(سبه‌ی):
پرۆژه‌یاسای بودجه که له رۆژی دوشه‌ممه‌وه له په‌رله‌ماندا گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌کرێت، ناڕه‌زایی په‌رله‌مانتارانی به دوای خۆیدا هێنا و به بودجه‌یه‌کی پڕ که‌موکوڕی ناوده‌به‌ن و په‌رله‌مانتارێکیش به بودجه‌ی ته‌مه‌ڵکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی ناو ده‌بات.
ئاشتی عه‌زیز په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی گۆڕان له لێدوانێکیدا بۆ(سبه‌ی) رایگه‌یاند: له بودجه‌ی ئه‌مساڵدا رێژه‌ی 70% ته‌رخانکراوه بۆ به‌كاربردن، به‌ڵام 30% ته‌رخانکراوه بۆ وه‌به‌رهێنان که ئه‌مه هیچ خزمه‌تێک به ره‌وشی ژێرخانی ئابوری کوردستان ناکات، وه‌ک ئۆپۆزسیۆن تێبینی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌م جۆره دابه‌شکردنه هه‌یه که کوردستان به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌مه‌ڵ ده‌بات.
ئه‌وه‌شی وت: هه‌مو خه‌مڵاندنه‌کان به‌رامبه‌ر یه‌کتری جیاوازه و کۆدژیهکی زۆر گه‌وره‌ی تێدایه، خه‌مڵاندنی وا هه‌یه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه به 2 ملیار که‌مکراوه‌ته‌وه که‌واته خه‌مڵاندن له لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیداره‌وه چی گرنگیه‌کی هه‌یه، له‌ولاشه‌وه بودجه‌ی پاداشت و مینحه‌کان 70% به‌رزکراوه‌ته‌وه، که ئێمه ساڵی پار تێبینیمان به وه‌زاره‌تی دارای دا، که ئه‌مانه ده‌رگا به روی گه‌نده‌ڵیدا ده‌کاته‌وه پێویسته ده‌رگای له سه‌ر دابخرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ره‌نگه په‌رله‌مانی کوردستان ته‌نها پرسیاری تێدا بکرێت و وه‌ڵامی تێدا نه‌درێته‌وه، چونکه هه‌ڵه‌کانی ساڵی پار له‌مساڵدا چه‌ندین قات دوباره بۆته‌وه. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی پاره ونبوه له ناو ئه‌م بودجه‌یه‌دا.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به زۆریی ئه‌و پاره‌یه كرد که له بودجه‌ی ئه‌مساڵدا دیار نه‌ماوه و وتی: پرۆژه هه‌یه له سنوری چه‌مچه‌ماڵ و سورداشدا دو ساڵه ته‌واو بوه و جارێکی تر بودجه‌ی بۆ تهرخانکراوهتهوه، ئێمه چاوه‌ڕێین یه‌که‌م هه‌نگاوی گفتوگۆكان بڕۆن، چونکه لیستی ده‌سه‌ڵاتیش تێبینیان زۆربو که ئه‌مساڵ بودجه‌که جیاوازه له ساڵی پار، راپۆرتی خودی لیژنه‌ی دارایش کۆمه‌ڵێک که‌موکوڕی خستۆته‌ڕو، به‌ڵام فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن سه‌رباری ئه‌وه‌ش چه‌ندین تێبینی تری هه‌یه، بۆیه له رۆژانی داهاتودا ده‌بێت پێشنیاری ئه‌وه بکه‌ین که ئه‌م بودجه‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ حکومه‌ت چونکه ئه‌و هه‌مو پاره ونبوه له ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا چاره ناکرێت.