(سبه‌ی):
وه‌ڵامێك له ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادیه‌وه بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،
پاش بڵاوبونه‌وه‌ی نامه‌كه‌ت له سه‌ر داخوازیه هه‌نوكه‌ییه‌كانی "ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی" له 14/03/2011 به پێویستمان زانی ئه‌م ڕونكردنهوانهی خواره‌وه پێشكه‌ش بكه‌ین:
سه‌ره‌تا گرنگه ئاماژه‌یه‌ك به‌و ڕاستیه بده‌ین كه ناهه‌قی هاونیشتمانیانی كوردستان مه‌گرن كه له په‌رچه‌كرداری یه‌كه‌مدا هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ن یان به گومانه‌وه چاو له وه‌ڵامدانه‌وه‌كه بكه‌ن، یه‌كه‌م به هۆی دواكه‌وتنی وهڵامهكهو دووهه‌میش چونكه له ساڵانی ڕابردودا كه‌م نین ئه‌و ساتانه‌ی به‌ڵێنه‌كان دراون و نه‌چونه‌ته ئاستی جێبه‌جێكردنه‌وه. له‌و ماوه‌ی حوكمڕانیه‌دا باوه‌ڕ به یه‌ك بوون له نێو ده‌سته‌ڵات و هاونیشتمانیان گورزی گه‌وره‌ی خواردوه، له‌م ڕوه‌وه پێویسته ده‌سته‌ڵات كاری جدی و سیستماتیكیانه بكات بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوان هاونیشتمانیان و بكه‌رانی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان. هیوادارین ئه‌م هه‌نگاوه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ بونیاتنانی ئه‌و متمانه‌یه.
دوو سه‌رنج بۆ ڕاستكردنه‌وه:
1. له ڕووی كارگێڕیه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ڕێزتان هیچ ژماره‌یه‌كی فه‌رمی هه‌ڵنه‌گرتووه و ڕێكه‌وتی له سه‌ر نیه، وه‌ڵامه‌كه به شێوه‌یه‌كی شه‌خصی دراوه‌ته‌وه، ئاماژه به هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ره‌سمی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نه‌كراوه كه سه‌باره‌ت به داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانه‌وه ئه‌نجامدرابێت، به‌م پێیه‌ش له ڕووی یاساییه‌وه ئه‌م وهلاَمه هیچ هێزێكی یاسایی نییه بۆ ئه‌وه‌ی دام و ده‌زگا حكومیه‌كان ناچار بكات به جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و له ڕووی یاساییه‌وه هیچ كام له وه‌زاره‌ته‌كان به‌رپرس نابن به‌رامبه‌ر هیچ ئیلتیزامێكی یاسایی.
2. داواكاری خۆپیشانده‌ران بۆ هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته فه‌رمیه‌كانی هه‌رێم به یه‌ك پاكێج پێشكه‌ش كراون و شیاوی په‌رت كردن و دابه‌ش كردن نین، په‌رت كردنی به‌رپرسیارێتیه‌كان له خزمه‌تی كه‌سدا نیه، چاوه‌ڕوان ده‌كرا هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه به پاكێجێك وه‌ڵامیان بدایه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێمه لێره‌دا وه‌ك پێشوازیهك له‌م هه‌وڵه‌ی به‌ڕێزتان ئه‌م وهڵامنامهیه ده‌نێرین.
ئه‌و خاڵانه‌ی له نامه‌كه‌دا ئێمه به ئیجابی لێیان ده‌ڕوانین و به وه‌ڵامی كۆنكرێتی و به ده‌ستكه‌وت بۆ شه‌قامی ناڕازی له هه‌رێمی كوردستان سه‌یریان ده‌كه‌ین بریتین له:
1. دیاریكردنی ئامانج له نامه‌كه وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ "له یه‌كگه‌یشتن و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی له بار بۆ كاری پێكه‌وه‌یی له پێناو حوكمڕانیه‌كی باشتر".
