(سبه‌ی):
کۆمه‌ڵێک که‌سی سه‌ربه‌خۆ و چین و توێژه جیاجیاکانی کۆمه‌ڵی کوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا داوای ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی هه‌رێم کوردستان ده‌که‌ن.
له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا که وێنه‌یه‌کی بۆ (سبه‌ی) نێردراوه، تێیدا هاتوه: ئێمه وه‌ک کۆمه‌ڵێ که‌سی سهربهخۆو له نێو کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و سه‌ندیکا پیشه‌یی و توێژه جیاکانی کۆمه‌ڵی کوردستان به ئه‌رکی خۆمانی ئه‌زانین بۆ کۆبونه‌وه له ناو (کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی) و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای به‌شداری و پشتیوانی‌تان ئه‌که‌ین.
هاوکات له‌گه‌ڵ پشتیوانی خۆیان بۆ داواکانی خۆپیشانده‌ران و داواكانی ده‌سته‌ی کاتی سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندانه‌کانی سه‌رای ئازادی سلێمانی و ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، چه‌ند خاڵێکیان بۆ جێبه‌جێکردنی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه خستوه‌ته‌ڕو، که تیایدا هاتوه: "هه‌رسێ ده‌زگای پارله‌مان و حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و ده‌ست له‌کار بکێشنه‌وه، ده‌ستبه‌جێ ئیداره‌یه‌کی ئینتقالی له نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک و لایه‌نه سیاسیه‌کان پێک بهێنرێ".
ده‌قی به‌یاننامه‌که
کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی
ڕاگه‌یاندراوی یه‌که‌م
دوای بیست ساڵ له ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 ی گه‌لی کوردستان پێکهێنانی پارله‌مان و حکومه‌تی کوردی، گه‌لی کوردستان گه‌شته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که له سایه‌ی حوکمی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا زۆربه‌ی کێشه‌کانی چاره‌سه‌ر نه‌بوه به‌وه‌ی كه دابه‌زینی ئاستی خزمه‌تگوزاری و ته‌ندروستی و فێرکاری، و ته‌شه‌نه‌کردنی گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری و جیابونه‌وه‌ی ترسناکی ئاستی بژێوی له نێو هاوڵاتیانی کوردستان، و داپڵۆسین و سه‌رکوتکردنی ئازادی له‌هه‌مو ئاسته جیاوازه‌کان و ده‌یان کێشه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری که هه‌ڕه‌شه‌ی جدی له هه‌وڵی بونیادنانی ده‌وڵه‌تی مهدنێ نوێ و ده‌وله‌تی قانون و دامه‌زراوه ده‌کا، که ڕێز له ماف و ئازادیه‌کانی هاوڵاتیان بگرێ و تیایدا گه‌ل خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئیراده و بڕیارده‌ری ئایندهی خۆی بێ. بۆیه خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک به‌شه‌کانی دی عراق و ناوچه‌که جاڕی چاکسازی و گۆڕینی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی خۆی دا.
لای هه‌موان ئاشکرایه لادانی به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی سیاسی له ڕێچکه‌ی دروست، به‌هۆی عه‌قلیه‌تی کۆن و کرداری پارته سیاسیه‌کانه‌وه‌یه، به تایبه‌ت پارته‌کانی ده‌سه‌ڵات که‌هه‌مو ته‌قه‌لایان بۆ دروستکردنی حکومه‌تی حیزب بوه نه‌ک حکومه‌تی قانون و ده‌وله‌ت ی پشت به‌ستو به گه‌ل.
ڕوداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردو سه‌لماندیان که هێشتا ئه‌م دوو حیزبه دیلی بیری چه‌کداری و توند و تیژی و گۆێ نه‌دان به داواکاری چه‌ندین ساڵه‌ی کۆمه‌لانی خه‌ڵکن، به تایبه‌ت گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێ. له‌لای ئه‌وان خه‌ڵتان کردنی ده‌یان گه‌نج له چرکه‌یه‌کدا ئاسانتره له گوێ گرتن له کێشه‌کانیان.
