راپۆرتی: سبه‌ی
"ئه‌و پۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازیانه‌ی توركیا له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیان ده‌دات، ده‌بنه مایه‌ی به‌رپاكردنی نائارامی له هه‌رێمی كوردستان". ئه‌مه وته‌ی یۆخین هیبلهری پیسپۆڕ له‌بواری كاروباری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته كه مامۆستایه له زانكۆی دیسبۆرگی ئه‌ڵمانیا.
ئارامی و سه‌قامگیری باری ئاسایشی هه‌موو ناوچه‌یه‌ك هۆیه‌كی بنه‌ڕه‌تی و كاریگه‌ره له گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشچوون له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، ئه‌مه راستییه‌كه و مێژووی ته‌واوی ناوچه جیاجیاكانی ئه‌م جیهانه سهلمێنهرییهتی. هه‌میشه ئه‌و ناوچانه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك ئاشتی و ئارامیان تێدا سه‌قامگیر بووه ده‌رفه‌تی گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشچوونیان زیاتر بووه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ناوچه‌كانی شه‌ڕ و ململانێ نه‌یانتوانیوه هه‌نگاوی به‌رچاو بنێن، یان له خاڵێكی جێگیری ریزی دواوه‌دا ماونه‌ته‌وه، یان زیاتریش پاشه‌كشه‌یان كردووه.به‌نموونه ئارامی و سه‌قامگیری باری ئاسایشی هه‌ندێك له وڵاتانی كه‌نداو گه‌شه‌كردنی به‌دواوه‌بووه و نائارامی عیراقیش پاشه‌كشه‌یه‌كی به‌رده‌وامی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
هه‌رێمی كوردستان، ناوچه‌ی ئارام
هه‌رێمی كوردستان له دوای پرۆسه‌ی روخاندنی رژێمی به‌عس و به‌رپابوونی نائارامی له ناوچه‌كانی باكوری خۆرئاوا‌و ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئارام وه‌سفكراوه. ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیداری و سیاسی كورده‌وه شانازی پێوه‌كراوه و هه‌وڵیشدراوه به‌هۆیه‌وه ده‌ستكه‌وتی سیاسی و ئابوری ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاته‌كه له توانایدایه ئیداره‌ی ناوچه‌یه‌كی ده‌وره‌دراو به مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه و نائارامی به‌وپه‌ڕی تواناوه و به‌سه‌ركه‌وتوویی بكات و هاوكاتیش تیایدا ئاسایش و ئارامی به‌رقه‌رار بكات بۆ دابینكردنی كه‌شێكی گونجاوی وه‌به‌رهێنان.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌چه‌ندین بۆنه‌ی ره‌سمیدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه ئارامییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان هۆكاری سه‌ره‌كییه له گه‌شه‌پێدانی ره‌وشه سیاسی و ئابورییهكهدا، ئه‌و له مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ری گشتی روسیای فیدراڵ له هه‌رێمی كوردستان وتی: "ئه‌و هه‌نگاوه نیشانه‌ی متمانه‌ی ئێوه‌یه (روسیا) به حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ره‌وشی ئارام و سه‌قامگیر له هه‌رێمی كوردستاندا".
هه‌روه‌ها له مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌ولێر نێچیرڤان وتی: "به‌رزكردنه‌وه‌ی ئالاَی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و زیادكردنی ژماره‌ی كارمه‌ندانی نیشانه‌ی ئه‌و متمانه‌یه یه كه ئێوه هه‌تانه به حكومه‌تی هه‌رێم و به‌و بارودۆخه‌ی كه هاتۆته ئاراوه. ئێمه شانازی به‌و ههولاَنهمان ده‌كه‌ین كه توانیومانه ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین. وه‌كو دیاره بارودۆخی ئاسایش و سه‌قامگیری له هه‌رێمی كوردستان جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی تر. ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م به‌ره‌وپێش چوونی چالاكی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان هه‌یه و ئێمه هه‌وڵمان داوه كه بوار بره‌خسێنین بۆ گه‌شه سه‌ندنی ئابووری و كۆمهلاَیهتی له هه‌رێمه‌كه‌مان".
