(سبه‌ی):
له لێدوانێكدا بۆ (سبه‌ی)، عه‌لی حه‌مه ساڵح، رۆژنامه‌نوسی ئابوری سه‌باره‌ت به پرۆژه بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێم كوردستان 2 دو ترلیۆن 508 ملیار دینار زیاتره له بودجه‌ی ساڵی رابردو، به‌ڵام نه‌توانراوه سود له‌م زیاده‌یه وه‌ربگیرێت، چونكه 75% ئه‌م زیاده‌یه بۆ بودجه‌ی (به‌كاربردن) ته‌رخانكراوه‌و له‌و زیاده‌یه ته‌نها 25% بۆ بودجه‌ی (وه‌به‌رهێنان)ته‌رخانكراوه.
ناوبراو ده‌رباره‌ی بودجه‌ی به‌كاربردن له ناو پرۆژه بودجه‌ی ئه‌مساڵدا وتی: بودجه‌ی به‌كاربردن له ناوپرۆژه بودجه‌ی ئه‌مساڵ، زۆر خراپتره له ساڵی رابردو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌رجیه ناپێویستیهكانی وه‌ك (به‌خشین)، دو ئه‌وه‌نده له ساڵی رابوردو زیادكراوه؛ شمه‌ك و خزمه‌تگوزاری چاككردنه‌وه كه تایبه‌ته به وه‌زاره‌ته‌كان، دو ئه‌وه‌نده‌ی ساڵی رابوردو زیادیكردوه.
ناوبراو رونیشیكردوه: ئه‌گه‌ر شه‌ش مانگی رابردوی ساڵی 2011 بكرێته پێوه‌ر، سودی كۆمه‌ڵایه‌تی زیادیكردوه؛ بۆ نمونه بۆ دامه‌زراندنی 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر 1 ترلیۆن و 588 ملیار دینار ته‌رخانكراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م فه‌رمانبه‌رانه موچه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان 600 هه‌زار دیناریش بێت، ئه‌وا كۆی موچه‌كه‌یان ده‌كاته 90 ملیار دینار، هاوكات ئه‌گه‌ر بۆ هه‌مو فه‌رمانبه‌رانی كوردستان 100 هه‌زار دینار بخرێته سه‌ر موچه‌كه‌یان، هێشتا 1 ترلیۆن و 108 ملیار دینار ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش گوماناویه و نازانرێت چی لێ دێت.
له لێدوانه‌كه‌یدا عه‌لی حه‌مه ساڵح باسی له‌وه‌شكرد: "بودجه‌ی (وه‌به‌رهێنان) له ناو پرۆژه بودجه‌ی ئه‌مساڵدا، به‌شی زۆری بۆ پرۆژه‌كانی ساڵی رابردو ته‌رخانكراوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه (داهات) له ناو پرۆژه‌كه‌دا زۆر گوماناویه‌و ئه‌و داهاته‌ی خراوه‌ته پێشچاو قابیلی باوه‌رپێكردن نیه ئه‌وه داهاتی راسته‌قینه‌ی هه‌رێمی كوردستان بێت، چونكه له 6 مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2010، داهاتی كوردستان 316 ملیار بوه، به‌ڵام بۆ سه‌رجه‌م (داهات)ی ئه‌مساڵ له پرۆژه‌كه‌دا ئاماژه به 400 ملیار دینار دراوه، بۆیه ئه‌گه‌ر شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی رابردو بكرێته پێوه‌ر، پێویسته داهاتی هه‌رێمی كوردستان له ناو بودجه‌دا 632 ملیار بێت.
له وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا سه‌باره‌ت به تێپه‌ڕینی پرۆژه بودجه‌ی ئه‌مساڵ به سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌م و كوڕیانه‌ی شاره‌زایانی بواری ئابوری ده‌یخه‌نه‌ڕو، عه‌لی حه‌مه ساڵح وتی: ئه‌گه‌ر بودجه به‌م شێوه‌یه تێپه‌ڕ بێت و بودجه‌ی به‌كاربردن زیاد بكات (به ئه‌ندازه‌ی ئه‌مساڵ كه نزیكه‌ی 1 ترلیۆن و 900 ملیار زیادیكردوه)، ئه‌وا پێویسته بودجه‌ی به‌كاربردن له 5 ساڵی داهاتودا ببێته 19 ترلیۆن دینار، ئه‌وه‌ش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه.