سازدانی: مه‌حمود شێرزاد
سیاسهتو ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، له په‌نا كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌زی دیكه‌ی وه‌ك هێزی ئابوریی‌و هێزی كلتورییو هه‌روه‌ها كاریگه‌ری ئاكادێمی، وه‌ك یه‌كێك له‌كۆڵه‌كه سه‌ركییه‌كانی مسۆگه‌ركردنی مافه‌كان‌و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ره‌وتی مێژودا سه‌یر ده‌كرێن. كورد به‌وه ناسراوه كه به عاتیفه سیاسه‌ت دهكاتو له روی نه‌ته‌وه‌یشه‌وه به‌وه ناسراوه كه میلله‌تێكی جدی نیه‌و خاوه‌نی هوشیاریی‌و ئیراده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی پارچه پارچه‌و لاوازه، به‌و مانایه ره‌نگه له هه‌ندی قۆناغی جیاجیادا كۆمه‌ڵێك هێزی ناسیونالیستی به‌رهه‌مهێنا بێت، به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نیه كه میلله‌تێكی هوشیار بێت‌و به‌رژوه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی به‌لاوه گرنگتر بوبێت یا به تێبنیو ئیراده‌یه‌كی سیاسی ـ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه روبه‌روی واقیعه‌كان بوبێته‌وه. نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌به شێوه‌یه‌كی مێژویی كه‌سایه‌تێكی تێكشكاوی لێدروستكراوهو ئێستاش ئه‌م تێكشكاوییه له سیاسه‌تكردن‌و جموجۆڵهكانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی لێره‌وه غه‌می ئێمه‌یه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك به سیاسهتو ئیراده‌یه‌كی له‌و چه‌شنه له واقیعێكی ئاڵۆز‌و بی وێژدانو به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی له چه‌شنی ئه‌وه‌ی ئێستادا به چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانێت مافه سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات‌و هێوای به مانه‌وه‌ی خۆی له ره‌وتی مێژودا هه‌بێت؟ له‌م باره‌وه چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ی نوسه‌رو روناكبیری ناسراو مه‌ریوان وریا قانع كردوه كه دوقهكهی له خواره‌وه ده‌خوێننه‌وه.
* هه‌روه‌ك ده‌زانین سیاسه‌ت بابه‌تێكی تازه نیه، بۆ نمونه چ وه‌ك چهمكو چ وه‌ك خسڵهتو كرده‌یه‌كی مرۆیی له یونانی كۆندا باسی لێوه‌كراوه تا راده‌یه‌كیش به‌رجه‌سته بۆته‌وه، لێره‌وه ده‌كرێت قۆناغێكی مێژویی دیاریبكه‌ین كه كورد ئه‌م چه‌مكه‌ی چ وه‌ك مانا‌و چ وه‌ك كرده‌یه‌كی مرۆیی به‌رجه‌سته كردبێته‌وه؟
مه‌ریوان وریا قانع: چه‌مكی سیاسه‌ت له دونیای ئێمه‌دا چه‌مكێكی تازه نییه و مێژوی به‌كارهێنانیشی لای ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابوردویهكی دێرین. وه‌ك به‌شێك له ئیمپراتۆریه‌ته گه‌وره‌كانی ناوچه‌كه كۆمه‌ڵگای كوردیی به‌رده‌وام له‌ناو ئه‌و چوارچێوه ڕه‌مزی و مه‌عریفییه‌دا ژیاوه كه ده‌ستنیشانی بیركردنه‌وه و تێگه‌یشتن و پێناسه‌كردنی دیارده‌كانی كردوه. ئه‌و مانایانه‌ی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بۆ سیاسه‌ت هه‌بوه جیاواز نه‌بوه له‌و مانایانه‌ی له چوارچێوه سیاسی و ڕه‌مزییه گه‌وره‌كانی ئیمپراتۆریه‌ته‌كانی دراوسێماندا دروستبوه. ئه‌و مانایانه‌ش بۆ سیاسه‌ت هه‌بون بریتیبون له‌و مانا و تێگه‌یشتنه‌ی كه سیاسه‌ت وه‌ك چه‌مك و وه‌ك پراكتیك له قۆناغی كلاسیك‌دا هه‌یبوه. به‌ر له‌وه‌ی بێمه سه‌ر باسكردنی ئه‌و مانایانه ده‌مه‌وێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و ڕاستییه به خوێنه‌ر بڵێم كه ماناكانی سیاسه‌ت له قۆناغی كلاسیك‌دا ته‌واو جیاوازه له‌و مانایانه‌ی له‌مڕۆدا بۆ سیاسه‌ت هه‌یه.
بۆ نیشاندانی ئه‌و گۆڕانانه‌ی كه به‌سه‌ر ماناكانی سیاسه‌تدا هاتون به پێویستی ده‌زانم دو قۆناغی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی له‌یه‌كدی جیابكه‌مه‌وه كه له هه‌ریه‌كێكیاندا چه‌مكی سیاسه‌ت مانایه‌كی ته‌واو جیاوازی له‌ویتریان هه‌بوه. یه‌كه‌میان ئه‌و قۆناغه‌یه كه ده‌كرێت ناوی قۆناغی “ئیسلامی كلاسیكی” لێبنێین و له‌سه‌ره‌تای بونی ئیسلام به ئیمپراتۆریه‌تێكی گه‌وره‌وه ده‌ستپێده‌كات و تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به‌رده‌وامده‌بێت. دوهه‌میان قۆناغه‌ی “مۆدێرن” یان تازهبونهوهیه كه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات و تا ئه‌مڕۆكه‌ش درێژه‌ی هه‌یه. له هه‌ریه‌كێك له‌م دو قۆناغه‌دا سیاسه‌ت چ له‌ڕوی مه‌سه‌له‌ی شه‌رعیه‌ت و به‌رپرسیاریه‌ت و شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و چاودێریركردنهوه و چ له‌ڕوی ئه‌خلاقیاتی سیاسی و مه‌سه‌له‌ی بون و نه‌بونی به‌شداربونی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له كاری سیاسی‌دا، ته‌واو جیاوازبوه.
سه‌ره‌تا له‌و پێناسه ساده‌یه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م كه سیاسه‌ت وه‌ك چالاكییه‌كی ئینسانی و په‌یوه‌ست به مه‌سه‌له‌ی هه‌بون و به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌وه گرێدراوه. ئه‌و پرسیارانه‌ی سیاسه‌ت ده‌یانكات پرسیارگه‌لێكی له‌م بابه‌ته‌ن: ده‌سه‌ڵات ده‌بێت به كێبێت؟ ده‌سه‌ڵاتدار ده‌توانێت و بۆی هه‌یه چی له‌ده‌سه‌ڵات بكات؟ ڕه‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵات له كوێوه دێت؟ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار چه‌نده و چۆنه و چییه؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتدار ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌یه یان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته پێویسته ڕێژه‌ییی بێت و بكرێت ڕوبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه بكرێت؟ چۆن له ده‌سه‌ڵات بپرسرێته‌وه و له‌به‌رده‌م كێ و كام هێز و لایه‌ندا به‌رپرسیاره؟ وه‌ك وتم له هه‌ر قۆناغێك له‌و دو قۆناغه‌ی كه باسمكرد وێنه و تێڕوانین و تێگه‌یشتنێكی ته‌واو جیاواز بۆ سیاسه‌ت هه‌یه و له‌ئارادایه.
له قۆناغی كلاسیك‌دا ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ك بونه‌وه‌رێكی پیرۆز ته‌ماشاكراوه، ده‌سه‌ڵات شتێكبوه تایبه‌ت به‌و كه‌سه پیرۆزه و سیاسه‌تكردن ئه‌و كارانهبوه كه ئه‌و كه‌س یان لایه‌نه پیرۆزه ئه‌نجامیداوه. له‌ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتدار گه‌ر كه‌سێكی پیرۆزیش نه‌بوبێت، گه‌ر خۆی وه‌ك “سێبه‌ری خودا‌ش” له‌سه‌ر زه‌وی وێنانهكردبێت یان وێنانهكرابێت، ئه‌وا سیفه‌تی باوكێكی ده‌سه‌ڵات ڕه‌های ناو خێزانی هه‌بوه. سیاسه‌تمه‌دار پاتریاركێك بوه مافی ژیان و كوشتنی ئه‌وانه‌ی هه‌بوه كه حوكمی كردون. وێنه‌ی باڵاده‌ست بۆ ڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتدار، یان سه‌ركرده‌ی سیاسی، یان پادشا، یان ئه‌میر، یان سه‌روه‌ر، یان سه‌رۆك وێنه‌ی “شوان” بوه. شوانێكی كارامه و لێزان و ساغ و سه‌لیم كه له‌خه‌می ڕانهمهڕهكهیدایه و به‌وردی چاودێریاندهكات و مشوریان ده‌خوات. له‌یه‌كێك له وتاره گرنگه‌كانیدا میشێل فۆكۆ ئه‌م شێوازه كلاسیكیه‌ی ده‌سه‌ڵات ناوده‌نێت “ده‌سه‌ڵاتی شوانكاری”، ده‌سه‌ڵاتێك تیایدا پادشا یان سه‌رۆك خۆی وه‌ك شوان و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی حوكمیاندهكات وه‌ك ڕانه‌مه‌ڕ وێناده‌كات. به‌داخه‌وه من لێره‌دا مه‌ودای ئه‌وه‌م نییه به‌درێژیی له‌سه‌ر مانا گرنگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی شونكاریی لای میشێل فۆكۆ ڕاوه‌ستم و له‌و میكانیزمانه بدوێم كه ئه‌م شێوه ده‌سه‌ڵاته كلاسیكییه بۆناو دونیای هاوچه‌رخ ده‌گوازێته‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت هێمایه‌كی خێرای پێبكه‌م مه‌سه‌له‌ی ماف و مه‌سه‌له‌ی یه‌كسانییه. له ده‌سه‌ڵاتی شونكاریدا مه‌ڕێك چه‌نده له‌به‌رده‌می شوانهكهیدا خاوه‌ن مافه و چه‌ند توانای ناڕه‌زاییده‌ربڕین و ڕه‌خنه‌كردن و لێپرسینه‌وه و گۆڕینی شوانه‌كه‌ی هه‌یه، خه‌ڵكیش هه‌ر ئه‌وه‌نده مافیان هه‌یه. وه‌كچۆن شوان و مه‌ڕه‌كانی له‌هیچ ڕویه‌كه‌وه یه‌كسان نین ئاواش ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌وانه‌ی حوكمیاندهكات له‌هیچ ئاستێكدا و له‌به‌رده‌م هیچ شتێكیشدا یه‌كسان نین.
