(سبه‌ی):
رونكردنه‌وه یه‌ك له مه‌یدانی ئازادیه‌وه:
پاش ئه‌و هه‌نگاوه نا سیاسیه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی دوێنێ شه‌و بۆ سه‌ر مه‌یدانی ئازادی و سوتاندنی چادره‌كانی مانگرتوان، ئه‌مڕۆ له سه‌ردانێكی گروپی پارێزه‌رانی سه‌ربه‌خۆ بۆ لای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی بۆ به دواداچونی ئه‌وه‌ی دوێنێ شه‌و رویدابو. له وه‌ڵامدا پێیان راگه‌یه‌ندرا بو كه ئه‌و هێزه‌ی هێرشی كردۆته سه‌ر مانگرتوانی مه‌یدانی ئازادی هیچ په‌یوه‌ندی به ئاسایشه‌وه نیه و هێزێكی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاته و له ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵی ئه‌مانه.
هه‌روه‌ها دوپاتی كردبۆوه كه ناتوانن پارێزگاری له خۆپیشانده‌ران بكه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌ر رێگا گشتیه‌كان بگرن و لێپرسراوێتی سه‌لامه‌تیان هه‌ڵناگرن.
پاش ئه‌و هه‌واڵه ئێمه چوینه مه‌یدان و به‌و به‌ڕێزانه‌مان راگه‌یاند كه بڕیاریان داب‌و بمێننه‌وه كه دو ئیختیار له به‌رده‌مماندایه: یه‌كه‌م، چادره‌كانمان هه‌ڵبگرین و به‌یانی زو بێینه‌وه مه‌یدان، یان بمێنینه‌وه و چادرهكان به‌رینه ناو مه‌یدانه‌وه. به سوپاسه‌وه ژماره‌یه‌ك له‌و گه‌نجه خوێنگه‌رمانه له‌گه‌ڵ پێشنیاری یه‌كه‌مدا هاتن، چونكه بۆمان شیكردنه‌وه كه ئه‌م ئیختیاره‌مان پێباشتره بۆ سه‌لامه‌تی گیانیان، چه‌ند گه‌نجێكی تر وتیان ده‌مێنینه‌وه.
ئێمه وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هاتوینه‌ته سه‌ر شه‌قام بۆ هه‌ڵبرینی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر رشتنی خوێنی لاوی كورد به ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی. ئێمه مانه‌وه‌مان له مه‌یدانی ئازادی چه‌ند شه‌وێك به مافێكی سه‌ره‌تایی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه ده‌زانین، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێك به ده‌می خۆی بڵێت من ناتوانم ئه‌گه‌ری هێرشكردنه سه‌ریان بنهبڕبكهم، ئێمه ئاماده‌نین ریسك (مجازفه) به ژیانی لاوانمانهو ه بكه‌ین. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا لێره‌وه دوباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه پاراستنی سه‌لامه‌تی گیانی هاونیشتمانیان له دونیادا ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته و سه‌لامه‌تی گیانی ئه‌وانه‌ی بڕیاریان داوه له مه‌یدان بمێننه‌وه لێپرسراوێتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه ئێستا فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كات.
ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی
6/3/2011