د. له‌تیف شێخ مسته‌فا
(میكانیزمه‌كانی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت)
"به‌شی یه‌كه‌م"
چه‌مكی فراوانی عه‌لمانیه‌ت ته‌نها جیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت نییه له دین، به‌ڵكو بریتییه له جیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له هه‌مو لایهنگیریهك بۆ هه‌ر ئایدیایه‌ك ئاینی بێ یان نه‌ته‌وه‌یی یان حیزبی.
واته ده‌وڵه‌ت ده‌بێ بێ لایه‌ن بكرێ و بكرێته دامه‌زراوه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری (مجرد) كه كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌كات به‌بێ جیاوازی و لایه‌نگیری.
به‌م پێیه كاتێ ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت تێكه‌ڵ به‌هه‌ر یه‌كێ له‌و چه‌مكانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌كرێ (واته دین یان حیزب)، ئیدی ده‌وڵه‌ت له‌و دامه‌زراوه بێ لایه‌نه‌ی كه كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موان ده‌كات، ده‌بێ به كائینێكی مه‌عنه‌وی لایه‌نگیر و تیایدا چه‌مكی هاونیشتمانی بچوك ده‌بێته‌وه، چونكه ده‌بێته ده‌وڵه‌تی ئایدیای باڵا ده‌ست جا ئاینیی بێ یان نه‌ته‌وه‌یی یان حیزبی، هه‌ر بۆیه ئه‌وانه‌ی كه سه‌ر به‌و ئایدیانه نین هه‌ستكردن به ئینتمایان بۆ ده‌وڵه‌ت كه‌م ده‌بێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه چه‌مكه‌كانی یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسا‌و وه‌كیه‌كی بۆ هه‌موان وجودی نامێنێ، تیایدا په‌یوه‌ندییه‌كانی تر جێگای په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت و تاك وه‌ك تاك (مجرد) ده‌گرنه‌وه، بۆیه ده‌وڵه‌ت ده‌بێته پارێزه‌ر و داكۆكیار له به‌رژه‌وه‌ندی و ئازادی چینێكی دیاریكراو. هه‌ر بۆیه سیستمی رۆژهه‌ڵاتی كه تیایدا ئایدیای چینایه‌تی له رێگای حیزبه كۆمنونیستی و ئیشتراكیهكانهوه ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا گرت، یان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئایدۆلۆجیای نه‌ته‌وه‌یی له رێگه‌ی حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبو هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌یان ده‌بینی كه پێشتر ئایین به نیسبه‌ت ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌یبینی، هه‌مو كردار‌و هه‌ڵسوكه‌وت و ئیجرائات و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌وڵه‌ت له روانگه‌ی ئاییدیایهكی دیاریكراوه‌وه ئه‌نجام ده‌درا، بۆیه سه‌ره‌نجام نه‌ك سیستمه سیاسیه‌كانی ئه‌و وڵاتانه، به‌ڵكو كۆی سیستمی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیان توشی ئیفلیج بون كرد‌و گه‌نده‌ڵییه‌كی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه، هه‌ر بۆیه چه‌مكی لیبڕاڵیه‌ت له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه كاری له‌سه‌ر بێ لایهنكردنی ده‌وڵه‌ت كرد له هه‌مو ئایدیا‌و لایه‌نگیرییه‌ك، به‌ڵام بێ لایهنیكردنی ده‌وڵه‌ت مانای دژایه‌تی هیچ كام له‌و چه‌مكانه ناگه‌یه‌نێ.
هه‌روه‌كو چۆن عه‌لمانیه‌ت واته جیاكردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت به مانای دژایه‌تی كردنی ده‌وڵه‌ت بۆ ئایین ناگه‌یه‌نێ، به هه‌مان شێوه بێ لایه‌نی كردن یان جیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له حیزبیش به مانای دژایه‌تی كردنی حیزب ناگه‌یه‌نێ، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌ی حیزبه بۆ كاركردن له كایه‌ی ئاسایی خۆیدا، ده‌وڵه‌ت هه‌لی وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌مو حیزبه‌كان ده‌ره‌خسێنێ كه تیایدا منافه‌سه و ركابه‌رایه‌تی حیزبی خۆیان بكه‌ن بۆ سه‌رنج راكێشانی ده‌نگده‌ران به‌لای خۆیاندا، بۆ به ده‌ست هێنانی زۆرترین ده‌نگ له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌كه‌ی مام جه‌لال به جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت پێویسته به‌و ئاقاره‌دا بێت واته ده‌بێ رۆڵی حیزب له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمدا له جیاتی ده‌ست به‌سه‌راگرتنی حكومه‌ت بێ، ده‌بێ بكرێته دامه‌زراوه‌یه‌ك كه تیایدا به گوێره‌ی ده‌ستور و یاساكانی حكومه‌ت كار بكات و پابه‌ندبێ پێیانه‌وه نه‌ك ئه‌و حكومه‌ت تسخیر بكات بۆخۆی، بۆیه پێویسته ئاڕاسته‌ی وتار‌و پڕۆژه‌كه بۆ سه‌ره‌وه‌ی حیزب بێت و تیایدا حیزبه‌كان له جیاتی كۆنترۆڵكردنی دامه‌زراوه ده‌ستورییه‌كان بهێنرێته ناو دامه‌زراوه سنورییه‌كانه‌وه.
پێویسته به پله‌ی یه‌كه‌م میكانیزمه‌كان دابنرێت بۆ:-
1- جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
2- جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان.
3- جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
4- جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له كۆنترۆڵكردنی بازاڕ و ئابوری.
5- جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له زانكۆ و په‌یمانگا و كایه رۆشنبیری و وه‌رزشی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.
خاڵه به‌هێزه‌كانی سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌كه:-
1- جاڕدانی پڕۆژه‌كه له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و خاوه‌ن ئیراده‌ی وه‌ك مام جه‌لال كه خۆی جگه له‌وه‌ی كه كه‌سی یه‌كه‌م و سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزمای ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه، هیچ شتێك له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی له ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و ده‌رنه‌چوه، خۆشی به مرۆڤێكی وا ناسراوه كه ئه‌وه‌ی بڕوای پێ بوبێت و هه‌وڵی بۆ دابێت به پشویه‌كی درێژه‌وه كاری بۆ كردوه و سه‌ره‌نجام به ده‌ستی هێناوه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه بگاته به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی خۆی به دڵنیاییه‌وه ده‌یگه‌یه‌نێته ئه‌نجام.
2- بونی ناڕه‌زایه‌تییه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان له ناو خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت زۆرێك له ئۆرگانه‌كانی حیزب به‌رامبه‌ر به گه‌نده‌ڵی و نایه‌كسانی و ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ره‌نجامی ده‌ست به‌سه‌راگرتنی حیزبه بۆ حكومه‌ت.
3- بونی داواكاری جه‌ماوه‌ری ناوخۆ و داواكاری ده‌ره‌كی به چاكسازی له سیستمی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا، كه چیتر ئه‌م جۆره شێوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هایانه‌دا پێك نایه‌ته‌وه كه هاوپه‌یمانه رۆژئاوایی و دیموكراته‌كانی كورد له‌سه‌ری ده‌ڕۆن و ئه‌وان له چه‌ندین بۆنه‌دا نه‌یانشاردۆته‌وه كه ئه‌وان ئیحراج بون له‌به‌رده‌م رای گشتی خۆیاندا له به‌رامبه‌ر پشتیوانی كردنیان له‌م جۆره سیسته‌مه.
4- پشتگیریكردنی هه‌مو حیزب و رێكخراو و چین و توێژه‌كان بۆ پڕۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره، به جۆرێك كه ئه‌گه‌ر حیزبێك یان لایه‌نێك له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كه‌شدا نه‌بێ ناتوانێ به ئاشكرا ره‌تی بكاته‌وه.
5- به‌سه‌رچونی ئه‌و جۆره سیستمه له حوكمڕانی له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا، به تایبه‌تی ئه‌و وڵات و هه‌رێمانه‌ی كه ده‌یانه‌وێ به‌ره‌و دیموكراتی هه‌نگاو بنێن.
6- هه‌ڵبژاردنی كاتی گونجاو، چونكه له‌وانه‌یه ئه‌م پڕۆژه‌یه پێشتر جاڕبدرایه ئه‌وه‌نده هه‌لی پشتگیری كردنی به‌ده‌ست نه‌هێنایه.
ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پڕۆژه‌كه:-
1- ئه‌گه‌ر پشتگیری نه‌كردنی پارتی بۆ پڕۆژه‌كه، یه‌كێتی و پارتی هه‌ردو حیزبی گه‌وره‌ی كوردستانن، جگه له‌وه‌ی كه هه‌ر یه‌كه‌یان نیوه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه كه ئێستا پێی ده‌وترێ هه‌رێمی كوردستان، شهریكیشن له حكومه‌تدا، باره‌گای حكومه‌تیش له سنوری ده‌سه‌ڵاتی پارتیدایه، قورسایی پڕۆژه‌كه‌ش ده‌بێ له پایته‌خته‌وه واته له‌سه‌ری حكومه‌ت (به مانا فراوانه‌كه‌ی) ده‌ست پێ بكات، بۆیه ئه‌گه‌ر پارتی پشتگیری پڕۆژه‌كه نه‌كات ده‌بێته ئاسته‌نگێكی جدی، ئه‌و كات یه‌كێتی ته‌نها خیاری ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدا ده‌مێنێ كه له ناوچه‌كانی خۆیدا بیكات "كه دواتر باسی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش ده‌كه‌ین"، خۆ ئه‌گه‌ر پارتی پشتگیری كرد ئه‌وا ده‌بێته خاڵێكی به‌هێزی سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌كه.
2- چه‌سپینی ئه‌م جۆره سیستمه له حوكمڕانی له عه‌قڵیه‌تی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه به حوكمی ئه‌وه‌ی كورد یه‌كه‌م جاره به‌م شێوه‌یه هه‌لی حوكمڕانی بۆ ده‌ڕه‌خسێ له سه‌ره‌تای حوكمڕانیشیهوه ئه‌م جۆره‌ی پیاده‌كرد، ماوه‌یه‌كی زۆریشی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه بۆ عه‌قڵیه‌تێكی حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵات دروست بوه كه پێی وایه ئه‌م شێوازی حوكمڕانی كردنه شێوازێكی ئاسایی و سروشتییه بۆ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات، ئاسایی نییه ئه‌م جۆره عه‌قڵیه‌تانه كه ته‌مه‌نێكی زۆریان له‌گه‌ڵ ئه‌م شێوازه به‌سه‌ر بردوه به ئاسانی بگۆڕێ.
3- دروستبونی به‌رژه‌وه‌ندی بۆ چینێكی به‌رفراوانی كه‌سانی حیزبی و حكومی له‌م جۆره حوكمڕانی كردنه، كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان گه‌یشتونه‌ته خاوه‌نی هێزی گه‌وره و ده‌بنه به‌ربه‌ره‌كانی كاره سه‌خت و كۆسپ و ته‌گه‌ره دروستكردن له به‌رده‌وامیدا.
4- نه‌بونی كه‌سی شیاو و بۆ شوێنی شیاو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆره كۆنترۆڵی هه‌مو جومگه‌كانی ژیانی گرتۆته‌وه، حیزب هه‌وڵی داوه هه‌مو كه‌سه حیزبیه‌كان له هه‌مو شوێنه‌كان دابنێ له‌سه‌ر حیسابی حیزبی بونی كه ئه‌مه‌ش وایكردوه كه‌سانی ئه‌كادیمی و پڕۆفیشناڵ كه‌م ببنه‌وه، چونكه ئه‌و جۆره كه‌سانه كه‌متر رێگایان پێدراوه بۆ خۆپێگه‌یاندن، بۆیه كارێكی ئه‌سته‌مه ئه‌وه‌نده كادری شیاو لێ هاتومان هه‌بێ بۆ شوێنه جیاجیاكانی وه‌ك وه‌زاره‌ت و خوێندنی باڵا‌و دادگاكان و... هتد، كه بتوانن به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی بێ لایه‌ن هه‌ڵس و كه‌وت بكه‌ن و ئینتیمای حیزبی و حكومیان له كاره‌كانیان تێكه‌ڵ نه‌كه‌ن، واته ئه‌گه‌ر ولائیان هه‌بێ یان ئه‌ندامی حیزبیش بن وه‌لائو بیروباوه‌ڕی حیزبی و شه‌خسیان تێكه‌ڵ به كاره وه‌زیفییه‌كانیان نه‌كه‌ن.
به‌شی دوه‌م: ناوچه‌ی جوگرافی پیاده‌كردنی پڕۆژه‌كه
دیاره پرۆژه‌كه (كه ده‌بێ هه‌ر واش بێ) بۆ هه‌مو هه‌رێمی كوردستانه واته بۆ هه‌ردو ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دو حیزبه‌كه، باشترین سیستمی دیموكراتی بریتییه له سیستمی دو حیزبی، واته كاتێك دو حیزبی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری(معتدل) له وڵات‌دا هه‌بن (له‌گه‌ڵ بونی حیزبی تری بچوكدا) كه ئه‌و دو حیزبه له‌ڕوی جه‌ماوه‌رییه‌وه لێك نزیكن، منافه‌سه‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ن بۆ بردنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان.
هه‌ركاتێك یه‌كێكیان زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی به‌ده‌ست هێنا ده‌بێته حوكمڕان، واته هه‌ر خۆی حكومه‌تیش پێك دێنێ، حیزبه‌كه‌ی تر ده‌بێته ئۆپۆزسیۆنێكی ره‌سمی له‌ناو په‌رله‌ماندا چاودێری زۆرینه و حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كات، هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كان یان پابه‌ندنه‌بونی حیزبی زۆرینه به جێبه‌جێ كردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه له هه‌ڵبژاردندا به ده‌نگده‌رانی داوه، رای زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران به‌لای خۆیدا رابكێشێ و له هه‌ڵبژاردنی داهاتودا بیباته‌وه و ئه‌و ببێته حیزبی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت پێكبهێنێ، حیزبی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌بێته‌وه به ئۆپۆزسیۆن، بۆ هه‌میشه حیزبی كه‌مینه له بۆسه‌دایه حكومه‌تی سێبه‌ری پێكهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر حكومه‌تی حیزبی زۆرینه دۆڕا یان ده‌ستی له كاركێشایه‌وه ئه‌م شوێنی بگرێته‌وه، به‌ڵام دیاره ره‌خنه‌كانی حیزبی كه‌مینه به شێوه‌یه‌كی توندڕه‌وانه و نا واقیعانه نابێ ده‌رببرێ، به‌ڵكو جۆرێك له میانڕه‌وی پێویسته چ له لایه‌ن حیزبی كه‌مینه له ره‌خنه‌كانی بۆ حیزبی زۆرینه و حكومه‌ته‌كه‌ی، چونكه ناتوانێ ره‌خنه‌یه‌كی ناواقیعی بگرێ یان به‌ڵێنی زۆر گه‌وره و خه‌یاڵی بدات به ده‌نگده‌ران كه ئه‌و سبه‌ینێ هاته سه‌ر حوكم نه‌توانێ جێ به‌جێیان بكات.
هه‌روه‌ها حیزبی زۆرینه و حكومه‌ته‌كه‌شی به چاوی دوژمن یان نه‌یاری سه‌رسه‌خت سه‌یری حیزبی كه‌مینه ناكات، به‌ڵكو له زۆربه‌ی بڕیاره چاره‌نوسسازه‌كاندا ده‌یه‌وێ پرسی پێ بكات و رای وه‌ربگرێت، به‌م شێوه‌یه دهستاودهستییهكی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێ، كه ده‌شێ دو حیزب بۆ ماوه‌ی دور و درێژ حوكمڕانی ده‌وڵه‌تیان له ده‌ستدا بمێنێته‌وه، سه‌ركه‌وتوترین نمونه‌ش به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكان كه ئه‌وه بۆ دوسهده زیاتریشه هه‌مان دو حیزب زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری نزیك له‌یه‌ك ده‌ستاو ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، هه‌م خۆیان ته‌مه‌نی سیاسیان درێژ بوه هه‌م وڵاته‌كه‌شیان به‌ره‌و پێشكه‌وتن و دیموكراسی و خۆشگوزه‌رانی بردوه، بۆیه ده‌بینین زۆربه‌ی وڵاتانی تری ئه‌وروپای رۆژئاوای دیموكراتیش له سیستمی فره حیزبییه‌وه بۆ سیستمی دو حیزبی هه‌نگاو ده‌نێن، پارته چه‌په‌كان یان لیبراڵه‌كان یان رادیكاڵه‌كان له به‌ره‌یه‌كی چه‌پ یان رادیكاڵی مام ناوه‌نددا ده‌مێننه‌وه، حیزبه راستره‌و و كۆنسهرڤاشیفهكانیش له به‌ره‌یه‌كی راستی مام ناوه‌ندا خۆیان رێك ده‌خه‌ن وه‌ك ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتاڵیا و ...هتد.
له كوردستان یه‌كێتی و پارتی له سه‌ره‌تای راپه‌رینه‌وه ده‌رفه‌تێكی زێرینیان له‌به‌ر ده‌ستدا بو كه حوكمڕانییه‌كی له‌و جۆره پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانكردو كوردستانیان دابه‌ش كرد بۆ دو ناوچه هه‌ریه‌كه‌یان له ناوچه‌ی خۆیدا به سیستمی (تاك حیزبی) یان (حیزبی پێشڕه‌و) حكومه‌تی دامه‌زراند و حكومهتیشیان كرده پاشكۆی حیزب.