له‌م شێوه ده‌سه‌ڵاته‌ی قۆناغی كلاسیك‌دا خه‌ڵك وه‌ك “ڕه‌عیه‌ت”، واته ڕان یان ڕانه‌مه‌ڕ، ناوده‌برێن و ده‌سه‌ڵاتداریش وه‌ك “ڕاعی” واته شوان. سیاسه‌تكردن لێره‌دا بریتییه له شێوازی ڕێكخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ك شوان به خه‌ڵك وه‌ك ڕانه‌مه‌ڕه‌وه گرێئه‌دات. خاڵی هه‌ره سه‌ره‌كی له‌م تێگه‌یشتنه‌دا بۆ ده‌سه‌ڵات و بۆ سیاسه‌ت ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتدار له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا به‌رپرسیار نییه، خه‌ڵك مافی قسه‌كردنیان له‌سه‌ر سیاسه‌ت نییه و پادشا یان ئه‌میر یان سه‌رۆك ئازاده له چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتدا. له‌م تێگه‌یشتنه‌دا هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆی نییه و ناتوانێت هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی له‌ده‌سه‌ڵاتدار هه‌بێت.
پادشا لێره‌دا گه‌ر كهمهكێكیش به‌رپرسیاربێت، ئه‌وا له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا به‌رپرسیار نییه، له‌به‌رده‌م یاسادا به‌رپرسیار نییه، به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌رده‌م خودا و ویژدانی خۆیدا به‌رپرسیاره. خودا‌ش ته‌نها لهوهدونیا له پادشا و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌پرسێته‌وه و پاداش و سزای كاره‌كانیان ده‌داته‌وه. به‌كورتی ئه‌وه‌ی بۆی هه‌یه له پادشا بپرسێته‌وه خه‌ڵك نییه، ئه‌وانه نین كه پادشا حوكمیان ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و خودایه‌یه كه پادشای وه‌ك پادشا و خه‌ڵكی وه‌ك ڕه‌عیه‌ت دروستكردوه. له‌م تێڕوانینه‌دا سیاسه‌ت و مه‌سه‌له‌ی چۆنیه‌تی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات به‌توندی به‌كه‌سی پادشا و سه‌رۆكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. لێره‌دا “ چه‌مكه‌كانی “خه‌ڵك” و “كۆمه‌ڵگا” به مانا مۆدێرنهكهیان به‌ته‌واوی غائیبن و هیچ یه‌كێك له‌و دوچهمكه نه‌بونه‌ته چه‌مكی سیاسی. هه‌م خه‌ڵك و هه‌م كۆمه‌ڵگا وه‌ك دو پێدراوی بایۆلۆژی مامهڵهدهكرێن كه پێویستیان به عه‌قڵێكی ده‌ره‌كی هه‌یه بتوانێت بهڕێوهیانببات و وه‌ك ڕانه‌مه‌ڕ مامهڵهیانبكات.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا له‌سه‌ر خه‌ڵك واجبه گوێڕایه‌ڵی فهرمایشهكانی ده‌سه‌ڵاتدارانه، ده‌رنه‌چونه له ئه‌مر و نه‌هییه‌كانی. له‌م تێڕوانینه‌دا ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت به‌ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێت خودی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی، ده‌سه‌ڵات به حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته كه‌واته شه‌رعییه. گرنگیش نه‌بوه ده‌سه‌ڵاتدار چۆن ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتوه، به مه‌شوه‌ره‌ت یان به شمشێر. گرنگ ئه‌وه‌بوه بتوانێت ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست و به‌سه‌ر هه‌مو ناحهزهكانیدا سه‌ركه‌وێت و هه‌موان ناچاركات گوێڕایه‌ڵی بن. گه‌یشتن بهدهسهچات له‌خۆیدا شه‌رعیه‌تی به ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌و كه‌سه به‌خشیوه. ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و گوێڕایهڵینهكردن و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ك “فیتنه” ته‌ماشاكراوه. له كۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌كاندا ترس له “فیتنه” وایكردوه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری بیریاره سیاسییه‌كانی قۆناغی كلاسیكی ئیسلام هه‌مو جۆر و شێوازه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارێتیان، چه‌نده ناشه‌رعی و توندوتیژ و سته‌مگه‌ریش بوبێت، پێ له فیتنه باشتر بوبێت. له ڕاستیدا خۆپارستن له فیته گرنگترین پرنسیپی سیاسیی قۆناغی ئیسلامی كلاسیكییه، هه‌ر دهسهڵاتدارێكیش ڕێگای له فیتنه گرتبێت، واته نه‌یهێشتبێت فه‌وزا دروستببێت و ئاسایشی گشتی بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌رعی و قبوڵكراو ته‌ماشاكراوه.
ترس له فیتنه، ترس له جه‌نگی گشت به‌رامبه‌ر به گشت، ئه‌و ژێرخانه سیاسییهبو كه ده‌سه‌ڵاتی له‌و قۆناغه‌دا لهسهردروستبوه. بێگومان ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه گشتییه مانای ئه‌وه نییه ڕاو بۆچون و تێڕوانینی سیاسی نه‌بوبێت كه شتی زیاتری له‌ده‌سه‌ڵات چاوهڕوانكردبێت له‌وه‌ی ته‌نها ڕێگهگرتنبێت له فیتنه. له‌دیدی ڕۆربهی بیریاره سیاسییه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا باشتر و چاكتربوه گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار گوێ له كۆمه‌ڵگا و نوخبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی بگرێت، له‌مڕوه‌وه ئه‌م قۆناغه پڕیه‌تی له‌و جۆره ئه‌ده‌بیاته سیاسییه‌ی له كه‌له‌پوری ناوچه‌كه‌دا ناوی “نه‌سیحه‌ت” یان “مه‌شوه‌ره‌ت”ی لێنراوه. نه‌سیحه‌ت و مه‌شوه‌ره‌ت گرنترین دو میكانیزمی سیاسی ئه‌و قۆناغهبون، نوخبه دینی و خوێنده‌واره به‌هێزه‌كان به‌رده‌وام هه‌وڵیانداوه نه‌سیحه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار بكه‌ن و هه‌ندێك لهدهسهڵاتدارانیش خۆیان به‌دوای ئه‌و جۆره نه‌سیحه‌ت و مهشوهرهتهدا گه‌ڕاون. به‌ڵام نه‌سیحه‌ت و مه‌شوه‌ره‌ت هێزی ناچاركردنی ده‌سه‌ڵاتداریان نه‌بوه. حوكمیان وه‌ك حوكمی یاسا نه‌بوه، ده‌سه‌ڵاتدار ئازادبوه گوێ له نه‌سیحه‌ت و مهشوهرهتهكان ده‌گرێت یاخود فهرامۆشیانبكات و وه‌ك نه‌یبیستبن وابوبێت. له‌م قۆناغه‌دا هیچ میكانیزمێك نه‌بوه بۆ لێپرسینه‌وه و ڕه‌خنه‌كردن و لابردنی ده‌سه‌ڵاتدار. ده‌سه‌ڵاتداریش ئه‌وه‌نده‌ی بهسبوه لانیكهمی ئاسایشی گشتی ده‌سته‌به‌ركات و كۆمه‌ڵگا له فیتنه بپارێزێت. ترس له فیتنه واده‌كات كه‌سێكی وه‌ك ئیبن تیمییه بڵێت “شه‌ست ساڵ سته‌مگه‌ری باشتره له ڕۆژێك فیتنه”.
ئه‌م دیده بۆ سیاسه‌ت و بۆ ده‌سه‌ڵات له‌قۆناغی كلاسیكیدا له‌هه‌مو شوێنێكدا ئاماده‌بوه، واته ئه‌م دیده ته‌نها له كۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌كاندا باڵاده‌ست نه‌بوه، به‌ڵكو له كۆمه‌ڵگا ئهروپیهكانیشدا ئاماده‌بوه. له ئه‌روپادا لۆك یه‌كه‌م تیوریستی سیاسییه كه ئه‌م دیده به‌جێده‌هێڵێت و ده‌سه‌ڵات به مانا مۆدێرنه‌كه‌ی ده‌بینێت. هۆبز، وه‌ك ئیبن تیمیه، باوه‌ڕی به‌وه‌بوه كه بونی ده‌سه‌ڵاتدارێكی سته‌مگه‌ر له “دۆخی سروشتی” باشتره. هۆبز دۆخی سروشتی وه‌ك دۆخی جه‌نگی هه‌موان دژ به هه‌موان وێناده‌كات و پێیوایه ده‌سه‌ڵاتدار دێت بۆئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و دۆخه بهێنێت. له‌دیدی هۆبزدا ده‌سه‌ڵات چه‌ند ڕه‌ها و ستهمگهریشبێت هێشتا له‌و دۆخه سروشتییه باشتره كه تیایدا ئیسان وه‌ك گورگ مامه‌ڵه‌ی ئینسانه‌كانی تر ده‌كات. له‌ڕاستیدا جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له‌نێوان تێڕوانینی هۆبز بۆ دۆخی سروشتی و تێڕوانینی تیوریسته سیاسییه ئیسلامییه‌كانی قۆناغی كلاسیكیدا بۆ فیتنه نییه.
لای نوسه‌ره ئیسلامییه‌كان دۆخی فیتنه هاوشێوه‌ی ئه‌و دۆخه سروشتییه‌یه كه هۆبز باسیده‌كات. هه‌ردوكیان باس له دۆخی نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتێك ده‌كه‌ن كه بتوانێت ئارامی و ئاسایش ده‌سته‌به‌ركات. له‌هه‌ردو دۆخهكهشدا ده‌سه‌ڵات خۆی شه‌رعیه‌تی خۆی ده‌ستنیشانده‌كات. بێگومان هۆبز له‌و خاڵه‌دا له دیده ئیسلامییه‌كه جیاده‌بێته‌وه كه جۆرێك له په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك بناغه‌ی ده‌سه‌ڵات گریماندهكات، له‌كاتێكدا تیوره‌ی فیتنه ئه‌م جۆره په‌یمانه‌ی له‌پشته‌وه نییه. ئه‌م جیاوازییه جیاوازییه‌كی گرنگه به‌ڵام لێره‌دا مه‌ودای ئه‌وه‌م نییه دوای ده‌ره‌نجامه‌كانی بكه‌وم بۆ تیوره‌ی سیاسه‌ت له دونیای ئیسلام و دونیای ده‌ره‌وه‌ی ئیسلامدا.
