حاكم شێخ له‌تیف
ده‌ستور باڵاترین یاسای وڵاته، سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی هه‌موو دهسهڵاتهکانیشه. سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات شه‌رعیه‌تی بوون و مانه‌وه‌و کارکردنیان له ده‌ستوره‌وه وه‌رده‌گرن، بۆیه ناکرێ هیچ ده‌سه‌ڵاتێک بێ ده‌ستور بچێ به‌ڕێوه، حه‌قیقه‌تی ده‌ستور وای لێهاتووه ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کانیش، ئه‌وانه‌ی که بروایان به ده‌ستور نییه ناتوانن بێ ده‌ستور حوکمڕانی بکه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵکیش بێ ده‌ستورێک ده‌نوسنه‌وه‌و جاڕی ده‌ده‌ن تا به هاوڵاتیانی خۆیان و جیهانیش بڵێن که ئه‌وان به گوێره‌ی بنه‌ماکانی ئه‌و ده‌ستوره حوکمڕانی ده‌که‌ن.
له ده‌وڵه‌تی دیموکراتیدا که گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانه حاکمه‌کان یان فه‌رمانڕه‌وایان چی دی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات نین به‌ڵکو نوێنه‌ر یان وه‌کیلی خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتن که گه‌له، پێویسته له‌سه‌ریان به‌و شێوه‌یه موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن که گه‌ل بۆیان دیاری ده‌کات وه نابێ ده‌ربچن، له‌و سنورانه‌ی که گه‌ل بۆی دیاری کردوون و ئه‌گه‌ر ده‌رچوون، خۆیان تووشی لێپرسینه‌وه ده‌که‌نه‌وه.
دیاره گه‌ل خۆی ناتوانێ به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات بکات بۆیه هه‌ڵده‌ستێ به هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ر بۆ حوکمڕانی کردن له جیاتیی ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو، له‌و ماوه‌یه‌شدا سنوری ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵسوکه‌وتیان دیاری ده‌کات، ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ی که چۆنیه‌تیی هاتنه سه‌ر کاری ده‌سه‌ڵاته‌کان و چۆنێتیی موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ریه‌که‌یان دیاری ده‌کات بریتییه له ده‌ستور.
که‌واته ده‌ستور بریتییه له‌و بڕوانامه‌یه‌ی که گه‌ل ده‌ری ده‌کات و له رێگایه‌وه ئه‌و نوێنه‌رو ده‌سه‌ڵاتانه دیاری ده‌کات که له جیاتیی ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو حوکمڕانیی ده‌که‌ن و سنوری ده‌سه‌ڵاتی هه‌ریه‌که‌شیان دیاری ده‌کات.
که‌وابێ گه‌ل له رێگای ده‌ستوره‌وه ده‌سه‌ڵاته‌کانی ده‌وڵه‌ت له (یاسادانان ، جێبه‌جێکردن، دادوه‌ری) داده‌مه‌زرێنێ و سنوری ده‌سه‌ڵاتی هه‌ریه‌که‌شیان دیاری ده‌کات و ئه‌م ده‌ستوره وه‌ک "عقد" یان گرێبه‌ستێکی لێ دێت له نێوان گه‌ل که خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاته له لایه‌ک و حوکمڕانان که نوێنه‌ری گه‌لن له لایه‌کی تره‌وه، به گوێره‌ی ئه‌م گرێبه‌سته پێویسته له‌سه‌ر نوێنه‌ره‌کان (حوکمڕانه‌کان) به گوێره‌ی به‌نده‌کان و مه‌رجه‌کانی ئه‌و گرێبه‌سته حوکمڕانی بکه‌ن و لێی ده‌رنه‌چن، چونکه هه‌ر ده‌رچونێکیان له به‌نده‌کانی ئه‌و گرێبه‌سته یان ئه‌و په‌یوه‌سته به پێشێلکردنی گرێبه‌سته‌که له قه‌ڵه‌م ده‌درێ و هه‌ڵسوکه‌وته‌که به ناشه‌رعی هه‌ژمار ده‌کرێ و پێویسته روبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه یان لێپێچینه‌وه بکرێته‌وه.
