو (modaal salaris) یان دهداتیَ!! ئه‌م حزبه له‌م ریگایه‌وه نزیکه‌ی 48% داهاتی حزب خڕ ده‌کاته‌وه.
ئه‌م جۆره باج سه‌ندنه له‌لای حزبه‌کانی تریش به تایبه‌ت حزبه چه‌په‌کان وه‌ک حزبی سۆسیال دیمۆکرات و سه‌وزی چه‌پ ریژه‌یه‌کی به‌رز له داهاتی حزب زامن ده‌کات. به‌ڵام له لای حزبی VVD, CDA رێژه‌که له‌نێوان 1-6% ده‌بێت.
* ده‌ستمایه به‌گه‌ڕخستن(Fondsenwerving ) :
ئه‌مه‌ش سێهه‌م سه‌رچاوه‌ی ناوخۆیی حزبه بۆ ده‌ستخستنی پاره. حزبه‌کان ده‌توانن له‌ڕیی چالاکی کردنه‌وه پاره کۆبکه‌نه‌وه. بۆنموونه له‌ڕیی ئاهه‌نگ و چالاکی بازاڕه‌وه ( چالاکی بازاڕ به‌مانی قۆرخکردنی بازاڕ نا). ئه‌م شیوازه زیاتر حزبی دیموکرات مه‌سیحی( CDA) و، لیبراڵه‌کان( VVD ) ده‌یکه‌ن. بۆ نموونه ساڵی 2001 حزبی VVD له دروستکردنی خواردن و فرۆشتنه‌وه‌ی له‌ناوبازاڕدا که وه‌زیره‌کانی حزبه‌که و لێپرسراوه دیاره‌کانی حزب کردیان، به 350 تا 500 یۆرۆ. 15000 پانزه‌هه‌زار یۆرۆیان بۆ حزبه‌که‌یان کۆکرده‌وه. ئه‌م پاره‌یه‌یان خسته ناو ده‌غیله‌ی حزبه‌وه! لێره بازاڕ ئازاده.به یاسا هه‌م به‌رامبه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانی حزب و قۆرخکردنی ،هه‌م له‌ڕووی چاودێری ئابووری وکۆنترۆڵی چۆنایه‌تی (سه‌یته‌ره‌ی نه‌وعی)ه‌وه پارێزراوه. ئه‌م جۆره چالاکییانه هه‌م په‌یوه‌ندی نێوان حزب و حکومه‌ت له‌گه‌ڵ خه‌ڵک خۆشده‌کات، هه‌م پاره‌ش بۆ حزب دابینده‌کات.
* پاشه‌که‌وت (Reserves ) :
ئه‌مه ئه‌و پاره‌یه‌یه، که حزب له ماوه‌ی رابوردووی خۆیدا پاشه‌که‌وتی کردووه. کورد وته‌نی پاره‌ی سپی بۆ رۆژی ره‌ش.
دوان له‌و حزبانه‌ی که ئه‌م پاره‌یه‌یان هه‌یه CDA و PvdA ن، بڕه پاره‌که‌ی سۆسیال دیمۆکراته‌کان نزیکه‌ی 1،8 ملێۆن یه‌ک ملێۆن وهه‌شت سه‌د هه‌زار یۆرۆ و هینه‌که‌ی CDA نزیکه‌ی 4،5 ملێۆن چوارملێۆن و پێنج سه‌دهه‌زار یۆرۆیه. حزبی VVD هیچ پاره‌یه‌کی پاشه‌که‌وتکراوی نییه.
*به‌خشین و کۆمه‌ککردن (Giften en Sponsoring ) :
ئه‌مه داهاتێکه له‌ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌وه دێته ناو ده‌غیله‌ی حزب. بێگومان له‌م جۆره کۆمه‌ک به حزب کردنه‌دا هه‌م تاک، هه‌م رێکخراو( منچمات)ده‌توانن پاره به حزب بده‌ن. دیاره ئه‌و که‌سانه‌ی که له سیاسه‌تی حزبێکه‌وه نزیکن و پاره‌دارن، خۆیان به دۆست و هه‌واداری ئه‌و حزبه ده‌زانن، ده‌توانن کۆمه‌ک به‌و حزبه بکه‌ن. به شیوه‌یه‌کی گشتی بازرگان و سه‌رمایه‌داران کۆمه‌ک به حزبه راستڕه‌وه‌کان ده‌که‌ن و ریکخراو و سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان به چه‌په‌کان .