2. ناساندنی خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵك وه‌ك هۆكارێك بۆ" فراوانكردنی مه‌ودای به‌شداریكردنی خه‌ڵك له پرۆسه‌ی سیاسی و بڕیاردا" و پێناسه‌ی ڕۆڵی خۆپیشانده‌ران به هاونیشتمانیانه و به هه‌وڵ و كۆشش نه‌ك فیتنه‌و ئاژاوه‌گێڕی. ددانپێنانتان به كۆبونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك به‌ره‌یه‌ك بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردن ماناداره.
3. دان نان به ڕه‌وایه‌تی سه‌رجه‌م داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌ران و ناساندنی خۆپیشانده‌ران وه‌ك به‌ره‌یه‌كی شه‌رعی بۆ به‌شداری له پرۆسه‌ی بڕیاری سیاسی.
4. به ڕه‌سمی داوای لێبوردن له لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه له ڕووی ڕه‌مزیه‌وه مانا داره و ئێمه پێشوازی لێده‌كه‌ین. هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به مافه گشتیه‌كانه‌وه ئه‌م هه‌ڵوێسته ئه‌ستۆپاكی نیه بۆ حكومه‌ت و له به‌رده‌م یاسادا لێپرسراوه .
سه‌باره‌ت به خاڵه‌كانی دیكه هه‌ستده‌كه‌ین مهتاتین و پێویسته ڕاشكاوانه‌تر قسه‌یان له سه‌ر بكه‌ین به‌و هیوایه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئێمه وه‌ك به‌شێك له به‌شداری هاونیشتمانیانی ناڕازی چاویان لێبكرێت له پێناو جێبه‌جێكردنی داخوازیه هه‌نوكه‌ییه‌كاندا.
پێشنیاز له سه‌ر خاڵه مهتاتیهكان له وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح:
خاڵی دووهه‌م: تا كاتی ده‌رچونی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان، پێویسته سه‌رۆكی هه‌رێم به سیفه‌تی سه‌رۆكی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمانێكی ڕه‌سمی ڕایبگه‌یه‌نێت كه به هیچ شێوه‌یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه به‌كار نه‌هێنرێت بۆ سه‌ركوتی خه‌ڵك. هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به هه‌ڵوێستی به‌ڕێزتانه‌وه هه‌بێت تا ئێستا سه‌پاندنی باری نا ئاسایی و دابڕان و ئابڵوقه‌دان و به سه‌ربازگه كردنی چه‌ند شار‌و شارۆچكه‌یه‌كی كوردستان به‌رده‌وامه، له‌وانه هه‌ولێر و كهلارو هه‌ڵه‌بجه و چه‌مچه‌ماڵ. له‌مڕوه‌وه پێویسته حكومه‌ت به فه‌رمی به سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ڕابگه‌یه‌نێت كه نه‌بنه ئامڕاز به ده‌ست هیچ هێز و حیزبێكی سیاسیه‌وه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و داپڵۆسینی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیه مه‌ده‌نیه‌كان.
خاڵی پێنجه‌م: سه‌باره‌ت به داواكاری به‌ردانی دهسگیركراوان و قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌سگیركردنی هه‌ڵسوڕاوان و به‌شداربوانی خۆپیشاندانه‌كان، ده‌بوایه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه حكومه‌ت فه‌رمانێكی ڕاسته‌وخۆی بدایه به دام و ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازیه‌كان كه ناچاریان بكات به پاراستنی سه‌لامه‌تی خۆپیشانده‌ران و ڕه‌وشی خۆپیشاندانه‌كان و ده‌سبه‌جێ (اقاله)پێكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رپرس و هێزه ئه‌منیانه‌ی كه ده‌ستیان هه‌بووه له‌و تاوانانه‌ی كه دژی خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامدراوه.
