کازم بیتوێنی
وا بۆ دو مانگ ده‌چێت جه‌ماوه‌ری سنوری پارێزگای سلێمانی رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قام و سه‌رگه‌رمی خۆپیشاندانن دژ به گه‌نده‌ڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا، به‌ڵام له‌جێی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داخوازیه‌کانیان کاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات په‌نابردن بوه بۆ توندوتیژی له‌ڕێی ته‌قه‌کردن و رشتنی خوێنی هاوڵاتیانی خۆپیشانده‌ر، ئه‌وه له حاڵێکدا زیاتر له ده‌یه‌یه‌که شه‌ڕی ناوخۆ کۆتایی هاتوه و هه‌مو لایه‌ک پێمان وابو تازه ببڕای ببڕ خوێنی کورد به ده‌ستی کورد ناڕژێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م ئه‌زمونه‌ی دوایی ده‌ریخست که ئه‌م هێزانه‌ی ئێمه جێی متمانه نین و مه‌حاڵه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، له هه‌ر شێوازێکی ترسناک سڵ بکه‌نه‌وه!
دواجار "وه‌ک له وتارێکی دیکه‌مدا له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ئاماژه‌م پێکردوه" به رونی ئاشکرا بو که ده‌کرێت دیموکراتییه‌ت له وڵاتی ئێمه‌دا جگه له فۆڕمێکی به‌تاڵی بێ ناوه‌ڕۆک هیچیتر نه‌بێت! ئه‌گه‌رنا خۆپیشاندان یه‌کێکه له ئامرازه‌کانی خه‌باتی شارستانیانه له وڵاتانی دیموکراتیدا که خه‌ڵک و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک په‌نای بۆ ده‌به‌ن له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان و ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ ده‌چێته‌وه خزمه‌ت به‌رجه‌سته کردنی زیاتری دیموکراتیه‌ت له وڵات‌دا.
ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌ریانه‌ی روبه‌ڕوی خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگای ئێمه و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ده‌بنه‌وه، ده‌کرێ به‌شێکیان بریتیبن له‌وه‌ی ئایا دیموکراتیه‌ت له کوردستاندا هه‌یه؟ که هه‌یه له چ ئاستێکدایه؟ له کاتێکدا ده‌سه‌ڵات و پارته‌کانی به رواڵه‌ت دیموکراتن و لافی دیمکراتیه‌ت لێده‌ده‌ن و زوربه‌یان ئه‌ندامی رێکخراوی جیهانی سۆسیال ئهنتهرناسیۆنالن! ئایا کۆمه‌ڵگای کوردستان هێنده کۆمه‌ڵگایه‌کی نادیموکراته که ناکرێ و نابێت ئامرازه‌کانی خه‌باتی دیموکراتیانه‌ی وه‌ک خۆپیشاندانی تێدا به‌کاربهێنرێت؟ که وانییه ئه‌ی بۆچی ده‌سه‌ڵات خۆپیشاندانه‌کان خه‌ڵتانی خوێن ده‌کات و له ئاماده‌گی بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا هێنده ده‌سته‌وه‌ستانه، خۆ دیالۆگیش یه‌کێکه له ئامرازه‌کانی دیکه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی و دیموکراتیانه! ئایا به‌ڕاستی روداوه‌کانی ئه‌و دواییه‌ی وڵاتی ئێمه ماهیه‌تی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای وڵاتی ئێمه نیشان داوه‌ته‌وه؟ ئایا ده‌سه‌ڵات به نیازه جگه له رێگای دیموکراتیانه بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ناڕازیدا، هه‌مو رێگایه‌کی نادیموکراتیانه بگرێته‌به‌ر؟ دوا پرسیار که ده‌کرێت وه‌ک هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ری راوه‌ستین ئه‌وه‌یه که ئایا له مییانه‌ی روداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌دا، سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه! یاخود ده‌کرێ هێشتاش سه‌بر بگرین و فورسه‌ت له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدا ماوه بۆ هه‌ڵێنانی هه‌نگاوی جیاواز!
به له‌به‌ر چاوگرتنی مێژوی میلله‌تانی دونیا و ئه‌زمونه زۆروزهبهندهکانیان، نابێت نا‌ئومێد بین له‌وه‌ی که خوێنی جیاواز جیاواز له‌ناو جه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌شدا هه‌یه! هاتنه سه‌ر شه‌قامی هاوڵاتیان و پێداگیرییان له‌سه‌ر گۆڕانکاری بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانیان و شکاندنی ته‌لیسمی ترس له ده‌سه‌ڵات، حه‌تمه‌ن ئه‌و ته‌وژمه تونده‌ی ناو ده‌سه‌ڵاتی لاواز کردوه و ده‌کات که به هه‌وای نه‌وه‌ته‌کان هه‌ناسه ده‌دات و جێگا بۆ ته‌وژمی نه‌رمتر لێژ ده‌کات که له واتاکانی سه‌رده‌می ئێستا تێده‌گات و چاره‌نوسی گه‌ل و نیشتیمانهکهش به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت.
