(سبه‌ی):
په‌رله‌مانتاران نیگه‌رانی خۆیان ده‌رده‌بڕن به‌رامبه‌ر دانیشتنه‌که‌ی دوێنێ (چوارشه‌ممه)ی په‌رله‌مانی کوردستان و وه‌ڵامه‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مانتارێکیش رایده‌گه‌یه‌نێت: حکومه‌ت بێ ئیراده‌یه.
کاروان ساڵح، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی کوردستان بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مان رێگه‌ی پێنه‌دام به ته‌واوه‌تی قسه‌و پرسیاره‌کانم ئاراسته‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم بکه‌م، دانیشتنه‌که‌م به‌جێهێشت، چونکه سه‌رۆکی په‌رله‌مان دانیشتنه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی مه‌هزه‌له به‌ڕێوه‌برد.
ئه‌وه‌شی وت: له کاتێکدا ده‌یان به‌ڵگه‌مان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و که‌موکوڕی حکومه‌ت و پێشێلکارییه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی شاره‌کانی هه‌رێم ئاماده‌کردبو، هه‌ر له گه‌نده‌ڵی نوسینگه‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه تا فه‌رمانگه‌و ئاسته‌کانی دیکه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا سه‌رۆکی په‌رله‌مان رێگه‌یدا قسه بکه‌ین، به‌ڵام دواتر رێگری له زۆربه‌ی په‌رله‌مانتاره‌کان کرد.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، حکومه‌ت هیچ شه‌رعیه‌تێکی نه‌ماوه‌و له دنیایه‌ک گه‌نده‌ڵی به‌رپرسیاره، وتیشی: هه‌مو ئه‌مانه‌و پێشێلکاری و کرده‌وه نامرۆڤانه‌کانی ئه‌مدواییه‌و جوڵاندنی هێز و کوژران و برینداربونی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی، هه‌موی حکومه‌ت و دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌که لێی به‌رپرسیارن.
ده‌رباره‌ی وه‌ڵامه‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌تیش له په‌رله‌مان، کاروان ساڵح وتی: "وه‌ڵامه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌موی بریتی بون له موحازه‌ره‌یه‌كی لاستیکی و راکردن بون له‌و پرسیارانه‌ی که به تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه ئاراسته‌ی کران، بیانوی ده‌هێنایه‌وه به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی خۆی له‌و واقیعه ده‌رباز بکات که ئه‌مڕۆ توشی بوه‌و به‌رپرسیارێتی ده‌خسته ئه‌ستۆی کابینه‌کانی پێشوی خۆی".
باسی له‌وه‌شکرد، که "وه‌ڵامه‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌ت باوه‌ڕپێکه‌ر نه‌بون و به‌رهه‌م ساڵح به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یتوانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه كه كێ به‌رپرسه له‌و قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌رێمی کوردستانی گرتوه‌ته‌وه، به تایبه‌ت که له‌کاتی روداوه‌کاندا ناتوانن ئیجرائات بکه‌ن، وه‌ک چۆن له‌کاتی سوتاندنی که‌ناڵی نالیا ئاگادارمان کردنه‌وه له‌و که‌سانه‌ی که‌ناڵه‌که‌یان سوتاندوه، که وه‌ک لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان پێمان وتن که‌سه‌کان ئه‌وه‌تان له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی نزیک باره‌گای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆ و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش ئاگادار بون، به‌ڵام هیچیان نه‌کرد به‌ڵکو دهربازیشیان كردن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد، سه‌رۆکی حکومه‌ت له ئاست روداوه‌کاندا که‌مته‌رخه‌مه‌و بێ ئیراده‌یه، "بۆیه به‌پێویستی ده‌زانم سه‌رۆکی حکومه‌ت دانی پێدا بنێت که ناتوانێت ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ بکات و دان بنێت به‌وه‌ی حکومه‌ت هه‌ر دو ئیداره‌یه‌و ده‌ست له‌کاربکێشێته‌وه".
ناوبراو رونیشیکردهوه، "سه‌رۆكی حکومه‌ت له هه‌مو ئه‌و قسانه‌ی كردی نه‌یتوانی په‌نجه له‌سه‌ر ئه‌وه دابنێ كه له ناو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا دو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه، من به‌ڵگه‌ی زۆر باشم پێدا كه ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی رۆژانه داده‌مه‌زرێن چه‌ندین خه‌ڵكی تێدایه كه له‌یه‌ك خێزان سێ كه‌س له‌یه‌ك ماڵ و له یه‌ك كاتدا دامه‌زراون، له‌ولاشه‌وه ده‌یان خوێندکاری زانكۆ هه‌یه تا ئێستا بێکارن".
ده‌رباره‌ی متمانه به‌خشینه‌وه به سه‌رۆکی حکومه‌تیش، په‌رله‌مانتاره‌که‌ی گۆڕان رایگه‌یاند: فراكسیۆنی ده‌سه‌ڵات ئیشیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرد كه ده‌نگ بده‌نه‌وه به سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌رهه‌م ساڵح بهێڵنه‌وه، که ئه‌وه‌ش له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی و پارتیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌مانیش سینارۆیه‌کی ده‌سه‌ڵات بو بۆ متمانه به‌خشینه‌وه به کابینه‌ی شه‌شه‌م.