جیاكردنه‌وه‌ی دارایی حیزب له حكومه‌ت
ده‌سپێك:
زۆرینه‌ی ئه‌م بیروڕایانه‌ی له‌م نوسینه‌دا سه‌باره‌ت گۆڕانكاری و چاكسازی هاتون، له‌سه‌ره‌تای ده‌س بهكاربونمهوه وه‌ك وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو له كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێم پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌ڕێز و هه‌ردو به‌ڕێز سه‌رۆك و جێگری ئهنجومهنم كردوه. پڕۆژه‌كه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لال بۆ جیاكردنه‌وه‌ی حیزب و حكومه‌ت هانده‌رم بون به‌م نوسراوه پێشكه‌شی خوێنه‌رانی خۆشه‌ویستی بكه‌م.
ئه‌زمونی دوای راپه‌رین:
هه‌تا راپه‌ڕینی 1991 سه‌رچاوه‌ی داهاتی حیزبه سیاسیه‌كان و شۆڕشی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان هێنده دیاریكراو و سنوردار بون، كه رای گشتی ناوخۆی كوردستان و ده‌ره‌وه بایه‌خی ئه‌وتۆیان به چۆنێتی و چه‌ندایه‌تی داهات و خه‌رجی یه گشتی یه‌كان نه‌ده‌دا. گه‌نده‌ڵی نه‌بو بو به بابه‌تێكی سه‌ره‌كی. گفتوگۆی گشتی له‌سه‌ر بابه‌ته ئایدۆلۆژی و سیاسی یه‌كان بو. ژیانی سه‌ركرده ولێپرسراوان جیاوازی یه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ تێكڕای پێشمه‌رگه و جهماوهرنهبو. گه‌لی كوردستان و كوردانی دیاسپۆرا به گشتی پشتیوان و كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی حیزبه سیاسیه‌كان و خه‌باته رزگاریخوازی یه ره‌واكانیان بون بۆ رزگار كردنی كوردستان و دامه‌زراندنی دهسهلاَتێكی كوردستانی تیایدا (به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی مافی چاره‌نوس) كه خه‌ون و چاوه‌ڕوانی جه‌ماوه‌ر بۆ چۆنیه‌تی سیسته‌می حكومڕانی یه‌كه، لانی كه‌م زۆر بالاَتر بو له رژێمه‌كانی ده‌وروپشت. وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا سیسته‌مێكی دیموكراسی په‌رله‌مانی، به‌جیاكردنه‌وه‌ی دهسهلاَتهكانهوه دروست بێت كه لانی كه‌می عه‌داله‌تی كۆمهلاَیهتی بێنێته دی. پلوڕالیزم نه‌ك سیستمی تاك حیزبی و دو حیزبی به‌ر قه‌رار بێت. بازاڕی ئازاد وه‌ك یه‌كێك له بنه‌ماكانی جیهانگیری به چاودێری پۆزه‌تیڤانه‌ی دهسهلاَت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێته كایه. رێكخراوی دیموكراسی و میدیا و تاكی ئازاد رۆڵی دیاریان هه‌بێت بۆ قوڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌زمونی دیموكراسی و شه‌فاف كردنی حوكمڕانی و...هتد.
پاش راپه‌ڕین سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كان له‌به‌ر فراوان بونی روبه‌ره رزگاركراوه‌كان زۆر زیادی كرد. داهاتی گومرگه‌كان و كارگه‌و فه‌رمانگه‌كان و كۆمه‌كی ولاَتان له هه‌ڵكشاندا بون. پاش روخانی رزێمی پێشوش داهاتی هه‌رێم له عێراقه‌وه به بازدان زیادی كرد. جیاوازی له نێوان ئاستی ژیانی لێَپرسراوان و جه‌ماوه‌ر ورده ورده فراوان بو. ئه‌مه‌ش قسه‌و باسێكی نوێی هێنایه كایه له‌سه‌ر داهات و خه‌رجییه گشتی و حیزبی و تایبه‌تیه‌كان.
هه‌رچه‌نده هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 1992 دامه‌زراندنی كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی لێ كه‌وته‌وه، بهلاَم به‌هۆی نه‌بونی كلتوری دیموكراسی، كلتوری حوكمڕانی و به‌شداری نه‌كردنی كه‌سی یه‌كه‌می هه‌ردو حیزبی سه‌ره‌كی له ده‌زگا ده‌ستوریه‌كاندا، حیزبی وه‌ك دهسهلاَتی یه‌كه‌م له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ت هێشته‌وه. ململانێی دهسهلاَت له نێوان هه‌ردو حیزب‌دا به رۆڵی نێگه‌تیڤی ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌مان، شه‌ڕی ناوخۆ و دابه‌ش بونی هه‌رێمی كوردستانی لێكهوتهوه. كه هێنده‌ی تر سیستمی تاك حیزبی چه‌سپاند و حكومه‌ت و حیزبی به‌شێوه‌یه‌ك تێكه‌ڵ كرد كه ئێستا جیاكردنه‌وه‌یان ئه‌ركێكی ئاسان نه‌بێت.
جیهانبینی و كلتور:
ئێستا كه‌سی یه‌كه‌م و دوهه‌م و كه‌سه به‌هێزه‌كانی هه‌ردو حیزب سه‌ركردایه‌تی ده‌زگا ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێم و عێراق ده‌كه‌ن. له‌هه‌مان كاتدا رابه‌رایه‌تی و سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كانیشیان ده‌كه‌ن. واته هه‌مو دهسهلاَتێكیان له حكومه‌ت و حیزبیشدا هه‌یه هه‌تا به گوێره‌ی دید و جیهانبینی خۆیان ئاراسته‌یان بكه‌ن. له ده‌وڵه‌ت و سیستمه شمولی یه كاندا تاك – گروپ – حیزب كۆنتڕۆڵی هه‌مو دهسهلاَتهكان ده‌كات. جیاكردنه‌وه و دابه‌ش كردن و شه‌فاف كردنی دهسهلاَت له باوه‌ڕ و به‌رژه‌وه‌ندییان دا نیه، بۆیه نه خۆیان گۆڕانكاری ده‌كه‌ن و نه رێگه به سه‌ركه‌وتنی هیچ هه‌وڵێكی چاكسازیش ده‌ده‌ن.
له‌كوردستان پارتی و یه‌كێتی دو حیزبی سه‌ره‌كی خاوه‌ن شه‌هید و جه‌ماوه‌ر و دهسهلاَتن. خاڵی هاوبه‌شیان زۆره كه كراوه‌ته بناغه‌ی پێكه‌وه حوكمڕانیكردنیان له كوردستان و به‌شداری له دروستكردنه‌وه و به‌ڕێوه‌بردنی عێراقی دوای صدام دا.
ده‌كرێت ئه‌م خاڵه هاوبه‌شانه بناغه‌یه‌كی زۆر به هێزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بن بۆ سه‌قامگیركردنی دهسهلاَتی هه‌رێمی كوردستان و فراوانكردنی هه‌تا هه‌مو كوردستانی عێراق بگرێته‌وه. ئه‌رك و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مو حیزب و تاكێكی كوردستانیشه پشتیوانی سه‌رخستنی ئه‌م رێبازه بكه‌ن.
