(سبه‌ی):
له لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی)، ئاراس فه‌تاح، نوسه‌رو روناكبیر ده‌رباره‌ی دۆخى ئێستای كوردستان و نائومێدبونی جه‌ماوه‌ر له چاكسازی سیاسی رایگه‌یاند: ئومێد شتێكه‌و واقیعی سیاسی له‌كوردستان شتێكی دیكه‌یه، ئومێد‌و واقیع له وڵاتی ئێمه‌دا ساڵانێکه دو جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌كن، هیچ كات سیاسه‌ت له وڵاتی ئێمه‌دا هێنده‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردو نائومێدكهرانه نه‌بوه، هیچ كاتێكیش واقیعی سیاسی هێنده‌ی ئه‌م چركه‌ساتانه دژ به‌خواسته‌كانی ناو روبه‌ری گشتی كۆمه‌ڵگا نه‌بوه.
وتیشی: هیچ كاتێك له‌م ماوه‌یه‌دا دونیای ئێمه زیاتر دابهشنهبوه له‌نێوان سیاسه‌تێكی نائومێدكهرانهو كۆمه‌ڵگایه‌كی پڕ ئومێد، ئومێد پێویستی به زمانێكه بتوانێت قسهبكاتو وه‌رگری هه‌بێت، ئومێد پێویستی به‌شوێنێك هه‌یه بتوانێت ته‌عبیر له‌خۆی بكات، ئه‌ڵمانه‌كان راست ده‌كه‌ن كه ده‌ڵێن: ئومێد دوا شته كه ده‌مرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئومێد نه‌مرێت.
ناوبراو باسی له‌وه‌شکرد، وڵاتی ئێمه دارستانێكه له ئومێد‌و سیاسه‌تیش تیایدا جهنگهڵستانێكی خواستهكانه، ئه‌مڕۆش له كوردستاندا خواسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌هه‌مو كاتێك زیاتر وزه‌یان تێدایه، له هه‌مو كاتێك زیاتر توانای ژیانیان هه‌یه، له هه‌مان کاتدا سیاسه‌تیش له هه‌مو كات زیاتر كه‌نفت و شه‌رمه‌نده‌و بێ گوێ و بێ زمان و بێ چاوه، كۆمه‌ڵگای ئێمه ترسی خنكاندنی هه‌یه، ترسی مردنی هه‌یه، چنگی ئه‌م دو حیزبه وه‌ك دو كێلیان لێهاتوه، كه له‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگادا چه‌قێنراون.
له‌باره‌ی خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادیی، ئاراس فه‌تاح، وتی: له سه‌رای ئازادی نه‌وه‌یه‌كی ئومێد به‌خش ده‌بینم، نه‌وه‌یه‌ک ده‌بینم كه توڕه‌یه، توڕه له رابردویهكی مردو، هاوکات پڕن له‌ئومێد بۆ ژیانی داهاتو، ئه‌مه ئومێد به‌خشه، چونكه كۆمه‌ڵگا ئه‌و كاته زیندوه كه هۆشمه‌ندی ئه‌وه‌ی هه‌بێت نه‌یه‌وێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌رکوت بکرێت.
ده‌رباره‌ی گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانیش ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، كه "گۆڕانكارییه‌كان وابه‌سته‌ن به عهقڵو خواسته‌وه، من ساڵانێکه غیابێكی گه‌وره‌ی عه‌قڵ له سیاسه‌تی كوردیدا ده‌بینم، عه‌قڵ به‌مانای ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت بتوانێت پێش كه‌وتنه‌وه‌ی كاره‌سات بكه‌وێت، به‌ڵام سیاسه‌تی كوردی سیاسه‌تی رێكخستنی كاره‌ساته، نه‌ك رێگر له‌كاره‌سات، چه‌شنی كاره‌ساته‌كانیش بۆ خۆی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه، كاتێك باس له‌عه‌قڵ ده‌كه‌ین له‌سیاسه‌تدا باس له به داموده‌زگاییكردنی ده‌كه‌ین، دام‌و ده‌زگا بۆیه گرنگه چونكه ده‌توانێت، ببێت به فلته‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان فلته‌ر بكات‌و نه‌بن به هۆكارێك بۆ توندوتیژی و پشێوی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌باره‌ی خواستیشه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له گۆڕانكایی بگه‌ین ده‌بێت خواست‌و ئیراده هه‌بێت، كێشه له‌وه‌دایه لای ئێمه گۆڕانكاری ته‌نها له لایه‌نێكه‌وه‌یه ئه‌ویش كۆمه‌ڵگایه، ئه‌وه كۆمه‌ڵگایه كه ئیراده‌ی زیندوبونه‌وه‌و گۆڕانكاری هه‌یه، نه‌ك سیاسه‌ت".
ئاراس فه‌تاح هێمای بۆ ئه‌وه‌شکرد: له وڵاتی ئێمه‌دا كۆمه‌ڵگا داوای به داموده‌زگاییكردنی سیاسه‌ت ده‌كات، به‌ڵام تاكه شتێك که به ده‌زگایی كرابێت حیزبه، نه‌ك حكومه‌ت، بۆیه زۆر زه‌حمه‌ته له‌م جۆره كاتانه‌دا حكومه‌ت بێلایه‌ن بێت‌و چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه، پێش ئه‌وه‌ی ببن به قه‌یران و دۆخی بنبه‌ست.