به كورتی له هه‌مو قۆناغی كلاسیكیدا، سه‌رده‌مێكی كورتی قۆناغی یۆنانی كۆنی لێده‌رچێت، سیاسه‌ت به‌و چالاكییه گوتراوه كه ده‌سه‌ڵاتدار به‌هۆیه‌وه توانیویه‌تی یان ویستویه‌تی خه‌ڵكی بێده‌نگ و هێمن و ڕامبكات و به‌هۆیه‌وه ئارامی و ئاسایش ده‌سته‌به‌ربكات. وشه‌ی سیاسه‌ت، كه هه‌مو میلله‌تانی ئه‌و ناوچه‌یه به‌كاریده‌هێنن كه میلله‌تی ئێمه له‌گه‌ڵیانا ده‌ژی، وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه و مانا قاموسیهكهی بریتییه له “ڕامكردنی ئه‌سپ”. سیاسه‌ت به عه‌ره‌بی مانای ئه‌و چالاكییه‌یه كه به‌هۆیه‌وه ئه‌سپ ڕام و هێمن ده‌كرێت. لهبهكارهێنانیشیدا بۆ چالاكی ده‌سه‌ڵاتداران مانای ئه‌وه‌ی وه‌كچۆن مه‌یته‌رێك ئه‌سپێك ڕام و هێمن ده‌كات و وایلێده‌كات به‌بێ كێشه ئینسان بتوانێت سواریببێت و بیهاژوێت، ئاواش ده‌سه‌ڵاتدار ڕهعیهتهكهی ڕامدهكات و چۆنی بوێت ئاوا لێیخوڕێت و بیهاژوێت. وه‌ك وتم له‌م كاره‌شیدا ده‌سه‌ڵاتدار مه‌گه‌ر ته‌نها له‌به‌رده‌م خودا و ویژدانی خۆیدا به‌رپرسیاربێت، ده‌نا شتێكی تر نییه له‌به‌رده‌میدا به‌رپرسیاربێت، یان توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت له ده‌سه‌ڵاتدار بپرسێته‌وه.
له‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ی تێداده‌ژین ئه‌م تێگهیشتهنه تا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به‌بێ هیچ تهحهداكردنێكی ڕاسته‌قینه ماوه‌ته‌وه و باڵادهستبوه. هه‌م سوڵتانی عوسمانی و هه‌م پادشا و والیه‌كان و هه‌م ئه‌میره كورد و ناكوردهكان كه له ئیماره‌ته زۆره‌كانی ناو ئیمپراتۆریه‌تی عوسمایندا ده‌سه‌ڵاتداربون، ئه‌م تێگه‌یشتنه‌یان بۆ سیاسه‌ت و بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌بوه. وه‌كچۆن سوڵتانی عوسمانی له‌به‌رده‌م كه‌سدا به‌رپرسیار نه‌بوه و هیچ میكانیزمێك نه‌بوه بۆ لێپرسینه‌وه له كار و بڕیاره‌كانی، ئاواش میكانزیمێك نه‌بوه بۆ لێپرسینه‌وه له‌و ئه‌میره كوردانه‌ی كه ئیماره‌ته كوردییه‌كانیان به‌ڕێوه‌بردوه. سیاسه‌ت له‌م قۆناغه‌دا بریتییبوه له توانا و شێوازی لێخوڕینی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ ڕهعیهتهكانیان. وه‌ك وتم له‌م تێگه‌یشتنه كلاسیكیهدا گرنگ نه‌بوه سه‌رۆك یان سوڵتان یان پادشا چۆن ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه، به‌زۆر یان به هاریكاری ئه‌م یان ئه‌ویدی یان له‌باوك و باپیرانییه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه یان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كی تر، گرنگ ئه‌وه‌بوه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خۆی بسه‌پێنێت و به‌هێزبێت و نه‌هێڵێت فیتنه یان پشێوی و پێكدادان و نائارامی دروستببێت. له تێگه‌یشتنی ته‌قلیدیدا بۆ سیاسه‌ت ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێیده‌ڵێن “خه‌ڵك”، “ئیراده‌ی خه‌ڵك”، یان “ویستی گشتی” بونی نه‌بوه.
چه‌مكه‌كانی خه‌ڵك و نه‌ته‌وه و ئیراده‌ی ئیراده‌ی گشتی چه‌مكی سیاسی تازه‌ن و له ڕۆژئاوای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و به‌تایبه‌تی له‌دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه ده‌بنه چه‌مكی باڵاده‌ستی ناو فیكری سیاسی، له دونیای ئێمه‌دا مێژوی دروستبون و بهكارهێنانیانی ئه‌م چه‌مكانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌یه‌كانی دوهه‌م و سێهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م. لای ئێمه ئه‌م بۆچونه تازانه له‌گه‌ڵ به سیاسیبونی چه‌مكی نه‌ته‌وه و له‌دایكبونی ناسیۆنالیزمدا له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دێته‌كایه‌وه. له دونیای كۆندا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه‌ی پێیده‌ڵێین خه‌ڵك پێیوتراوه ڕهعایا و ڕهعایاش مافی خۆهه‌ڵقورتاندنی له سیاسه‌تدا نه‌بوه و هه‌مو خۆخهریكردنێكی به مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌ته‌وه وه‌ك تهعهداكردنه سه‌ر مافی پادشا، ئه‌میر یان سوڵتان ته‌ماشاكراوه. سیاسه‌ت چالاكییه‌ك نه‌بوه ڕیعایا بۆیههبێت قسه‌ی تێدابكات.
گۆڕانی ماناكانی سیاسه‌ت له ناوچه‌ی ئێمه‌دا وابه‌سته‌ی شاره‌زابونی خوێنده‌واران و نوخبه‌ی تازه‌ی ناو ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانییه به فیكری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆژئاوا له‌و فۆرمه‌دا كه ئه‌م فیكره له‌دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه ده‌یگرێته‌خۆی. ده‌ستوری فه‌ره‌نسا له‌سه‌ره‌تای سیییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا بۆ عه‌ره‌بی و توركی وه‌رده‌گێڕدرێت و تیایدا چه‌مكه تازه‌كانی هاوڵاتی و سه‌روه‌ری و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و لێپرسینه‌وه‌ی سیاسی و ئه‌وانیتریش ده‌كه‌ونه به‌رچاوی بڕێكی گه‌وره‌ی خوێنده‌واران و سیاسه‌تمه‌دارانی ناو ئیمپراتۆریه‌تییه‌كه. جگه له‌مه ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی خوێنده‌وارانی ئه‌و سه‌رده‌می ئیمپراتۆری عوسمانی ده‌چنه ئه‌وروپا و له‌نزیكه‌وه ئه‌زمونی سیاسی ئه‌ورپای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ده‌بینن كه ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی لیبرالییه. جگه له‌مه په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام و نامه‌گۆڕینه‌وه هه‌بوه له‌نێوان هه‌ندێك له پادشاكانی ناو ئیمپراتۆریه‌ته‌كه و هه‌ندێك له زانا كۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌وره‌كانی ئه‌وروپادا، وه‌ك ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌نێوان زیا پاشا و ئۆگست كۆنتدا هه‌بوه. ئه‌م گۆڕانانه به‌شێوه‌یه‌ك دێنه‌پێشه‌وه سوڵتانی عوسمانی ناچارده‌بێت له ساڵی ١٨٧٦دا له‌دایكبونی یه‌كه‌مین ده‌ستور له دونیای ئیسلامدا قبوڵبكات.
له‌دایكبونی ده‌ستور یه‌كێكه لهدركهوته هه‌ره گرنگه‌كانی له‌دایكبونی تێگه‌یشتنێكی نوێ بۆ سیاسه‌ت و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دیده كلاسیكییه ته‌قلیدییه‌ی بۆ سیاسه‌ت له‌ئارادابوه. ده‌ستور مانای ده‌ستنیشانكردنی سنوری ده‌سه‌ڵاته‌كانی پادشا یان ئه‌میر یان سه‌رۆك یان سوڵتان به‌ناوی خه‌ڵك و ویست و قازانجی گشتییه‌وه. ده‌ستور تێكستێه ته‌عبیر له ویستی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا ده‌كات، بهرپرسیاربونی سوڵتان له‌به‌رده‌م ده‌ستورا مانای بهرپرسیاربونی له‌به‌رده‌م خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگادا. لێره به‌دواوه خه‌ڵك له ڕه‌عیه‌تێكی بێئراده و بێده‌نگ و بێمافهوه ده‌بێته یه‌كێك له مه‌قوله سیاسییه هه‌ره گرنگه‌كان. له دایبونی خه‌ڵك وه‌ك مه‌قوله‌یه‌كی سیاسی مانای لهدایبونی هێزێك كه سوڵتان له‌به‌رده‌میدا به‌رپرسیاره. هێزێك كه ده‌توانێت له سوڵتان بپرسێته‌وه و له‌سه‌ر شێوازی ئه‌نجامدانی كاره‌كانی داوه‌ری له‌گه‌ڵدابكات. له‌م ساته به‌دواوه ئیتر مانای مۆدێرنه‌كانی سیاسه‌ت له دونیای ئێمه‌شدا له‌دایكده‌بێت. له‌م قۆناغه به‌دوا خه‌ڵك له ڕه‌عیه‌ته‌وه ده‌بن به نه‌ته‌وه و هاوڵاتی خاوه‌ن ماف، سوڵتان و پادشاش له شوانه‌وه ده‌بن به سیاسییه‌كی به‌رپرسیار به ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ستنیشانكراو و قابیلی لێپرسینه‌وه‌وه. لێره به‌دوا له‌ڕوی تیورییه‌وه كه‌س نه ئاغایه و نه مسكێن، هه‌موان، به پادشا و خه‌ڵكه‌وه، هاوڵاتی یه‌كسانن له‌به‌رده‌م یاسادا. بێگومان ئه‌م گۆڕانانه هه‌رگیز به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه و به‌رفراوان له دونیای ئێمه‌دا پیادهنهكراون، به‌ڵام ئه‌م پیادهنهكردنه له‌وه ناگۆڕێت كه ئه‌و وێنه و تێگه‌یشتنه ته‌قلیدیانه‌ی بۆ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات هه‌بو، گۆڕانی گه‌وره و ڕادیكاڵیان به‌سه‌ردادێت.
لێره به‌دوا ئه‌و تێگه‌یشتنه بۆ سیاسه‌ت دروستده‌بێت كه یهكسانیدهكات به‌و چالاكییه‌ی كه به‌هۆیه‌وه كۆمه‌ڵگایه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان هێزه جیاوازه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كدا و په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاتداران و هاوڵاتیان به‌پێی كۆمه‌ڵێك یاسا و له‌ڕێگای كۆمه‌ڵێك ده‌زگاوه ڕێكده‌خات. ڕێكخستنێك كه تیاییدا كۆمه‌ڵگا و هاوڵاتیان وه‌ك بكه‌ری سیاسی چالاك ئاماده‌ن و ده‌سه‌ڵاتدار ده‌توانێت ته‌نها به‌ناوی ئه‌وانه سیاسهتبكات و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه ده‌سه‌ڵات وه‌رگرێت. له‌كوێدا سیاسه‌تمه‌دار و ده‌سه‌ڵاتدار بازی به‌سه‌ر یاسا و ویست و ئاره‌زوی خه‌ڵكدا دا، له‌وێدا له‌سه‌ركار لابرێت و ده‌سه‌ڵاتی لێبسێندرێته‌وه. توانای لابردن و سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌سه‌ڵاتداران یه‌كێكه له كۆڵه‌كه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و تێگه‌یشتنه تازه‌یه‌ی بۆ سیاسه‌ت و بۆ ده‌سه‌ڵات دێته‌كایه‌وه.
