دیمانه: رۆژنامهی روداو
محەممەد تۆفیق رەحیم، ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، لەم دیدارهی رۆژنامهی روداودا باس لە ئایندەی كۆمپانیای وشە دەكات لە نێو توندبونی ناوەناوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و باس لەبەرنامەكانی خۆیان دەكات، لهبهر گرنگی ناوهڕۆكی دیمانهكه دوای وهرگرتنی رهزامهندی رۆژنامهی روداو، سبهی جارێكی تر دیمانهكه بڵاودهكاتهوه.
روداو: بۆچی بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەت لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی دا؟
محەممەد تۆفیق: پاش هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2006، بڕیارمدا دەست لە ئەندامێتی مەكتەبی سیاسی بكێشمەوە، نەك لەبەرئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن خراپ بو، بەڵكو لەبەرئەوەی شێوەی بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەم بەدڵ نەبو.
روداو: رەخنەت لە كاری سكرتێری یەكێتی هەبو، یاخود لە سەركردایەتییەكەی؟
محەممەد تۆفیق: رەخنەم لە سیستمی كاركردنی یەكێتی هەبو، نەك لە كەسێكی دیاریكراو.
روداو: ئەو یەكێتییەی تۆ دەتەوێ چۆنە؟
محەممەد تۆفیق: من ئێستاش هەر یەكێتیم، بەڵام یەكێتییەكم دەوێت كە مۆدێرن و شەفاف بێت و بەردەوام لەپرۆسەی خۆگۆڕین و خۆگونجاندندا بێت و بەڕابەرایەتی بە كۆمەڵ بەڕێوەبچێت.
روداو: دەگوترێ دەست لەكاركێشانەوەی نەوشیروان مستەفا تائێستا قبوڵ نەكراوە، بەڵام دەست لەكاركێشانەوەی تۆ قبوڵكراوە؟
محەممەد تۆفیق: هیچ شتێكم بەفەرمی نەبیستوە كەدەست لەكاركێشانەوەكەم قبوڵ كرابێت یان نا، بەڵام من بەدەست خۆمە لەمەكتەبی سیاسیدا كاربكەم یان نا، من بڕیارمداوە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیدا كارنەكەم و بێمە دەرەوە.
روداو: موچەت لای یەكێتی ماوە؟
محەممەد تۆفیق: نەخێر.
روداو:راستە كە دەگوترێ دەست لەكاركێشانەوەی ئێوە لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا نەبوە؟
محەممەد تۆفیق: كاتێك هەڵبژاردنەكانی نێو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كران من لە چیلی بوم، ئەوكاتە كۆنگرەی سۆشیالست ئینتەرناشناڵ هەبو، بەڵام لەرێگای ئینتەرنێت و تەلەفۆنەوە ئاگاداری شێوازی بەڕێوەچونی ئەو هەڵبژاردنە بوم، لەوێ بڕیارمدا كە گەڕامەوە بۆ كوردستان دەست لەكاربكێشمەوەو لەناو مەكتەبی سیاسیدا نەمێنم، نەك لەبەر ئەوەی ئەنجامەكانیم بەدڵ نەبو، بەڵكو لەبەر ئەوەی شێوازی پرۆسەی جێبەجێكردنی هەڵبژاردنەكەم بەدڵ نەبو، پێموابو بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە بەشێوەیەكی زۆر دواكەوتوانە بو، زۆر رۆژهەڵاتیانە بو، زۆر دوربو لە كاری حیزبێك كە خۆی بە سۆسیالست ئینتەرناشناڵ بزانێ.
روداو: كۆمپانیای وشە لە چەند بەش پێكهاتوەو چەند كارمەندی هەیە؟
محەممەد تۆفیق: رۆژنامەیەكی رۆژانەمان هەیە، وێب سایتێك و سەنتەرێكی راپرسیمان هەیە، ئێستا سەرقاڵی دامەزراندنی كەناڵە ئاسمانییەكەین، پاش كەناڵە ئاسمانییەكەش تەركیز دەكەینە سەر دامەزراندنی دەزگایەكی لێكۆڵینەوە.
روداو: تۆ سەرپەرشتی دەزگای لێكۆڵینەوەكە دەكەیت؟
محەممەد تۆفیق: ئەگەر دەستیپێكرد من سەرپەرشتی دەكەم، بەڵام سەرپەرشتی دەكەم تا ئەوكاتەی دادەمەزرێت، چونكە پێموایە ئەهلی ئەو پیشەیە نیم و دەبێت یەكێكی بۆ پەیدا بكەین كە پرۆفیشناڵ بێت لەو بوارەدا.
روداو: ستراتیژی كاری كۆمپانیای وشە چییە؟
محەممەد تۆفیق: ستراتیژی كاری كۆمپانیای وشە بەشداریكردنە لە پرۆسەی پێشخستنی دیموكراسی و بەمەدەنیكردنی كۆمەڵگای كوردستانی عێراق.
روداو: وا بڵاوكرایەوە كە كۆمپانیاكەتان بەناوی كۆمپانیای هێنانی چیمەنتۆ تۆماركراوە، لە كاتێكدا كاری راگەیاندن دەكات ئەوە چۆن دەبێ؟
محەممەد تۆفیق: هیچ بەناوی كۆمپانیای هێنانی چیمەنتۆوە نییە، كۆمپانیای وشەیەو پێكهاتوە لەو بەشانەی كە باسمكرد.
روداو: ئێوە پلانێكی چەند ساڵیتان هەیە بۆ كاری كۆمپانیای وشە؟
محەممەد تۆفیق: ئەو كۆمپانیایەمان دامەزراندوەو هیوادارین ببێتە كۆمپانیایەكی رەگ داكوتراو كە بەشداری بكات لە پرۆسەی بەمەدەنیكردن و دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا، پلانەكەی ئێمە ئەو پێنج بەشە بو كە باسمكرد.
روداو: ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیاتان هەیە، یاخود نەوشیروان مستەفا بە ئارەزوی خۆی بڕیار دەدات؟
محەممەد تۆفیق: ئەنجومەنی بەڕێوەبردنمان هەیە و، كۆبونەوەی هەفتانەمان هەیە، ئەنجومەنی بەڕێوەبردنیش جگە لە كاك نەوشیروان و من و كاك سالار عەزیز، لەو كەسانەش پێكدێت كە رۆژنامەو تەلەڤزیۆن و سەنتەرو وێبسایتەكە بەڕێوەدەبەن.
روداو: بەڵام كاری سەرەكی ئەنجومەنەكە نەوشیروان مستەفاو تۆو قادری حاجی عەلی و سالار عەزیز بەڕێوەی دەبەن؟
محەممەد تۆفیق: كاك قادر كەمتر، چونكە لەبنەڕەتیشدا وابو كە ئەو كاری تایبەتی خۆی دەكات، دێت و هاتوچۆمان دەكات و یارمەتیمان دەدات لە هەندێك بواردا.
روداو: ئەو كەناڵە ئاسمانیەی دایدەمەزرێنن وەك تەلەڤزیۆنە كوردییەكانی دیكە دەبێت؟
محەممەد تۆفیق: هەوڵمانداوە تەلەڤزیۆنێك بێت تایبەت بێت بە دەنگوباس و دۆكۆمێنت و بەرنامە لەسەر ژیانی خەڵك و ئابوری و رۆشنبیری.