توانای ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌یه زۆر دیاریکراو و سنووردارن بۆ حزبه‌کان.
له ساڵی 1999 وه بۆته بڕیار، هه‌ر بڕه‌پاره‌یه‌کی به‌خشراو له 4537.8 یۆرۆ چوارهه‌زار و پێنج سه‌د و سیوحه‌وت یۆرۆوههشتا یۆرۆسهنت زیاتر بێت و بدرێت به حزب، به مه‌رجێک به شه‌خسی نه‌بێت واته سه‌رچاوه‌که که‌سێک(فه‌رد) ێک نه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێت هه‌م سه‌رچاوه‌که( رێکخرا و سه‌ندیکا، کۆمپانیا..) ئاشکرا بکرێت،هه‌م ده‌بێت له راپۆرتی دارایی حزبدا جێگیر بکرێت.
له لای خۆمان نه‌ک کۆمه‌ک، به‌ڵکه له کۆنگره‌کانی حزبیشدا ئه‌وه‌ی نابیستی و نایبینی راپۆرتی دارایی حزبه!
* کۆمه‌کی ده‌وڵه‌ت Subsidie Staats)):
به‌شیوه‌یه‌کی گشتی زۆر هۆ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌ت کۆمه‌کی حزبه سیاسییه‌کان بکات. حزبه‌کان رۆڵێکی گرنگ ده‌بینن له نوێنه‌رایه‌تیکردنی دیموکراتیدا. حزبه‌کان پردی په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵک و سیاسه‌تن. شانبه‌شانی ئه‌مه ناتوانن ههمووخهرجیی و پێداویستییه کانیان دابینبکه‌ن. کۆمه‌ک(Subsidie )ی ده‌وڵه‌تی وا ده‌کات حزب له‌ڕووی مالییه‌وه که‌متر پشت به پاره و کۆمه‌کی ریکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان، گروپه‌کانی به‌رژه‌وه‌ندی، سه‌ندیکاکان ببه‌ستن، ئه‌مه‌ش ده‌رگا داده‌خات له‌به‌رده‌م کۆڕرێپشن(گه‌نده‌ڵی) دا. چونکه له‌م وڵاتانه گروپ و سه‌ندیکای گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌ند و به نفوزه‌کان کلک یان گریدراوی حزبه‌کان نین، ئه‌مان توانای پاره‌یان زۆرره و به کۆمه‌ککردنی مالی ده‌توانن حزبه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و داواکارییه پیشه‌ییه‌کانی خۆیان به‌کاربێنن، ئه‌مه‌ش رێگا بۆ به‌رتیلدان به حزبه‌کان و گه‌نده‌ڵی خۆشده‌کات.ا بۆ رێگرتن له‌و ئه‌گه‌ره حکومه‌ت کۆمه‌ک به حزبه‌کان ده‌دات.
له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپاییه‌کاندا، حزبه‌کان پاره له حکومه‌ت وه‌رده‌گرن.ئه‌ڵمانیا یه‌که‌مین ده‌وڵه‌تی ئه‌روپایی بوو که کۆمه‌کی دا به حزبه‌کان. له هۆڵاند اش حزبه‌سیاسییه‌کان کۆمه‌ک له حکومه‌ت وه‌رده‌گرن، بڕی کۆمهکهکهش پشت به ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزبه‌که و ژماره‌ی ئه‌ندام پارله‌مانه‌کانی ده‌به‌ستێت. به به‌راورد له‌گه‌ل وڵاته‌کانی تر و به‌ده‌ر له به‌ریتانیا، حکومه‌تی هۆڵاند رێژه‌ی دانی کۆمه‌کی که‌مبووه. بۆماوه‌یه‌کی زۆر حزبه‌کانی هۆڵاندا به شیوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ کۆمه‌کیان له حکومه‌ت وه‌رده‌گرت. هه‌ر وڵاته‌ش فۆڕم و شێوازی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه بۆ دانی سوبسیدی ناڕاسته‌وخۆ به حزبه‌کان ، له‌وانه ته‌رخانکردنی به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزێۆنی و ریکلام کردن.
بۆنموونه لههۆڵانددا له‌کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مان به هه‌ردوو ژوره‌که‌یه‌وه( ژوری یه‌که‌م، ژوری دووه‌م)، هی هه‌ریمه‌کان، شاره‌وانییه‌کان له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی باڵای میدیای ولاته‌که‌وه، کات به خۆڕایی بۆ حزبه‌کان ته‌رخانده‌کرێت.
ئه‌گه‌ر کاتی زیاتریشیان پێویستبوو، ده‌توانن بیکڕن. دیاره نابێت ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت که له‌پاڵ که‌ناڵه حکومه‌تییه‌کاندا، که‌ناڵی بازرگانی جۆراوجۆریش هه‌ن.
ئه‌م کۆمه‌که به‌ته‌نها حزبی SGP ناگرێته‌وه که حزبێکی مه‌سیحی توندره‌وی کۆنخوازه. ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی:
داوای گه‌ڕانه‌وی ده‌سه‌ڵات بۆ که‌نیسه و تێکه‌ڵاوکردنی دین و ده‌وڵه‌ت ده‌کات، دژی به‌شداریکردنی ژنه لهپارلهماندا هه‌ر بۆیه له‌ماوه‌ی 89 ساڵی ته‌مه‌نی دا ژنی له لیستی خۆیدا کاندید نه‌کردووه، ئه‌مه‌ش به جیاوازی ره‌گه‌زی (Discrimination داده‌نرێت. به پیی ده‌ستوری وڵات سزای هه‌یه، بێبه‌شکردنی حزب له‌م مافه یه‌کێکه له سزاکان.
ئایه حزبی له‌م جۆره لای خۆمان هه‌یه؟ گه‌ر هه‌یه حکومه‌ت چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کات؟
له‌مێژ بوو حکومه‌تی هۆڵاندا له‌ڕێی به‌رنامه‌ی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌وه، به‌ته‌رخانکردنی بڕێکی که‌م پاره بۆ ئاماده‌کردنی به‌رنامه‌کان پیشتگیری حزبه سیاسییه‌کانی ده‌کرد، به‌لام به ته‌جروبه بۆیده‌رکه‌وت که ده‌بێت شێوازی کۆمهککردنهکه بگۆڕیَت.
بۆیه حکومه‌ت له ساڵی 1971 وه به‌رنامه‌که‌ی خۆی گۆڕی و پاره و کۆمه‌کی له‌ڕیی حزبه‌کانه‌وه بۆ مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه( Onderzoek)، کاری گه‌نجان،زانیاری به‌خشین، خۆێندن و مه‌شقکردن ته‌رخانکرد، وه‌ک په‌نده چینییه‌که ده‌ڵێت:
سیاسه‌تی ( له جیاتی فێری ماسی خواردنم بکه‌ی، فێری ماسیگرتنم بکه)ی پێڕه‌وکرد.
له ساڵی 1990 یشه‌وه حکومه‌ت پاره بۆ خوێندن، پێگه‌یاندن و ئاماده‌کردنی سه‌رکرده تازه‌کانی ئه‌روپای شه‌رقی سه‌رفده‌کات بۆ به‌ڕێوه‌بردن و دیموکراتیزه‌کردنی وڵاته‌کانیان.
له 1/7/1999 وه ده‌وڵه‌ت بڕیاریدا راسته‌وخۆ سوبسیدی به حزبه سیاسییه‌کان بدات.
له‌هه‌مانکاتدا شێوه و جۆری ئه‌و چالاکی و کارانه‌شی دیاریکرد که کۆمه‌که‌که‌ی بۆ خه‌رجده‌کرێت.
دانی کۆمه‌ک به حزبه‌کان، چاودێری و چۆنێتی خه‌رجکردن و کۆنترۆڵکردنی، رووبه‌ڕووی وه‌زیری ناوخۆی وڵاته‌که کراوه‌ته‌وه.
له کۆمه‌ککردنی حزبه‌کاندا زۆر گرنگه ریَوشوێنی وا بگیرێته‌به‌ر، ئه‌وه ده‌سته‌به‌ربکات حزبه‌کان هه‌موو ئیعتمادیان له سه‌ر حکومه‌ت نه‌بیت. هاوکات کۆمه‌کی به‌خشراوی حکومه‌ت ده‌بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه خه‌رجبکرێت که دیاریکراون.
بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی که بۆ حزبه‌کان دانراوه ( 15.000.000) پانزه ملێۆن یۆرۆیه له‌ساڵیکدا.
ئه‌م کۆمه‌که به‌شیوه‌یه‌کی گشتی ده‌کرێت به دوو به‌شه‌وه:
یه‌که‌م : ههمووحزبهکان بڕێکی دیاریکراو وه‌رده‌گرن بێ گوێدانه گهورهبچووکی.
دووه‌م : بڕی دووه‌م پشت ده‌به‌ستێت به ژماره‌ی ئه‌ندامانی پارله‌مان و ژماره‌ی ئه‌ندامانی هه‌ر حزبه به جیا.
ئه‌و به‌شه‌ی که پشت به ژماره‌ی ئه‌ندامانی پارله‌مانی هه‌ر حزبێک ده‌به‌ستێت 80% پێکده‌هێنیت.
ئه‌و به‌شه‌شی که به‌پێی ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزبه‌که‌یه له 20% پێکده‌هێنیت.
له 1/1/2005 وه به‌شه دیارییکراوهکه بۆ هه‌موو حزبه‌کان بیَجیاوازی بریتییه له 169.539 سه‌د و شه‌ست و نۆههزاروپێنجسهد وسیونۆ یۆرۆ.
بڕی پاره‌ی دیاریکراو بۆ هه‌ر ئه‌ندام پارله‌مانێک 49.175 چلونۆههزاروسهدوههفتاوپێنج یۆرۆیه له ساڵێک دا.ئه‌م پاره‌یه به حزب ده‌درێت نه‌ک به ئه‌ندام پارله‌مانه‌که .
بۆ دیاریکردنی بڕه‌پاره‌ی کۆمه‌کی ده‌وڵه‌ت به پێی ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزبه‌کان ، بودجه‌یه‌کی دیاریکراوی گشتی هه‌یه بریتییه له 1.856.369 یه‌ک ملێۆنوههشتسهد و په‌نجا و شهشهزار و سێسه‌د و شه‌ست ونۆ یۆرۆ.
ئه‌م بڕه دابه‌شی سه‌رکۆی هه‌موو ئه‌ندامانی حزبه‌کان ده‌کرێت، به‌م جۆره بڕی ساڵانه‌ی هه‌ر ئه‌ندامیک دیاریده‌کرێت. ئه‌و بڕه زه‌ربی ژماره‌ی ئه‌ندامانی هه‌ر حزبه به‌جیا ده‌کرێت، ئه‌وکاته بڕی ساڵانه‌ی هه‌ر حزبێک دیاریده‌کرێت.
بۆنموونه:
1.856.369 یۆرۆ دابه‌شی کۆی ژماره‌ی ئاندامانی حزبه‌کان بکه له‌ساڵی 2006 به پێی خشته‌ی (1) که 300195 ئه‌ندامن، بڕی دیاریکراو بۆ هه‌ر ئه‌ندامێک له‌ساڵێکدا ده‌کاته 6.18 شه‌ش یۆرۆ و ههژدهیۆرۆسهنت. ئه‌گه‌ر لێره‌دا حزبی ژماره 1 له خشته‌ی 1 به‌نموونه وه‌رگرین: ئه‌وا ئه‌وپاره‌یه‌ی ده‌وڵه‌ت ساڵی 2006 به پێی ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزبه‌که‌ی داوێتی به حزبی CDA 69000x6.18 =426.688) ) چوارسه‌د و بیستوشهشهزار وشهشسهدوههشتا وهه‌شت یۆرۆیه.
له‌م بڕه پاره‌یه که حزبه‌کان به ناوی ئه‌ندامانه وه‌ریده‌گرن پێویسته له‌سه‌ریان (مولزه‌من) که بڕێکی دیاریکراوی بۆ کاروباری زانستی و رێکخراوه‌کانی گه‌نجان سه‌رفبکه‌ن!.