هه‌مان شت له‌لایه‌ن دیپلۆمات و سیاسه‌تمه‌داره‌كانی هه‌ندێك له وڵاتانی ده‌ره‌وه‌شه‌وه دوپاتكراوه‌ته‌وه، بۆنموونه له نامه‌یه‌كیاندا بۆ كۆندۆلیزا رایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، پانزه ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا جه‌خت له‌سه‌ر بایه‌خی سه‌قامگیری ئاشتی و ئاسایش له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه و هك فاكته‌ری گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتی و ئابورییههكان وه‌سفیده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "كورده‌كان جێگه‌ی شانازین بۆ پاراستنی ره‌وشی سه‌قامگیری ناوچه‌كه ... سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حاڵه‌تی ئه‌منیی له زۆربه‌ی به‌شه‌كانی عیراقدا نائاساییه بۆ گه‌شتیاره بێگانه‌كان، به‌ڵام پێده‌چێت ئاستی هه‌ڕه‌شه له سه‌ر گه‌شتیاره‌كان زۆر نزم بێت له ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی ده‌گرێته‌وه و به‌پێی زانییارییهكانمان، له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌وه له ساڵی 2003ه‌وه هیچ هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی و هاووڵاتی ناوچه‌كانی تری خۆرئاوا به‌هۆی كاری توندوتیژییه‌وه له هه‌رێمی كوردستان ئازار نه‌دراون ... پێویسته گه‌شه به‌بواری ئابووری بده‌ین له كوردستان".
باره ئارامه‌كه له‌گۆڕاندایه و مه‌ترسی دروست بووه
هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا واده‌كه‌ن ئارامی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌یی نه‌بێت، ئێستا ئه‌و ناوچه ئارامه كه‌وتووه‌ته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره و پێده‌چێت مه‌ترسی بۆسه‌ر سیفه‌ته دیاره‌كه‌ی دروستبكات.له‌دوای ده‌ستپێكردنی ئه‌م له‌شكركێشییه نوێیه‌ی توركیا بۆناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، پاتریك كۆكبێرن كه نوسه‌رێكی ئینگلیزه ده‌ڵێت: "كوردستانی عێراق وه‌كو غه‌زه‌ی لێهاتووه كه ئیسرایل ده‌توانێت به‌ئاره‌زووی خۆی تانكه‌كانی بنێرێت‌و هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی به‌ئاره‌زووی خۆیان بۆردومان بكه‌ن".
پاتریك كۆكبێرن به‌ناونیشانی"له‌شكركێشی توركیا ره‌نگه یه‌كێتی عێراق تێكبدات" له‌ژماره‌ی رۆژی 27ی ئه‌م مانگه‌ی رۆژنامه‌ی ئیندیپێندنتی به‌ریتانی وتارێكی بڵاوكردوهتهوهو تیایدا ده‌ڵێت: "حكومه‌تی توركیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ئامانجی سوپاكه‌ی راوه‌دوونانی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌یه كه‌خۆیان لهپهناگهو دۆڵ‌و شاخه‌كانی كوردستاندا شاردۆته‌وه كهپێناچێت زیانێكی ئه‌وتۆیان پێبگات به‌ڵكو ئاكامی له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا لاوازكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ناوچه‌ی خودموختاری كورده‌كان كه فه‌راهه‌مكردنی یه‌كێكه له‌ده‌ستكه‌وته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئهمهریكاو به‌ریتانیاوه له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا".
ئه‌م ترسه له شێواندنی ئارامی هه‌رێمی كوردستان به وته و هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورده‌وه دیاره، مه‌ترسی له‌شكركێشی توركیا بۆ ناوخاكی هه‌رێمی كوردستان و شێواندنی ئارامی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عیراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له 21ی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو له هاوینه‌هه‌واری سه‌لاحه‌دین ته‌ئكیدكرایه‌وه. ئه‌وكاته هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه راشكاوانه داوایان له په‌كه‌كه كرد خاكی هه‌رێمی كوردستان جیبهێڵێت و نه‌بێته مایه‌ی شێَواندنی ئه‌و ره‌وشه ئارامه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه.