روداو: لە تەلەڤزیۆنی ئێوە هەندێك دەڵێن سەتەلایتی گەلی كوردستان بیرۆكەی ئێوەی دزیوە لە دانانی تەلەڤزیۆنێكی تایبەت بە هەواڵ، ئێوە چی دەڵێن؟
محەممەد تۆفیق: نازانم بیرۆكەكەیان لەئێمە دزیوە یان نا، بەڵام تەلەفزیۆنی ئەوان حیزبییە، تەلەڤزیۆنی حیزبیش سنوردارە لە كاركردندا، تەلەڤزیۆنەكەی ئێمە لەبەرئەوەی ناحیزبیە، شێوازی ئیشكردن و مەودای ئیشكردنەكەی جیاواز دەبێت لەوان.
روداو: هەست ناكەی خەڵك زیاتر وەك كەسانێكی خاوەن هەڵوێستی جیاوازی ناو یەكێتی دەتانبینێ، نەك وەك كۆمپانیایەكی سەربەخۆی راگەیاندن؟
محەممەد تۆفیق: راستە ئێمە هەمومان لەیەكێتییەوە هاتوین، ناتوانین بیشارینەوە، بەڵام ئەم كۆمپانیایەی ئێمە هیچ پەیوەندییەكی بە یەكێتییەوە نییە.
روداو: كۆمپانیای وشە بەشی پێشمەرگە دێرینەكانی بۆ چییە؟
محەممەد تۆفیق: بەشی پێشمەرگە دێرینەكانمان نییە، ئەگەر بچی سەیری تەلەڤزیۆنەكە و رۆژنامەو دەزگاكانی دیكەمان بكەی، دەبینی كەسمان وەرنەگرتوە لەسەر ئەوەی ئینتیمای حیزبی چییە، لەسەر توانای كەسی و باوەڕبونی بەستراتیژی كاری كۆمپانیاكە خەڵكمان وەرگرتوە، لەوانەیە خەڵكێكمان هەبن ئەسڵەن یەكێتی نەبوبن، بەشی پێشمەرگە دێرینەكانمان نییە، بەڵام هەمومان پێشمەرگە بوین و ئەوانە دۆست و برادەرمان بون و لێرە سەردانمان دەكەن خۆ ناتوانین بڵێین نابێت بێن.
روداو: وەك كەسێك لە زمانی نەوشیروان مستەفاوە دەگێڕتەوە، گوایە نەوشیروان مستەفا دەیەوێ دوساڵ كاری كۆمپانیای وشە بكات، دواتر ئەگەر ئەنجامی نەبو وازی لێبێنێ، بەڕاستی كارنامەی دوساڵتان داناوە بۆ بەردەوامبون و هەڵوەشاندنەوەی كۆمپانیای وشە؟
محەممەد تۆفیق: شتی وا نییە.
روداو: ئەگەر نێوان ناخۆشبونتان لەگەڵ یەكێتی بگاتە رادەی بودجە بڕینتان لەلایەن مام جەلال و یەكێتییەوە، هیچ بەدیلتان هەیە بۆ پەیداكردنی پارە؟
محەممەد تۆفیق: بەڵێ.
روداو: ئایندەی كۆمپانیای وشە چۆن دەبینی ئەگەر تەنگژەی وەك ئەمجارە روبداتەوە و ببێتە هۆی بڕیارێكی توندی یەكێتی دژی ئێوە لە بڕینی پشتیوانی دارایی و سیاسی، پێتانوانییە ئەوكات كۆمپانیای وشە دەوەستێ؟
محەممەد تۆفیق: ناوەستێ، چونكە پشتگیرییەكی زۆرمان هەیە، ئەو یارمەتیەش كە یەكەم جار كاك نەوشیروان لە مام جەلالی وەرگرتوە، لەدوای ئەوەوە هیچ یارمەتییەكی دیكە وەرنەگیراوە.
روداو: واتە تەنیا ئەو 10 ملیۆن دۆلارە بوە؟
محەممەد تۆفیق: بەڵی هەر ئەوە بوە، دوای ئەوە ئێمە دەزگایەكی یاسایین و مۆڵەتمان هەیە، لەروی ئابوریشەوە ئەڵتەرناتیڤی دیكەمان هەیە.
