(سبه‌ی):
له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته حیزبییه‌ی جومگه‌کانی حکومه‌ت و کاروباری رۆژانه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کۆنتڕۆڵکردوه، یه‌کێتی به‌زۆر فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌و هێزه ئه‌منییه‌کان کۆده‌کاته‌وه‌و فه‌رمانیان پێده‌کات بڕژێنه سه‌رشه‌قامه‌کان.
له‌و میانه‌دا دوێنێ (یه‌کشه‌ممه) له‌قه‌زای کۆیه به‌ناوی كه‌سوكاری شه‌هیدان و هاوڵاتیانی كۆیه‌وه، یه‌کێتی به‌زۆر ژماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه و پۆلیس و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كانی هێنایه سه‌رشه‌قامه‌کان.
له‌وباره‌یه‌وه کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه که به‌زۆر هێنرابونه سه‌رشه‌قامه‌کان، بۆ (سبه‌ی) ئه‌وه‌یان خسته‌ڕو، که له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌كانیانه‌وه ئاگادار كرانه‌وه سه‌عات یه‌کی پاشنیوه‌ڕۆ له‌ناو پاركی شه‌هیدانی (قوڕه به‌رازه) به جلی مه‌ده‌نیه‌وه ئاماده‌بن.
باسیان له‌وه‌شکرد، که "به‌زۆر کۆکراینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ناوی كه‌سوكاری شه‌هیدانه‌وه خۆپیشاندان بكه‌ین، دژی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان و رێگری كردن لێیان، بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان خۆپیشاندان ئه‌نجام نه‌ده‌ن دژی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات".
ئه‌و پێشمه‌رگانه ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا، كه "جگه له‌به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه و پێشمه‌رگه و پۆلیس که به‌زۆر هێنرابون، هیچ هاوڵاتیه‌کی مه‌ده‌نی ئاماده‌ی کۆبونه‌وه حیزبییه‌که نه‌بون، له‌کاتێکدا سه‌دان هاوڵاتی له ده‌ره‌وه‌ی پارکه‌که نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵات ده‌ربڕی".