لێره به‌دوا ده‌سه‌ڵاتداران شه‌رعیه‌تی خۆیان له ویستی خه‌ڵكه‌وه وه‌رده‌گرن و له‌به‌رده‌م ئه‌وانیشدا به‌رپرسیارن. سیاسه‌ت چیدی یه‌كسان نییه به چالاكییه‌ك كه ته‌نها په‌یوه‌ندی به كه‌سی ئه‌میر یان سوڵتان یان خه‌لیفه، یان سه‌رۆك، یان سه‌ركردایه‌تیه‌كی بچوكه‌وه هه‌بێت، به‌ته‌نها وه‌ك كار و ئه‌ركی ئه‌وان وێناناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێته بابه‌تێكی گشتی و خه‌ڵك به‌مافی خۆی ده‌زانێت ڕاو بۆچونی خۆیان به ئاشكرا له‌باره‌وه بڵێن و ڕۆڵیان هه‌بێت له ده‌ستنیشانكردنی ناوه‌رۆك و شێوازی پیاده‌كردن و ئه‌نجامدانیدا. سیاسه‌ت له‌م تێگه‌یشتنه تازه‌یه‌دا مانای چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا له‌ڕێگای حیاسبكردنی به‌رده‌وامه‌وه بۆ مافه ده‌سته‌جه‌معی و تاكه‌كه‌سییه‌كان و ده‌رنه‌چون لێیان و بازنه‌دان به‌سه‌ریاندا. چه‌مكه‌كانی “كۆمه‌ڵگا” و “تاكه‌كه‌س” و “مافی ده‌سته‌جه‌معی” و “مافی تاكه‌كه‌سی”، وه‌ك چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو سیاسه‌ت، دێنه‌كایه‌وه. له ڕاستیدا ئه‌م تێگه‌یشتنه تازه‌یه بۆ سیاسه‌ت نزیكه‌ی سه‌ده و نیوێكه له‌و ناوچه‌یه‌دا ئاماده‌یه كه ئێمه تێیدا ده‌ژین، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه تا ئێستاش نه‌بۆته به‌شێكی ئۆرگانی و جه‌وهه‌ری كاركردنی سیاسه‌ت له دونیای ئێمه‌دا.
تا ئێستاش زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌كه وێنه‌ی خۆیان وه‌ك شوان و سوڵتان و سه‌رۆكێك ده‌بینن كه له‌سه‌روی یاساوه‌ن و خه‌ڵكیش وه‌ك ڕه‌عیه‌ت و ڕانه‌مه‌ڕ و غهوغایهك وێناده‌كه‌ن كه ته‌نها واجبی گوێڕایه‌ڵیان هه‌یه. قه‌یرانی سیاسه‌ت لای ئێمه و لای به‌شێكی زۆری میلله‌تانی دراوسێمان له گواستنه‌وه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه كلاسیكییه‌ی سیاسه‌تدایه بۆناو ئه‌و دونیا تازه‌یه‌ی له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه لهدروستبوندایه. كێشه‌ی هه‌ره سههكی سیاسه‌تكردن له‌و دونیایه‌دا مامه‌ڵه‌كردنی سه‌رۆكه‌كانه بۆ خۆیان وه‌ك كه‌سانێكی ده‌ره‌وه‌ی یاسا و ده‌ره‌وه‌ی لێپرسینه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی و مامه‌ڵه‌كردنی خه‌ڵكیشه وه‌ك مناڵێكی كه‌م فام و كه‌م عه‌قڵ و پێنه‌گه‌یشتو.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا باسمكرد ئه‌وه‌مان نیشانئه‌دات كه قسه‌كردن له‌سه‌ر سیاسه‌ت له دونیای ئێمه‌دا له ناوه‌ڕاست و كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و به‌تایبه‌تی له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه ته‌واو جیاوازه له قسه‌كردن له سیاسه‌ت له‌و دونیاییه‌دا كه له سه‌ده‌كانی پێشوتردا ئاماده‌بوه. سه‌ده‌ی بیسته‌م سیاسه‌ت و نه‌ته‌وه یان سیاسه‌ت و خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی توند به‌یه‌كه‌وه گرێئه‌دات و هه‌مو سه‌ركرده سیاسییه‌كانی كورد بۆئه‌وه‌ی بتوانن وه‌ك سه‌ركرده ببینرێن، ناچاربون به‌ناوی نه‌ته‌وه‌وه بدوێن و به‌ناوی خه‌ڵكه‌وه قسه‌بكه‌ن. بڕی ڕاستگۆیی و هه‌قیقه‌تی ئه‌م قسه‌كردنه هه‌رچیه‌ك بوبێت، ئه‌وه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌كی تره، ئه‌وه‌ی گرنگه له‌دایكبونی ئه‌و ڕاستییه‌یه كه هیچ یه‌كێك له سیاسییه‌كانی كورد ناتوانێت خاوه‌نی شهرعیهتبێت گه‌ر به‌ناوی نه‌ته‌وه یان خه‌ڵك یان ئیراده‌ی گشتییه‌وه قسه‌نه‌كات.
وه‌ك وتم بڕێكی گه‌وره‌ی كێشه و قه‌یرانی سیاسه‌ت له كوردوستانی ئه‌مڕۆدا له‌وه‌دایه كه سیاسه‌تمه‌دارانی كورد گه‌رچی به‌ناوی كۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه و قازانجی گشتییه‌وه ئه‌دوێن، به‌ڵام له واقیعدا تێگه‌یشتنیان بۆ سیاسه‌ت هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه كۆن و تهقلدیهیه بۆ سیاسه‌ت كه خه‌ڵك به ڕانه‌مه‌ڕ و ده‌سه‌ڵاتداران به شوان یهكساندهكات. واته سیاسه‌ت وه‌ك چالاكییه‌ك وێناده‌كه‌ن كه نوخبه‌یه‌كی زۆر بچوك و به‌رته‌سك له كۆمهگادا وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی پیرۆز به‌ڕێوه‌یببات و كۆمه‌ڵگاش ناچاربێت وه‌ك ڕه‌عیه‌تێكی ده‌ست له‌سه‌رسنگ گوێڕایه‌ڵیان بێت. ئه‌م دۆخه فیوداڵییهیه واده‌كات زه‌حمه‌تبێت سیاسییه‌ك له سیاسییه حوكمدارهكانی كورد بدۆزینه‌وه له دڵه‌وه گاڵته‌ی به‌و په‌رله‌مان و ده‌زگا و یاسایانه نه‌یه‌ت كه گوایه بۆ لێپرسینه‌وه له خۆی و له‌سه‌رجه‌می ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌روه‌رانی وڵات دروستكراون.
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ئه‌وه‌ی شوێنی سوڵتان و خه‌لیفه كۆنه‌كان و شێخانی ته‌ریقه‌ت ده‌گرێته‌وه، واته ئه‌وه‌ی شوێنی بكه‌ره ته‌قلیدییه‌كانی سیاسه‌تی ته‌قلدیی ده‌گرێته‌وه، سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كانن. به‌تایبه‌ته‌ی كه‌سانی ژماره یه‌ك و ژماره‌ی دو و ژماره سێی ناو ئه‌و حیزبانه. ڕۆڵی كه‌سه‌كانی تری ناو حیزب و ڕۆڵی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبیش كورتده‌كرێته‌وه بۆ ڕۆڵی ڕه‌عیه‌تێكی گوێڕایه‌ڵ. ئه‌م دۆخه‌ش مۆدێلێكی په‌ڕگیریی میكیافیلییانهی ده‌سه‌ڵاتی سهروهركردوه كه تیایدا سیاسه‌ت و درۆكردنی به‌رده‌وام، سایسه‌ت و خه‌ڵه‌تاندن و ترساندن، سیاسه‌ت و شاردنه‌وه و نهێنیكاری و داپۆشینی به‌رده‌وامی هه‌قیقه‌ته‌كان، سیاسه‌ت و به سه‌روه‌ركردنی بنه‌ماڵه و خزم و دۆسته نزیهكهكان، سیاسه‌ت و به مافیاییكردنی ئابوریی و به مافیایكردنی دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵایه‌تی بهیهكهوهبهستۆتهوه. له‌هه‌ناوی ئه‌و ناوه‌نده سیاسییه باڵاده‌سته‌ی له كوردستاندا ئاماده‌یه مه‌یلێكی تۆتالیتاریانه‌ی ترسناكیش ئاماده‌یه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه سیاسییه‌كانی كورد توانای ئه‌وه‌یان نییه ئه‌و دۆخه له مه‌یله‌وه بكه‌ن به واقیعێكی سیاسی. خۆشبه‌ختانه له كوردوستاندا هیچ هێز و لایه‌نێكی سیاسی ناتوانێت هه‌مو هێز و لایه‌نه‌كانی تر له‌ناوببات. ده‌نا له هه‌ناوی ئه‌و هێزه باڵاده‌ستانه‌دا ئه‌م ئه‌گه‌ره ترسناكانه ئاماده‌یه.
ئه‌م دۆخه له هه‌مو به‌شه‌كانی تری عێراق و له‌ناو زوربه‌ی هه‌ره‌زۆری هێزه سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا ئاماده‌یه.
* جه‌نابتان په‌یوه‌ندیی نێوان تیۆریی سیاسهتو ره‌هه‌ندی كرده‌كی سیاسه‌ت له كوردستان چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه، ئایا پێت وایه ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ پێی ده‌وترێت سیاسه‌ت به شێوه‌یه‌كی مێژویی له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆرییه زانستییه‌كانی سیاسه‌ت بهرههمهاتبیێت؟ به واتایه‌كی دیكه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سیاسه‌تی كوردی چین؟
مه‌ریوان وریا قانع: وه‌ك له پرسیاری پێشودا وتم قه‌یرانی سه‌ره‌كی سیاسه‌ت له كوردوستاندا وابه‌سته‌ی باڵاده‌ستبونی مانا و پێناسه ته‌قلدیی و كلاسیكییه‌كانی سیاسه‌ته له ڕۆژگارێكدا كه مانه‌وه‌ی ئه‌و پێناس و مانایانه، سیاسه‌تكردن له هه‌مو كه‌ڵك و نرخێكی ڕاسته‌قینه داده‌ماڵێت.