ئێستاش سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و پارله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشكاوانه ده‌ڵێن توركیا له لهشكركێشییهكهیدا مه‌به‌ستی شێواندنی هه‌رێمی كوردستانه نه‌ك ته‌نها لێدانی په‌كه‌كه.
پارله‌مانی كوردستان له راگه‌یاندنی كۆتایی دانیشتنی نائاسایی رۆژی 26ی ئه‌م مانگه‌دا ده‌رباره‌ی له‌شكركێشی توركیا ده‌ڵێت: "ئه‌و پرۆسه سه‌ربازیه‌ی توركیا بۆته هۆی ئه‌وه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی ناوچه سنوریه‌كانی هه‌رێم و سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گوند و دێهاته وێرانكراوه‌كان دوابكه‌وێ و بارودۆخێكی سه‌خت و دژوار‌و كاره‌ساتی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی جێهێشتوه و ئه‌و كرده‌وه سه‌ربازیانه‌ی توركیا كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات و پاساوه‌كانی حكومه‌تی توركیاش بۆ ئه‌م كرده‌وه‌یه هیچ زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری نیه، تێكدانی ره‌وشی سیاسی و ئه‌زمونی دیموكراتی هه‌رێمی كوردستانه كه ته‌نها شوێنی ئارامتری گشت عیراقه".
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تیش له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا كه رۆژی 24ی ئه‌م مانگه سازیكرد دووپاتیكرده‌وه كه ئامانجی كرده‌وه سه‌ربازییه‌كانی توركیا هه‌رێمی كوردستانه نه‌ك پارتی كرێكارانی كوردستان‌و وتی: "توركیا ژێرخانی ئابووری كوردستان وێران ده‌كات ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه كه‌توركیا ئامانجی هه‌رێمی كوردستانه نه‌ك په‌كه‌كه".
به‌غدا چی ده‌ڵێت؟
هه‌ڵوێستی حكومه‌ت و پارله‌مان و سهرۆكاهیتی كۆماری عیراق به‌رامبه‌ر به له‌شكركێشی توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن كورده‌وه به هه‌ڵوێستێكی لاواز وه‌سفكرا، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌توندی ره‌خنه‌یان له‌و هه‌ڵوێست لاوازییه‌ی به‌غدا گرتووه به‌و پێیه‌ی ته‌نها هه‌ڵوێسته‌كانیان ته‌نها قسه‌بوون و به‌كردار هیچیان نه‌كردووه.
حكومه‌تی عیراق له‌رێگه‌ی به‌یاننامه‌وه ره‌خنه‌ی له توركیا گرت و له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقیشدا، حكومه‌تی عێراق له‌شكركێشی توركیای بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان مه‌حكوم كرد‌و داوای لێ‌كرد ده‌ست له‌ژێرخانی ئابووری‌و هاووڵاتیان بپارێزێت.
له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا هاتووه "له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ڕه‌وشی سنووری نێوان عێراق‌و توركیا كرا‌و داوایش له‌توركیا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی بكێشێته‌وه‌و ئه‌و هه‌نگاوه دووباره نه‌كاته‌وه". به‌یاننامه‌كه جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌كاری سه‌ربازیی یه‌كلایه‌نه كارێكی قبوڵ نه‌كراوه‌و په‌یوه‌ندیی باشی هه‌ردوو وڵاتی دراوسێ ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
لای خۆشییه‌وه مه‌حمود مه‌شهه‌دانی سه‌رۆكی پارله‌مانی عیراق داوای له حكومه‌تی توركیا كرد به‌په‌له و راسته‌وخۆ هێزه سه‌ربازییه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان بكێشێته‌وه و كۆتایی به‌و له‌شكركێشییه بهێنێت كه كردوویه‌تییه سه‌ر ناوچه‌كه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌حمود مه‌شهه‌دانی سه‌رۆكی پارله‌مانی عیراق وتی: "به‌وپه‌ڕی نیگه‌رانییه‌وه تاووتوێی ئه‌و هێرشانه‌مان كردووه كه هێزه سه‌ربازییه‌كانی توركیا كردویانه‌ته سه‌ر خاكی عیراق له ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بوونه‌ته مایه‌ی وێرانكردنی ژێرخانی ناوچه‌كه و ئاوه‌ره‌بوونی خێزان و دانیشتوانی ناوچه‌ی پێكدادانه‌كان، بۆیه داوا له حكومه‌تی توركیا ده‌كه‌ین ئه‌و ده‌ستدرێژییه سه‌ربازییه‌ی رابگرێت و به‌په‌له و راسته‌وخۆش هێزه‌كانی بكێشێته‌وه".