هه‌رچه‌نده وه‌كو جیهانبینی و رێبازی فیكری و میتۆد‌و ستراكتۆری كۆمهلاَیهتی – ئابوری هه‌ندێك جیاوازی له نێوان هه‌ردو لادا هه‌یه به‌لام له پراكتیكدا به‌شێكی زۆر له خه‌ون و پلان و به‌رنامه‌كانی پێش راپه‌ڕینی هه‌ردولا له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی دهسهلاَت و گه‌وره‌بونی دهسهلاَتدا نه‌هێنرانه دی. پێویستی له راده به‌ده‌ری پارێزگاری له هاوپه‌یمانی یه‌كێتی وپارتی له‌سه‌ر پرسه كوردستانی یه‌كان، هه‌ندێ سازش و پێكه‌وه گونجانی له‌سه‌ر سیستمی حوكمڕانی سه‌پاندوه كه به زه‌روره‌ت ده‌ربڕی به‌رنامه‌ی ههرلایهكیلن نیه و كاریگه‌ری نێگه‌تیڤیشی له‌سه‌ر دیموكراسی هه‌یه. هه‌ربۆیه هه‌ر هه‌وڵێك بۆ چاكسازی بنه‌ڕه‌تی لای هه‌ر كامێكیان یان لایه‌نێكی تره‌وه به‌ره‌و روی دو هه‌ڕه‌شه‌ی جدی ده‌بێته‌وه:
یه‌كه‌میان:
هاوپه‌یمانی ستراتیژی نێوان هه‌ردو حیزب له‌م قۆناغه‌دا بپارێزرێت كه بناغه‌ی پارێزگاری هه‌مو ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستانه.هه‌تا ده‌سكه‌وته‌كان به ته‌واوی جێُگیر و فراوان ده‌بن و له خه‌م ده‌ڕه‌خسێن
دوه‌میان:
هه‌ڕه‌شه له بونیاد‌و تایبه‌تێتی هیچ لایه‌كیشیان نه‌كات، هه‌تا فرسه‌تی وه‌رگرتن و جێ به جێ كردنی هه‌بێت.
له‌م باره‌یه‌وه ئه‌زمونی شكستی دهسپێشكهرییه تاك لایه‌نی یه‌كان له ده‌سپێكی شه‌ڕی ناوخۆی 1994 وه بۆ راوه‌ستانی شه‌ڕو و هه‌ر چاكسازییه‌ك وانه‌یه‌كی باشه كه سودی لێ وه‌ربگیرێت.
گه‌شه‌پێدانی حیزب:
حیزب ئامرازێكی گرنگی خه‌مڵاندنی كوَمهڵگه و ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی ته‌ندروسته و روَلێكی هه‌ره گرنگی هه‌یه له گه‌مه دیموَكراسیهكان و له به‌رهه‌مهێنانی تاكه چالاكه‌كانی سه‌ر پانتایی سیاسه‌ت. بینینی (رویای) حیزب بۆ ئێستا و داهاتو له هه‌مو رویه‌كی ئابوری-سیاسی-كۆمه‌لایه‌تی- فه‌رهه‌نگییه‌وه بناغه‌ی كاكردنێتی كاتێك له حكومه‌تدا بێت یان له ئۆپۆزیسیۆن. ساغكردنه‌وه‌ی بینین و دیاری كردنی جیاوازیی بینین له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی تر ناوه‌ڕۆكی ستراتیژ| و پلان و به‌رنامه دیاری ده‌كه‌ن. بۆیه پێویستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه له هه‌ر باس و خواسێكی چاكسازیدا ده‌بێ باس له چاكسازی حیزبه‌كانیش بكرێت.
هه‌تا ئێستا گه‌شه‌پێدانێكی ئه‌وتۆ له حیزبه‌كانی كوردستاندا روی نه‌داوه به به‌راورد به‌كاتی دروست بون و ده‌س بهكاروشۆڕش كردنیان، ره‌نگه له هه‌ندێ رووه‌وه دیارده‌ی پێچه‌وانه‌ش هه‌بێت. زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی له نه‌وه‌ی یه‌كه‌م و قۆناغی شۆڕش و شه‌ڕی ناوخۆن.
په‌یڕه‌وی ناوخۆ – به‌رنامه، پێویستیان به نوێكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامه، لانی كه‌م پێویستیان به جێ به جێ كردنه وه‌ك ئه‌وه‌ی نوسراوه!
- باوه‌ڕ بون به فره حیزبی نه‌ك تاك حیزبی و پارتی پێشڕه‌و هه روهها باوه‌ڕبون به په‌سه‌ند كردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبزاردن و بونه ئۆپۆزیسیۆن كۆڵه‌كه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی دیموكراسی بونی حیزبه‌كانه.
- پلنییۆم و كۆنگره پێویسته به به‌رده‌وامی و وه‌ك له په‌یڕه‌ودا هاتوه له‌كاتی خۆیدا ببه‌سترێت.