ته‌نانه‌ت دوای یه‌كگرتنه‌وه‌شیان جگه له‌وه‌ی كه تا ئێستا له روی كرده‌ییه‌وه دو ناوچه‌ی سنوره‌كه وه‌ك خۆی ماوه له ته‌شكیلكردنی حكومه‌تیشدا نه‌هاتن گه‌مه‌ی زۆرینه و كه‌مینه و ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن بكه‌ن، به‌ڵكو حكومه‌تی توافقی یان دامه‌زراند نه‌ك هه‌ر خۆیان، به‌ڵكو هه‌مو حیزبه‌كانی ناو په‌رله‌مانیشیان كرد به شه‌ریك له ده‌سه‌ڵات هه‌مو جۆره كه‌مینه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن به‌شدار نه‌بو له حكومه‌ت وه‌ك به‌ره‌ی دژ سه‌یر ده‌كرا، بۆیه هه‌مو حیزبه‌كان چونه ناو حكومه‌ته‌وه به‌مه‌ش كه‌مینه‌ی ئۆپۆزسیۆن نه‌ما یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراتی له‌ناوبرا حكومه‌تی ته‌وافقی یان ئیئتیلافیش هه‌میشه گه‌نده‌ڵی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه ئۆپۆزسیونێك نییه كه چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت و حیزبی زۆرینه بكات، به‌م پێیه‌ش هه‌مو پۆست و پایه‌كان به شێوازی (محاصصه) دابه‌شكران و پشكی شێریش به‌ر دو حیزبه گه‌وره‌كه كه‌وت.
سیستمه دیموكراتییه‌كان ئه‌م شێوازه له حوكمڕانی كردن واته به‌شداریپێكردنی هه‌موان له حكومه‌تدا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نها له‌و حاڵه‌ته نائاساییانه‌دا نه‌بێ كه ده‌وڵه‌ت روبه‌روی باری نائاسایی و مه‌ترسی ده‌بێته‌وه (جا جه‌نگی ده‌ره‌كی بێ یان پشێوی ناوخۆیی) ته‌نها له‌و حاڵه‌تانه‌دا نه‌بێ كه حكومه‌تی ئیئتیلافی یان ته‌وافقیی به پێویست ده‌زانن بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌كان، ئه‌وان ئه‌و جۆره له حوكمڕانیكردنه به لادان له سیستمی دیموكراتی ده‌زانن، به هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌زانن بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، چونكه كه‌س چاودێری هه‌ڵه و كاره‌كانی حكومه‌ت ناكات جا باش بكات و خراپ بكات، هه‌ر رۆژ به‌ڕێ ده‌كات سه‌ره‌نجام گه‌نده‌ڵی و ناڕه‌زایی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، بۆیه ئه‌م جۆره حوكمڕانییه بێزراوه لایان، بۆ نمونه سیستمی دیموكراتی به‌ریتانیا كه ئه‌وه بۆ (300) ساڵ ده‌بێ به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وامه ته‌نها سێ جار حكومه‌تی ئیئتیلافی یان وه‌حده‌ی وه‌ته‌نی یان ته‌وافقیان دروست كردوه، دوانیان له سه‌رده‌می هه‌ردو جه‌نگه جیهانییه‌كه‌دا بو، سێیه‌میش له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا، ده‌ڵێن هه‌رسێ ئهزمونهكهش په‌ڵه‌ی ره‌شن به ناوچه‌وانی سیستمی دیموكراتی دێرینی به‌ریتانیاوه، به‌ڵام پێویستیش بون بۆ ده‌ربازبونی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی.
ئێستا له كوردستان یه‌كێتی و پارتی باشترین هه‌لی زێرینی مێژوییان له‌به‌رده‌سته بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی دیموكراتی دو حیزبی، چونكه تا ئێستا ئه‌و دوانه له روی جه‌ماوه‌رییه‌وه دو حیزبی گه‌وره‌ن و حیزبی سێیه‌م دروست نه‌بوه منافه‌سه‌ی ئه‌وان بكات، یان خۆی له ده‌نگه‌كانی ئه‌وان نزیك بكاته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌مڕۆشه‌وه بێ ئه‌و جۆره سیستمه پیاده بكه‌ن ئه‌وا سیستمێكی دیموكراتی سه‌ركه‌وتو بنیات ده‌نێن كه توانای مانه‌وه و به‌رده‌وام بون و پێشكه‌وتنی هه‌بێ، ئه‌و كات هه‌م ئه‌زمونی حوكمڕانی كوردی سه‌ركه‌وتو به‌رده‌وام و درێژخایه‌ن ده‌بێت، هه‌م له لایه‌كی تریشه‌وه خۆیان ته‌مه‌نی سیاسیان درێژ ده‌بێ هه‌م سه‌ركرده‌كانی ئه‌و دو حیزبه‌ش ده‌بنه سه‌ركرده‌ی مێژویی كه تا هه‌تایه وه‌ك "باوكه دامه‌زرێنه‌ره‌كان" ناوه‌زه‌ند ده‌كرێن، به‌ڵام به‌رده‌وام بونی ئه‌مجۆره سیستمه‌ی ئێستا كاری پێ ده‌كه‌ن ده‌شێ له قۆناغێكی كه‌می كاتیدا له قازانجی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه بێ، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌و جۆره سیسته‌مه ناتوانێ به‌رده‌وام بێ ئه‌وكات هه‌م ئه‌زمونی حوكمڕانی كوردی روبه‌روی قه‌ده‌ری مه‌جهول و توندوتیژی ده‌كاته‌وه هه‌م ئاستی ناڕه‌زایی خه‌ڵك زیاد ده‌كات و جه‌ماوه‌رێتییان رۆژ به رۆژ دێته خوارێ، سه‌ره‌نجام خۆشیان و حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستانیش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، بۆیه یه‌كێتی و پارتی لێپرسراوێتی مێژوییان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ به‌رامبه‌ر خۆشیان و گه‌له‌كه‌شیان كه پێویسته به زوترین كات هه‌ردولایان به پیر پرۆژه‌كه‌وه بێن، بۆ ئه‌وه‌ی جۆره سیستمێكی دیموكراتی دروست بكه‌ین، ببێته مایه‌ی شانازی بۆخۆشمان بۆ ده‌وروبه‌ریشمان، ته‌نها به‌م خاڵه‌ش كورد ده‌توانێ رێز و حورمه‌تی خۆی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و ده‌وڵه‌تانی دیموكراتی دۆستی كورد دا بسه‌پێنێ و ناچاریان بكات رێزی لێ بگرن و به‌رگری له مانه‌وه‌ی بكه‌ن و له هه‌ڕه‌شه‌كان بیپارێزن.
ئه‌وان ده‌بێ ده‌ست به‌رداری زۆرترین ده‌سكه‌وت بن له ماوه‌ی كورتدا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ده‌سكه‌وت و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ، كورد ده‌ڵێت: "كه‌م خۆری دایم خۆربه" مۆنتسكیوش ده‌ڵێ: "بۆ سێوێك داره‌كه مه‌بڕه‌وه" ئه‌و كات خۆشیان و گه‌له‌كه‌شمان و ئه‌زمونی حوكمڕانییهكهش سه‌ركه‌وتو و ته‌مه‌ن درێژ ده‌بن.
ئه‌گه‌ر پارتی به‌پیر پرۆژه‌كه‌وه نه‌هات:-
ئه‌گه‌ر له خراپترین ئیحتیمالدا پارتی به‌پیر پڕۆژه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت نه‌هات، ئایا یه‌كێتی ده‌توانێ له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی ئه‌م پڕۆژه‌یه جێبه‌جێ بكات؟.
هه‌مو كوردێك و كوردستانییه‌ك پێی خۆشه ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا جێبه‌جێ بكرێ و شهریكهكهی یه‌كێتی باوه‌ش بۆ پرۆژه‌كه بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتیش به‌پیر ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه نه‌هات به دڵی نه‌بو، ده‌شێ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له سنوری خۆی ئه‌م پڕۆژه‌یه پیاده بكات.
ئه‌و قسه‌یه‌ی كه كردمان به نیسبه‌ت سیستمی دو حیزبی له هه‌مو هه‌رێمدا ده‌شێ له ناو سنوری یه‌كێتی دا به باشتریش له‌وه پیاده بكرێ، واته ته‌نها له سنوری خۆیدا جێبه‌جێی بكات، باشترین هه‌لی بۆ ده‌ره‌خسێ كه ئه‌م ناوچه‌یه‌ی خۆی بكاته سیستمێكی دامه‌زراوه‌یی كه تیایدا ماف و ئازادی و یه‌كسانی به‌رقه‌رار بێت.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه به فره باڵی له ناو خۆیدا ناسراوه ئێستاش دو باڵی سه‌ره‌كی هه‌یه، ئه‌وانیش دو باڵه سهرهكیهكهن كه ئێستا له ململانێدان، ده‌شێ یه‌كێتی له‌ناو سنوری خۆیدا ئه‌ركی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت بكات، له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش، یاسای پارێزگاكان وا دابڕێژرێ كه زۆرترین ده‌سه‌ڵاتی لا مه‌ركه‌زی هه‌بێ ئینجا هه‌ر خۆی واته هه‌ردو باڵه‌كه‌ی له ناوخۆیاندا ركابه‌ری بكه‌ن بۆ بردنه‌وه‌ی كورسییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قه‌زاو ناحیه‌كان لایه‌ك ببێ به زۆرینه‌و لایه‌كی تر به كه‌مینه، واته له ناوخودی خۆیدا ئه‌و دیموكراتیه‌ته پیاده بكات كه پێی ده‌وترێ ((دیموكراتیه‌تی داخراو)) هه‌ردو باڵی حیزبێك یه‌كێكیان نوێنه‌رایه‌تی چه‌پ یان رادیكاڵ بكات، ئه‌ویتر نوێنه‌رایه‌تی راست و كۆنسێرڤاتیڤ بكات و له ناوخۆیاندا ده‌ست و ده‌ستی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، چاودێری یه‌كتر بكه‌ن ئه‌م سیستمه له زۆرێك له‌و رژێمانه‌ی كه له سه‌ره‌تای دیموكراتیه‌ت ده‌شێ گونجاوبێ، بۆ نمونه له سه‌ره‌تای دروست بونی ده‌وڵه‌تی عێراقدا هه‌ر له‌ناو خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێم دابه‌ش بون به‌سه‌ر دو باڵدا و حیزبیان دروست كرد و له نێوان خۆیاندا منافه‌سه‌ی یه‌كتریان ده‌كرد، تا ورده ورده بازنه‌ی دیموكراتیهتهكهیان فراوان كرد له‌گه‌ڵ زۆربونی وشیاری دیموكراسی ئیدی وای لێ هات له كۆتایی یه‌كانی رژێمی پاشایه‌تی بازنه‌كه كرایه‌وه و حیزبی تر زۆر دروست بون و منافه‌سه‌ی یه‌كتریان ده‌كرد، به‌ڵام به داخه‌وه به كوده‌تای 1958ی شوم ئه‌و سیستمه دیموكراتییه ساوایه كۆتایی هات كه ئه‌گه‌ر تا ئێستا به‌رده‌وام بوایه عێراق له بارێكی تردا ده‌بو.