دیموکراتییه‌ت چ له‌وه‌ی به فۆڕمه کۆن وسهرهتاییهکهی بریتی بێت له فه‌رمانڕه‌وایی خه‌ڵک و به فۆڕمه تازه‌که‌شی چاودێری خه‌ڵک بێت به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا، له جه‌وهه‌ردا دیاریکردنی سنوری ماف و ئه‌رکی هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتدارانه. جێی گومان نییه که هه‌ردولا له هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتداران خوازیارن هه‌رچی زیاتر دهستڕۆیشتوتر بن له ده‌ستڕاگه‌یشتن به مافی زیاتر، واتا هه‌م هاوڵاتیان ده‌یانه‌وێ مافیان زیاتر و ئه‌رکیان که‌متر بێت، هه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانیش ده‌یانه‌وێ مه‌رزی ده‌سه‌ڵاتیان به‌رفراوانتر بێت، بۆیه ململانێ له نێوان ئه‌و دو ده‌سته‌یه‌دا "هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵات" ململانێیه‌کی ئه‌به‌دییه و ته‌نانه‌ت له دیموکراتیترین کۆمه‌ڵگاکانی دنیاشدا دیارده‌یه‌کی به‌رچاوه، وێڕای ئه‌وه‌ی که له سیسته‌مه دیموکراتیه‌کاندا هه‌میشه ده‌سه‌ڵات له پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامی ده‌ستاوده‌ستکردن دایه.
خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌مڕۆی کوردستان بازی گه‌وره‌ی دیموکراتیه! کاتێک ره‌خنه و توڕه‌یی نوسه‌ران و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ر روپه‌ری رۆژنامه و سایت و میدیاکانه‌وه به گشتی، داده‌به‌زێته سه‌ر زمانی خه‌ڵک، له‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان و له ناوجه‌رگه‌ی مه‌یدانی شاره‌کاندا، به به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئه‌و ره‌خنانه ده‌گوترێنه‌وه.
هه‌ڵبه‌ته ره‌خسانی هه‌ره زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراتی به‌نده به هۆشیاری و زیندویی خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگاکه‌وه! ئه‌مڕۆ له کوردستاندا ئه‌وه هۆشیاری خه‌ڵکه وایکردوه شه‌قامه‌کان قه‌ره‌بالخ بن و هێچ مه‌ودایه‌ک بۆ یاری فریوکارانه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێته‌وه و رایه‌ڵی متمانه‌ی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتیش بڕمێت. خه‌ڵک له ریی ئهزمونهکانییهوه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، هۆشیاری خۆی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست هێناوه و به‌و باوه‌ڕه گه‌یشتوه که ماف هێنده‌ی ده‌سه‌نرێت، نادرێت! تاڕادده‌یه‌کی زۆر ئه‌وه سروشتی هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێکه، به‌تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاته نادیموکراتیه‌کان که تا ئیمکانیان هه‌بێت نایه‌نه ژێرباری داواکاریه‌کانی خه‌ڵک و هه‌میشه ده‌یانه‌وێ خه‌ڵک ئه‌رکیان زۆر و مافیان که‌م بێت.
دیکتاتۆریه‌ت به پێچه‌وانه‌ی دیموکراتیه‌ت له ساده‌ترین پێناسه‌دا بریتییه له که‌ڵه‌که‌بونی ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدا، له ماوه‌ی بیست ساڵی رابردودا هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی ئێمه هه‌یه له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداره دیاریکراوهکانیدا بوه، که ئه‌وه‌ش بۆته مایه‌ی نه‌هامه‌تی و کاره‌سات بۆ خه‌ڵکی ، چونکه ئه‌گه‌ر باڵانسێک نه‌بێت له نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدا تا خه‌ڵک بتوانێت سنوره‌کانی جوڵه‌ی ده‌سه‌ڵات دیاری بکات، ئه‌وا ده‌سه‌ڵات تاکڕه‌وانه ده‌جوڵێته‌وه و بۆ درێژه‌دانیش به ره‌وشی تاکڕه‌ویانه‌ی خۆی ئاماده‌یه ره‌وڕه‌وه‌ی پێشکه‌وتنی هۆشیاری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، یاسایی و مرۆیی خاوکاته‌وه و ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر مێدیاشدا به مه‌به‌ستی کپکردنی هه‌ر ده‌نگێکی ناڕازی.
ئێستای ناوچه‌که به گشتی و وڵاتی ئێمه به‌تایبه‌تی ساته‌وه‌ختی سنوردانانه بۆ ده‌سه‌ڵات و لێستاندنه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌یه که مافی ده‌داتێ تاکڕه‌وانه بجوڵێته‌وه. ساته‌وه‌ختی دابه‌شکردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ئه‌رک و مافه‌کانه به یه‌کسانی. ده‌سه‌ڵات ناتونێت چیتر خۆی له واقیعه‌که ببوێرێ و نادیده‌ی بگرێت و مه‌حکومه به‌وه‌ی قۆناغه‌که وه‌ک قۆناغێکی نوێ هه‌ڵسه‌نگێنێت و خۆی له‌گه‌ڵدا بگونجێنێت ئه‌گه‌رنا به په‌راوێزبونی چاره‌نوسێکی حه‌تمی ده‌بێت.