به‌ڵام حكومه‌تی عیراق خۆی به‌جۆرێك له جۆره‌كان رێگه خۆشكه‌ر بووه بۆ بواردان به توركیا تا له‌شكركێشی بكات، ئه‌وه‌بوو له 28ی ئه‌یلولی ساڵی رابردوودا جه‌واد بۆلانی وه‌زیری ناوخۆی عیراق له باره‌گای وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا په‌یماننامه‌ی كاری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌شیر ئه‌تاڵای وه‌زیری ناوخۆی توركیا ئیمزاكرد و به‌وپێیه‌ش توركیا بۆ لێدانی په‌كه‌كه ده‌توانێت هێز بنێریته هه‌رێمی كوردستان.
به‌وپێیه‌ش پێناچێت نیگه‌رانی سه‌رانی به‌غدا به‌رامبه‌ر به له‌شكركێشی سوپای توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و جدییه‌ته‌ی هه‌بێت كه كاربكاته سه‌ر بارودۆخه‌كه و هێوری بكاته‌وه.
كۆكبێرنیش له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا كه پێشتر ئاماژه‌ی بۆ كرا نووسیویه‌تی "له‌شكركێشی توركیا هه‌لێكه بۆ حكومه‌تی به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌سه‌روه‌ریی خاكی عێراق‌و بیكاته خاڵێكی پرشنگدار لهپشبهستنی نیشتمانی، له‌جیاتی ئه‌وه نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌م ساته‌ی هه‌ڵبژارد بۆ پشكنینی پزیشكی له‌نده‌ن كه هاوكاره‌كانی پێیانوایه بیانوویه‌ك بوو بۆ خۆدزینه‌وه‌و به‌جێهێشتنی وڵاته‌كه‌ی كهبهئاشكرا پارچه پارچه ده‌بێت".
كلیلی چاره‌سه‌ر چییه؟!
دوای ئه‌م له‌شكركێشییه‌ی توركیا پارله‌مانی كوردستان داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات "به‌زوویی هه‌ر بوون و باره‌گایه‌كی سه‌ربازی توركیا له‌ناو سنووری هه‌رێم دا نه‌هێڵێت و داوا له‌حكومه‌تی توركیا بكات ئه‌و پێگه و بنكه سه‌ربازیانه‌ی چۆڵ بكات". هه‌روه‌ها له‌و دانیشتنه نائاساییه‌ی كه تایبه‌تیكرد به له‌شكركێشییه‌كه، پارله‌مان داوایكرد هێزی پێشمه‌رگه له ئاماده‌باشیدابن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌شكركێشی.
ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان هه‌وڵی بۆده‌دات هێوركردنه‌وه‌ی باره‌كه‌یه، به‌ڵام هاوكات ڵدوانێكی توندیش له‌برامبه‌ر له‌شكركێشی توركیادا ده‌بیسترێن.
تاڵه‌بانی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نێردراوه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان بۆ به‌غدا ته‌ئكیدی له پێویستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به رێگه‌ی ئاشتیانه كرده‌وه، هه‌ریه‌ك له سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمیش له بۆنه‌ی جیاجیادا پێیان له‌سه‌ر هه‌مان رێگه‌چاره داگرتووه و راشكاوانه‌ش داوایان له په‌كه‌كه كردووه ناوچه‌كه جێبهێڵێت وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ به ئاشتیانه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه.