یان وه‌كو كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌وه‌تا خودی لایه‌نگرانی سیستمی كۆماری ئیسلامی دابه‌ش بون به‌سه‌ر دو نه‌یاری ریفۆرم و كوَنسهرڤاتیڤ، ماوه‌یه‌كه كه‌وتونه‌ته سه‌ر سكه‌ی خۆیان و هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و هه‌ر جاره‌ی یه‌كێكیان ده‌یباته‌وه و كورسی بۆ ئه‌ویتر چۆڵ ده‌كات، ئه‌م جۆره سیستمه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ فێربونی دیموكراسی ئه‌م سیستمه‌ی كۆماری ئیسلامی ئه‌گه‌ر هه‌ر وا به‌رده‌وام بێ و ته‌گه‌ره‌ی تێ نه‌كه‌وێ ورده ورده خه‌ڵك له‌سه‌ر دیموكراسی و ركابه‌ری ئاشتیانه‌ی ئاڵوگۆری ده‌سه‌ڵات رادێن، له ماوه‌یه‌كی تردا ده‌شێ بازنه‌كه فراوان بێ بۆ حیزبی تریش.
بۆیه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بتوانێ كارێكی له‌و جۆره بكات، چه‌ندین ئامانج ده‌پێكێ له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه گرفته‌كانی ناوخۆی خۆی چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌م سیسته‌مه‌ش له سیستمێكی حیزبی زاڵه‌وه ده‌كات به سیستمی دو باڵی یان نزیك له دو حیزبی كه ئه‌و كات ده‌شێ ئه‌زمونێكی دیموكراتی لێ به‌رهه‌م بێ، كه هه‌مو ناوچه‌كانی تری عێراق و كوردستانیش چاوی لێ بكه‌ن، هۆكارێكی باشیش كه یارمه‌تیده‌ری سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره بێ ئه‌وه كه یه‌كێتی له ناوچه‌یه‌كی كوردستاندا كه خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاستی هۆشیاریان به‌رزه و ده‌كرێ به ماوه‌یه‌كی كه‌م قۆناغی زۆر گه‌وره تێپه‌ڕێندرێ، ئه‌وسا سیستمی زاڵ بونی به‌سه‌ر حكومه‌تیش نامێنێ و چاودێریكردنی حكومه‌ت و بردنه‌وه‌و دۆڕاندنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته هۆی نه‌مان، یان كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و جه‌ماوه‌ری ناوچه‌كه‌ی خۆشی ده‌باته سه‌ر سكه‌ی دیموكراسی.
واته یه‌كێتی نیشتمانی ده‌توانێ له‌و ناوچانه‌ی خۆی ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته لا مهركهزییهكانهوه هه‌یه له جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر هه‌مو كایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا بگرێ، ده‌سه‌ڵات و ململانێی حیزبی بخاته ناو ئه‌نجومه‌نه‌كانی پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كانه‌وه، باڵی زۆرینه حوكم بكات و باڵی كه‌مینه چاو‌دێر و له بۆسه‌یه‌كی هێمن و ئاشتی و مۆدێرن دا بێ بۆ كاركردن له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانی زۆرینه و سه‌رنجی ده‌نگده‌ران له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا به‌لای خۆیدا رابكێشێ ئه‌و كات ته‌مه‌نی خۆشی و ئه‌زمونه‌كه‌ی ژێر ده‌ستی خۆشی درێژ ده‌كات و ده‌بێته پێشه‌نگێكی جوانیش بۆ ئه‌وانی دی.
به‌شی سێ یه‌م: چه‌ند هه‌نگاوێكی گرنگ و پێویست پێش پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه:
پێش ئه‌وه‌ی میكانزمه‌كانی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت ئه‌نجام بدرێ هه‌ندێ هه‌نگاوی به‌په‌له‌و پێویست ده‌بێ ئه‌نجام بدرێ كه ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن.
1 : دانانی ده‌ستورێكی هاوچه‌رخ و مۆدێرن بۆ هه‌رێم: له چه‌ند وتار و چاوپێكه‌وتن و نوسینی تردا باسم له گرنگی په‌له كردن له دانانی ده‌ستورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان كردوه، ده‌ستور جگه له‌وه‌ی كه ئه‌ركی رێكخستنی دهسهلاَت و ماف و ئازادیه‌كان دیاری ده‌كات، سنوری دهسهلاَتی هه‌ریه‌ك له دهسهلاَته بالاَكانی ده‌وڵه‌تیش ( سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، په‌رله‌مان، دهسهلاَتی دادوه‌ری ) دیاری ده‌كات، بۆیه ئه‌سته‌مه بێ دانانی ده‌ستورێك بتوانین ئه‌م هه‌رێمه بكه‌ینه هه‌رێمێكی ده‌ستوری، تا ده‌ستورێك نه‌بێ كه سنور‌و ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌و دهسهلاَتانه دیاری بكات ئه‌وان ده‌شێ به كه‌یف و مه‌زاجی خۆیان كار بكه‌ن ئه‌گه‌ر لاشیاندا له سنوره‌كانیان ناتوانرێ محاسه‌به بكرێن وه هه‌ر یه‌كه‌شیان خۆیان به خاوه‌ن هه‌ق ده‌زانن.
وه هه‌روه‌ها هه‌ر له رێگای ده‌ستوره‌وه فه‌لسه‌فه‌ی سیستمی حكومڕانی و پره‌نسیپه گشتتییهكانی موماره‌سه‌ی دهسهلاَت و به‌رژه‌وه‌ندیه بالاَكانی هه‌رێم دیاری ده‌كرێن، كه تا ئێستا له كوردستاندا بڕوانامه‌یه‌ك یا هیچ شتێكی نوسراوی ئه‌وتۆ نیه كه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی حوكمڕانی و به‌رژه‌وه‌ندیه بالاَكانی هه‌رێم به رونی دیاری بكات، بۆیه دهسهلاَته بالاَكانی ده‌وڵه‌ت له كاتی موماره‌سه‌كردنی دهسهلاَتدا ده‌شێ هه‌ر یه‌كه‌یان به گوێره‌ی میزاج و بۆچونی شه‌خسی خۆی كار بكات، زۆر جار میزاج و بۆچونه شه‌خسیه‌كان ده‌بنه به‌رژه‌وه‌ندیه بالاَكانی ولاَت، بۆیه پێویسته به‌رونی له ده‌ستوردا بێ یان له هه‌ر بڕوانامه‌یه‌كی تری سیاسی دا پێویسته فه‌لسه‌فه‌ی سیستمی حوكمڕانی و هێڵه سوره‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی بالاَی له هه‌ردو روه‌كانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی یه‌وه دیاری بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێ ئه‌و سنورانه ببه‌زێنێ وه هه‌رسێ دهسهلاَته بالاَكهش و حیزبه‌كانیش له كاره‌كانیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و فه‌لسه‌فه و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه بالاَیانه كار بكه‌ن نه‌ك به میزاجی شه‌خسی و دهسهلاَتی خه‌مڵێنه‌ری خۆیان.
به‌ڕاستی نه‌نگیه ( 17 ) ساڵه ئه‌م هه‌رێمه بێ ده‌ستور به‌ڕێوه ده‌چێ، هیچ عوزرو به‌هانه‌یه‌ك نییه بۆ دانه‌نانی ده‌ستور، مادام ئێمه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له ساڵی 1992 ه وه بڕیاری كۆتایی خۆمانداوه كه به كه‌متر له فیدراڵی له عێراقدا رازی نابین، كه له ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵیشدا مافی هه‌مو هه‌رێمێكه كه ده‌ستوری خۆی هه‌بێ، بۆیه ده‌بوایه له ساڵی 1992 هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م په‌رله‌مان ده‌ستور دابنرایه.