ئه‌مه‌ش سه‌ره‌كیترین خه‌سڵه‌تی سیاسه‌ته له كوردوستاندا. به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مانا ته‌قلیدییه‌كانی سیاسه‌ت له دونیای ئه‌مڕۆدا مانای ئه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی “هاوڵاتی” و “نه‌ته‌وه” و “كۆمه‌ڵگا” و “تاكه‌كه‌س”و و “لێپرسینه‌وه” و “به‌رپرسیارێتی” و “شه‌رعیه‌ت” و “قازانج و ئیراده‌ی گشتی” و هتد بێ‌مانا و بێ‌نرخ و سوكوچروك كراون. هه‌مویان ده‌ركراونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه و پراكتیكی سیاسییه‌وه، هیچكامێكیان به‌شێك نین له عهقڵهیت و خه‌یاڵی سیاسی ئێمه، ئاماده‌گیان ئاماده‌گییه‌كی ئیعلامییه و به‌شێك نییه له شێوازی ئیشكردنی سیاسه‌ت له كوردوستاندا. له‌مڕوه‌وه سیاسه‌تی كوردی تا بینه‌قاقای له دیماگۆگیهتدا نوقمه.
بێنرخكردن و په‌كخستنی مانا تازه‌كانی سیاسه‌ت ته‌نها له‌ڕێگای ئه‌و ئه‌و مۆدێله سیاسییه‌وه سه‌روه‌ر ئه‌بێت كه خه‌ڵك وه‌ك ڕه‌عیه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ك شوان ته‌ماشابكات. بۆئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه زیاتر له خه‌یاڵی خوێنه‌ران نزیكبكهینهوه ده‌كرێت بڵێین ئه‌و مۆدێلی ده‌سه‌ڵاته‌ی له كوردوستاندا باڵاده‌سته و باز به‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئیراده‌ی گشتی و قازانجی نه‌ته‌وه‌یی و حكومه‌تی یاسا و مافی یه‌كسان و چه‌مكی هاوڵاتیبوندا ده‌دات مۆدێلێكی عه‌ره‌فاتییه. واته مۆدێلێكه تیایدا كه‌سێك نه‌ك ته‌نها خۆی به خاوه‌ن و شایسته‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌زانێت تا ئه‌مرێت، گه‌رچی له‌ڕوی جه‌سته‌یی و ده‌رونیشه‌وه توانای قسه بهرخوردیشی نه‌مابێت، یان هه‌ر له ئه‌سڵدا ئه‌و توانایانه‌ی تێدانهبوبێت، به‌ڵكو خۆی به خاوه‌نی هه‌مو مه‌سه‌له‌ی كورد و هه‌مو كۆمه‌ڵگای كوردیش ده‌زانێت.
وه‌ك وتیشم به‌وه‌ی كه دوباره‌بونه‌وه‌ی مۆدێلی تۆتالیتاریزم له كوردوستانی ئه‌مڕۆدا زه‌حمه‌ته، بۆیه مۆدێلی عهرهفاتیانهی ده‌سه‌ڵات بۆته مۆدێلی باڵاده‌ستی سیاسه‌تكردن له‌ناوچه‌كه‌دا به‌گشتی و له كوردوستاندا به‌تایبه‌تی. مۆدێلی سیاسی عه‌ره‌فاتیش مۆدێلێكه له‌پاڵ درۆكردن و شارده‌نه‌وه و نهێنیكاریی مافییایی و گه‌نده‌ڵی و خزمچێتی و سهركردهپهرستیدا، بێنرخكردنێكی ترسناكی فیكر و لێكدانه‌وه‌ی زانستی و بیركردنه‌وه‌ی ستراتیژی له‌خۆده‌گرێت. وه‌ك هه‌ر ڕێكخراوێكی مافیایی ئه‌م مۆدێله‌ی ده‌سه‌ڵات پێویستی به ڕۆشنبیر و فیكر و زانست نییه، به‌ڵكو پێویستی به خه‌ڵكانێكه نهێنیپارێز و ده‌ست له‌سه‌ر سنگ و بێده‌نگبن، كه‌سانێك وه‌لائه‌تی ڕه‌هایان بۆ سه‌ركرده‌كان و بۆ ئه‌و سیستمه سیاسییه هه‌بێت كه هه‌یه و سه‌روه‌ركراوه. به‌شی زۆری كاربه‌ده‌سته گه‌وره‌كانی مۆدێله‌كه جگه له وه‌فای بێقه‌یدوشه‌رت و ڕه‌ها بۆ سه‌رۆكه‌كانیان سیفه‌تێكی دیكه‌ی گرنگیان نییه وابكات ببن به سیاسه‌تمه‌دار و وڵات ببه‌ن به‌ڕێوه.
به مانایه‌كی دیكه نه‌بون و په‌كخستنی فیكر له‌م مۆدێله‌دا پێداویستییه‌كی بونیادیی سیستمه‌كه‌یه، نه‌بونی فیكر له‌وێوه نه‌هاتوه كه له وڵاته‌كه‌دا فیكر نییه یان كه‌سانێك نین بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و به‌رپرسیار بیر له شته‌كان بكه‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه بێنرخكردنی فیكر و په‌كخستنی بیركردنه‌وه‌ی زانستی ڕاسته‌وخۆ گرێدراوی چۆنیه‌تی دروستكردن و ئیشكردن و مانه‌وه‌ی ئه‌م سیستمه‌یه. ئاخر له كوێدا فیكر و لێزانی كاریكرد هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه ناتوانن بیربكه‌نه‌وه و لێزاننین پهكیاندهكهوێت. سیستمێكی سیاسیش وه‌لائی ڕه‌ها بۆ ویست و ئیراده‌ی نوخبه‌یه‌كی بچوك بیبات به‌ڕێوه كه‌سانێكی ناوێت بتوانن بیربكه‌نه‌وه و ئاسۆی نوێ بۆ بیركردنه‌وه و پراكتیكی سیاسی بدۆزنه‌وه كه بێگومان ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ویست و قازانجی ئه‌و نوخبه باڵاده‌سته‌وه كه وڵاته‌كه‌یان كردوه به دهغیلهیهكی گه‌وره بۆخۆیان. وه‌ك پێشتریش وتم مۆدێلی عه‌ره‌فاتی مۆدێلێكه تیایدا سه‌ركرده تا ده‌مرێت سه‌ركرده‌یه و دوای مردنیشی یان كوڕه‌كه‌ی، یان براكه‌ی، یان ژنه‌كه‌ی، یان مامی، یان خاڵی، یان ئامۆزای، گه‌ر ههرنهبو ناسراوێكی گوێڕایه‌ڵ و نزیكی، وه‌لحاڵ یه‌كێك سه‌ر به‌و دونیا عه‌قڵی و ئهخلاقییهكهی ئه‌و نوخبه داخراوه، ده‌چێته شوێنی تابتوانێت درێژه به‌هه‌مان مۆدێلی سیاسی بدات. له مۆدێلێكی له‌و بابه‌ته‌دا ڕوداوه‌كان داراونهته ده‌ستی كات و ڕۆڵی بیركردنه‌وه و پلان و پێشبینیكردن و خۆئاماده‌كردن بۆ سیناریۆی جیاجیا له نزمترین ئاستدایه.
له‌پاڵ ئه‌و ده‌ستنیشانكردنه گشتییانه‌دا، یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌ت له كوردوستاندا ئه‌وه‌یه كه نه‌بۆته چالاكییه‌كی سه‌ربه‌خۆی ناو كایه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ. نه‌بۆته بوارێك به كۆمه‌ڵێك مه‌رج و داواكاری و خواستی عه‌مه‌لی و فیكری و ئه‌خلاقی تایبه‌ته‌وه. له كوردوستاندا بون به سیاسی، له هه‌ر پله‌یه‌كدا بێت، له سه‌رۆكایه‌تیكردنی شانه‌یه‌كی حیزبییه‌وه بۆ بون به سه‌فیر و به وه‌زیر، له‌وێوه نه‌هاتوه كه ئایا ئه‌و كه‌سه شاره‌زای دونیا و سیاسه‌ت و كێشه و ململانێ ئاڵۆزه‌كانی ناو كوردوستان و ناوچه‌كه و دونیایه، یان نا. له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتوه ئایا كه‌سی ناوبراو توانایه‌كی عه‌قڵی و فیكریی و ڕێكخراوه‌یی تایبه‌تی هه‌یه هه‌لی ئهوهیبداتێ كاری سیاسی بكات یان نا، ئایا هه‌ڵگری هه‌ستێكی عه‌مه‌لی وایه بتوانێت به پراكتیكی سیاسیی قوڵاییه‌كی پێویست و دوربینییهكی چاوه‌ڕوانكراو ببه‌خشێت.
پێوه‌ری سه‌ره‌كی سیاسه‌تكردن له كوردوستاندا هیچ یه‌كێك له‌مانه نییه، توانای ناسینی دونیا و كۆمه‌ڵگا و ناوچه‌كه نییه، توانای ئیداره‌دانی ململانێ و دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه و دوربینانه نییه به‌و كێشانه‌ی كۆمه‌ڵگا ڕوبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه، به‌ڵكو به پله‌ی یه‌كه‌م دڵسۆزی و گوێڕایه‌ڵییه بۆ سه‌رۆكه حیزبییه‌كان، بڕی نزیكی و دورییه له‌و چه‌ند كه‌سه كه‌مه‌وه كه خۆیان به خاوه‌نی حیزب و ده‌وڵه‌ت و وڵاته‌كه ده‌زانن. ئه‌مه دۆخێكی دروستكردوه ئه‌وه‌ی له‌هه‌مان باشتر گه‌مه ناشیرینه‌كانی ناو كایه‌ی سیاسی بزانێت و بیكات، له‌هه‌موان زیاتر بچێته پێشه‌وه. ئه‌وه‌ی له‌هه‌موان گوێڕایه‌ڵتر و بێپرسیارتر و خهواڵوتربێت، له‌هه‌مو ئه‌وانه سهركهوتوتربێت كه فیكر و پرسیار و دید و بۆچونی تایبه‌ت و ڕه‌خنه‌ییان هه‌یه. له مۆدێلێكی سیاسی له‌م بابه‌ته‌دا بێنرخكردنی فیكر و په‌كخستنی بیركردنه‌وه یه‌كێكه له پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان و مانه‌وه‌ی مۆدێله سیاسییه باڵادهستكراوهكه، نه‌ك نوقسانییه‌ك بكرێت به گوێگرتن له‌م ڕۆشنبیر یان له‌و لێزان، به هێنانی ئه‌م یان ئه‌و خه‌بیر پڕبكرێته‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه ئینسان له كوردوستاندا ناتوانێت له خۆیه‌وه ببێت به فیته‌ر، به دارتاش، به به‌رگدرو، كه‌چی هه‌موكه‌سێك ئه‌توانێت ببێت به سیاسی.