ئه‌فسانه‌ی ساوای حکومه‌ت و پاراستنی ئه‌زمون و دێوه‌زمه‌ی دوژمن و داگیرکه‌رانیان کردۆته بیانوی به پشتاو پشت‌کردنی ده‌سه‌ڵات و گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه و حوکمی خێڵ و گوێ نه‌دان به یاسا ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و هه‌مو به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌کان له پێناو کپ کردنی ده‌نگی ناڕازی و ئازا و ئازاد. ڕاپه‌ڕین شه‌ڕی ده‌سته‌و یهخهبو بۆ ئازادی، خه‌ونه‌كانی ڕاپه‌ڕینی شیرینی به‌هاری 91 بریتی نه‌بو له ده‌ربازكردنی تاكی كورد و خه‌ڵكی كوردستان له كۆیله‌یه‌تی و له ژێر ده‌ستی داگیركه‌رێكی زاڵمی بێگانه و خستنه ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێكی زاڵمی خۆماڵیه‌وه، خوێنی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه له‌ژێر ده‌ستی به‌عس و زیندانه‌كانی به‌عسدا دهڕێژران چ جیاوازیه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ خوێنی ئه‌و گه‌نجانه و ئه‌و هاوڕێیانه‌مان كه ئه‌مڕۆ له سایه‌ی حوكمی كوردیدا له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی كوردستان ده‌ڕێژرێن، و هه‌ندێك جار تۆمه‌تیشیان ده‌درێته پاڵ.
ده‌بێت پاراستنی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان و گه‌نجان چه‌مك و كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی به‌رنامه و هه‌وڵه‌كانمان بێت، حكومه‌تێك ژیان و خوێن و حورمه‌تی هاوڵاتیان و گه‌نجانی وڵات به به‌نرخترین به‌هاكانی ژیان نه‌بینێت و نه‌ناسێنێت و به پیرۆزترین به‌های نه‌زانێت، چۆن ده‌توانێت ئاو و کانی و ده‌شت و شاخ و ئاسمان و سنوری كوردستان و وڵاتی لا به‌نرخ و پیرۆزبێت؟ ڕیزگرتن له وڵات واته ڕێزگرتن له دانیشتوان و خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته نه‌ك له دار و به‌رد و چڵ و پوش و داهاتی وڵاته‌كه.
ئازیزان و هاوڕێیان، دوای ئه‌و ڕۆڵه کاریگه‌ره‌ی گروپی جیا جیا، له گه‌نجان و ژنان و هاوڵاتیانی کوردستان که چ سه‌ربه‌خۆ یان له چوارچێوه‌ی سه‌ندیکا و ڕێکخراوه پیشه‌یی و مه‌ده‌نیه‌کانی کۆمه‌ڵی کوردی و هه‌وڵی به‌رده‌وامیان بۆ گه‌شه پێدانی دیموکراسی و حوکمی قانون و داواکاری هه‌موان بۆ به‌شداری له نه‌خشه‌کێشانی سیاسه‌تی گشتی ئاراسته‌کانی مه‌ده‌نی بون و نوێکاری و بونیادنانه‌وه‌ی ئینسانی کوردستانی و گێڕانه‌وه‌ی ڕۆلی مێژوی بۆ کوردستان له به‌شداری بونیادی شارستانی ناوچه‌که و جیهان.
ئیمه وه‌ک کۆمه‌ڵێ که‌سی سه‌ربه‌خۆ و له نێو کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و سه‌ندیکا پیشه‌یی و توێژه جیاکانی کۆمه‌ڵی کوردستان به ئه‌رکی خۆمانی ئه‌زانین بۆ کۆبونه‌وه له ناو (کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی) و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای به‌شداری و پشتیوانی‌تان ئه‌که‌ین.
