(سبه‌ی):
له دوای روداوه خوێناوییه‌كه‌ی 25ی شوباته‌وه له كه‌لار، ئاسایش و هێزه ده‌مامكداره‌كان هه‌مو جموجۆڵێكی مه‌ده‌نی و خۆپیشاندان و مانگرتن و كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و كاری رۆژنامه‌وانیان قه‌ده‌غه كردوه، ئه‌وه‌ش سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی شاره‌كه‌ی نیگه‌ران كردوه.
هاوڕێ ته‌ها، چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌كه‌لار به (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: بونی ئه‌و هێزه ده‌مامكداره له كه‌لار دیارده‌یه‌كی ناشارستانیه و ده‌بێت ده‌سه‌ڵات ئه‌و هێزانه بباته‌وه ده‌ره‌وه‌ی شار.
له‌لای خۆشیه‌وه ئارام محه‌مه‌د، هونه‌رمه‌ند له كه‌لار وتی: هێزه چه‌کدار و ده‌مامکداره‌کان هه‌مو كوچه‌و كۆڵانه‌كانی ئه‌م شاره‌یان ته‌نیوه‌و كارێكیان كردوه كه وه‌ك دوژمن له خه‌ڵك ده‌ڕوانن.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌مو هێزه چه‌کداره له شاره‌که‌دا، نیگه‌رانی و ترس و تۆقاندنی لای هاوڵاتیان دروستکردوه‌و پێویسته ده‌سه‌ڵات کۆتایی به‌م کاره‌ی بهێنێت.
له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌کدارو هێزه دهمامكدارانه له كه‌لار بۆ رێگرتن له خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی، هاوکات توندوتیژی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان جگه له رۆژنامه‌نوسانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات، یه‌كێكی تره له دیارترین ئه‌ركه‌كانی ئه‌و هێزانه، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی پێشتریش ده‌ست (سبه‌ی) که‌وتبو، ژماره‌یه‌ک له چه‌کدارو ئه‌ندامانی ئه‌و هێزانه عه‌ره‌بن و له ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌که‌وه هێنراون.
هاوکار ئازاد