ته‌نانه‌ت سیسته‌مه دیكتاتۆرییه رو قایمهكانیش كه هیچ باوه‌ڕیان به ده‌ستور نییه و پیاده‌شی ناكه‌ن، هه‌ر بۆ چاو بهستهكێش بێت ده‌ستورێك ده‌نوسنه‌وه و جاڕی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به میلله‌ته‌كه‌ی خۆشیان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ش بڵێن كه ئێمه سیستمێكی یاسایین ئه‌وه‌تا ده‌ستورمان هه‌یه‌و پێوه‌ی پابه‌ند ین(دیاره به مه‌به‌ستی جوانكردنی روكه‌شی خۆیان) بۆیه زۆر گرنگه هه‌رچی زوه ئه‌و پرۆژه ده‌ستوره‌ی كه ئه‌وه بۆ سێ ساڵه له هۆڵه‌كانی په‌رله‌ماندا دێت و ده‌چێت دوای ئه‌وه‌ی جوانكاری تێدا ده‌كرێت په‌سه‌ند بكرێ.
من به هاوكاری پارێزه‌ر سه‌روه‌ر عه‌لی و مامۆستا یوسف محه‌مه‌د به كارێكی خۆبه‌خشانه به پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمدا چوینهوهو هه‌مو ئه‌و ده‌قانه‌ی كه پێمان وابو كه له‌گه‌ڵ ده‌ستوره دیموكراتی و هاوچارخهكاندا ناگونجێ ده‌سكاریمان كردون پرۆژهیهكیشمان بۆ پرۆژه‌كه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان داناوه‌و ئه‌وه بۆ نزیكه‌ی شه‌ش مانگه له‌سه‌ر سایتی سبه‌ی كۆمپانیای وشه پیشان ده‌درێ به به‌رده‌وامی، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان بیانه‌وێ ده‌توانن سودی لێوه‌ربگرن.
2- دوای دانانی ده‌ستور له‌وه گرنگتر پابه‌ند بون به ده‌ستور و جێبه‌جێكردنیه‌تی دیاره ده‌ستور كۆمه‌ڵێك بنه‌مای یاساین كه ده‌سه‌ڵاته باڵاكانی هه‌رێم رێك ده‌خه‌ن و سنور بۆ ده‌سه‌ڵاتیان داده‌نێن، بۆیه زۆر گرنگه كه ده‌سه‌ڵاته باڵاكانی هه‌رێم (سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، حكومه‌ت، په‌رله‌مان) پێشه‌نگ بن به پابه‌ند بون به ده‌ستوره‌وه و به فیعلی له‌و سنورانه ده‌رنه‌چن كه به گوێره‌ی بڕگه‌و ماده‌كانی ده‌ستور بۆیان دیاری ده‌كرێ بۆیه زۆر گرنگه بروانامه‌یه‌كی شه‌ره‌ف له‌لایه‌ن هه‌مو ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی و به به‌شداری و ئاماده‌یی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و نوخبه‌ی رۆشنبیر‌و هۆكاری راگه‌یاندن ئاماده بكرێ و ئیمزا بكرێ وه تیایدا جگه له پابه‌ندبون به ده‌ستور و یاساكان به‌رژه‌وه‌ندی یه باڵاكانی هه‌رێم چ له روی ناوخۆیی و چ له روی ده‌ره‌كییه‌وه دیاری بكرێ كه كه‌س بۆی نه‌بێت له‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه لابدات و به میزاج و ته‌فسیری شه‌خصی خۆی كار بكات ئه‌وانه به هێڵی سور دابنرێت و به‌زاندنیان به خیانه‌تی مه‌زن بناسرێت، له‌م بواره‌شدا گرنگه كه ئه‌و په‌یماننامه‌یه ئه‌وه له خۆ بگرێ كه هیچ به‌رپرسێكی حكومی وه له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه سێ ده‌سه‌ڵاته باڵاكه نه‌توانن هیچ پۆست و پایه‌یه‌كی حكومی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌كاربهێنێ، زۆر گرنگه ئێمه له‌م بواره‌دا چاو له نمونه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بكه‌ین.
له سه‌ده‌ی رابردودا كاتێك دامه‌زرێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌وڵه‌تی خۆیان دامه‌زراند له‌به‌رده‌م دو خیاردا بون:-
1- دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی دیكتاتۆری و شخصی له هاوشێوه‌ی ده‌وروبه‌ریان.
2- دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی له‌سه‌ر نمونه‌ی دیموكراتیه‌تی خۆرئاوایی كه تیایدا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دیاری بكرێ و كه‌س نه‌توانێ له‌و سنورانه ده‌رچێ، زانیان كه نمونه‌ی یه‌كه‌م تا سه‌ر ناتوانێ به‌رده‌وام بێ پشتگیری وڵاتانی دیموكراتی جیهانیش له ده‌ست ده‌ده‌ن. بۆیه زۆر دوربینانه‌و خه‌مخۆرانه نمونه‌ی دوه‌میان هه‌ڵبژارد و له‌و ساته‌وه په‌یمانیان دا كه هه‌ر كه‌سێك له سنوری ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستوری و یاسایی خۆی لابدات روبه‌ڕوی لێ پرسینه‌وه ببێته‌وه هه‌رچه‌نده خزمه‌تی گه‌وره‌شی پێشكه‌ش به ئیسرائیل كردبێ له‌و رۆژه‌وه كلتورێكیان داهێنا كه هه‌مو خراپ به‌كارهێنانێكی ده‌سه‌ڵات، یان به‌كارهێنانی پۆست و پله‌ی گشتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت وه‌ك خیانه‌تی مه‌زن سه‌یری بكه‌ن و به چاوی ئه‌و (تیرۆرسته) فه‌له‌ستینیه سه‌یری بكه‌ن ((بێ گومان له روانگه‌ی خۆیانه‌وه)) كه ده‌یه‌وێ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌سه‌ر خه‌ریته بسڕێته‌وه، بۆیه سه‌ره‌نجام توانیان ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی و ده‌سه‌ڵاتێكی سنورداری لاواز له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و به‌رامبه‌ر به ماف و ئازادییه‌كانی هاوڵاتیانی خۆیان دروست بكه‌ن، به‌ڵام به‌هێز له ده‌ره‌وه كه سه‌ره‌نجام جگه له‌وه‌ی كه بۆته جێگای رێز‌و ته‌قدیری سیستمه دیموكراتییه‌كانی جیهان توانیشی به چه‌ند ملیۆن كه‌سێك خۆی به‌رامبه‌ر(22) ده‌وڵه‌ت و زیاتر له (300) ملیۆن دوژمنی سه‌رسه‌ختی خۆی خۆی رابگرێ (هه‌ر رژێمێك چه‌ند له ناوه‌وه به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی بێ هێزبێ و قابییل به لێپرسینه‌وه بێ ئه‌وه‌نده له ده‌ره‌وه به‌هێز ده‌بێ، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و رژێمانه‌ی كه ئیستیدادی و دیكتاتۆرین چه‌ند له ناوخۆدا به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانیان به هێزن له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه زۆر لاوازن و به‌رگه‌ی هیچ جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی ناگرن، بۆیه ده‌بینین كه هه‌ر(22) ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه دیكتاتۆری و ئیستبدادی یه‌كه به‌رامبه‌ر ئیسرائیلێكی ته‌نها دیموكراتی زه‌لاله‌تیانه).
به‌راستی زۆر گرنگه ئێمه سود له‌و ئه‌زمونه ببینین و لاسایی بكه‌ینه‌وه ئێمه‌ش له ناوچه‌یه‌كین كه به چه‌ندین وڵاتی ناحه‌ز ده‌وره دراوین تاقه شتێك كه‌ئێمه بتوانین هه‌لی مانه‌وه و پێشكه‌وتنی خۆمان و به‌ره‌نگاری ئه‌وانه‌ی پێ بكه‌ینه‌وه دروست كردنی سیستمێكی دیموكراتی ده‌ستورییه كه ده‌بێته مایه‌ی رێز‌و حورمه‌تی دۆستانی دیموكراتی له جیهاندا و ناچاریان ده‌كه‌ین كه به‌رگری له‌و به‌هایانه بكه‌ن كه خۆیان له‌سه‌ری ده‌ڕۆن، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌گه‌ر سیستمێكی له‌و جۆره‌مان له ناوخۆدا دروست كرد له ده‌ره‌وه ئه‌وه‌نده به‌هێز ده‌بێت كه ئه‌گه‌ر دوژمنه‌كانمان دو هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا زیاتریش بن ناتوانن زه‌فه‌رمان پێ به‌رن.