روداو: ئەو ئەڵتەرناتیڤە چییە؟
محەممەد تۆفیق: ئەو ئەڵتەرناتیڤە خەڵك و كەسانی دەوڵەمەند و ئەوانەن كە توانایان هەیەو دڵیان بە دوارۆژی میللەتەكە دەسوتێ و ئەوانەن كە لەگەڵ پرۆسەی دیموكراتیزەكردن و شەفافیەتن ئەوانەن پشتیوانەكانی كۆمپانیاكەمان.
روداو: لەو دو تەنگژەیەی دواییدا ئێوە سەرەتا گەرمبون، بەڵام كە بەرامبەرەكانتان لە یەكێتی توندیان كرد، ئێوە بێدەنگ بون، ئایا لە بڕینی بودجەو پشتیوانی سیاسی دەترسن، یان لە خوێناویبونی تەنگژەكە؟
محەممەد تۆفیق: ئێمە ئەسڵەن نامانەوێ شتەكان بكەونە قاڵبی شەخسییەوە، پێویستیمان بە گۆڕینی سیستەم هەیە نەك گۆڕینی كەسەكان، لەبەر ئەوە نامانەوێت بكەوینە ناو شتی شەخسی و موهاتەراتی شەخسییەوە.
روداو: ئەو پرۆژەیەی كە نەوشیروان مستەفا لەبارەی پەیوەندی كوردو توركمانەوە پێشكێشی كرد، هەندێ كەس وایان لێكدایەوە كە ئەوە هەوڵێك بێت بۆ گۆڕینی ئاراستەی تەنگژەكە و هێوركردنەوەی یەكێتی؟
محەممەد تۆفیق: نەخێر ئەوە بەرنامەی خۆمانەو لەسەر هەمو روداوەكان بۆچون و رای خۆمان هەیە، لەسەر مەسەلەی كەركوكیش بۆچونی خۆمان هەیەو بڵاومان كردوەتەوە.
روداو: عیماد ئەحمەد دەڵێ ئەو لەیەكترخوێندنە یەكێتی بەرەو نەمان دەبات، ئێوە دەتانەوێ یەكێتی بگۆڕن و ریفۆرم بكەن یاخود بەرەو نەمانی ببەن؟
محەممەد تۆفیق: لەبەرنامەی ئێمەدا نییە دژایەتی هیچ حیزبێك بكەین یان هیچ حیزبێك بەرەو نەمان بەرین، بەڵام پێمانخۆشە هەمو ئەو حیزبانەی لە گۆڕەپانی سیاسی كوردیدا كار دەكەن بەخۆیاندا بچنەوەو ریفۆرمێك بكەن و خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم سەردەمەی كە تێیدا دەژین.
روداو: راگەیێندراوەكەی (رەگ) ئەگەر بەوردی تەماشای بكەی زیاتر سیمایەكی رۆشنبیریانەی هەبو نەك سیاسیانە، ئامادەن (رەگ) لە كۆمپانیای وشە وەربگرن؟
محەممەد تۆفیق: كۆمپانیای وشە حیزب نییە خەڵك وەربگرێت، ئەوەی وەك تاكەكەس توانایەكی هەیەو لەبوارێكی دیاریكراودا دەتوانێت كاربكات ئەوە بەخێربێت. ئەو برادەرانەی رەگ هەمویان دەناسم و هەمویان دۆستمن و مرۆڤی زۆر باش و بەتوانان، بەرنامەكەشیان بەراستی بەرنامەیەكی رێكوپێك بو، بەڵام ئەگەر وەكو تاك بیانەوێت لەكۆمپانیای وشە كاربكەن هەریەك لەبوارێكدا بەڵی وەریاندەگرین، بەڵام رەگ بێتە ناو كۆمپانیای وشە، كۆمپانیای وشە حیزب نییە.
روداو: پرۆژەی كۆمپانیای وشە كە بانگەشەی بۆ كرا، هیچ ئاراستەیەكی سیاسی دیاریكراوی نەبو لەسەرەتادا، بەڵام ئێستا وەك قسەی لەسەر دەكرێت خزمەت بەرێكخستنێكی حیزبی دەكات، چۆن ئەمە دەخوێنیتەوە؟
محەممەد تۆفیق: ئەو قسەیەم بیستوە، بەڵام ئەسڵ و ئەساسی نییە.
روداو: عومەر شێخموس دەڵێ لە نوسینەكانی ئەم دواییەی نەوشیروان مستەفاوە هەست دەكەم دەیەوێ حیزبێك دابنێ، بەڕاستی بیرتان لەوە كردوەتەوە؟
محەممەد تۆفیق: نەخێر، هیچ بیرمان لێنەكردوەتەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ كاك عومەر بوم، تەقریبەن دەڵێت ئەو قسانەم بەو شێوەیە نەكردوەو ئەوە ئەنجامگیری رۆژنامەكەیە.
روداو: ماوەیەكە بەئاشكرا لەناو دەزگاكانی راگەیاندنی یەكێتییەوە، بەشێوەیەك قسە لەسەر كۆمپانیای وشە دەكرێت، كە وەك مینبەرێكە بۆ دروستكردنی رێكخستنێك لەناو یەكێتیدا و هێنانە پێشەوەی گروپی دژ بە یەكێتی، ئایا بەڕاستی ئێوە بونەتە رێكخستنێكی جیای ناو یەكێتی و سەنتەری كۆكردنەوەی ناڕازییەكانی ناو یەكێتی؟
محەممەد تۆفیق: ئەسڵی نییە.
روداو: ئازاد جندیانی دەڵێ رەخنەكانی نەوشیروان مستەفا میكیاجێكن بۆ گەیشتنە لوتكەی دەسەڵاتی یەكێتی و كوردستان، ئایا نەوشیروان مستەفا ئەو ئامانجەی هەیە؟
محەممەد تۆفیق: نەخێر ئەو ئامانجەی نییە.
روداو: لەرابردودا بەوشێوە ئاشكرایەی ئێستا باسی كوتلەكاری لەزاری بەرپرسانی یەكێتییەوە نەدەكرا، ئازاد جندیانی دەڵێت وەزیری ناوخۆو جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە لە كوتلەی نەوشیروان مستەفان و كەسیش نەیویستوە پۆستەكانیان لێوەربگرێتەوە، ئایا ئەمانە ئێستا كارەكانیان لەخزمەت پرۆژەكەی ئێوەدایە؟
محەممەد تۆفیق: ئەو چوار برادەرەی مەكتەبی سیاسی كە ئەگەر ئەو مەبەستی ئەوانە بێت خۆیان بە باڵی ریفۆرم دەزانن و لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا ماونەتەوە، ئێمە وەك كۆمپانیای وشە خۆمان ریفۆرمخوازین، بۆنمونە گروپی رەگ خۆیان بەریفۆرمخواز دەزانن، گروپی دیكە هەیە لەنێو یەكێتیدا خۆیان بەریفۆرمخواز دەزانن، رەنگە ئێمە شتی هاوبەشمان لەنێواندا هەبێت، بەڵام هەریەكەمان كاری خۆی دەكات بەبێ ئەوەی تێكەڵاوی كاری یەكتر ببین.
روداو: عیماد ئەحمەد دەڵێت یەكێتی بڕیاری داوە، ئەوەی لابدات سزای بدات. هەندێك لەو بەرپرسانەی یەكێتیش پێیانوایە گوتارەكانی نەوشیروان مستەفا لادانن لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، بەتایبەتی لەو گوتارەیدا كە چەمكی شۆڕشی بەكارهێنابو، تۆ پێتوایە گوتارەكانی نەوشیروان مستەفا لادانن لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی؟
محەممەد تۆفیق: رەنگە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیم بەباشی نەخوێندبێتەوەو نازانم لادانە یاخود نا، بەڵام من لە ترادیسیۆنی یەكێتی شارەزام كە لەسەرەتای دروستبونیەوە تائێستا رێگەی داوە مرۆڤ بیروبۆچونی خۆی هەبێت و هیچ كەسێكیش تائێستا لەسەر بیروبۆچونی جیاواز لێپێچینەوەی لەگەڵ نەكراوە.
روداو: بەڵام ئێستا لێپێچینەوە دەكرێت؟
محەممەد تۆفیق: ئەوەی ئێستا دەیكات رەنگە كاردانەوەیەكی زۆر عاتیفیانە بێت كە لەجێگەی خۆیدا نییە، ئەگەر یەكێتی بڕیاری دا دەست بكات بەوەی ئەندامانی خۆی لەسەر جیاوازی بیروبۆچون دەربكات ئەوە ئەو رۆژە كۆتایی یەكێتییە.
روداو: عەتا سەراوی دەڵێت، 24 ساڵ شەهیدم بۆ یەكێتی داوەو پیاوم بۆ كوشتوە، ئامادەم 24 یش ئەوە بۆ كاك نەوشیروان بكەم. ئایا نەوشیروان مستەفا و كۆمپانیای وشە پێویستیان بەمە هەیە؟
محەممەد تۆفیق: (بەپێكەنینەوە) نەوەڵڵا هیچ پێویستمان پێی نییەو 24 ساڵیش زۆر نییە؟ پێتوایە كەس لە ئێمە بمێنێ تا 24 ساڵی دیكە؟ ئەوە گوزارشتە لە بۆچونی خۆی دەكات و ئێمە هەر یەكەم رۆژ وەڵاممان دایەوە. ئێمە باسی ریفۆرم و مەدەنییەت دەكەین عەیبە باسی پیاوكوشتن بكەین.
روداو: پێتوایە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی یەكێتی چی بكرێت باشە؟
محەممەد تۆفیق: ئێستا من زۆر ئاگاداری كاروبارەكانی نێو یەكێتی نیم، بەڵام باشترین شێوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی یەكێتی ئەوەیە ئەو بۆچونە جیاواز و باڵە جیاوازانەی كە هەن، هەرچەندە خۆیان ئێستا ئینكار دەكەن كەباڵی جیاواز هەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە باڵ و بیروبۆچونی جیاواز هەیە، بەشێكی زۆریشیان لە دڵسۆزییەوە ئەم بیروبۆچونانەیان هەیە، ئەوانە دەبێت دابنیشن و لەسەر بەرنامەیەكی كاركردن پێكبێن، حیزب ئەگەر بەرنامەی كاركردنی نەبێت حیزب نییە، تۆ ناتوانیت حیزبێك لەم سەردەمەدا دروستبكەیت وەك سەردەمی ستالین بە بیروباوەڕی ستالینی، ئەوەی كە دەبێت وەحدەی فكر هەبێت، چونكە كە گەیشتیتە باسی یەكێتی بیروڕا ئەوكات هەرچی لەگەڵت نەگونجا پاڵێكی پێوەدەنێی و دەیكەیتە دەرەوە یان زیندانیی دەكەی، ئەوە لەگەڵ سەردەمی ئێستادا ناگونجێ، لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستای كوردستاندا باشترین چارەسەر بۆ كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی ئەوەیە كە ئەو گروپانە دابنیشن و لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش رێكبكەون.
روداو: بەڵام دەگوترێت زەمینەسازی بۆ كۆكردنەوەی ئەو باڵە جیاوازانە نییە؟
محەممەد تۆفیق: لەناو یەكێتیدا هەمیشە زەمینەی ئەوە هەبوە كە بیروبۆچونی جیاواز هەبێت، لەهەمانكاتیشدا لەسەر بەرنامەی دیاریكراو رێككەوتن بكرێت.