لاوانی سۆسیالیست سه‌ر به حزبی سۆسیال دیمۆکرات JS) Jonge Socialisten in de PvdA ( له 31-12-2004 دا ژماره‌یان 1305 ئه‌ندام بووه. ئاخۆ هینه‌کانی لای خۆمان چه‌ندیان هه‌بێت و چه‌ندیان بده‌نێ؟
ئه‌وه پارله‌مانه میزانییه‌ی حزبه‌کان دیاریده‌کات، حکومه‌ت جێبه‌جێیده‌کات. نه‌ک وه‌ک پارله‌مانتاره‌کانی لای خۆمان دهڵیَن حزب خۆی میزانییه خۆی دیاریبکات و بیخاته به‌رده‌م پارله‌مان بۆ بڕیار لێدان !!
* که‌مپین ( هه‌ڵمه‌ت)ی هه‌ڵبژاردن ((Verkiezingscampagne:
مه‌سروفاتی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و پارانه ده‌کرێن که حزب به‌و رێگایانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌ستی ده‌که‌وێت. پێشتر له هۆڵاندا نه‌ده‌توانرا ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی که حوکمه‌ت وه‌ک کۆمه‌ک( سوبسیدی) به حزبه سیاسه‌کانی ئه‌دا بۆ پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌کاریبهێنن. به‌ڵام ماوه‌یه‌که ئه‌وه گۆڕاوه و بۆیان هه‌یه له‌و بواره‌شدا سهرفیبکهن.
حزبه‌کان به‌شێک له داهاتی ساڵانه‌یان بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن پاشه‌که‌وت ده‌که‌ن. هه‌ڵبژاردن هه‌ر چوار ساڵیک ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان چوارساڵ جارێک بکرێن، ئه‌وا حزبه‌کان ده‌توانن پاره‌ی پێویست بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن پاشه‌که‌وت بکه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر حاڵه‌تی نا ئاسایی روویدا، بۆنموونه ئه‌گه‌ر پارله‌مان متمانه‌ی خۆی له حوکمه‌ت سه‌نده‌وه، ئه‌وا ده‌بیت هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خت بکرێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا حزبه‌کان تووشی کێشه‌ی ماڵی ده‌بن! واته ناتوانن پاره‌ی پێویست له‌و ماوه که‌مه‌دا بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن پاشه‌که‌وت بکه‌ن.
بۆنموونه: ساڵی 2002 هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان کرا، به‌ڵام له‌ماوه‌ی که‌متر له ساڵێکدا حوکمه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
ساڵی 2003 جارێکی تر هه‌ڵبژارندنی پارله‌مان کرایه‌وه، حزبه‌کان تووشی قه‌یرانی ماڵی بوون بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، چونکه ساڵی پێشتر پاره‌که‌یان خه‌رج کردبوو!.
به‌گوێره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن لههۆڵانددا به به‌راورد له‌گه‌ل وڵاتانی دنیا، که‌م مه‌سره‌ف ترینه. به‌ڵام له ساڵی 1998 وه تێچوونی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕاده‌یه‌کی به‌ر چاو به‌رز بۆته‌وه. له ساڵی 988 وه حزبه سیاسیه‌کانی ئه‌م وڵاته ده‌توانن له ته‌له‌فزێۆنه سه‌رتاسه‌رییه‌کان بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن به پاره کات بکڕن، که پێش ئه‌و به‌رواره قه‌ده‌غه‌بوو.
هه‌ر حزبێکی سیاسی له‌م وڵاته بۆخۆ نانووسکردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا ده‌بێت 30.000 یۆرۆ ته‌نها سیَهزار یۆرۆبدات به ده‌وڵه‌ت. له هیچ حاڵه‌تێکدا ئه‌و پاره‌یه نادریَتهوه.