به‌ڕێزان، پاش ئه‌وه‌ی له لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تی ناوخۆ ته‌قه له خۆپیشانده‌ران كرا، هه‌لومه‌رجێكی نائاسایی هاته كایه‌وه كه زۆرێك له دامه‌زراوه حكومیه‌كان نه‌یانتوانی به‌گوێره‌ی یاسا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كرژیهكاندا بكه‌ن. خۆپیشاندانه‌كانی 19 مانگی شوبات و ڕۆژانی دوایی په‌رچه‌كردار بوو به‌رامبه‌ر ئه‌و ئهدائه خراپه‌ی حكومه‌ت له 17 شوباتدا. له به‌رئه‌وه:
أ. پێویسته كاركردن به هه‌ر یاسایه‌ك بوه‌ستێنرێت كه له لایه‌ن خودی ده‌سته‌ڵاته‌وه پێشێلكراوه، به تایبه‌تی "یاسای خۆپیشاندان".
ب. نابێت هیچ كه‌س به بڕیار یان بێ بڕیاری دادگا له سه‌ر خۆپیشاندان ده‌ستگیر بكرێت تا هه‌مواركردنی یاسای خۆپیشاندان.
ج. تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م پێشێلكارییه یاساییه‌كان له لایه‌ن كه‌سه ئیداری و حكومیه‌كانه‌وه ئه‌نجامدراون به دواداچونیان بۆ نه‌كرێت و تاوانباران به سزای خۆیان نه‌گه‌ن، هیچ یاسایه‌ك نابێت به‌كاربهێنرێت بۆ ترساندن و سزادانی هه‌ڵسوڕاوان و به‌شداربوانی خۆپیشاندانه‌كان. یاسا یان هه‌یه بۆ هه‌موان یان نیه و ده‌بێت كار بۆ داڕشتنیان بكرێت.
خاڵی شه‌شه‌م: سه‌رۆكی حكومه‌ت له وه‌ڵامه‌كه‌یدا تایبه‌ت به دادگایكردنی تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كانی 17/2 و رۆژانی دواتر دادگا ده‌خاته به‌رده‌م لێپرسراوێتی، ئه‌و وه‌ڵامه هاریكار نیه بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران چونكه هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن سه‌رجه‌می ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كردووه و به‌وانه‌شه‌وه كه هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر خێمه‌ی مانگرتوانی مه‌یدانی ئازادی و كه‌ناڵی نالیا و ڕادیۆی ده‌نگ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه پاسه‌وانی باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانن موچه‌ی حكومه‌ت وه‌رده‌گرن و ناسراون لای حكومه‌ت و ناو و ناونیشان و وێنه‌یان لای ده‌زگاكانی حكومه‌ت هه‌یه و به گوێره‌ی یاسا ده‌وڵه‌ت له‌م باره نائاساییه‌دا ناچاره كه ئه‌و زانیاریانه و ئه‌و تاوانبارانه ته‌سلیمی دادگا بكات نه‌ك بێباكانه بڵێت با دادگا خۆی ئه‌مانه بدۆزێته‌وه .له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ئێستا حكومه‌ت تۆمه‌تباره به تاوانی شاردنه‌وه‌ی زانیاری و كه‌سانی هه‌ڵاتوو له دادگا. داواكاری گشتی پێویسته ڕۆڵی یاسایی خۆی له‌م باره‌دا به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت.
خاڵی حه‌وته‌م: تا ئێستا له كوردستان دیارده‌ی چه‌كداری دهمامككراو و بوونی هێزه‌كانی ئاسایش به پۆشاكی مه‌ده‌نیه‌وه له شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان ئاماده‌ییان هه‌یه. گرنگه له په‌یوه‌ند به‌م خاڵه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له ڕێگه‌ی بڕیارێكی فه‌رمیه‌وه ئه‌م دیارده‌یه قه‌ده‌غه بكات.