که‌وابێ له ده‌وڵه‌تی دیموکراتیدا هه‌موو ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌کانی وه‌ک سه‌رۆکایه‌تیی ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ت، په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هیچیان خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات نین به‌ڵکو نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ن كه گه‌له بۆیه پێیان ده‌وترێ "ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراو" واته له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سڵی که گه‌له دامه‌زراون یان دروستکراون، هه‌ر بۆیه گه‌ل ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرێنه‌ره و هه‌ڵده‌ستێ به دامه‌زراندنی یان دروست کردنی ده‌سه‌ڵاته باڵاکانی ده‌وڵه‌ت به بڕوانامه‌یه‌ک که پێی ده‌وترێ "ده‌ستور" هه‌ر بۆیه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که ده‌ستور دایانده‌نێ پێیان ده‌وترێ ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرێنه‌ر، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌کانی ده‌وڵه‌ت وه‌ک حکومه‌ت، په‌رله‌مان، دادوه‌ری، وه‌ک وتمان پێیان ده‌وترێ ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراو.
به‌م پێیه هه‌موو ده‌سه‌ڵاته باڵاکانی ده‌وڵه‌ت شه‌رعیه‌تیان له ده‌ستوره‌وه وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر ده‌ستور نه‌بوو ئه‌وا ئه‌و داموده‌زگایانه له داموده‌زگای یاسایی ده‌رده‌چن و ده‌بنه داموده‌زگای واقعی، هه‌رچه‌نده له رێگای گه‌لیشه‌وه هه‌ڵبژێردرابن و نوێنه‌ری میلله‌ت بن، له رووی یاساییه‌وه به ده‌سه‌ڵاتی "یاسایی" دانانرێن چونکه ئه‌و سه‌نه‌ده یاساییه‌ی که پێویسته ببێ و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه یان ئه‌و داموده‌زگایانه ئیستنادی بکه‌نه سه‌ر بۆ بوونیان و بۆ کارکردنیان - که ئه‌ویش ده‌ستوره نییه، بۆیه به ده‌سه‌ڵات یان داموده‌زگای ناشه‌رعیی یاسایی ده‌مێننه‌وه.
ئه‌وه نزیکه‌ی ( 17 ) ساڵه ده‌سه‌ڵاتێکی لۆکاڵیمان له هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراندووه، له ساڵی 1992دا هه‌ڵبژاردن کرا بۆ یه‌که‌مین په‌رله‌مان و یه‌که‌مین حکومه‌تی پێ ته‌شکیل کرا، واته به ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراسی ده‌ستمان پێ‌کرد (هیچ نه‌بێ له ده‌ستپێک و سه‌ره‌تادا)، به‌ڵام دوای ئه‌وه نه‌هاتین چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی بۆ ئه‌م سیستمه سیاسییه دیاری بکه‌ین واته نه‌هاتین ده‌ستورێک دابنێین و به هه‌موو جیهان رابگه‌یه‌نین که ئه‌مه سیستمه سیاسییه‌که‌ی ئێمه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان دیموکراتیش بووبێ ( له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه) ئه‌وه ته‌نها کارێکی واقیعی بووه‌و نه‌بۆته کارێکی یاسایی واته شه‌رعیه‌تی یاسایی پێ نه‌دراوه وچوارچێوه دیموکراتییه‌که‌ی دیاری نه‌کراوه.
بۆیه به راستی ئه‌گه‌ر بمانویستایه بۆ جیهانی بسه‌لمێنین که ئێمه ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراتین و سیستمێکی دیموکراتی نیابیمان هه‌یه پێویست بوو هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌ستورێکمان دابنایه‌و یه‌کێک له‌و سیستمه دیموکراتیه نیابییه باوانه‌ی که له جیهان هه‌ن بۆ خۆمان دابنایه ئه‌وسا شوناسێکی روون و ئاشکرامان به‌م سیستمه سیاسییه‌مان ده‌به‌خشێ و پێناسمان ده‌کرد و شه‌رعیه‌ته واقیعیهکهمان به شهرعییهتیكی یاسایی (ده‌ستووری) ته‌واو ده‌کرد.
ئێستاش له بیرمه له ساڵی 1994 له‌سه‌ر داوای به‌شی یاسا‌و مافی مرۆڤی مه‌ڵبه‌ندی رێکخستنی سلێمانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان کۆڕێکم بۆ ژماره‌یه‌کی فراوانی ئه‌ندام و کادیرانی سنوری مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی له هۆڵی مه‌ڵبه‌ند گرت و ئه‌وسا وتم دره‌نگه بۆ دانانی ده‌ستور بۆ هه‌رێمی کوردستان و پێویسته له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان به زوترین کات ده‌ستورێک دابنێ ، یه‌کێک له ئاماده‌بووان پرسیاری ئه‌وه‌ی کرد که ئایا ئه‌وه کارێکی خراپ نیه‌و رژێمی به‌غداد توڕهناکات؟ وه ئایا له رووی سیاسییه‌وه زیانی نابێ بۆ هه‌رێمه‌که؟ وه ئایا ده‌كرێ له رووی یاساییه‌وه ده‌ستور دابنێین؟
من له وه‌ڵامدا وتم؛ ده‌ستور کارێکی ناوخۆییه ده‌توانین بۆ رێکخستنی ده‌سه‌ڵاته‌کان و مادام ئێمه جاڕمان داوه که که‌متر له فیدڕاڵی له عێراقدا قبووڵ ناکه‌ین و خۆمان به هه‌رێمێک داناوه له عێراقی فیدڕاڵی داهاتوو، زۆر ئاساییه ده‌ستورێک بۆ خۆمان دابنێین، (چونكه هه‌موو هه‌رێمێكی فیدڕاڵی مافی خۆیه‌تی ده‌ستوری هه‌بێت) و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌شی که په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند رێکده‌خه‌ن ده‌شێ ته‌ئجیل بکرێت تا گۆڕانی سیستمی سیاسیی و بوونی ده‌وڵه‌ت به فیدڕاڵی و دانانی ده‌ستوری فیدڕاڵی.
دیاره ئه‌وه نه‌کراو ئه‌م هه‌رێمه بێ ده‌ستور مایه‌وه تا رژێمی پێش‌و روخاو یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت دانرا، دوای دانانی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی گواستنه‌وه، باس له‌وه کرا که له قۆناغی دووه‌می ماوه‌ی گواستنه‌وه ئه‌نجومه‌نێکی نوێنه‌ران هه‌ڵده‌بژێرێ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی کوردستانیش هه‌ڵبژاردنی بۆ ده‌کرێته‌وه.
به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له "یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی گواستنه‌وه"دا هاتبوو پێویست بوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران "ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندن" بێ واته ئه‌رکی دامه‌زراندن یان دانانی دهستوربێ دوای ئه‌وه‌ی که ده‌ستور بۆ عێراق داده‌نێ ده‌خرێته ریفراندۆمه‌وه ئه‌وسا ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان (یان ئه‌نجوومه‌نی یاسادانان).
هه‌روه‌ها ده‌بوو ئه‌م پڕۆسه‌یه له کوردستانیش دا بکرێ، واته ده‌بوو ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا هه‌ڵده‌بژێرێ ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندن بێ، هه‌ستێ به دانانی ده‌ستور بۆ کوردستان ئه‌وجا ئه‌و په‌رله‌مانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی عێراقدا هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه پاشان هه‌ڵبژاردنی نوێ بکرێته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانێکی تازه که ((ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه)) و به گوێره‌ی ده‌ستوره‌که کار بکات.
ئه‌وه‌ی راستی بێ له عێراقدا واکرا ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردراوه بوو به ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندن ئه‌رکی دانانی ده‌ستوری پێ سپێردراو دوای دانانی ده‌ستور هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه ئه‌نجا هه‌ڵبژاردن کرا بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به گوێره‌ی ده‌ستوری تازه‌و ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه بووه ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان.
به‌ڵام له کوردستاندا وا نه‌کرا. ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی هه‌ڵمانبژارد تا ببێته ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندن هه‌ستا به ته‌کلیف کردنی لیژنه‌یه‌ک له ئه‌ندامه‌کانی و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و هه‌ستان به دانانی پرۆژه‌یه‌ک بۆ ده‌ستور و له جیاتی ئه‌وه‌ی پرۆژه‌که بخرێته به‌ر ده‌ست گه‌ل بۆ ریفراندۆم بۆ ده‌نگ دان له‌سه‌ری ئه‌وه بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی ( 3 ) ساڵ ده‌چێت دانراوه‌و په‌رله‌مانه‌که‌ش له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندن بووه ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و بڕیاردرا بۆ ماوه‌ی ( 4 ) ساڵ به‌رده‌وام بێ.
ئه‌زموونه‌کان پێمان ده‌ڵێن که لێره دیموکراتی و پرۆسه دیموکراتییه‌کان ته‌ئجیل ده‌کرێن له ژێر به‌هانه‌و پاساوی جۆراوجۆردا.
له ساڵی 1992 هه‌ڵبژاردنمان کرد بۆ یه‌که‌م په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر رووخانی سه‌دام حسین و هاتنی ئه‌مه‌ریکا نه‌بووایه من له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم تا ئێستاش ئه‌و په‌رله‌مانه‌مان هه‌ر ده‌ماو هه‌ڵبژاردنمان نه‌ده‌کرده‌وه.
ئێمه له ساڵی 1992ه‌وه له‌م هه‌رێمه‌دا بێ ده‌ستوور حوکمڕانی ده‌که‌ین و ئه‌گه‌ر ئه‌و روداوه سیاسییه جیهانیانه نه‌بوونایه ئه‌و پرۆژهیهشمان دانه‌ده‌نا كه ئێستا هه‌یه. هیوادارم ئیدی سه‌رده‌می ته‌ئجیلی دیموکراتی به‌سه‌ر چووبێ، هیچ عوزرو به‌هانه‌یه‌ک نه‌ماوه، باشترین ده‌ستپێک ئه‌وه‌یه که پرۆژه‌ی ده‌ستوره‌که‌ی هه‌رێم دوای چاکردنی بخرێته به‌رده‌ستی گه‌ل بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌سه‌ری، ئه‌و به‌هانه‌یه‌ی که ده‌هێنرێته‌وه بۆ تاخیر بوونی ده‌ستور که گوایا له پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌کانی ناکۆکی له‌سه‌ره به هیچ شێوه‌یه‌ک قبووڵ نین وه هیچ رێگرییه‌ک نییه که ئه‌م هه‌رێمه ئێستا ده‌ستورێک دابنێ و ئه‌گه‌ر له داهاتوودا ئه‌و ناوچانه گه‌ڕانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌وانیشدا پیاده بکرێ وه‌ک حاله‌تی یه‌کگرتنه‌وه‌که‌ی هه‌ردوو ئه‌ڵمانیا که ده‌ستوری ئه‌ڵمانیای رۆژئاوا له ساڵی 1949دا دانرابوو، به‌ڵام دوای یه‌کگرتنه‌وه به‌سه‌ر هه‌موو ئهڵمانایدا پیاده‌کرا، دیاره ئه‌گه‌ر که‌موکوڕیش هه‌بوو ده‌کرێ هه‌موار بکرێ.
به‌ستنه‌وه‌ی په‌سه‌ند نه‌کردنی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان به به‌هانه‌ی جێبه‌جێکردنی ماده‌ی ( 140 ) و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه ناکۆکی له‌سه‌ره‌کان وه‌ک هاتنی قیتاره‌که‌ی سلێمانی لێدێ به تایبه‌تی که un هاتۆته ناو مه‌سه‌له‌کانه‌وه، ئه‌وانیش هه‌میشه له‌سه‌رخۆو به پشتی کیسه‌ڵ ده‌ڕۆن به‌ڕێوه، دواجار کێشه‌کانیش نه‌ک هه‌ر چاره‌سه‌ر ناکه‌ن به‌ڵکو ئاڵۆزتریشیان ده‌که‌ن.
(بۆ په‌سه‌نکردنی ده‌ستور، زۆر زۆر دره‌نگه زوو نیه).