3- دانانی یاسای پارته‌كان به شێوه‌یه‌ك كه پێكهاته‌ی ئێستای هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان و حیزبه‌كانی تریش له‌م شێوه رێكخستنه ماركسی ستالینی یه‌ی كه له‌سه‌رده‌می خه‌باتی نهێنی و چه‌كداری یه‌وه له‌سه‌ری دروست كراون بگه‌یه‌نن به حیزبی هه‌یكه‌لی، به‌راستی ئه‌م نمونه‌یه‌ی ئێستا كه ده‌بێ له هه‌مو گوند‌و ناحیه‌و قه‌زاو شار‌و پایته‌خدا به‌رامبه‌ر ده‌زگایه‌كی حكومی ده‌زگایه‌كی حیزبی قوت بكرێنه‌وه جگه له‌وه‌ی كه زه‌مینه‌ی تدخل كردن و ده‌ست تێوه‌ردانی حیزبی بۆ حكومه‌ت ده‌خولقێنێ، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌م سوپا فراوانه‌ی حیزب پێویستی به هه‌زاره‌ها كادری موچه خۆره كه ده‌بنه بارێكی قورسی ئابوری به‌سه‌ر خه‌زێنه‌ی هه‌رێمه‌وه‌و، بودجه‌یه‌كی زۆر داهاتی هه‌رێم و پرۆژه‌كان ده‌بێ بدرێت به حیزب كه جگه له دادۆشینی بودجه‌ی هه‌رێم ئه‌و سوپا معاش خۆره كوێخایانهی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه خۆیان به ده‌م راست و مه‌رجه‌عی حكومه‌ت ده‌زانن له هه‌مو ئاسته‌كاندا به مافی شه‌ڕی خۆشیان ده‌زانن كه له كاره‌كانی داموده‌زگا حكومی یه‌كاندا قسه‌یان هه‌بێ، بۆیه پێویسته هه‌ردو حیزب ئاماده‌بن ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌موشی به یه‌كجاریش نه‌بێ هه‌ندێ له‌و داموده‌زگا قهبانهیان كه‌م بكه‌نه‌وه و له جیاتی ئه‌وان له هه‌ر شار‌و شارۆچكه‌یه‌ك به تایبه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سێ شاره گه‌وره‌كه ته‌نها نوسینگه‌یه‌ك بۆ تۆماركردنی ناوی لایه‌نگرو ده‌نگده‌رانیان، هه‌روه‌ها هه‌ر له یاسای پارته‌كاندا نابێ رێگا بدرێت به هیچ حیزبێكی میلیشیاو حیزبی چه‌كداری هه‌بێ و سه‌رچاوه‌ی دارایی رهواو شه‌فاف بێ، من پێشنیار ده‌كه‌م له سه‌ره‌تادا و تا ماوه‌یه‌كی یاسای ئه‌حزاب رێگا نه‌دات حكومه‌ت بودجه بۆ هیچ حیزبێك په‌یدا بكات، ئێستا یه‌كێتی و پارتی ئه‌وه‌نده‌یان سه‌روه‌ت و دارایی هه‌یه كه بتوانن تا چه‌ندین ساڵی تریش پێویستیان به بودجه‌ی حكومه‌ت نه‌بێت، هه‌روه‌ها له یاسای ئه‌حزابدا جه‌خت بكرێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێویسته حكومه‌ت هه‌لی وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌مو حیزبه‌كان بڕه‌خسێنێ بۆ منافه‌سه‌ی حیزبی و بردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و قه‌ده‌غه‌كردنی لایه‌نگیری ده‌وڵه‌ت بۆ حیزبێك جا ئه‌و حیزبه ئایدیا‌و بیروبۆچونی هه‌رچی یه‌ك بێ "نه‌ته‌وه‌یی، ئاینی، یان چینایه‌تی..هتد" هه‌ر حیزبێك یان ئۆرگانێكی حیزبی یان لێپرسراوێكی حیزبی هه‌وڵیدا ده‌ست بخاته ناو داموده‌زگایه‌كی حكومییه‌وه یان كاریگه‌ری دروست بكات یان هه‌ر لێپرسراوێكی حكومی ویستی لایه‌نگیری حیزبی بكات یان پره‌نسیپی یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسا بۆ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ی خۆی باوه‌ڕی پێیه‌تی پێشێل بكات ئه‌وانه هه‌مویان به تاوان دابنرێت و سزایان بۆ دیاری بكرێ، جگه له سزادانی خودی حیزبه‌كه به غه‌رامه یان هه‌ر سزایه‌كی تر.
4- دانانی دادگایه‌كی ده‌ستوری له دادوه‌رانی پسپۆر و شاره‌زا له ده‌ستور و یاساكان و ئازا‌و چاو نه‌ترس و دڵسۆز كه بڕوای پته‌ویان به دروست كردنی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی ده‌ستوری هه‌بێ و كاربكه‌ن بۆ دامه‌زراندنی ژێرخانێكی كلتوری یاسایی ببنه چاودێری كاره‌كانی په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان یاسایه‌كی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری ده‌ركرد، یان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران مه‌رسوم و سیستمه رێنمایی و بڕیارێكیان ده‌ركرد كه پێچه‌وانه‌ی یاساكان و ده‌ستوری هه‌رێم بو بتوانن به شێوه‌یه‌كی زۆر جه‌ریئانه هه‌ڵوه‌شێننه‌وه دادگای ده‌ستوری له زۆرێك له وڵاتانی جیهاندا رۆڵێكی مێژویی بینیوه به ده‌ستوری یاسای وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه دادگای باڵای فیدراڵی ئه‌مه‌ریكی و سه‌رۆكی ئه‌و دادگایه و دادوه‌ری مه‌زن "مارشاڵ" كه رۆڵێكی مێژویی بینی له به دیموكراتی كردن و به ده‌ستوری كردنی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 1802 به دواوه، بۆیه ئێستا لای ئه‌مه‌ریكیه‌كان رێز‌و هه‌یبه‌تی هیچی له باوكه دامه‌زرێنه‌ره‌كانی وه‌ك واشنتۆن جیفرسون و هامڵتن و... هتد زیاتر نه‌بێ كه‌متر نییه و به یه‌كێك له سیمبوله مێژوییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی خۆیانی ده‌زانن.
5- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ و دانانی ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له رێكخراوه چالاك و سه‌ربه‌خۆكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی تایبه‌ت به مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و شاره‌زایانی ئه‌كادیمی مافی مرۆڤ كه ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌یان هه‌بێ و چاودێرێكی فیعلی و راسته‌قینه‌ی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و ده‌زگا تهنفیزییهكان بن و له حاڵه‌تی رودانی هه‌ر سه‌رپێچی و پێشێل كردنی مافی مرۆڤ و مافی تاكه‌كان و پێشێل كردنی بنه‌مای یه‌كسانی له ده‌ستورو یاساكاندا ده‌سه‌ڵاتی لێپرسینه‌وه و محاسهبهكردنی هه‌بێ.
6- دانانی ده‌سته‌یه‌كی نه‌زاهه‌و ده‌زگایه‌كی چاودێری دارایی سه‌ربه‌خۆ كه سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن نه‌بن و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی و راسته‌قینه‌یان هه‌بێ كه هه‌ر كه‌سێك تاوانێكی گه‌نده‌ڵی كارگێری و دارایی له‌سه‌ر بو بتوانن له‌به‌رده‌م دادگادا داوای له‌سه‌ر تۆمار بكهنو راپێچی دادگای بكه‌ن له هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌كدا بێ.
حه‌ڤده ساڵه كێشه‌ی ئه‌م هه‌رێمه نه‌بونی لێپرسینه‌وه‌یه به تایبه‌تی له لێپرسراوه پایه بڵنده‌كان كه باوه‌ر ناكه‌م له هیچ وڵاتێك ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه دیموكراتیش نین شتی وا هه‌بێ، له كوردستان كه‌سێك ده‌هێنرێ له ماوه‌یه‌كی كوررتدا له‌سه‌ر حسابی گشتی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت و ده‌ڕوا یان خانه‌نشین ده‌كرێ، هه‌رچی كردبێ لێی ناپرسرێته‌وه كه سه‌ره‌نجام له‌به‌ر خاتری چه‌ند كه‌سێك یان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی چه‌ند كه‌سانێك یان له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی چه‌ند كه‌سێك دڵی هه‌زاره‌ها كه‌س له حكومه‌ت ره‌نجاوه.
به‌شی چواره‌م: خاڵی ده‌ست پێكردنی جیاكردنه‌وه
له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م زنجیره وتاره‌دا ئاماژه‌م به كایه‌كانی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی كرد كه بریتین له:-
1ــ له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
2ــ له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن.
3ــ له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان.
4ــ له كایه رۆشنبیری و زانكۆ‌و په‌یمانگاكان.
5ــ له هێزی چه‌كدا.
6ــ له ئابوری و بازاڕ.
7ــ له رێكخراوه دیموكراتی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.
بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كه بچێته خانه‌ی جێبه‌جێ كردنه‌وه و هه‌لی سه‌ركه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست بهێنێ پێویسته وه‌كو چۆن كاتی گونجاو هه‌ڵبژێردراوه بۆ جاڕدانی"پرۆژه‌كه" به هه‌مان شێوه خاڵی ده‌ست پێكردنی گونجاویش هه‌ڵبژێردرێ و له خاڵێكه‌وه ده‌ست پێ بكرێ ئاسان بێ و پێویستیش بێ بۆ ده‌ست پێكردن.
ئاسانترین و پێویسترین خاڵ بۆ ده‌ست پێكردنی پرۆژه‌كه((ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه)) له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك:-
1ــ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له سیستمی دیموكراتی ده‌ستوریدا جگه له‌وه‌ی كه هه‌ڵده‌ستێ به یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له نێوان تاكه‌كان وه یان له نێوان تاكه‌كان و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا، له هه‌مان كاتیش‌دا بڕیار ده‌ریشه له‌سه‌ر شه‌رعیه‌ت و یاسایی بونی كار‌و بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاته باڵاكانی تری ده‌وڵه‌تدا له ڕێگای میكانیزمه‌كانی چاودێری ده‌ستوری بونی یاساكان و چاودێری بڕیار‌و فه‌رمانه‌كانی ئیداره پارێزه‌ری مافه‌كانی مرۆڤیشه دادگا‌و دادوه‌ران په‌ناگه‌ی ئارام و داكۆكی كه‌ری یه‌كه‌می پاراستنی ماف و ئازادییه دهستورییهكانن.
2ــ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ئه‌و سێ رۆڵه‌ی خۆی ببینێ واته بڕیاردان له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی كار و بڕیاره‌كانی دو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تر‌و هه‌مو ده‌زگاو لایه‌نه‌كانی تر، یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، پاراستنی مافی مرۆڤ، پێویسته سه‌ربه‌خۆ و بێ لایه‌ن بێ هه‌مو سیستمه‌كانی جیهان به دیكتاتۆریهكانیشهوه كه ئه‌صڵه‌ن بڕوایان به سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نییه به روكهشیش بێ ناتوانن به ئاشكرا ئینكاری سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بكه‌ن.
ئێستا سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بۆته چه‌مكێكی جیهانی چ وه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان یان له‌سه‌ر ئاستی رێكخراوه كیشوه‌ری و هه‌رێمییه‌كان یان له‌سه‌ر ئاستی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ هه‌مویان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه به چاوی گومان سه‌یری ئه‌و سیستمانه ده‌كه‌ن كه ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆیی تیایاندا سه‌ربه‌خۆ نییه و له‌و ڕێگایه‌وه ڕهخنهوتانهی پێ له كۆی سیستمه سیاسییه‌كه ده‌درێت، بۆیه ئه‌صڵ وایه كه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ بێ، هه‌روه‌ها بونی ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و بێ لایه‌ن كه بڕیاره‌كانی ته‌نها به گوێره‌ی یاسا‌و بێ لایه‌نی بدات ته‌نانه‌ت بۆ خودی پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت یان جیاكردنه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاته‌كان له یه‌كتری پێویستیمان به ده‌سه‌ڵاتێكی وایه كه په‌نای بۆ ببرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ ئایا له‌سه‌ر هه‌قه یان نا؟ یان بڕیاره‌كه‌ی كامیان یاسایی یه؟ كامیان له سنوری خۆی ده‌رچوه؟ پێویسته له پێشه‌وه ده‌سه‌ڵاتێكی بێ لایه‌نی وا دروست بكه‌ین ئه‌و بڕیاره‌كه ده‌ربكات دواتر هه‌موان پێوه‌ی پابه‌ند بن.
3ــ میكانزمی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له حیزب ئاسانترینیانه له جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و كایه‌كانی تر له حیزب، به تایبه‌تی دوای ده‌رچونی یاسای سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره 23ی ساڵی 2007 هه‌ر له‌وانه‌یه له‌سه‌ر ڕوانگه‌یه‌شه‌وه بێ مام جه‌لال له‌و پرۆژه مه‌بده‌ئیه‌ی كه ئاشكرای كردوه له ناو هه‌مو ده‌سه‌ڵات و كایه‌كانی تر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌ویان زیاتر كردۆته‌وه و زه‌قی كردۆته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ بڵێ كه سه‌ربه‌خۆ و بێ لایه‌ن كردنی ده‌سه‌ڵاته هه‌م ئاسانتره له‌وانی تر هه‌میشه پێویسته وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م و سه‌ره‌كی بۆ هه‌نگاوه‌كانی دی.
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری چۆن سه‌ربه‌خۆ بكرێ؟
بۆ جێبه‌جێكردن و به ئه‌نجام گه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری پێویسته له‌سه‌ر دو ئاست كار بكرێ:-
1ــ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له حیزب و دو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تر وه‌ك دامه‌زراوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
2ــ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له حیزب و دو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تر و سه‌ربه‌خۆیی كردنی دادوه‌ران وه‌ك تاك یان وه‌ك دادوه‌ر.
3ــ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وه‌ك دامه‌زراوه له حیزب و دو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تر.
• ــ دامه‌زراندنی دادگای ده‌ستوری، وه‌ك باسم كرد له پێشتر پێویسته دادگایه‌كی ده‌ستوری دابنرێ سه‌ره‌ڕای كاره سه‌ره‌كی یه‌كه‌ی كه بریتی یه له چاودێری كردنی یاساكانی په‌رله‌مان و بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن، پێویسته ببێته دادگایه‌كی باڵاش بۆ دادگای كردنی به‌رپرسه باڵا‌و وه‌زیره‌كان و لێپرسراوه باڵاكانی تر كاتێ له ده‌ستور یاساكان لاده‌ده‌ن یان تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی كارگێری و داراییان ده‌خرێته پاڵ یان هێڵه سوره‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێم ده‌به‌زێنن یان پۆست و پله‌كانیان خراپ به‌كار ده‌هێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی، گرنگه یاسای دادگاكه ماف بدات به تاكه‌كان كه سكاڵا له‌به‌رده‌م دادگای ده‌ستوری به‌رز بكه‌نه‌وه.
• ــ دامه‌زراندنی دادگای كارگێری كه هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران و هه‌ر كه‌سێك زوڵم یان ناهه‌قی یان سه‌رپێچییه‌ك یان بڕیارێكی دژ به یاسای بۆ ده‌رچو مافی په‌نابردنه ئه‌و دادگایه‌یان هه‌بێ.
• ــ سه‌ربه‌خۆ كردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له هه‌ر سێ روه‌كانی بڕیاردان، دارایی، ئاسایش.
أ/ سه‌ربه‌خۆكردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له بڕیاردان، دوای ده‌رچونی یاسای سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و جیاكردنه‌وه‌ی له روی كارگێری یه‌وه له دو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تر پێویسته هه‌نگاوی پراكتیزه‌ی بندرێ بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بتوانێ به سه‌ربه‌خۆ و ئازادانه و بوێرانه هه‌مو بڕیاره گرنگ و چاره‌نوسسازه‌كانی تایبه‌ت به خۆی بدات بێ هیچ ترسێك له تۆڵه سه‌ندنه‌وه یان ئیعتیباری سیاسی و لایه‌نگیری بێ ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر یان حیزب بتوانن كۆسپی بۆ دروست بكه‌ن له‌م پێناوه‌شدا چه‌ند هه‌نگاوێك پێویستن:-
1ــ راهێنانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌سه‌ر ده‌ركردنی بڕیاره قورسه‌كان، دیاره بڕیار كاتێ لای خه‌ڵكی تر ده‌بێت ئه‌وانه‌ی بڕیار به ده‌ست نین پێیان وایه بڕیاردان له مه‌سه‌له گرنگه‌كان كارێكی ئاسانه، به‌ڵام كاتێ خۆت ده‌بیته خاوه‌ن بڕیار كاره‌كه پێشتر پاشكۆ و نا سه‌ربه‌خۆ بوبێت دیاره ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له كوردستانه، عێراق ئه‌و بۆ سه‌ده‌یه‌ك زیاتره پاشكۆی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه ئێستا سه‌ربه‌خۆكردنی و سپاردنی بڕیاره‌كان پێی كارێكی ئاسان نییه زۆر گرنگه له پێش هه‌مو شتێكه‌وه ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌ندامانی دادگای ده‌ستوری بنێردرێنه وڵات پێشكه‌وتوه‌كانی كه سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئاستێكی به‌رزی هه‌یه‌و دادگا و دادوه‌ران هه‌یبه‌ت و رێزێكی گه‌وره‌یان هه‌یه بۆ راهێنانیان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی داكۆكی كردن و مانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
2ــ پێویسته له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته باڵاكانی تر((سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی، هه‌رێم، په‌رله‌مان، حكومه‌ت)) تا ماوه‌یه‌كی دیاریكراو به به‌رنامه بۆ داڕێژراو له هۆكاره‌كانی راگه‌یاندن و بۆنه‌كاندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگای ده‌ستوری به‌یه‌كه‌وه ده‌ربكه‌ون و وه‌ك ئه‌وان سه‌یر بكرێن تا ئه‌و كلتوره له ناو كۆمه‌ڵگا و رای گشتی و داموده‌زگاكاندا بڵاوده‌بێته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ریزی دو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تره و وه‌ك ئه‌وان به‌شێكه له ده‌سه‌ڵاتی باڵای ده‌وڵه‌ت.
3ــ هه‌ر بۆ به هه‌یبه‌ت كردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری پێویسته هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌ی سه‌ره‌وه (هه‌رێم، په‌رله‌مان، حكومه‌ت) له كاتی وه‌رگرتنی پۆسته‌كانیان له په‌رله‌مان له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم سوێندی یاسایی بخۆن.
4ــ پێویسته ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و دادگای ده‌ستوری له سه‌ره‌تاوه به به‌هێزی ده‌ركه‌ون و به‌یه‌ك ده‌نگ بڕیاره گرنگه‌كان وه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسا‌و بڕیاره نا ده‌ستوری و نا یاسایی یه‌كان یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته باڵاكانی ده‌وڵه‌ت ده‌درێت كه پێشێل كاری ماف و ئازادییه‌كانی تاكه‌كانی تێدایه یان سه‌رپێچی پره‌نسیپی یه‌كسانی یه كه له ده‌ستوردا هاتوه بده‌ن و داكۆكیشی لێ بكه‌ن.