ئێمه له‌گه‌ڵ پشتیوانی ته‌واومان بۆ داواکانی خۆپیشانده‌ران و داواكانی ده‌سته‌ی کاتی سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندانه‌کانی سه‌رای ئازادی سلێمانی و ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، و وه‌ک به‌شداریمان له یه‌که‌م ڕۆژه‌وه و باوه‌ڕمان وایه كه به‌ره‌نگاربونه‌وه و ده‌ربڕینی شێوازه جیاکانی ناڕه‌زایه‌تی پێویستی به به‌ره‌یه‌کی به‌هێز و به‌رفراوان هه‌یه كه له ئه‌نجامی بێزاری و ناڕه‌زایی له لایه‌ن هێزی له‌بن نه‌هاتوی هاوڵاتی و هاونیشتیمانهوه دروست ئه‌بێ و ڕاپه‌ڕین و هه‌ڵچون و خۆپێشاندان به‌رپا ئه‌بێ، كه هیچ هێزێك له‌دنیادا چه‌نده به‌هێز و سته‌م كاربوبێت، نه‌یتوانیوه به‌رگه‌ی ئه‌و كۆگهله بگرێت. هه‌رده‌م خه‌ڵك و گه‌ل په‌یامی خۆی گه‌یاندوه و سیسته‌می دیموكراسی به‌ده‌ست هێناوه، ئێمه له‌م ئاپۆڕه‌دا ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نین كه هه‌تا سیسته‌مێكی دیموکراسی به‌رپا ئه‌بێ ئێمه هه‌مومان پێكه‌وه هه‌وڵی ڕاسته‌قینه و جدی ئه‌ده‌ین بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:-
1. هه‌رسێ ده‌زگای پارله‌مان و حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و ده‌ست له‌کار بکێشنه‌وه.
2. ده‌ست به‌جێ ئیداره‌یه‌کی ئینتقالی له نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک و لایه‌نه سیاسیه‌کان پێک بهێنرێ، ئه‌م ئیداره نوێیه ئه‌بێ زامنی ئه‌وپه‌ڕی مافی هاوڵاتیان بێ له خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه جۆراو جۆره‌کان له هه‌مو کردارێکی توند و تیژی و بێ ڕێزیه‌ک هاولاتیان بپارێزێ ئه‌وه‌مان له‌یادبێت كه ئازادی به‌نرخترین و خۆرسكترین مافی مرۆڤه كه هه‌رگیز قه‌ره‌بو ناكرێته‌وه كاتێك پێشێل ده‌كرێت.
3. هیچ هێزێکی چه‌کدار بنه و باره‌گای له ناو شاره‌کاندا نه‌مێنێ و ته‌نها هێزه‌کانی پۆلیسی ناوخۆ و چالاکیه مه‌ده‌نیه‌کان نه‌بێ. هه‌روه‌ها هیچ حزبێک هێزی چه‌کدار و ده‌زگای ئه‌منی تایبه‌تی نه‌بێ و کارمه‌ندانی ئه‌و هیزانه بگوێزرێنه‌وه بۆ سه‌ر هێزه‌کانی پۆلیس و هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کگرتوی کوردستان که سه‌ر به‌حکومه‌ت بێ و هێزی چه‌کدار ته‌نها ئه‌رکی به‌رگری بێت له سنوره‌کانی نیشتمان و به‌هیچ بیانویه‌ک بۆیان نه‌بێ بێنه ناو شاره‌کان و ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی.
4. ئازادکردنی بێ مه‌رجی گیراوه سیاسیه‌کان، و دیاریکردنی چاره‌نوسی ونبوه‌کان و ڕاپێچ كردنی ئه‌وكه‌سانه‌ی كه به‌رپرسن له ئه‌نجامدان و بڕیاردانی ئه‌م جۆره كارانه بۆ به‌رده‌م دادگا و قه‌ره‌بوی خێزان و كه‌سوكاری ئه‌وكه‌سانه بکرێته‌وه كه به ناحه‌ق و له‌سه‌ر بیروبۆچونی سیاسی و ئایدۆلۆژی له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م دوو حزبه حوكمڕانهدا ژیان و گیانیان له‌ده‌ست داوه یان دوچاری هه‌ر جۆره زیانێکی مادی و معنوی بون.
5. نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت و ته‌نها له ڕێی دادگایی ئاشکراوه ته‌واوی ڕوداوه‌کان له کوژران و بریندار بون و هه‌ڕه‌شه و سوتان و هه‌ر زیانێک به‌ر هه‌ر که‌س و دامه‌زراوه‌یه‌ک که‌وتوه تاوانباری تێدا سزای یاسای بدرێ به دادگا، و تاوانکار ناچار بکرێ قه‌ره‌بوی مادی و معنوی تاوان له‌سه‌رکراو و خه‌ڵک بداته‌وه. بۆیه دادگای کردنی خێرا و ئاشکرای هه‌ر که‌سێ که ده‌ستی هه‌بوه له کوشتن و بریندارکردن و ته‌قه‌و ئازاردان و هه‌ڕه‌شه و سوکایه‌تی به خۆپیشانده‌ران ڕاسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ یه‌که‌م ئه‌رکه‌و سه‌رکردایه‌تی هه‌ر پارت یان باندێک وه‌ک چه‌کداره‌کانی به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش بون به یه‌کسانی هه‌ڵئه‌گرن. پاراستنی سه‌روه‌ری یاسا و چاودێری یاسایی دادوه‌ران بۆ هه‌ستان به‌و ئه‌رکه و پارێزگاری له دادوه‌ران بکرێ بۆ به‌جێهێنانی ئه‌رکی دادپه‌روه‌ری خۆیان و ئاشکراکردنی ئه‌نجامی هه‌مو دادگاییه‌کان به تۆمه‌تبارکردن یان بێبه‌ری کردنیان بۆ رای گشتی، دادگای نوێی ته‌میز دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ببێته به‌رپرسی هێزه‌چه‌کداره‌کان و مه‌رجه‌ع و چاودێری ده‌سه‌ڵاتی کاتی.
6. پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی ده‌ستوری باڵا، له پسپۆڕانی یاسا و زانسته سیاسیه‌کان و ئابوری و کۆمه‌لایه‌تی بۆ سه‌رله‌نوێ داڕشتنی ده‌ستورێکی نوێ، تا له ماوه‌ی 3 مانگ دا بخرێته به‌رده‌س هاولاتیان بۆ بریاردان له‌سه‌ری. هه‌روه‌ها ڕێکخستنه‌وه‌ی یاساکانی هه‌ڵبژاردن و یاسای پارت و کۆمه‌ڵه سیاسیه‌کان به‌جۆرێک ڕێزی نوێنه‌رایه‌تی ڕاستهقنینهی ویستی ده‌نگده‌ری کورد له خۆ بگرێ له ماوه‌ی که‌متر له 2 مانگ. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كه به‌هۆی ده‌سته‌مۆبوونی به ده‌سه‌ڵاتی حیزب و خێڵ هیچ متمانه‌یه‌كی نه‌ماوه و هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك كه ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی ئێستا سه‌رپه‌رشتی بكات ناشرین كردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیمکراسی یه. و پێک هێنانی ده‌سته‌یکی نوێی بێ لایه‌ن بۆ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی داهاتوی پارله‌مان و یه‌که ئیداریه‌کانی کوردستان که تێیدا ڕه‌چاوی پره‌نسیپه‌کانی دیموکراسی دنیای نوێ ڕه‌چاو بکرێ له ماوه‌ی 3 مانگدا. دیاره ته‌واوی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش به چاودێری کۆمه‌ڵی نێو ده‌وڵه‌تی و میدیا و چاودێرانی تایبه‌ت مه‌ند بێ.
7. پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌ك له سیاسی و ڕوناكبیر و بیرمه‌ند و توێژه‌ره‌وه‌ی سیاسی و توێژه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی شوێنه داگیركراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌ك كه تێدا په‌یوه‌ندی نێوان حیزبه كوردستانیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ببێته په‌یوه‌ندی كورد و به‌غدا، و زه‌مینه خۆشكردن بۆ سازدانی ڕیفراندۆم هه‌تا هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان هه‌بێت له بڕیاره چاره‌نوس سازه‌كاندا و ئیجبار كردنی نوێنه‌رانی ئێستای كورد له به‌غدا بۆ پابه‌ند بوون به‌و به‌رنامه نوێیه. تا كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاشكرا بێت و پاشان به به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان یه‌كلایی بكرێته‌وه.