بۆ پیشاندانی راده‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی بڕی تێچوونی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له ماوه‌ی که‌متر له چوارساڵ و ده‌ستکورتی حزبه سیاسییه‌کان به شێوه‌یه‌کی گشتی له سه‌رفکردنی پاره‌دا، سه‌یری ئه‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه بکه:
سه‌رچاوه:
Bron: Brants K. en P. Van Praag (2005) Politiek en media in verwarring De verkiezingscampagnes in het lange jaar 2002, p.36
ناوی حزبه‌کان به پیی ریزبه‌ندییان :
1- حزبی دیموکرات مه‌سیحی .2- حزبی سۆسیال دیموکرات. 3- پارتی ئازادی بۆ دیموکراتی .4- پارتی سۆسیالیست.5- سه‌وزی چه‌پ .6- لیستی پیم فۆرتاوین.7- دیموکرات شه‌ستوشه‌ش .8- یه‌کێتی مه‌سیحی .9-SGP .10- LN .
وه‌ک له خشته‌که‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت مه‌سره‌فی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن له ساڵی 1998 وه به‌ره‌و هه‌وراز چووه.
به پێی خشته‌که‌ی سه‌ره‌وه ساڵی 2002 حزبه‌کان پاره‌ی زیاتریان هه‌بووه، چونکه چوار ساڵیان به‌ده‌سته‌وه‌بووه بۆ پاشه‌که‌وتکردنی پاره.
سه‌رنج بده به هه‌ر 10 حزبه‌که ساڵی 2002 ( 7.82.0000) حهوتملێۆنوههشتسهد و بیست هه‌زاریان سه‌رفکردووه!
که‌چی له 2003 دا به هه‌ر هه‌موویان 6.636.000 شه‌ش ملیۆن وشهسسهد و سیوشه‌ش هه‌زاریان هه‌بووه !
خوێنه‌ری به‌ڕیز:
ئه‌م نووسینه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه تێکڕای زانیارییه‌کان له ماڵپه‌ڕی:
پارله‌مان، حکومه‌ت و حزبه‌کان وه‌رگیراوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م وڵاتانه‌دا رۆشنی ( شه‌فافییه‌ت) هه‌یه، هه‌موو زانیارییه‌کان بۆ خه‌ڵکن.
ده‌رهینان و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م زانیارییانه‌م به گرنگ زانی تا هاونیشتمانییه‌کانی منیش له کوردستانه‌که‌ی خۆماندا لانی که‌م ئاگایان له سه‌رچاوه‌ی داهاتی حزبه‌کانی ئه‌م وڵاته بێت. مه‌به‌ستم له نووسینی ئه‌م وتاره ئه‌وه‌یه خه‌ڵکی وڵاته‌که‌م له‌سه‌ر رۆشنایی زانیارییه‌کانی ناو ئه‌م وتاره بکه‌ونه پرسیارکردن و به‌راوردکردن له‌سه‌ر:
-تێکه‌ڵاوکردنی ده‌سه‌ڵاتی حزب وحکومه‌ت .
- سه‌رچاوه‌ی داهاتی حزبه‌کانی لای خۆمان.
- بودجه‌ی ریکخراوه به‌ناو دیمۆکراتییه‌کانی لای خۆمان.
- حزبه‌کان ده‌نگ به پاره ده‌کڕن، یان به به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن ؟
- لای خۆمان ده‌نگ به حزب ده‌ده‌ن یان به به‌رنامه؟
- داهاتی حزبه‌کانمان چه‌نده‌و چۆنی سه‌رفده‌که‌ن ؟
- کامیان پاره ده‌ده‌ن به‌ویتریان: حزب به حکومه‌ت، یان حکومه‌ت به حزب؟
- وه‌زیر و که‌سایه‌تییه حزبییه‌کانی ئێره و ئه‌وانه‌ی لای خۆمان چۆن پاره کۆده‌که‌نه‌وه، بۆ کێی کۆده‌که‌نه‌وه؟
- داهاتی حزب دهچیَته کام ده‌غیله‌وه؟ هی حزب یان شوێنی تر؟