5ــ پێویسته له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ببێته چاودێرێكی باشی خۆی واته ئه‌ندامه‌كانی له دادوه‌رانی ژێره‌وه هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردنی دادوه‌ران بكاته‌وه له ڕوه‌كانی زانستی و ئازایه‌تی و بێ لایه‌نی، هه‌روه‌ها پاڵپشتی بڕیاره‌كانی دادگا‌و دادوه‌ران بێ له كاتی جێ به‌جێ نه‌كردنی بڕیاره‌كان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه هه‌ڵوێستی شێلگیر‌و رون و ئاشكرای هه‌بێ هه‌مان كاتیش چاودێری دادوه‌ره خراپه‌كان بكات له ڕێگای ئه‌كتیف كردنی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كه ئازا‌و لێهاتو شاره‌زا نین فشاریان بۆ بنێن بۆ خۆ چاككردن یان گواستنه‌وه‌ی راژهكه یان بۆ خزمه‌تی شارستانی (مه‌ده‌نی) یان خانه‌نشین كردنیان.
ب/ سه‌ربه‌خۆی دارایی دامه‌زراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری پێویسته ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری خۆی بێ هیچ ده‌ستێوه‌ردانێك بودجه‌ی خۆی له موچه‌ی دادوه‌ران و كه‌ل وپه‌ل و پێداویستی بینا و دادگاكان و كاری دادوه‌ری ئاماده بكات و پێشكه‌ش به په‌رله‌مانی بكات وه‌ك به‌شێك له بودجه‌ی گشتی.
هه‌رچه‌نده یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ساڵی 2007 ئه‌م مافه‌ی (به یاسا) داوه به‌و ده‌سه‌ڵاته جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه پێویسته خۆی بودجه‌ی خۆی دابنێ، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ نه‌كراوه ساڵی پار هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری پێشنیازی بودجه‌یه‌كی گونجاوی كرد، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خۆی له‌لای خۆیه‌وه تاك لایانه ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئاماده‌ی كردبو به شێوه‌یه‌كی زۆر كه‌م كرده‌وه، تا ئێستاش ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له كوردستان پێداویستی یه‌كانی له رێگای وه‌زاره‌تی دارایی جێ به‌جێ ده‌كات، چاوه‌ڕوانی ده‌ستی به‌رێوه‌به‌رێكی گشتییه كه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دارایی یه، كه لكێكی بچوكی ده‌سه‌ڵاتی جێ بهجێكردنه ئه‌مه‌ش وایكردوه له ساڵی رابردودا گۆڕانێكی فیعلی به سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا نه‌یه‌ت.
ج/ دابین كردنی ئاسایشی دامه‌زراوه دادوه‌رییه‌كان:
پێویسته هه‌مو دامه‌زراوه دادوه‌رییه‌كان به شێوه‌یه‌كی وا پارێزراو بێ كه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادگاكان و دادوه‌ران له سایه‌یدا بێ منه‌ت بن له ده‌ركردنی بڕیاره‌كان، له كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئارام‌دا كاربكه‌ن كه ترسی تۆڵه سه‌ندنه‌وه و هه‌ره‌شه‌ی هیچ كه‌س و لایه‌نێكیان نه‌بێ نه ده‌سه‌ڵات نه هاوڵاتیان وا باشتریشه كه ئه‌ركی پاراستنی دام وده‌زگا دادوه‌رییه‌كان پسپێردرێ به هێزێكی ئه‌منی پرۆفیشناڵ و شاره‌زا له مافی مرۆڤ و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان كه بتوانێ له‌گه‌ڵ پاراستنی ئاسایشی دام و ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری مامه‌ڵه‌یه‌كی مۆدێرن و شارستانیانه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌دا بكه‌ن كه كاریان به‌و دام و ده‌زگایانه هه‌یه‌و رێگایان تێی ده‌كه‌وێ، وا باشتره فه‌رمانده‌ی ئه‌و هێزانه سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری خۆی بن و هه‌ر له‌ویشه‌وه موچه و بودجه‌ی پێویستیان بۆ دابین بكرێ هه‌ر له خۆشیه‌وه فه‌رمان وه‌ربگرن.
د/ پێویسته ژماره‌ی دادگاكان و دادوه‌ران زیاد بكرێ كه له ئاست زیادبونی ژماره‌ی دانیشتوان و زۆربونی كێشه‌كاندا بێ، چونكه ئێستا ژماره‌ی دادگا و دادوه‌ران له كوردستان له چاو زۆری ژماره‌ی دانیشتوان و زۆری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ستاندارده جیهانییه‌كانی دابین كردنی عه‌داله‌ت ناگونجێ.
ه/ گرنگی دان به كۆمپیتهرایز كردنی كاری دادگاكان سود وه‌رگرتن له هۆكار و ئامرازه ته‌كنه‌لۆجی یه تازه‌كان له كاری دادوه‌ریدا له ئیداره‌كردن و به‌رێوه‌بردنی دادگا‌و داواكاندا، چونكه تا ئێستا له دادگاكانی كوردستان به هه‌مان ئه‌و میكانیزمه كلاسكی یانه كار ده‌كرێ كه هی (50) ساڵ پێش ئێستان و هۆكارێكی سه‌ره‌كین بۆ كه‌ڵه‌كه بونی داواكان و تاخیربونی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان.
و/ گرنگی دان به راگه‌یاندن:
ئێستا له سیستمه دیموكراتی و یاساییه‌كاندا گرنگی زۆر ده‌درێ به‌په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادگاكان و راگه‌یاندن هه‌مو دادگاكان نوسینگه‌یه‌كی راگه‌یاندنی پرۆڤیشناڵ له كاری راگه‌یاندنی دادوه‌ری داده‌مه‌زرێنن كه بزانن چی پێویسته له كێشه‌كانی ناو دادگاكاوه بدرێنه هۆكانی راگه‌یاندن، كاریگه‌ری نه‌بێ بۆ سه‌ر بڕیاری دادوه‌ر له كێشه‌كه‌دا. بۆ دروست كردنی پردی په‌یوه‌ندی له نێوان دادگاكان و جه‌ماوه‌ر په‌یداكردنی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به عه‌داله‌تی دادگاكان كه ئه‌مه‌ش دو ئامانج ده‌پێكی:-
1ــ ده‌بێته هۆی شه‌فافیه‌ت له كاری دادگاكان و هه‌ست كردنیان كه هه‌میشه چاودێریان ده‌كرێ و ده‌بێته فشارێك بۆیان بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له كاره‌كانیان بێ لایه‌ن بن و ته‌نها بۆ عه‌داله‌ت كار بكه‌ن.
2ــ له هه‌مان كاتیش‌دا كاتێ تاكه‌كان كاری دادگاكان ده‌بینن و له بێ لایه‌نی و سه‌ربه‌خۆ بونیان دڵنیا ده‌بن متمانه‌ی زیاتر به دادگا په‌یدا ده‌كه‌ن و به دڵنیای یه‌وه په‌نای بۆ ده‌به‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانیان به‌مه‌ش ده‌بنه پاڵپشتی دادگا له كاتی روبه‌روبونه‌وه‌ی دادگا و دادوه‌ران بۆ هه‌ر فشارێك ئه‌وا رای گشتی پاڵپشتی كه‌ریان بۆ دروست ده‌بێ، كاتێ دادگا و دادوه‌ران روبه‌روی فشار یان تۆڵه سه‌ندنه‌وه ده‌بنه‌وه رای گشتی و جه‌ماوه‌ر ده‌ده‌نه پاڵ دادگاكان، چونكه به لانكه‌ی ئارامی مافه‌كانیانی خۆیانیان ده‌زانن، هه‌مو جیهان بینی له پاكستان كاتێ په‌روێز شه‌ره‌ف سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئه‌و وڵاته‌ی لابرد چۆن جه‌ماوه‌ر رژانه سه‌رجاده‌كان بۆ پاڵپشتی كردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری سه‌ره‌نجام نه‌ك هه‌ر توانیان بیگه‌ڕێننه‌وه جێگای خۆی به‌ڵكو توانیان له پاڵ بونی فشاره‌كان تری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی مشهرهف خۆی په‌راوێز بكرێ و له ده‌سه‌ڵات دور بخرێته‌وه ئه‌و خاڵه واته ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری گرنگترین چه‌ك بو به ده‌ست نه‌یارانی یه‌وه، هه‌روه‌ها واشیكرد چی دی دۆسته ده‌ره‌كییه‌كانی ئیدی نه‌توانن پشتگیری لێ بكه‌ن.
بۆیه ده‌بینین ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كان به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵ كردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌یانه‌وێ له جه‌ماوه‌ری داببڕن و به ته‌نها بیهێڵنه‌وه له ڕێگای قه‌ده‌غه‌كردنی دادگا و دادوه‌ران له مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی راگه‌یاندن و كلتو و رۆشنبیرییه‌ك بڵاوده‌كه‌نه‌وه كه نابێ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادوه‌ران به هیچ شێوه‌یه‌ك قسه بۆ هۆكاره‌كانی راگه‌یاندن بكه‌ن و به هێڵی سوری داده‌نێن و هه‌ر دادوه‌رێ ئه‌و هێڵه سوره ببه‌زێنێ سزا ده‌درێ.