روداو: بەڵام ئێستا هەستدەكرێت هەوڵ بۆ بەرتەسككردنەوەی ئەو زەمینەیە دەدرێت؟
محەممەد تۆفیق: ئەوە نەمانی یەكێتییە.
روداو: پێتوایە خودی مام جەلالە یان هەندێك كەس هەن لەدەوربەری ناهێڵن رای جیاواز هەبێت؟
محەممەد تۆفیق: گروپ هەیە لەناو یەكێتیدا كە لە بەرژەوەنیدایە وا بكات رای جیاواز نەبێت، بەڵام ئەگەر رای جیاواز نەما ئەوە ئەوكات یەكێتی دەبێت ناوی خۆیشی بگۆڕێت، چونكە یەكێتی یانی یەكگرتنی بیروبۆچونی جیاواز، كە هاتە سەرئەوەی ئەندامان و بەرپرسان لەسەر بیروبۆچونی جیاواز دەربكرێن مانای ئەوەیە ئەو یەكێتییە نامێنێ كە هەبوە.
روداو: هەستدەكەی بڕیارێك لەسەركردایەتی یەكێتییەوە هەبێت بۆ بێدەنگكردنی كادیرەكانی یەكێتی، چونكە د.بەرهەم ساڵحیش دەڵێت، ئەو كەسەی لەپەیڕەوی ناوخۆ دەربچێ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سزا دەدرێت؟
محەممەد تۆفیق: جا پەیڕەوی ناوخۆی خوێندوەتەوە، پەیڕەوی ناوخۆ دەڵێ چی؟، ئێستا گرتویانە بەدەمیانەوە پەیڕەوی ناوخۆ. پەیڕەوی ناوخۆ، پەیڕەوی ناوخۆ دەڵی هەمو كەس دەبێت عەبد بێت؟، هەمو كەس دەبێت توتی و قاز بێت؟، پەیڕەوی ناوخۆی هەمو حیزبەكان بیانەوێت یان نا، جێبەجێی بكەن یان نا، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە گەورەترین ئازادی راوبۆچون هەیە لەناو رێكخستندا، ئایا هیچ حیزبێك هەیە بڵێت رێگا بە ئەندامەكانی خۆم نادەم بیروبۆچونی جیاوازیان هەبێت؟ لەپەیڕەوی ناوخۆی حیزبی بەعسیشدا ئەوە هەیە؟ ئێمە حیزبێكی شمولی ستالینی دروست دەكەین یان حیزبێكی مۆدێرن؟.
روداو: بەڵام ئازاد جندیانی دەڵێت یەكێتی یان دەبێت واز لەو نەرمی نواندنە بهێنێ كە تائێستا كردویەتی، یان دەبێت چاڵ بۆ مەرگی خۆی هەڵبكەنێ؟
محەممەد تۆفیق: ئەوەی ئێستا یەكێتی پێیدا دەڕوات بارودۆخێكی زۆر تەندروستە، مرۆڤ لە ئەنجامی ململانێی بیروباوەڕ دەگات بە حەقیقەت و بڕیاری جیدی، كاتێك حیزب دەمرێت كە ئەندامەكانی هەمو قروقەپ بكەن و كەس بۆی نەبێت رەخنەو بیروبۆچونی جیاوازی هەبێت و كەس بۆی نەبێت لە خەت لابدات.
روداو: بۆچی وەڵامدانەوەكانی ئێوە زیاتر لەلایەن چەند شەخسێكی ناو یەكێتیەوەیە، لەكاتێكدا بەشێكی رەخنەكانی نەوشیروان لەسەركردایەتی سیاسی كوردە؟
محەممەد تۆفیق: منیش ئەوە دەپرسم، ئەوەی ئێمە باسی دەكەین بەرژەوەندی گشتییە، تائێستا پارتی وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام چەند برادەرێكی یەكێتی لێرەو لەوێ وەڵام دەدەنەوەو منیش تێناگەم، وەڵامدانەوەكانیش ئەوە نییە بۆ دروستكردنی پردێك یان بۆ دیالۆگ بێت، هەندێك جار رونكردنەوەو نوسینەكان هەرزەكارانەو توندن، ئەوەش نە لەبەرژەوەندی یەكێتییەو نە لەبەرژەوەندی كوردیشە.