- سه‌ركردایه‌تی پێویسته نوێبكرێته‌وه‌و به‌ده‌وری له كۆنگره بهردهوامهكاندا گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت. بۆ مسۆگه‌ركردنی ئه‌مه‌ش له په‌یڕه‌ودا مافی هه‌ر كه‌سه به 2-3 ده‌وره له سه‌ركردایه‌تی دا سنوردار بكرێت.
- ژنان و گه‌نجان پێویسته مافی خۆیان له‌سه‌ركردایه‌تی ئۆرگانه جیاوازه‌كانی حیزب وه‌ربگرن. رێزه‌ی بۆ نمونه25 % بۆ هه‌ر توێژیكیان دیاریكرێت و له نێو خۆیاندا هه‌لبژاردنی بۆ بكه‌ن.
- گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام له هه‌مو ئۆرگانهكاندا هه‌بێت، سیسته‌می ده‌زگاكان و كاری به‌كۆمه‌ڵ په‌یڕه‌و بكرێت.
- سه‌رچاوه‌كانی داهاتی حیزب و خه‌رجی یه‌كانی ئاشكرابێت، هیچ نه‌بێت بۆ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان خۆیان و بۆ كۆنگره.
- له هه‌موی گرنگتر ژیان و گوزه‌رانی ئه‌ندامی حیزب، له‌سه‌ر حیزبه‌كه‌ی نه‌بێت و خاوه‌ن كار و پیشه‌ی سه‌ربه‌خۆ بێت. هه‌تا حیزبایه‌تی به ئازادی بكات و خاوه‌ن بیروڕاو هه‌ڵوێستی تێكۆشه‌رانه‌ی خۆی بێت نه‌ك بژێوی ژیان و خێزان بیكاته دیلی حیزب!
لێره‌وه چاكسازی حیزب و حكومه‌ت و ژیانی ئابوری تێكه‌ڵ ده‌بنه‌وه به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بێكاری و بێكاری داپۆشراو و بوژاندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی - ئاژه‌ڵداری - پیشه‌سازی – خزمه‌تگوزاری...هتد.
حكومه‌تایه‌تی باش و بهدهزگاكردن
ئه‌زمونی په‌رله‌مان و كابینه‌كانی حكومه‌ت له پاش راپه‌ڕینه‌وه هه‌تا ئێستا ده‌یسه‌لمێنێت كه پارتی و یه‌كێتی به ته‌نها یان پێكه‌وه سه‌ركه‌وتو نه بون له خستنه‌گه‌ڕی هه‌مو توانا باشه‌كانی خۆیان هه‌روه‌ها ئه‌قڵ و توانا زۆره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان. هه‌ر بۆیه:
- پێویسته له مه‌ودوا په‌نا بۆ هه م‌و پسپۆر و شاره‌زایانی ناوخۆ و دیاسپۆرا هه‌روه‌ها بیانی به‌رین بۆ كارا كردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوریه‌كان له یه‌كتری. نه‌ك هه‌ر بۆ راوێزكاری به‌لكو بۆ باش به‌رێوه‌بردن و پراكتیزه‌كردنی ده‌سه‌لاته‌كان و رزگاركردنیان له كه‌سانی ناشایسته.
-ده‌ستورێكی پێشكه‌وتو دیموكراتانه بۆ كوردستان دابنرێت. یاسا بۆ هه‌مو بواره‌كانیش دابنرێت و به ردهوام گۆڕِانیان به‌سه‌ردا بێت له به‌ر رۆشنایی ده‌ستور و پراكتیكدا.
-سیستمی داموده‌زگایی بۆ هه‌مو بواره‌كان دابنرێت. بڕیاره‌كان یاسایی بن و یاساكانیش ده‌ستوری.
- ههلبزاردنی په‌رله‌مان و ئه نجومه‌نی پاریًزگا و شاره‌وانیه‌كان به‌ده‌وری و له كاتی دیاریكراوی خۆیاندا بكرێن. بێ هیچ ده‌ستێوه‌ردانێكی نایاسایی. زه‌مینه‌ی ده‌نگدانی گشتی- راسته‌وخۆ- نهێنی- ئازاد بخوڵقێنرێت. ئه‌نجامه‌كانیش لای هه‌موان به دۆڕاوهكانیشهوه قبوڵ بكرێت و باوه‌ڕ به دروستی هه بونی ئۆپۆزیسیۆن هه‌بێت.