سیاسه‌ت له كوردوستاندا تاقه پیشه‌یه‌كه پێویستی به زانین نییه، پێویستی به شاره‌زایی و لێزانین و بیركردنه‌وه نییه. به‌ڵكو پێویستی به ناسینی ئه‌م یان ئه‌و سه‌ركرده و ئه‌م یان ئه‌و به‌رپرسی حیزبی گه‌وره‌یه كه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش له ساده‌ترین تاقیكردنه‌وه‌ی سیاسی‌دا ده‌رناچن. یان ئه‌وه‌نده به‌سه له‌م یان له‌و خێزانی ده‌سه‌ڵاتداردا لهدایكبوبیت بۆئه‌وه‌ی ببیت به سیاسی پله یه‌ك له وڵاته‌كه‌دا. له كوردوستاندا بون به سیاسی ئاسانتره له بون به دارتاش و فیته‌ر و به‌رگدرو، ئه‌م پیشانه پێویستیان به ده‌ستڕه‌نگی و زانین و شاره‌زایی هه‌یه، به‌ڵام سیاسه‌تكردن پێویستی به‌هیچ یه‌كێك له‌وانه نییه.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری پڕ مه‌ترسی سیاسه‌تكردن له كوردوستاندا بریتییه له تێكهڵبونێكی سهرهتانیانهی ئابوری و سیاسه‌ت به‌یه‌كتری. بونی سیاسه‌ت به ده‌رگایه‌ك بۆ چونه ناو دونیای ئابوریی وڵاته‌كه‌وه. هه‌ر سیستمێكی سیاسی بیه‌وێت نرخی سیاسه‌ت و نرخی كۆمه‌ڵگا و نرخی ئیراده و قازانجی گشتی بگرێت و لانی هه‌ره‌كه‌می لێپرسینه‌وه و شه‌فافیه‌ت و به‌رپرسیارێتی تێدابێت و خه‌ڵك وه‌ك بونه‌وه‌ر و هاوڵاتی خاوه‌ن ماف مامه‌ڵه‌بكات، پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ده‌زگاكانی حوكمكردنی له خاوه‌ندارێتی ئابوری وڵاته‌كه جیاكردبێته‌وه. ئه‌مه‌ش له كوردوستاندا مانای ئه‌وه‌ی حیزب به گشتی و سه‌ركرده‌كان به‌تایبه‌تی خاونی ئابوری وڵاته‌كه نه‌بن. جیاوازییه‌ك هه‌بێت له‌نێوان ئه‌و هێزه‌ی كه خاوه‌نی ئابوری وڵاته‌كه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌دا كه ڕۆژانه ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت ئه‌بات به‌ڕێوه و حوكمده‌كات.
له ڕاستیدا خاڵی هه‌ره ترسناكی ئه‌زمونی سیاسی كوردیی له‌وه‌دایه كه سیاسییه‌كان و بازرگانه‌كانی لهیهكجیانهكردۆتهوه. سیاسییه‌كان بازرگانه گه‌وره‌كانی وڵاتن و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی ئابوریی له‌ژێر ده‌ستی هه‌مان گروپدایه. هه‌ر سیستمێكی سیاسی بیه‌وێت لانی هه‌ره‌كه‌می شه‌رعیه‌تی هه‌بێت نابێت ئه‌وانه‌ی كه ئابوریی وڵاته‌كه‌یان له‌ژێرده‌ستدایه، ڕاسته‌وخۆش ده‌زگاكانی حوكمكردنیشیان لهژێردهستدا بێت. ده‌زگاكانی حوكمكردن ده‌بێت خه‌ڵكانێك بیانبهنبهڕێوه جیاوازبن له‌وانه‌ی كاره ئابورییه سه‌ره‌كییه‌كانی وڵاته‌كه ئهنجامئهدهن. واته تۆ نابێت سه‌رۆكی حكومهتبیت و بڕیاره سیاسییه گرنگه‌كانی وڵاته‌كه‌ت له‌ده‌ستدابێت، به‌ڵام له‌ژێریشه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌بێت هه‌مو سهفهقه ئابورییه‌كانیش كۆنترۆڵبكهیت. پێویسته مهقیعه سیاسییه‌كه و مه‌وقیعه ئابوریه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌یه‌كتری دابڕابن. له‌هه‌ر شوێنێكی دونیادا سیستمێكی له‌م بابه‌ته له‌دایكبو ئیدی ڕێگه بۆ هه‌مو شێوازه گه‌نده‌ڵه‌كانی به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات خۆشده‌بێت و حوكمداریكردن له ئه‌نجامدانی كاری مافییانه نزیكده‌بێته‌وه. ئه‌م دۆخی تێكه‌ڵبونه ترسناكه‌یه واده‌كات هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه له گه‌نده‌ڵی له كوردوستاندا دروستنه‌بێت. ئه‌م دۆخه‌یه واده‌كات هیچ شتێك له وڵاته‌كه‌دا له‌شوێنی خۆی نه‌بێت، نه ئابورریهكهی ئابورییه‌كی ڕاسته‌قینه‌بێت و خه‌ڵك بزانێت سه‌روه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی چییه و چی لێده‌كرێت، نه سیاسهتهكهشی چالاكییهكبێت سه‌رقاڵی به‌دیهێنانی قازانجی گشتی و خواسته گشتییه‌كانی خه‌ڵك له‌و وڵاته‌كه‌دا.
ئه‌وانه‌ی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت حوكمی وڵاته‌كه بكه‌ن ده‌بێت خه‌ڵك هه‌ڵیانبژێرێت، ئه‌وانه‌ش كه كارگه‌كان و كه‌رته ئابورییه‌كانیان له‌ژێر ده‌ستدایه با كاسبی خۆیان بكه‌ن. كاتی ئه‌وه‌هاتوه ئه‌وانه‌ی له وڵاتهكدا حوكمده‌كه‌ن له‌وانه جیابكرێنه‌وه كه ئابوری وڵاته‌كه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. ئه‌و هێزه‌ی ئابوریی وڵاته‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات نابێت هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌بن كه سه‌ركردایه‌تی حیزب و حكومه‌ت و له‌شكر و هێزه ئه‌منییه‌كانیان له‌ده‌ستدایه، نابێت ئه‌وانه‌بن له په‌رله‌ماندا یاسا و بڕیاره‌كان ده‌رده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی كه بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی سه‌ندن و بڕی باج ئه‌دات نابێت ئه‌و كه‌سه‌بێت كه خۆی كارخانه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه و پێویسته باجبدات، ئه‌وه‌ی هێزی پۆلیسی له‌به‌رده‌ستدایه، نابێت ئه‌و كه‌سه‌بێت كه كۆنتراكته‌كان دابه‌شده‌كات.
ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م سه‌ره‌تا زانستییه ساده‌یه‌ی چۆنیه‌تی ئیشكردنی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی مۆدێرن له دونیادا، نرخی مه‌وقیعه سیاسییه‌كان له كوردوستاندا به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و په‌یوه‌ندییه‌وه كه ئه‌و مه‌وقیعه به ئابوری وڵاته‌كه‌وه گرێئه‌دات. ئه‌مه‌ش كارێكی كردوه زۆربه‌ی سیاسییه گه‌وره‌كانی كورد له‌یه‌ككاتدا هه‌م سیاسیبن و هه‌م بازرگانه گه‌وره‌كانی وڵات. له‌هه‌ر شوێنێكیشدا نوخبه‌ی سیاسی و نوخبه‌ی ئابوری بون به‌یه‌ك، له‌وێدا به‌شێكی گه‌وره‌ی سیاسه‌تكردن كوردتدهبێتهوه بۆ دزی و گه‌نده‌ڵی و چالاكی مافیاویی و نیمچه مافیاوی ترسناك. هه‌ر مۆدێلێكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بڕیاره ئابورییه‌كان و بڕیاره سیاسییه‌كانی خسته ناو ده‌ستی هه‌مان نوخبه‌ی سیاسییه‌وه، به حه‌تمی ده‌بێت به سیستمێكی گه‌نده‌ڵ. به‌شێكی گه‌وره‌ی كێشه‌كانی كوردوستان و بونی ئه‌و هه‌مو نهێنیكاریی و گهندهڵیشاردنهوهیه وابه‌سته‌ی ئه‌م تێكه‌ڵبونه سهرهتانیانهی ئابوریی و سیاسه‌ته به‌یه‌كتری.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی ئه‌و مۆدێله سیاسییه‌ی له كوردوستاندا هه‌یه بریتییه له بیرنه‌كردنه‌وه و نه‌ناسینی مه‌سه‌له ستراتیژی و گرنگه‌كانی وڵاته‌كه. له‌وه دڵنیام زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری سیاسییه‌كانی كورد نازانن كێشه ستراتیژییه‌كانی میلله‌تی ئێمه كامانه‌ن، ئه‌وله‌ویاتی سیاسی وڵاته‌كه چییه و شێوازی به‌ره‌نگاربونه‌وه و پلاندانان بۆ ئه‌و كێشه ستراتیژیانه چۆنن و پێویستیان به‌چییه. به‌شی هه‌ره‌زۆری سیاسییه‌كانی كورد له‌ڕوی سیاسییه‌وه نه‌خوێنده‌وارن، خه‌ڵكانێكن ڕه‌نگه پێشمه‌رگه‌ی ئازا و قاره‌مان بوبن، كوردی دڵسۆز و جه‌ربه‌زه بوبن، به‌ڵام سیاسه‌تكردن به قاره‌مانێتی ناكرێت. سیاسه‌ت زانسته و لێزانینی پێویستی به تێگه‌یشتن له كۆمه‌ڵگا و ئینسان و دونیا هه‌یه. وه‌كچۆن كه‌سێك له خۆیه‌وه به‌بێ زانستی ئه‌ندازیاری نابێت به ئه‌ندازیار، ئاوا كه‌سیش له‌خۆیه‌وه نابێت به سیاسی. سیاسییه‌ك بتوانێت بیربكاته‌وه و ئیشبكات پێویسته توانایه‌كی فیكری باش و هه‌ستێكی عه‌مه‌لی گرنگی هه‌بێت و زه‌خیره‌یه‌كی عه‌قڵی و فیكری واپێبێت بتوانێت به‌هۆیانه‌وه له دونیا و كۆمه‌ڵگا و هاوكێشه و ئاڵۆزییه‌كان تێبگات. ئه‌گه‌رچی مێژوی هاوچه‌رخی ئێمه به پله‌ی یه‌كه‌م مێژوییه‌كی سیاسیه، به‌ڵام تا ئێستا سیاسه‌ت له دونیای ئێمه‌دا نه‌بۆته مه‌قوله‌یه‌كی فیكری و ڕۆشنبیریی. شتێكمان نییه پێیبڵێین فیكری سیاسی له كوردوستاندا به مانا زانستی و تیورییه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی. فیكری سیاسی لای ئێمه زیاتر له هه‌ڵگرتن و به‌رزكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك دروشم‌دا به‌رجه‌سته‌بوه، له دوباره‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ڕسته‌ی سواوی پڕ زه‌خره‌فه و كڵێشهییدا، نه‌ك له توانای شیكردنه‌وه‌ی زانستی ململانێ و هاوكێشه و به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌كان و دروستكردن و پێشنیاركردنی پلان و به‌رنامه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه.
ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت مانای به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا و ئیداره‌دانی ململانێ و هێمنكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان و ڕێخۆشكردنبێت بۆ وه‌دیهێنانی چاوه‌ڕوانییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و فه‌رهه‌نگییه‌كانی خه‌ڵك، ئه‌وا ده‌بوایه فیكری سیاسی له دونیای ئێمه‌دا له‌سه‌ر هه‌ریه‌كێك له‌و لایه‌نانه قسه و باسێكی زۆری هه‌بوایه. له فیكری سیاسی كوردیدا تا ئه‌مڕۆش تێڕوانینێكی زۆر ساده و ساكار بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌یه كه له سنوری كۆمه‌ڵێك خێڵ و عه‌شیره‌تدا تهسكیدهكاتهوه. ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش وه‌ك ئیراده‌ی كۆمه‌ڵێك سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و خێڵ و سه‌ركرده‌ی دینی ده‌بینێت. له كاتێكدا كۆمه‌ڵگای ئێمه له دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هێجگار ئاڵۆزدا ده‌ژی، پێیه‌كی له‌ناو شار و گونده‌كانی كوردوستاندایه و پێیه‌كی تری له‌ناو ئه‌و كۆچبه‌ره كوردانهدایه كه به‌دونیادا بڵاوبونه‌ته‌وه و تا ئێستاش خۆیان به خه‌ڵكی كوردوستان و به‌به‌شێك له كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌زانن. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌وه‌یه فیكری سیاسی له كوردوستاندا فیكرێكی دروشمپهرسته، له‌سه‌ر ئینشا و كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی سواو و ده‌سته‌واژه‌ی مردو ده‌ژی. فیكرێك نییه و نه‌بوه له‌سه‌ر چهمهكهكانی ده‌وڵه‌ت، كۆمه‌ڵگا، ماف، هاوڵاتیبون، ده‌سه‌ڵات و ئێستا و ئاینده هتد.. قسه‌بكات.
له‌ڕاستیدا هه‌ر خودی ئه‌م دۆخه‌شه وایكردوه سیاسه‌تكردن له كوردوستاندا شتێكبێت هه‌مو كه‌سێك بتوانێت بیكات، له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكی نه‌خوێنده‌واره‌وه بۆ كه‌سێكی نیمچه خوێنده‌وار كه ئازایه‌تی یان دڵسۆزی یان هه‌ر سیفه‌تێكی ئینسانی تر، به‌ڵام ناسیاسی تێدایه. به‌بۆچونی من ئه‌م دۆخه‌شیان دیسانه‌وه وابه‌سته‌ی ئه‌و مۆدێله عهرهفاتییهی سیاسه‌تكردنه كه له كوردوستاندا باڵاده‌سته. وه‌ك وتم سیاسه‌تكردن له‌م مۆدێله‌دا فیكر و زانست و زانین نایبات به‌ڕێوه، به‌ڵكو ده‌سكه‌وت و مه‌سڵه‌حه‌ت و قازانجی كاتی كهمخایهنی نوخبه‌یه‌كی سیاسی بچوك و تاریك ئاراسته‌ی ده‌كات. بێگومان من ناڵێم ئه‌وانه‌ی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن ده‌بێت هه‌مویان دكتۆرایان له سیاسه‌تدا هه‌بێت، به‌ڵام نه‌بونی فیكرێكی سیاسی پێگه‌یشتو ئه‌و دۆخه كۆمیدییه‌ی له كوردوستاندا دروستكردوه كه هه‌مو كه‌سێك بتوانێت ببێت به سیاسی. سهركردایی هێزه سیاسییه باڵاده‌سته‌كانی كوردوستان ئینسانی وای تێدایه له كوردوستاندا نه‌بێت له هیچ شوێنێكی تری دونیادا ئیشێكی ساده‌شی ده‌ستناكه‌وێت، چ جای ڕێگه‌دانان بۆ میله‌تێك و پلاندانان بۆ ئایندهی.
* مێژوی سیاسه‌تی هاوچه‌رخی كورد لێورێژه له كۆمه‌ڵه‌و حزب‌و گروپی سیاسی جیا جیا، لێره‌وه پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و هێزانه له بواری سیاسییه‌وه تا چه‌ند رۆڵیان هه‌بوه له دروستكردنی سیاسهتو گوتاری سیاسیی ئێمه‌دا؟
مه‌ریوان وریا قانع: وه‌ك گوتم گوتاری سیاسی ئێمه نه‌ك ته‌نها گوتارێكی بێفیكر و بێتیۆره و بێزانسته، به‌ڵكو گوتارێكه به مانا ته‌قلیدییه‌كانی سیاسه‌ته‌وه له دونیای ئاڵۆزی ئه‌مڕۆدا ئاماده‌یه. له‌كاتێكدا چه‌مكی هه‌ره سه‌ره‌كی ئه‌م گوتاره نه‌ته‌وه و خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگای كوردییه، له‌هه‌مانكاتدا سیاسییه‌كان نه‌ته‌وه و خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگای وه‌ك ڕه‌عیه‌تێكی گوێڕایه‌ڵ مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن. ئه‌و گوتاره سیاسییه‌ی له كوردوستاندا باڵاده‌سته گوتاری كۆمه‌ڵێك هێزه كه ئه‌مه كاراكته‌ره سهرهكییهكهیانه.
جگه له‌م ڕوكاره پڕ كێشه‌یه، گوتاری سیاسی ئه‌م هێزانه له‌وه تێنه‌په‌ڕیوه داوای هه‌ندێك مافی سیاسی و كولتوری بكات به‌ڵام به‌بێ بونی هیچ ئه‌زمون و ته‌نانه‌ت وێناكرنێكی ته‌ندروست بۆ چۆنیه‌تی ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت. ئه‌وه‌شی مایه‌ی سه‌رسوڕمانه زۆرجاریش نه‌زانراوه داوكارییه هه‌ره ساده‌كانی شۆڕش و یاخیبونهكانی كورد له فۆرمی پرۆژه‌یه‌كی سیاسی كۆگیر و تۆكمه‌دا دابڕێژرێن. موناقه‌شه گه‌وره‌كانی ناو ئه‌م فیكره بریتیبوه له‌وه‌ی ئایا ئێمه به ئۆتۆنۆمی ڕازیبین یان له ئۆتۆنۆمی زیاترمان بوێت؟ ئایا ئه‌و حیزبانه‌ی دروستیاندهكهین حیزبی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردوستانبن كه تیایاندا دامه‌زراوه، یان هی هه‌مو كوردوستان؟ ئایا به چه‌ند وه‌زیر له حكومه‌تی ناوه‌ندیدا ڕازیبین؟ له‌هیچ ساته‌وه‌ختێكی مێژوی سیاسی ئێمه‌دا پرسیاره سیاسییه‌كانی ئه‌م هێزانه له‌م پرسیاره ساده و سه‌ره‌تاییانه تێپهڕینهكردوه، وه‌ڵامدانه‌وه‌شیان بۆ ئه‌م پرسیارانه‌ش وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی دروشمئامێزی سادهبوه. بۆیه گوتاری سیاسی ئێمه گوتارێكی تابڵێی ساده و كه‌مخوێنه، ئه‌وه‌شی دروستیكردوه ئه‌و حیزب و گروپ و ڕۆشنبیرانهبون كه له‌پاڵ ئه‌م حیزبانه‌دا گه‌وره‌بون و كاریانكردوه. بێگومان یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كانی كورد له‌وه‌دایه كه خوێنده‌واری گه‌وره‌ی نه‌بوه، ئه‌و به‌شه كه‌مه‌شی كه هه‌بوه زۆربه‌یان یان له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌كاندا بون، یان له‌ناو حیزبه‌كاندا سه‌رقاڵی ئیشه ڕۆژانه‌ییه‌كانی شۆڕش و ڕێكخستنی خه‌ڵك و ئه‌نجامدانی كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بون.
ئه‌مه‌ش وایردوه خوێنده‌واره باشه‌كانی كورد نه‌توانن فیكرێكی سیاسی ده‌وڵه‌مه‌ند و قوڵ به‌رهه‌مبهێنن و ئه‌و چه‌مك و تێڕوانین و تیوره سیاسییانه‌ی كه هه‌ن له‌گه‌ڵ واقیعی سیاسی ئێمه‌دا بگونجێنن . له‌مه‌ش بترازێت به ده‌گمه‌ن نه‌بێت سیاسییه‌كی كورد نادۆزینه‌وه خۆی به یه‌كێك له ڕۆشنبیره هه‌ره گه‌وره‌كانی كورد نه‌زانێت و پێیوانه‌بێت خۆی له‌سه‌رجه‌م خوێندهورانی كورد خوێنده‌وارتره.
* ئێوه پێتان وایه بۆچی كورد له‌م قۆناغه‌ی ئێستاداو له‌و ژێر چه‌تری ئه‌و چانسانهی كه بۆی دێته پێش ناتوانێت سیاسه‌تێكی جدی به‌رجه‌سته بكاته‌وه؟ به‌بۆچونی ئێوه سیاسه‌تی ئێستامان تا چه‌ند په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئێمه نه‌ته‌وه‌ییه‌كی بی ئێرادهینو كه‌سایه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی تێكشكاومان هه‌یه؟
مه‌ریوان وریا قانع: ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێئیراده نین و كه‌سایه‌تی ئینسانی ئێمه‌ش كه‌سایه‌تیه‌كی تێكشكاو نییه. ئه‌م تێزه تێزێكی زۆر سه‌قه‌ت و ناڕاست و له ڕاستیشدا نابه‌رپرسیاره. ڕاسته ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ سیاسی شاره‌زا و لێزان و به‌رپرسیار و دڵسۆزین، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێئیراده نین و نه‌بوین. مێژوی سیاسی ئێمه مێژوی قوربانیدانێكی گه‌وره و هه‌مه‌لایه‌نه، ناسیۆنالیزمی كوردی به‌درێژایی مێژوی خۆی هه‌رگیز له مردن كه‌متری له خه‌ڵكی كوردوستان داوانهكردوه و خه‌ڵكیش به‌به‌رده‌وام ئاماده‌گی خۆیان بۆ مردن نیشانداوه و گه‌مه‌یان به ژیان و ڕۆحی خۆیان كردوه.