- حزبه‌کان باج به ده‌وڵه‌ت ده‌ده‌ن، یان ده‌وڵه‌ت باجیان ده‌داتێ ؟
- بودجه لای پارله‌مان و حکومه‌ته یان لای حزب ؟
- پارله‌مان بودجه بۆ حزبه‌کان دیاریده‌کا؟ یان حزبه‌کان بۆ خۆیانی دیاریده‌که‌ن؟
- ئه‌ندام ئه‌ندامانه ئه‌دا به حزب، یان حزب موچهبه ئه‌ندام؟
- پروپاگه‌نده‌ی ههڵبزاردنهکان لای خۆمان چه‌ندی تێده‌چێت؟ به چی ده‌ده‌ن، ده‌یده‌ن بهكیَ؟ بۆ چ مه‌به‌ستێك؟
هه‌ندێک که‌س له‌سه‌ر نووسینه‌کانی پێسترم بۆیان نووسیبووم : بۆ بۆ به‌راوردکرن باسی وڵاته‌کانی ئه‌فه‌ریقا ناکه‌یت ؟ دیاره مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه که ناکرێت به‌راوردی ئه‌وروپا به لای خۆمان بکرێت! وه‌ڵامه‌که‌م روونه، چونکه من له‌م وڵاته ده‌ژیم و له ئه‌فه‌ریقا ناژیم ، له سیستمی ئه‌م وڵاته باشتر تێده‌گه‌م . باشتریشه چاوله کۆمه‌ڵی پێشکهوتومۆدێرن بکه‌ین، نه‌ک له هی دواکه‌وتو.هه‌وڵی منیش دانی زانیاری راستودروسته. خوێنه‌ر خۆی سه‌رپشکه که‌ی و چوَن ئه‌م زانیارییانه ته‌وزیف ده‌کات!
له سه‌رێکی تره‌وه مادام ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد بۆ ژیانی تایبه‌تی خۆیان و خێزانه‌کانیان، بۆ سه‌یران و به‌زم و سه‌فا لاسایی ئه‌روپاییه‌کان ده‌که‌نه‌وه! که‌واته بۆ منی هاووڵاتیش نابێت حه‌رام بێت گه‌ر به‌راوردی خه‌ڵک وڵاته‌که‌م به ده‌وڵه‌تێکی ئه‌روپی بکه‌م! جیاوازی به‌ینی ئه‌روپا و کوردستانیش، هه‌ر هێنده‌ی جیاوازی نێوان کاربه‌ده‌سته‌کانی خۆمان و جه‌ماوه‌ره!
ئه‌وپرسیارانه و زۆری تریش بۆ خوێنه‌رانی ئه‌م وتاره جێدێڵم!
هه‌موومان چاوه‌ڕوانی سبه‌ینێن بۆ وه‌ڵامی پرسیاره لۆجیکییه بێ وه‌ڵامه‌کان!!
په‌راوێز:
**
1- له‌م وڵاته له 0.0194% که‌سه‌کان سیاسه‌ت ده‌که‌ن ئه‌وه حاڵیانه) له 16396000 که‌س، سه‌ره‌تای 2007، 318144 که‌س ئه‌ندامی حزبه‌کان بوون). که‌چی له کوردستان نزیکه‌ی 40% ی که‌سه‌کان ئه‌ندامی حزبه‌کانن ئه‌وه حاڵمانه!( له نزیکه‌ی پێنج ملێۆن، زیاتر له دووملێۆن که‌س حزبین) . له‌به‌ر نه‌بوونی ژماره‌ی دروست له‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم و ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزبه‌کان. منیش به مه‌زه‌نده‌ی عه‌قڵ و به گۆتره نووسیوومه ! کێ به‌ر پرسیاره به‌رامبه‌ر نه‌بوونی ئه‌و ژمارانه حکومه‌ت یان به‌نده؟
2- له‌کوردستان حزبه‌کان هه‌موو کۆمه‌ڵیان حزباندووه و به‌ملێۆنان خه‌ڵکیان کردووه به ئه‌ندام که‌چی له هه‌ڵبژاردنی بێ گزی و فزی ده‌ترسن. ینک و پ‌د‌ک به ده‌فته‌ر خاوه‌نی ملێۆنان ئه‌ندامن که‌چی ده‌ترسن داخڵی ململانێی دروستی هه‌ڵبژاردن ببن .کاره‌ساته‌که‌ش له‌وه‌دایه له‌ژێر دروشمی زلوقهبهی به‌رژه‌وه‌ندی باڵا‌و ئه‌منیی قه‌ومی دا پاوانکردن و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات مان، به رێکه‌وتنی ستراتیژی پێده‌فرۆشن !