- ئه‌ركی هه‌ر پۆستێك رونبكرێته‌وه ( job description ) كه‌سی شایسته‌ی به گوێره‌ی
( CV ) و هه ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ڵبژێردرێت. له بریكاری وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه به‌ره‌و خوار ته‌كنۆكرات بن.
- رێكخراوی دیموكراسی و غه‌یره حكومی و میدیای ئازاد بایه‌خیان پێبد رێت.
- چه‌مكی هاولاتی بون و هه‌لی چونیه‌ك و یه‌كسانی هه‌موان له به‌رده‌م یاسا دا جێبه‌جێ بكرێت.
- بایه‌خ به كوردستانییانی دیاسپۆرا بدرێت وه‌ك بنه‌مای لۆبی ده‌ره‌وه و ئه‌قڵ و ئه‌زمون بۆ باش به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان.
-سیستمی دارایی-ئابوری-كۆمه‌لایه‌تی به شێوه‌یه‌ك رێكبخرێته‌وه كه مافی هه‌موان بپارێزێت.
جیاكردنه‌وه‌ی دارایی هه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌كی جیاكردنه‌وه‌ی حیزبه له حكومه‌ت:
پێویسته سه‌رچاوه‌كانی داهاتی گشتی هه‌رێم له حكومه‌تی فیدراله‌وه كۆنترۆل و دیاریبكرێن و به شێوه‌یه‌كی یاسایی و شه‌فاف رابگه‌یه‌نرێن. هه‌وڵی پاراستن و زیادكردنی به‌شی كوردستان و قه‌ره‌بو كردنه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له بودجه‌ی عێراق بدرێت. هه‌مو داهاته گشتییه‌كانی هه‌رێمیش به هه‌مان شێوه كۆبكرێنه‌وه و بخرێنه گه‌نجینه‌ی حكومه‌ت. پێویسته خه‌رجییه گشتییه‌كانیش ئاشكرا و شه‌فاف بن له رێگه‌ی بودجه‌ی سالانه‌ی حكومه‌ت كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه په‌سه‌ند ده‌كرێت. به‌شی زۆری بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ره‌تییه‌كان و بینای زێرخان و بوزانهوهی به‌رهه‌مهێنان ته‌رخانبكرێت.
سیستمی بانك ببوژێنرێنه‌وه و كۆمپانیاكانی دلنیایی دابنرێن و به‌ویست و به‌رنامه‌یه‌كی زانستییه‌وه به‌ره‌نگاری دیارده‌ی گه‌نده‌لی ببینه‌وه. كه یه‌كێك له سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌نده‌ڵی تێكه‌ڵی حیزب و حكومه‌ته.
حیزب وه‌ك ئامڕاز یان ئامانجێكی گه‌وره‌و قه‌به، ئه‌ركێكی زۆری له‌سه‌ر داهاته گشتی یه‌كان دروست كردوه. ئه‌و بودجه‌یه‌ی حیزبه‌كان له حكومه‌تی وه‌رده‌گرن ئاشكرا‌و شه‌فاف نیه. نازانرێت به چ یاسا و پێوه‌رێك دیاری ده‌كرێن و دابه‌ش ده‌كرێن. كه پێویسته به گوێره‌ی یاسایه‌كی تایبه‌ت و پشتبه‌ستو بێت به‌و ده‌نگانه‌ی هه‌ر حیزبه له هه‌ڵبژاردندا وه‌ریده‌گرن.
ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندامان و تێكۆشه‌رانی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی ولاَت و ناو ولاَت كراونه‌ته موچه خۆر كه پێویسته زۆرینه‌ی ئه‌وانه بخرێنه‌وه سه‌ر كاری راسته‌قینه‌و به‌رهه‌مهێنان.