ئێمه له‌گه‌ل به‌که‌م نه‌زانینی توانا و به‌هره جیاکانی گه‌له‌که‌مان، ئه‌بێ ئه‌وه بزانین که ده‌سه‌ڵاتی کوردی بیست ساڵه کار له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بینیادی ده‌وله‌ت ئه‌کا و له ناو پێکهاته‌ی حیزبی بنه‌ماڵه‌دا ئه‌یتوێنێته‌وه ، بۆیه گه‌ر نه‌خشه ڕێی داواکراو بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی حوکم و گێڕانه‌وه‌ی بۆ گه‌لی کوردستان به‌و هه‌نگاوانه‌ی سه‌ره‌وه به کادیری ناوخۆیی جێبه‌جێ نه‌کرا، پێویسته داوا له وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا و به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانان بکرێ به‌و پێیه که داگیرکاری عراق ن و ئه‌بێ پاراستنی ئه‌منیه‌تی خه‌ڵکی کوردستان بگرنه ئه‌ستۆ بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی سه‌ره‌وه، و زامنی گه‌شتن به حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تیه‌کی شیاو بن له ڕێی هه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌رده‌وه له‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و کۆمه‌ڵی نێوده‌وله‌تی .
له کۆتایی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌دا جه‌خت کردنمان له‌سه‌ر خه‌مخۆری بۆ کوردستان و پارێزگاری له داڕمانی به‌ره‌و نادیار، و به‌رده‌وامی پشتگوێخستنی ده‌سه‌ڵات بۆ هاوڵاتیان و سه‌رکوتکردنیان، داواکارین له هه‌موان واقیع بینانه و بابه‌تیانه له دۆخی ترسناکی نیشتمان بڕوانن، دور له ڕق و بیانو و خۆپه‌رستی و دوبه‌ره‌کی. به‌رژه‌وه‌ندی کوردستان بخه‌ینه سه‌ر هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان و نه‌هێڵین داڕمانی ئه‌م هه‌رێمه به‌ره‌و نادیار به‌رده‌وام بێ، و ته‌واوی پێکهاته‌کان له چین و توێژه جیاکانی کۆمه‌ڵی کوردی به‌تایبه‌ت گه‌نجان و ژنان و ڕۆشنبیران له ته‌واوی شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان سوربن له‌سه‌ر داوا ڕه‌واکانیان و ڕاستگۆ بین له‌گه‌ل خوێنی هاوڕێ شه‌هید و برینداره‌کانمان به ئاشتی و دور له توند و تیژی.
به هێزه ئه‌منی و پێشمه‌رگه و چه‌کداره‌کانی کوردستان ئه‌ڵێین که ئێوه‌ش وه‌ک ئێمه قوربانین ئێوه‌ش وه‌ک ئێمه سته‌ملێکراون، ئێوه وه‌ک تا ئێستا زۆرینه‌تان کردوتانه پارێزگاری گه‌لێکن نه‌ک چه‌ند به‌رپرسێک، ئه‌رکی ئێوه پارێزگاریه له خۆپیشانده‌ران له‌ده‌س ده‌سته و تاقمه نهێنیه‌کان، به کادر و ئه‌ندامانی لایه‌نه سیاسیه‌کان ئه‌وانه‌ی تا ئێستا خۆیان به بێ تاوان هێشتۆته‌وه ئه‌ڵێین، ئێوه ئه‌و سهنگهرانهتان بۆ گه‌یاندنی کورد هه‌ڵبژاردوه نه‌ک بۆ سته‌م لێکردنی، تا زوه و ده‌رفه‌ت ماوه وه‌رنه‌وه به‌ره‌ی گه‌ل.
سه‌رکه‌وتن بۆ گه‌له نه‌ک دیکتاتۆره‌کان و به‌رده‌وامین تا سه‌رکه‌وتن.
ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندنی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی
07/03/2011
فه‌یسبووك: http://www.facebook.com/home.php?sk=group_168565923194293&ap=1
ئیمهیل: [email protected]