(سبه‌ی):
له درێژه‌ی خۆپیشاندان و کۆبونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کاندا، بڕیاره ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه) له سه‌رای ئازادی سلێمانی یادی کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه بکرێته‌وه.
ئه‌كره‌م مه‌حمود، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی چاك له كوردستان به (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: نوسینگه‌ی باشوری كوردستانی رێكخراوه‌كه‌مان بڕیاری داوه ئه‌مساڵ له سه‌رای ئازادی سلێمانی یادی 23 ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه بكاته‌وه.
باسی له‌وه‌شکرد، له سه‌رای سلێمانی مه‌زارگای هه‌ڵه‌بجه به‌شێوه‌یه‌كی ره‌مزی دروستده‌كرێت و تاجه گوڵینه له سه‌ری داده‌نرێت، له هه‌مان کاتدا سه‌رپه‌رشتیارانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌رده‌ركی سه‌راش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هاوكارییان ده‌كه‌ن.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوای چه‌ندین ساڵ له‌و کاره‌ساته، تاوه‌کو ئێستا زۆرینه‌ی که‌سوکاری قوربانیه‌کان و ئه‌وانه‌شی برینداربون کارێکی ئه‌وتۆیان بۆ نه‌کراوه‌و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ته‌وه فه‌رامۆش کراون.
پێشره‌و حه‌مید