خاڵی هه‌شته‌م: مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری ناوخۆ و پێشمه‌رگه ئه‌وه‌یه كه به‌رپرسی ڕاسته‌قینه له جوڵاندنی هێز ده‌ستنیشان بكرێت تا لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكردنه ئاشكرایانه‌ی كه له یاسا په‌یڕه‌وكراوه‌كانی هه‌رێمدا كراون. كاره‌ساته‌كان خوڵقاون و تاوانه‌كانیش ڕویانداوه. ئه‌وه‌ی كه ماوه دیاریكردنی به‌رپرسیار و تاوانبارانه. ئه‌مه‌ش ئه‌ركی حكومه‌ت و په‌رله‌مانه وه‌ك به‌رپرسیارێتیه‌كی هاوبه‌ش كه به‌و ئه‌ركه هه‌ڵبستن. بانگكردنی ئه‌و لێپرسراوانه به مه‌به‌ستی موحاسه‌به كردنیان و ده‌ستنیشانكردنی تاوانبارانه نه‌ك بۆ په‌رده‌پۆشكردنی ڕاستیه‌كان. لێره‌وه گرنگه بۆ ڕای گشتی ڕابگه‌یه‌نین كه متمانه به‌خشینه‌وه به خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت له ڕۆژی 9-3-2011 له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا، ئه‌و به‌رپرسیارێتیه له ئه‌ستۆی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لا نابات كه پێویسته هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زیری ناوبراودا دوباره ئاماده‌بێت له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا، چونكه هه‌ر كه‌مته‌رخه‌میه‌ك له ئه‌دای هه‌ر یه‌كێك له وه‌زاره‌ته‌كاندا به پشت به‌ستن به پره‌نسیپی (به‌رپرسیارێتی هه‌ماهه‌نگكاری حكومه‌ت له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا) مانای كه‌مته‌رخه‌می ئه‌دای هه‌موو كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت له ئه‌نجامدانی چالاكیه‌كانیدا. وه هه‌موو هه‌وڵێكیش بۆ په‌رت كردنی ئه‌و به‌رپرسیارێتیه به لادانێكی ئاشكرای سیسته‌می په‌رله‌مانی هه‌رێم ئه‌ژمار ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئه‌سته‌مه به پشتبه‌ستن به عه‌قڵیه‌تی زۆرینه‌و كه‌مینه له په‌رله‌ماندا بتوانرێت كه‌مته‌رخه‌می ڕاسته‌قینه‌ی ڕوداوه‌كان دیاریبكرێت.
خاڵی نۆیه‌م: دیارده‌ی بونی حیزبی چه‌كداری به‌شێكه له هۆكاری ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستاندا هه‌یه، له‌م ڕوه‌وه ئێوه وه‌ك جێگری سكرتێری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌ت كه پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپه‌یمانی "په‌یمانی ستراتیژی" نێوانتانه ده‌توانن له پاڵ كاركردنی ههرئێستایی بۆ كۆتایهێنان به‌م دیارده‌یه، له زووترین كاتدا پڕۆژه یاسایه‌ك پێشكه‌ش به هه‌ردوو حیزبی ناوبراو و په‌رله‌مان بكه‌ن بۆ كاركردن بۆ بنه‌بڕكردنی دیارده‌ی هه‌بونی باره‌گای حیزبی له نێو شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.
خاڵی ده‌یه‌م: دڵنیا كردنی هاونیشتمانیان له‌م ڕوه‌وه پێویستی به پلانێكی تۆكمه و درێژخایه‌ن هه‌یه به‌ڵام له ئێستادا ده‌كرێت فه‌رمانێكی ڕه‌سمی ده‌ربكه‌ن بۆ ڕێگا گرتن له به‌كارهێنانی هێزی چه‌كداری له یه‌كلا كردنه‌وه‌ی ململانێ سیاسیه‌كاندا.
هه‌نگاوی عه‌مه‌لی تاكه وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌یه به داواكاریه‌كانی جه‌ماوه‌ری ناڕازی كوردستان.
ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی
15-3-2011
فۆتۆ: ئاریان حه‌سه‌ن