نه‌بونی جدیه‌ت له سیاسه‌تی كوردیدا په‌یوه‌ندی به بێئیراده‌یی و تێكشكانی كه‌سایه‌تی ئینسان یان كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به پێكهاتی ئه‌و نوخبه سیاسییه باڵاده‌سته‌وه هه‌یه كه له په‌نجا ساڵی ڕابردودا له كوردستاندا سیاسه‌ت كردوه. به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌م نوخبه‌یه نوخبه‌یه‌كی نه‌خوێنده‌وار و بێئاگابوه له دونیا. من لێره‌دا ده‌مه‌وێت ته‌نها كه‌مێك له‌سه‌ر دونیای دوای ڕاپه‌ڕین ڕاوه‌ستم. به‌بۆچونی من دونیای دوای ڕاپه‌ڕین نیشانیداین سیاسییه‌كانی ئێمه چ بونه‌وه‌رێكی نابه‌رپرسیار و سه‌رلێشێواو و خۆپه‌رستن. بێگومان هه‌مو ئینسانێك بڕێك له خودئه‌ڤینی و خۆبه‌ڕاستزانی تێدایه، به‌ڵام ئه‌م شتانه له‌ناو سیاسییه‌كانی كورد به‌ڕاده‌یه‌كی ترسناك گه‌وره‌یه. له‌مه‌ش بترازێت نوخبه‌ی سیاسی باڵاده‌ست له وڵاته‌كه‌دا چه‌نده‌هاجار نیشانیانداین چه‌ند له‌سه‌رپێ و ئاماده‌ن بۆ وێرانكردنی هه‌موشتێك كه ناوی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و قازانجی گشتی و به‌رپرسیاریه‌تی سیاسی و ئهخلاقیبێت.
زۆربه‌ی كات سیاسه‌ت له كوردوستاندا دوشت ده‌یبات به‌ڕێوه، ڕق و هه‌ستكردن خۆبینن وه‌ك ئه‌وه‌ی تاقه هێزێكی مافی حوكمكردن و به‌ڕێوه‌بردنت هه‌بێت. ڕق ڕۆڵێكی هێجگار گه‌وره‌ی له سیاسه‌تی كوردیدا بینیوه، ڕه‌نگه سیاسیترن وشه له دونیای ئێمه‌دا وشه‌ی ڕق بێت. ڕق له ئه‌زمونی كوردیدا تا ئه‌و شوێنه ڕۆیشتوه ههرمو سنوره ئه‌خلاقی و سیاسی و ویژدانییه‌كان بیشكێنێت ته‌نها له‌پێناوی زیانگه‌یاندن به به‌رامبه‌ره سیاسییه نهیارهكهیدا. ساڵانی نه‌وه‌د ئه‌م ڕقه به‌چه‌نده‌ها شێوه‌ی تۆقێنه‌ر ته‌عبیری لهخۆیكرد. ناوه‌ندی سیاسی ئێمه ناوه‌ندێكه به ئاسانی ڕقی سیاسی ده‌گۆڕێت بۆ توندتیژی سیاسی. درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی كه هێزه كوردییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدا لهشهڕادبون، كه‌متر نییه له درێژی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته مهركهزییهكاندا لهشهڕدابون. ئه‌م دۆخه نه‌ك ته‌نها خوێنێكی زۆری كوردی به ده‌ستی كورد ڕژاندوه، به‌ڵكو جۆرێكی كوشنده‌ی له نائومێدی سیاسیش دروستكردوه كه په‌یوه‌ندی به ئیراده و كاراكته‌ری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه نییه، به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی ئه‌و كاراكته‌ره‌یه كه نوخبه‌ی سیاسی باڵاده‌ست له وڵاته‌كه‌دا هه‌ڵگریه‌تی. میله‌تی ئێمه میله‌تێكی بێئیراده نییه، ئه‌و هه‌مو شه‌هید و گیراو و زیندانیانه‌ی له مێژوی ئێمه‌دا هه‌یه، ڕاپه‌ڕین خۆی كه هه‌مو ماوه‌یه‌كی كورته لهپشتمانهوهیه، ئه‌و ڕاستییه ئه‌سه‌لمێنێت كه میلله‌تی ئێمه میله‌تێكی بێئیراده نییه. میله‌تی ئێمه میله‌تێكی نائومێده، میلهێكی زۆر نائومێدیش، ده‌كرێت بڵێم نائومێدترین میله‌ته له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وه‌شی له‌م نائومێدییه به‌رپرسیاره سیاسه‌تمه‌دارانی كوردن، ئه‌و نوخبه‌یه‌ن وه‌ك وتم سیاسه‌تكردن و بازرگانیكردنیان به‌یه‌كدی تێكه‌ڵكردوه.
بێگومان من پۆپۆلیست نیم و له‌خۆمه‌وه به‌رگری له خه‌ڵك یان له میله‌ت بگرم، به‌ڵام كه‌موكوڕیه‌كانی سیاسییه‌كانی كورد زۆر له كه‌موكوڕییه‌كانی میله‌ته‌كه گه‌وره‌تره. وه‌ك وتم سه‌ركردایه‌تی هێزه سیاسییه‌كانی كوردوستان كه‌سانی وایان تێدایه كه له زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی كوردوستان نه‌خوێنده‌وارتر و داماوتر و نه‌زانتره.
* به‌و سیاسهتو ئێراده نه‌ته‌وه‌ییه‌ی ئێستا هه‌مانه، چۆن ده‌توانین له‌و دۆخه ئاڵۆزه‌دا یاریی بكهنو دهسكهوتهكانیشمان مسۆگه‌ر بكه‌ین؟
مه‌ریوان وریا قانع: به‌بۆچونی من ئه‌و پێكهاته سیاسییه‌ی ئه‌مڕۆكه له ئارادایه و ئه‌و شێوازی ئیداره‌دان و مۆدێلی ده‌سه‌ڵاته‌ش كه له كوردوستاندا سه‌روه‌ره ناتوانێت هیچ ده‌سكه‌وتێك له ده‌سكه‌وته‌كانی كورد بپارێزێت. ئه‌و مۆدێلی ده‌سه‌ڵاته گه‌ر گۆڕانی گه‌وره و ڕیشه‌یی بهسهردانهیهت ناتوانێت خۆشی له‌به‌رده‌م توڕه‌یی و بێزاریی خه‌ڵكی كوردوستاندا بپارێزێت. كوردوستان له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه بۆته وڵاتێك كه له‌هیچ ئاستێكدا ناتوانێت خۆی خۆی به‌خێوكات، به‌دیوی ئه‌ودیودا ئه‌و نوخبه سیاسییه‌ی كه وڵاته‌كه ده‌بات به‌ڕێوه مۆدێلێك له ژیانی بۆخی دروستكردوه كه له مۆدێلی ژیانی نوخبه هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی جیهان ده‌چێت. ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ كێشه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی له ته‌قینه‌وه پاراستوه بونی ئه‌و پاره زۆره‌یه كه دێته كوردوستانه‌وه. ئه‌م پاره‌یه‌ش وابه‌سته‌ی نرخی گه‌وره‌ی بۆشكه نه‌وته‌كان بو له بازاڕه‌كانی جیهاندا. له‌گه‌ڵ داشكانی نرخی نه‌وتدا كۆمه‌ڵگای ئێمه ڕوبه‌ڕوی كێشه و قه‌یرانی هێجگار گه‌وره و ترسناك ده‌بێته‌وه.
به مانایه‌كی دیكه ئه‌و مۆدێله‌ی ده‌سه‌ڵات له كوردوستاندا باڵادهستكراوه به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك وابه‌سته‌ی چه‌نده‌ها فاكته‌ری ده‌ره‌كییه كه كۆنترۆڵكردنی لانی هه‌ره‌كه‌می له‌ژێر ده‌ستی خۆیدا نییه. هه‌مو تێكچونێكی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدادا كێشه‌ی هێجگار گه‌وره بۆ كوردوستان دروستده‌كات. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌وه‌یه كه به‌و مۆدێلی ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌مڕۆكه ئاماده‌یه، نه‌ك زه‌حمه‌ته هیچ ده‌سكه‌وتێكی قابیلی مانه‌وه و باوه‌ڕپێكراو به‌ده‌ستبهێنین، به‌ڵكو ئه‌وه‌شی كه ئه‌مڕۆ وه‌ك ده‌سكه‌وت ده‌بینرێت، ده‌كرێت ڕوبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاستهقینهببێتهوه.
جگه له‌مانه پاراستنی ده‌سكه‌وته سیاسییه‌كان به‌و پێكهاته تایبه‌ته‌ی ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردیی ناپارێزرێت. وه‌ك وتم ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی سیاسییه‌كانی كورد خه‌ڵكانێكی هێجگار نه‌خوێنده‌وار و بێ‌ئاگان له دونیا، به‌شێكی زۆریشیان ئه‌و وزه و توانا جه‌سته‌یی و ڕۆحییه‌یان تێدانه‌ماوه كه سیاسه‌تكردن له‌و واقیعه سه‌خته‌دا پێویستی پێیه‌تی، بڕێكی دیكه‌شیان ساده‌ترین هه‌ستیان بهبهرپرسیاریهت لهلانهماوه. واقیعی سیاسی ئێمه پێویستی به ڕیفۆرمێكردنێكی به‌رفراوانه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ئه‌م واقیعه پێویستی به دروستبونی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاسته‌قینه هه‌یه و پێویستی به ڕزگاركردنی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا هه‌یه له‌و پرۆسه‌ی به حیزبیكردنه تۆقێنه‌ره‌ی له‌هه‌مو ئاسته‌كاندا ئاماده‌یه. جیاكردنه‌وه‌ی نوخبه‌ی سیاسی و نوخبه‌ی ئابوری له‌یه‌كدی هه‌نگاوێكی هێجگار سه‌ره‌كی و گرنگی ڕیفۆرمكردنی ئه‌و سیستمه‌یه. ڕێكخستنه‌وه‌ی كایه‌ی سیاسی له كوردوستاندا له‌سه‌ر بنه‌مای زانین و توانا و دونیاناسی هه‌نگاوێكی دیكه‌یه.
جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌یه‌كدی و به‌رگرتن له به‌فیڕۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه له پرۆژه‌ی ئابوریی نوخبه‌ویی بێمانادا كه قازانجه‌كانی بچێته‌وه گیرفانی هه‌مان ئه‌و نوخبه سیاسییه‌ی كه بڕیار له‌سه‌ر بون و جێبه‌جێكردنیان ئه‌دات، هه‌نگاوێكی دیكه‌یه. من تا ئێستا چه‌ندجارێكی دیكه‌ش گوتومه هێزی میله‌تی ئێمه له هێزی مانا ئه‌خلاقی و ویژدانیی و ئینسانییهكانی مه‌سه‌له سیاسیی و ئینسانییهكهیدایه، وێنه‌ی ئێمه له ویژدانی ده‌ره‌وه‌دا وێنه‌ی ئه قوربانییه خاوه‌ن ئیراده‌یه‌یه كه به‌درێژایی سه‌ده‌ی بسیتهم بۆ ئازادی جه‌نگاوه. دۆڕاندنی ئه‌م وێنه‌یه دۆڕاندنی ئه‌و تاقه هێزه‌یه كه هه‌مانه. كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌ی له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه له كوردوستاندا دروستبوه، ئه‌م وێنه‌یه‌ی نه‌ك ته‌نها بریندار و لاوازكردوه، به‌ڵكو خه‌ریكه به‌ته‌واوی وێرانیشیدهكات. هه‌مو تێكچونێكی ئه‌م وێنه‌یه میلله‌تی ئێمه له كاره‌ساتی دیكه نزیك ده‌كاته‌وه.