كۆمپانیاكانی حیزب مۆنۆپۆڵی زۆر بواریان كردوه و دهسهلاَتیان خراپ به‌كارهێناوه بۆ سودی خۆیان، به‌داخه‌وه زۆر كه‌میش كاری وه‌به‌رهێنانیان له‌سه‌ر بینای ژێرخان و بوژانه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و دروستكردنی فرسه‌تی كار كردوه. كه به پێچه‌وانه‌وه پێویسته رۆڵی ئه‌وان له‌هه‌مو ئه‌و روانه‌وه پێشه‌نگ بونایه.
هیچ ده‌زگایه‌كی چاودێری دارایی یان په‌رله‌مانی كوردستان دهسهلاَتیان نه‌بوه له‌م بابه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه بكۆڵنه‌وه و روناكی بخه‌نه سه‌ر. پێویسته ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی هه‌رێم دابمه‌زرێت. دیوانی چاودێری هه‌رێم یه‌كبگرنه‌وه. لێژنه‌كانی په‌رله‌مان جه‌سورانه‌تر كاره‌كانیان بكه‌ن. ئه‌م ده‌زگایانه هیچ هێلێكی سوریان بۆ دانه‌نرێت و به ئه‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.
پڕۆژه‌كه‌ی به‌ڕێز مام جلال بۆ ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خۆی و بۆ هه‌ڵوێستی یه‌كێتی به‌رامبه‌ر حكومه‌ت – دادگا – زانكۆ و په‌یمانگاكان، بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌ركه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی حیزب و حكومه‌ت زۆر خاڵی پۆزه‌تیڤی تیادایه، كه ئومێد ده‌كه‌م له هه‌مو ئاسته‌كانی یه‌كێتیدا ئیلتیزامی پێوه بكرێت.
به‌هیوام پارتی دیموكراتی كوردستانیش به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی به باشی ده‌زانێت رێنمایی و ئامۆژگاری بداته ئه‌ندامه‌كانی.
دوابه‌دوای ئه‌وه ئومێد ده‌كه‌م هه‌ردو به‌ڕێز مام جه‌لال و كاك مه‌سعود به‌هاوبه‌شی پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن كه‌تیایدا بڕیار له جیاكردنه‌وه‌ی دارایی حیزب و حكومه‌ت بده‌ن. له‌م باره‌یه‌وه ده‌كرێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاره دڵسۆزه‌كانی كوردستان، ماوه‌یه‌كی زۆره پێشكه‌شیان كردوه له‌سه‌ر دیاریكردنی بودجه‌ی حیزبه‌كان سودی لێ وهربگییرێت.
ئه‌مه كلیلی چاره‌سه‌ر و پته‌وكردنه‌وه‌ی پردی بڕوا‌و باوه‌ڕه له‌نێوان جه‌ماوه‌ر و سه‌ركردایه‌تی سیاسی دا، ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی به‌ره‌ی ناوخۆیی به‌رامبه‌ر هه‌وڵه شۆفیینیستهكانی ده‌وروبه‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دهسهلاَت و گومان خستنه سه‌ر سیستمی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی سه‌لماندنی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و روی گه‌شی دیموكراتی بون به‌رامبه‌ر گه‌لان و ده‌وڵه‌تانی دونیا.
كۆتایی
هه‌رێمی كوردستان له دورێیانێكی چاره‌نوسسازدایه. گۆڕانكاری و چاكسازی و دیموكراتیزه كردنی ناوخۆ بڕیارده‌ری سه‌ره‌كی گرتنه‌به‌ری شاڕێگه‌ی سه‌ركه‌وتن و سه‌رفرازین. (پ.د.ك و ی.ن.ك) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی گۆڕه‌پانه‌كه و لێپرسراوی یه‌كه‌من به‌رامبه‌ر داهاتوی كوردستان. سه‌ره‌ڕای كلتور و ژینگه‌ی رۆژهه‌لاتی، گه‌ر بخوازن ده‌توانن چاكسازی و نوێبونه‌وه له حیزب و ده‌زگا ده‌ستورییه‌كاندا به هاوته‌ریبی و پێكه‌وه سه‌ربخه‌ن. باشترین ده‌سپێكی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش جیاكردنه‌وه و شه‌فاف كردنی دارایی حیزب و حكومه‌ته.