روداو: بیرتان لەچارەنوسی خۆتان لە كۆنگرەی داهاتوی یەكێتیدا كردوەتەوە؟
محەممەد تۆفیق: ئێمە ناچینە كۆنگرە، من خۆم ناچمە كۆنگرە.
روداو: نەوشیروان مستەفاش ناچێت؟
محەممەد تۆفیق: ئەویش ناچێت.
روداو: كام لەم سیناریۆیانە لە بەدیهاتنەوە نزیكن، تاڵەبانی و نەوشیروان دادەنیشن و هەمو گرفتەكان چارەسەر دەكەن و نەوشیروان دەگەڕێتەوە ناو یەكێتی،دوەم نەوشیروان مستەفا حیزبێكی نوێ دادەمەزرێنێ،سێیەم: ئەو رەوشەی ئێستا وەك خۆی دەمێنێتەوە، كامیانە؟
محەممەد تۆفیق: نە حیزب دروستدەكات و نەدەچێتەوە ناو سەركردایەتی یەكێتی، هیوادارم بەشێوەیەكی هێمنانە ئەم ململانێ و ئاڵوگۆڕی بیروباوەڕەی كە هەیە بەردەوام بێت.
روداو: هەندێك كەس كە لەوانەیە ئێستا نزیك بن لەمام جەلالەوە، رایەكی توندیان هەیە لەسەر ئێوە، پێتوایە بتوانن كار لە هەڵوێستی مام جەلال بكەن لەبارەی كارەكانی كۆمپانیای وشەوە؟
محەممەد تۆفیق: مام جەلال پیاوێكی خاوەن ئەزمونەو هیوادارم نەكەوێتە ژێر كاریگەری بۆچونی نەشاز و توندڕەو. پێشموایە ناكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو بۆچونانەوە.
روداو: ئەم رەوشەی ئێستای یەكێتی بەرەو كوێ دەچێت؟
محەممەد تۆفیق: وەك پێشتریش گوتم ئەگەر یەكێتی بكەوێتە دەركردنی ئەو كەسانەی كە رەخنە دەگرن و بیروبۆچونی جیاوازیان هەیە، یەكێتی پاساوی وجودی خۆی لەدەست دەدات، چونكە یەكێتی بۆیە دروست بوە وەك حیزب و رێكخراوێك بیروبۆچونی جیاواز كۆدەكاتەوە، لەسەرەتاشەوە كە دروستبو لە رێكخراوی جیاواز جیاوازەوە دروستبو، بەڵام هەمو جارێك ئەم رێكخراوە جیاوازانە دانیشتون و بەرنامەی سیاسی كورتخایەن و درێژخایەنیان داناوە.
پڕۆفایل:
محەمەد تۆفیق رەحیم
ــ ساڵی 1954 لە سلێمانی لەدایكبوە.
ــ 1972 چوەتە فەرەنسا بۆخوێندن.
ــ لە 1974 بۆ خوێندن دەچێتە بەریتانیا و ئەندازەی میكانیك تەواو دەكات.
ــ ساڵی 1979 دەبێتە پێشمەرگەی كۆمەڵەی رەنجدەران.
ــ لە1978ەوە نەوشیروان مستەفای ناسیوە.
ــ 1984 ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی رەنجدەران و یەكێتی بوە.
ــ 1994 بوەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
ــ 2006 دەستی لەئەندامێتی مەكتەبی سیاسی كێشایەوە.
ــ ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی كۆمپانیای وشەیە.