بارزانیش پێشتر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا وتی: "ئێمه دژی شه‌ڕین و ئه‌گه‌ر توركیا‌و په‌كه‌كه په‌نا به‌رنه‌به‌ر چاره‌سه‌ری ئاشتی ئێمه ئاماده‌ی هاوكارین، به‌ڵام بۆ شه‌ڕ ئێمه نامانه‌وێت ببینه به‌شێك له‌شه‌ڕ و نامانه‌وێت شه‌ڕی خۆیان بێننه ناو هه‌رێمی كوردستان ... ئێمه دۆستایه‌تیمان پێ خۆشه له‌گه‌ڵ توركیا، ده‌مانه‌وێت هاوكاری توركیا بكه‌ین به‌ڕێگه‌ی ئاشتی و ئێمه لایه‌ن نین له‌و نیزاعهی له نێوان توركیا‌و په‌كه‌كه‌دا هه‌یه".
ئه‌م رێگه چاره‌یه ئه‌گه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر بكرێته‌وه پێده‌چێت باشترین هه‌ڵوێست بێت بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان، چونكه جگه له‌وه هیچ چاره‌یه‌كی دیكه چانسێكی ئیجابی ناداته هه‌رێم. واته بیرۆكه‌ی به‌رگری سه‌ربازی له‌وه ناچێت بیرۆكه‌یه‌كی واقیعی بێت.
ئه‌وه‌تا لیوا سه‌روه‌ر به‌رزنجی پسپۆر له‌كاروباری سه‌ربازیی ده‌ڵێت: "هیچ هاوسه‌نگییه‌ك نییه له‌نێوان سوپایه‌كی میراتی عوسمانی كه‌چه‌ندین ساڵه دروست بووه له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه ... سوپای توركیا خاوه‌ن پشتیوانی ئاسمانی و فڕۆكه‌و زرێپۆش‌و تانكهو تۆپی پێشكه‌وتوو جۆره‌ها چه‌كی پێشكه‌وتووه، شه‌ڕی ئێستا ته‌نیا به‌هێزی پیاده یه‌كلایی ناكرێته‌وه به‌ڵكو به‌هێزی پشتگیریی كه خۆی لهفڕۆكهو تۆپ‌و تانك ده‌بینێته‌وه یه‌كلا ده‌بێته‌وه.
سه‌باره‌ت به ئاماژه‌دان به ئاماده‌باشی هێزی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن پارله‌مانی كوردستانه‌وه، عومه‌ر محه‌مه‌د پسپۆر له‌كاروباری توركیا پێی وایه "ئه‌م كاره‌ی پارله‌مان له‌م ئان‌و ساته‌دا واقیعی نییه".
عومه‌ر ده‌شڵێت: "پێویسته هه‌رێم ئه‌وه‌نده باس له‌هێزی پێشمه‌رگه ده‌كات، له‌م قۆناغه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر هێزی دیپلۆماسی بكاته‌وه‌و هه‌وڵبدات له‌ڕێی هێزه ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا فشارێك بخاته سه‌ر توركیا تا به‌زووترین له‌شكركێشییه‌كه‌ی كۆتایی پێبهێنێتو زیاتر سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان نه‌خاته مه‌ترسییه‌وه".
جگه‌له‌وه‌ش هه‌ندێك دیپلۆمات و پسپۆڕی بواره‌كه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه پێویسته سه‌ركردایه‌تی كورد له هه‌رێمی كوردستان كه‌م و زۆر باس له‌و بابه‌تانه نه‌كه‌ن كه بۆننی هه‌وڵدان بۆ بهسهربهخۆبوونی كوردستانیان لێدێت، ستیڤن بیدڵ پسپۆری سه‌ربازی ئه‌مریكی و یه‌كێ له پسپۆره گه‌وره‌كانی مه‌له‌فی عێراق له گۆڤاری به ناوبانگی Foreign affairs ده‌ڵێت: "گه‌ر كوردستان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوبنێت ده‌بێته هۆی توند و تیژی فراوانتر و هه‌ڵگیرسانی زه‌لكاوی خوێن له كوردستان و ئه‌م سه‌قامگیریه‌ی ئێستای له‌ده‌ست خۆی ده‌دات".