(سبه‌ی):
وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر گوزه‌رانی ژیانی و وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی داوای خۆپیشانده‌رانی مه‌یدانی ئازادی سه‌را له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، یه‌كێك له‌و كاسبكارانه‌ی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چونه ناو مه‌یدانی سه‌راوه، هه‌وڵیدا خۆی بسوتێنێت و نه‌وتی به‌خۆیدا كردوه، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی گڕ به‌رداته جه‌سته‌ی، له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ره‌وه رێگری ئه‌و كاره‌ی لێكراوه.
دوای روداوه‌كه‌ش ئه‌و هاوڵاتیه له هۆش خۆی چوه‌و به ئۆتۆمۆبێلی فریاكه‌وتن ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن كراوه.
ئه‌و هاوڵاتیه ناوی (ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د)ه و له لێدوانێكیشدا بۆ (سبه‌ی) له ناو نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتندا دوای ئه‌وه به ئاگاهاته‌وه، ناوبراو هۆكاری هه‌وڵی خۆسوتاندنه‌كه‌ی گێڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رباری داواكاریه‌كان بۆ چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له كوردستان، تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتداران هیچ وه‌ڵامێكیان نیه‌و ناشیانه‌وێت بارودۆخه‌كه باش بكه‌ن.
وتیشی: ویستم به خۆسوتاندنم ده‌سه‌ڵاتداران ئاگاداربكه‌مه‌وه له‌و بێ ههڵوێستیهیان و گڕی جه‌سته‌ی منیش ببێت به هه‌وێنی به‌رده‌وامی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌پێی راپۆرته سه‌ره‌تاییه پزیشكیه‌كان، له ئێستادا باری ده‌رونی ئه‌و هاوڵاتیه باش نیه‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش له ژێر چاودێری ته‌ندروستیدایه له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن.