ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌و ده‌ستووره دانی ناوه به‌هه‌رێمی كوردستان‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا وه‌ك هه‌رێمێكی فیدڕاڵی. هه‌ر ئه‌و ده‌ستووره رێگه‌ی به هه‌رێمی كوردستان داوه ده‌ستورێكی تایبه‌ت بۆ خۆی دابنـێو په‌یكه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌كان‌و پسپۆڕییه‌كانی ههرێمو میكانیزمی ئه‌و پسپۆڕییانه دابنێت، به مه‌رجێك له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عیراق ناكۆك نه‌بێت. هه‌ر ئه‌و ده‌ستووره رێگه‌ی به‌هه‌رێمی كوردستان داوه ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان‌و جێبهجێكردنو دادوه‌ری به‌پێی ئه‌حكامه‌كانی ده‌ستوور پیاده بكات، بێجگه له‌پسپۆڕییه قهتیسكراوهكانی ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵی. هه‌ر به‌پێی ده‌ستووری عیراق، هه‌رێمی كوردستان مافی خۆیه‌تی پشكێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی لهداهاتهكانی فیدڕاڵی هه‌بێت كه به‌شی پێداویستییه‌كانی بكات.
هه‌ر ئه‌و ده‌ستووره رێگه‌ی به هه‌رێمی كوردستان داوه كه نووسینگه‌ی تایبه‌تی له‌بواری رۆشنبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و گه‌شه پێدان لهباڵوێزخانهو كونسڵخانهكاندا هه‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌ستووری عیراق رێگه‌ی به‌هه‌رێمی كوردستان داوه كه هێزه‌كانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و پاسه‌وانی هه‌رێمی تایبه‌تی به‌خۆی هه‌بێت. ئه‌وه بێجگه له‌وه‌ی كه هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌كانی عیراقی به ره‌سمی ناسیوه‌و زمانی كوردیش له‌پاڵ زمانی عه‌ره‌بیدا به زمانی ره‌سمی سه‌رانسه‌ری عیراق دانراوه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستووره هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی بۆ گه‌لی كوردستان دابینكردووه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی روون‌و راشكاو دانی نه‌ناوه به مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی كوردستاندا. ته‌نها له‌دیباجه‌ی ده‌ستووره‌كه‌دا به شێوه‌یه‌كی نارۆشنو ناراسته‌وخۆ ئاماژه‌ی به‌وه كردووه‌و ده‌ڵێت (پێكهاته‌كانی عیراق بهئازادییو ئاره‌زووی خۆیان فیدڕاڵییان هه‌ڵبژاردووه‌و ته‌نها پابه‌ندبوونیش به‌و ده‌ستووره یه‌كێتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی گهلو خاك‌و سه‌روه‌ری عیراق ده‌پارێزێت). ئه‌وه‌نده‌ی به‌ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌مافی چاره‌ی خۆنووسینه‌وه هه‌بێت ته‌نها ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ی ناو هه‌ردوو كهوانهكهیه كه ئه‌ویش له‌حاڵه‌تی سلبی‌و له‌كاتی پابه‌ند نه‌بوون به ده‌ستوور یه‌كێتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و بڕیاری تر ده‌درێت.
ئه‌وه‌شی تێبینی ده‌كرێت مافی چاره‌ی خۆنووسین به‌پێی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان مافێكی ئاسایی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌و له‌كاتی ئاسایی‌و نائاساییدا بۆی هه‌یه بڕیاری خۆی بدات به‌مه‌رجێك پێوه‌ره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بیگرێته‌وه. ده‌ستووری عیراق به‌و شێوه ناڕاسته‌وخۆو راگوزارییه باسی مافی چاره‌ی خۆنووسینی كردووه.بابزانین له دوا پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستاندا چۆن باسی مافی چاره‌ی خۆنووسین كراوه. بڕگه‌ی یه‌كی مادده‌ی حه‌وتی پڕۆژه‌ی ده‌ستووره‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه گه‌لی كوردستان مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆی هه‌یه‌و به‌ئیراده‌ی ئازادی ئه‌وه‌ی ههڵبژاردووهكه هه‌رێمێكی فیدراڵ بێت له عیراقدا له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ندبوونی عیراق به‌سیستمی فیدراڵی ، دیموكراتی ، په‌رله‌مانی ، فرهییو رێزگرتنی له‌مافه‌كانی مرۆڤ به بهفهردیو به‌كۆمه‌ڵ وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستووری فیدراڵیدا هاتووه. له‌بڕگه‌ی دووی مادده‌ی حه‌وتی پرۆژه‌ی ده‌ستووره‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه گه‌لی كوردستان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه چاو به ئیختیاری بریاردانی چارهنووسیو دیاریكردنی ئاینده‌و پێگه‌ی سیاسی خۆیدا بخشێنێته‌وه له حاڵه‌تیكدا كه حكومه‌تی فیدراڵی له‌پابه‌ندبوونی به‌دیموكراسی یان سیستمی فیدڕاڵی په‌شیمان بێته‌وه یاخود شكستهێنانی یان په‌شیمانبوونه‌وه‌ی له جێبه‌جێكردنی مادده‌ی( 140)ی ده‌ستوور.ئه‌گه‌ر به وردی سه‌یری ئه‌و په‌ره‌گرافانه بكه‌ین كه له‌پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمدا باسی مافی چاره‌ی خۆنووسینی كردووه، ده‌بینین ته‌نها له‌حاڵه‌تی سلبیدا ئه‌و مافه‌ی به گه‌لی كوردستان ره‌وا بینیوه كه‌بڕیاری دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی بدات، ئه‌ویش له‌حاڵه‌تی پێشیلكردنی ده‌ستووری فیدڕاڵی‌و پاشگه‌زبوونه‌وه و شكستهێنان له‌جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (140).لێره‌دا پرسیارێك دێته پێشه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌موان پابه‌ندبوون به ده‌ستوورو مادده‌ی (140)یش جێبه‌جێكرا، ئیدی گه‌لی كوردستان مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی نییه‌و بۆ هه‌تا هه‌تایه به فیدڕاڵی رازییه‌و نه‌وه‌كانی داهاتوو بۆیان نییه ئیختیاری فیدڕاڵی بگۆڕن بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك مافی ره‌وای خۆیه‌تی له‌كاتی ئاسایی‌و نائاساییدا داوای مافه‌كانی خۆی بكات به ئاره‌زووی خۆی ئاینده‌و چاره‌نووسی سیاسیی خۆی دیاری بكات.
ئه‌م مافه‌ش هه‌ر له‌خۆڕا نه‌هاتووه‌و بـێ بنه‌ما نییه، به‌ڵكو په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانو یاسانێودهوڵهتیهكان زۆر به توندی پشتگیری ئه‌و مافه ده‌كه‌ن. بۆ پشتگیری وته‌كانمان ئاماژه به چه‌ند ماددهیو بڕگه‌یه‌كی دهستووریو یاسایی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئاماژه به په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین كه لهدیباجهو دوو مادده‌دا بهروونیو راشكاوی باسی مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لانی كردووه. لهدیباجهكهدا جه‌خت له‌سه‌ر دابینكردنی مافه بنچینه‌ییه‌كانی مرۆڤ‌و شكۆمه‌ندی تاك بهژنو پیاوو نه‌ته‌وه‌كان به گه‌وره‌و بچوكیانه‌وه ده‌كات. داننان به یه‌كسانی نه‌ته‌وه‌كاندا به چاو پۆشین له‌قه‌باره‌و گهورهییو بچوكیان ناراسته‌وخۆ داننانه به‌مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌كاندا. له‌به‌ندی یه‌كه‌می په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و له‌به‌شی ئامانجه‌كاندا ئاماژه به مافی چاره‌ی خۆنووسین كراوه‌و ده‌ڵێت (ئامانجی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان گه‌لانی له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی مافه‌كانیان به مافی چاره‌نووسیانه‌وه). به‌ندی نۆیه‌می په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باسی هاریكاری نێوده‌وڵه‌تی له‌بواری ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات بۆ خۆشگوزه‌رانی گهلانو پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی ئاشتیخوازانه‌ی نێوان گهلانو به‌رزراگرتنی مافه‌كانیان به مافی چاره‌ی خۆنووسینیشیانهوه.ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به شێوه‌یه‌كی تێر‌و ته‌سه‌ل باسی مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌كردووه، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ی په‌یماننامه‌كه چه‌ندین رێكه‌وتننامه‌و په‌یماننامه‌و بڕیار‌و راگه‌یاندنی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به چه‌سپاندنی مافی چاره‌ی خۆنوسینی ده‌رچوون له‌وانه:ـ
1ـ جارنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤ ساڵی 1948.
2ـ راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت بهپاكتاوكردنی كۆلۆنیالیزم ساڵی 1960.
3ـ هه‌ردوو په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافه‌كانی مرۆڤ ساڵی 1966 كه هه‌ردوو په‌یماننامه‌ی مافه مهدهنیو سیاسییهكانو په‌یماننامه‌ی مافه ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كلتورییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت.
4ـ راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت پرنسیپه‌كانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ساڵی 1970.
5ـ به‌ڵگه‌نامه‌ی هلسنكی ساڵی 1970.
6ـ راگه‌یاندنی جه‌زائیر ساڵی 1976.
7ـ راگه‌یاندنی بانجول ساڵی 1981.
له‌به‌ر رۆشنایی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانو رێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تر ده‌گه‌ینه ئه‌و راستیه‌ی كه پرنسیپی مافی چاره‌ی خۆنووسین یه‌كێكه لهپرنسیپهكانی یاسای گشتی نێوده‌وڵه‌تی كه بنه‌ماكانی مولزمه بۆ ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانو ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه ئه‌ندام نین. ده‌بێت هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه هاوكاری گه‌لان بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به مافی چاره‌نووس.
ئایا گه‌لی كوردستان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه داوای مافی چاره‌ی خۆنووسینی خۆی بكات؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به به‌ڵی ده‌ده‌مه‌وه‌و گه‌لی كوردستان مافی ره‌وای خۆیه‌تی داوای ئه‌و مافه بكات، چونكه هه‌موو ئه‌و پێوه‌رانه ده‌یگرێته‌وه كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دایناوه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لێك به مافی چاره‌نووس شاد بێت.
پێوه‌ره‌كانیش ئه‌مانه‌ن:
1ـ بوونی زمان یان رۆشنبیری یان ئایینی جیاواز لهكۆمهڵێكدا.
2ـ هه‌ستكردن به مێژووی هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵێكدا.
3ـ پابه‌ندبوونی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵێك به پاراستنی ناسنامه‌ی زاتیان.
4ـ بوونی هه‌رێمێكی دیاریكراو.
ئه‌گه‌ر سه‌یری گه‌لی كوردستان بكه‌ین ده‌بینین هه‌موو ئه‌و پێوه‌رانه ده‌یگرێته‌وه‌و خاوه‌نی زمانی كوردییه كه زمانی تایبه‌تی خۆیه‌تی، رۆشنبیری‌و ئایینی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. هاووڵاتیانی كوردستان هه‌ست به مێژووی هاوبه‌ش دهكهنو به‌درێژایی مێژووش ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پاراستووه‌و خاوه‌ن خاك‌و هه‌رێمی خۆشیه‌تی كه هه‌رێمی كوردستانه. له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و راستیانه‌ی كه په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و رێكه‌وتننامه‌و پهیماننامهنێودهوڵهتیهكانی تر سه‌باره‌ت به مافی چاره‌ی خۆنووسین ئاماژه‌یان پێكردووه، دهگهیهینه ئه‌و راستیه‌ی كه گه‌لی كوردستان مافی ره‌وای خۆیه‌تی له‌هه‌ركاتێكدا بیه‌وێت بڕیاری دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی بدات، هه‌ر وه‌ك چۆن چه‌ندین گه‌لی وه‌ك تیموری خۆرههڵاتو مۆنتینگرۆ له‌رێی راپرسییه‌وه به مافی چاره‌ی خۆنووسین گهیشتنو ئێستا خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ر بهخۆنو ئاڵای ده‌وڵه‌ته‌كانیان له‌سه‌ر ته‌لاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌شه‌كێته‌وه.