ماندێلا له یادهوهریهیانیدا ده‌نوسێت: "بۆ شۆڕشگێڕان ته‌نها په‌نجه خستنه‌سه‌ر په‌لاپیتکه‌ی تفه‌نگه‌کانیان به‌س نیه تا بیته‌قێنن، ئامانجی شۆڕش ده‌بێت هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری و خۆشگوزه‌رانی بێت له کۆمه‌ڵگادا."(1)
ئه‌گه‌ر ماندێلا پێیوابێت ده‌ستپێکردنی خه‌باتی شۆڕشگێڕی ده‌بێت له‌پێناوی هێنانه‌دی کۆمه‌ڵگایه‌کی خۆشگوزه‌ران بێت، که تیایدا هه‌ر تاکێک هه‌ست به دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بکات. بۆ هێنانه‌دی ئه‌م ئامانجه شۆڕشگێڕان پێویستیان به گۆڕانه له ئه‌قڵیه‌تی پڕ حه‌ماسی شۆڕشگێڕیه‌وه بۆ قۆناغی به مهدهنیبون و دامهزراوهییبونی دامه‌زراوه ئیداریه‌کان، که تیایدا یاسا نه‌وه‌ك دروشمه شۆڕشگێڕیه‌کان، پێوه‌ری یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌و ناکۆکیه‌کان بێت. بێگومان ئه‌م گۆڕانکاریه کارێکی ئاوا ئاسان و بێ گرێکوێره نیه. له‌هه‌مان کاتیش‌دا خۆده‌ربازکردن له کاریگه‌ریه‌کانی شه‌رعیه‌تدان به قۆناغی شۆڕشگێڕی و گواستنه‌وه بۆ قۆناغی بهدامهزراوهییبونی ده‌زگا ئیداریه‌کان پێویستی به گۆڕانی ریشه‌یی هه‌یه له‌تێکڕای کایه سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا. له چوارچێوه‌ی ئه‌م گۆڕانه‌شدا پێویسته دوباره هه‌مو ئه‌و کایانه بونیادبنرێنهوه که حه‌تمیه‌تی گۆڕان ده‌یانگرێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك که گوزارشت له ویست و خواستی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن.
ئه‌م وتاره ده‌رخستن، پێداچونه‌وه، یا قۆناغبه‌ندی نیه له وێستگه‌کانی خه‌باتی شۆڕشگێڕی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کان، به‌ڵکو مه‌به‌ست نیشاندانی ئه‌و لێکچونهیه که له‌سه‌رده‌مێکی مێژویی دا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی پێیدا تێده‌په‌ڕێت و هه‌وڵده‌دات له‌پێناوی مانه‌وه‌یدا شه‌رعیه‌ت به‌خۆی بدات. ئه‌م وتاره ده‌رخستنی ئه‌و دو قۆناغه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی کوردی (له ئێستادا دو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌که‌ن) له هه‌رێمی کوردستاندا پێدا تێده‌په‌ڕێ؛ له سه‌رده‌می شۆڕشه‌وه بۆ قۆناغی به دامهزراوایی بون و شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری. ئه‌م ئارگیومێنتانه ده‌خاته‌ڕو که سه‌لـمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌ماوه‌ی زیاتر له 17 ساڵی ته‌مه‌نیدا نه‌یتوانیوه خۆی له گرفته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕی رزگاربکات. له‌هه‌مان کاتدا ئه‌و هۆکارانه‌ش ده‌رده‌خات که رێگربون له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی کوردی تاکو بوێرانه ئاماده‌یی تێدابێت که دامه‌زراوه "حیزبی" و خێڵه‌کیه‌کان هه‌ڵته‌کێنێ و چۆک به‌رامبه‌ر به ده‌مه‌زراوه یاساییه‌کاندا بدات و ملکه‌چی یاسا بێت. له‌کۆتایی ئه‌م وتاره‌دا نوسه‌ر چه‌ند پێشنیارێک ده‌خاته‌ڕو بۆ هێنانه‌دی گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی له پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمه‌که‌دا.
قۆناغی "شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی"
سه‌ره‌تا ئه‌و خاڵه ده‌خه‌ینه‌ڕو که ئه‌م جۆره له شه‌رعیه‌ت پێگه‌یه‌کی دیاریکراو یا پێناسکراوی له خوێندنی زانسته سیاسیه‌کاندا نیه، به‌ڵام هه‌ندێجار وه‌کو دیارده‌یه‌کی نه‌ویستراو له بارودۆخێکی مێژویی دیاریکراودا دێته پێشه‌وه، چه‌ند بیریارێکی زانسته‌سیاسیه‌کان (که ژماره‌یان له په‌نجه‌کانی ده‌ست تێناپه‌ڕێت) وه‌کو پڕۆفیسۆر ویلیه‌م زارتمان و جۆنه‌سان وۆڵف ئاماژه‌یان به پێگه‌ی سیاسی وکاریگه‌ری و ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه داوه.
پڕۆفیسۆر ویلیه‌م زارتمان به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ئیداره‌دانی ناکۆکیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له زانکۆی جۆن هۆپکینس له وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا، بۆ ده‌رخستنی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جۆره له شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات، گریمانه‌یه‌ك ده‌دات به‌ده‌سته‌وه که ده‌ڵێت 'کاتێ ده‌وڵه‌ت توشی هه‌ڵوه‌شان یاخود توشی له‌ده‌ستدانی کۆنتڕۆل ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر وڵات‌دا یا به‌شێکی دابڕاوی وڵاته‌که، ئه‌وکاته ده‌سه‌ڵات ده‌که‌وێته ده‌ستی گروپه لۆکاڵیه‌کانی وه‌کو حیزب، خێڵ، ده‌سته‌و تاقمه پاوانخوازه‌کان'. له‌وه‌ش زیاتر ویلیه‌م ده‌ڵێت "ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌وێته ده‌ستی ئه‌و گروپانه به‌ڵام شه‌رعیه‌تی یاساییان نابێت." (2) هه‌میشه غه‌ریزه‌ی کۆنتڕۆڵکردن و پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی ده‌سه‌ڵات له نێوان گروپه جیاجیاکاندا هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی بێنه‌وبه‌رده ده‌بێت، ئه‌م جۆره له هه‌ڵکشان و داکشانی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ناکۆکیه‌کان بۆ پاوان‌کردنی زۆرترین ده‌ستکه‌وت له‌سه‌رحیسابی گروپهکانیتردا. ئه‌و روداوناکۆکیانهی که له 17 ساڵی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی کوردی دا ده‌بینرێت کۆپیه‌کی واقعی ئه‌م گریمانه‌یه که ویلیه‌م ده‌یدات به‌ده‌سته‌وه. ئه‌گه‌ر له نزیکه‌وه سه‌یری هاوکێشه‌ی سیاسی ناوچه‌که بکه‌ین ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که به‌ڵێ هه‌میشه غه‌ریزه‌ی پاوانخوازی و کۆنتڕۆڵکردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن هێزه کوردیه‌کانه‌وه ده‌ره‌نجامه‌که‌ی به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنانی ناکۆکی و ململانێ، پێکدادان و شه‌ڕوکوشتار، نادادپه‌روه‌ری و سته‌مکاری بوه که هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌پێناوی مانه‌وه‌یاندا به‌سه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌که‌یدا سه‌پاندوه.
جۆناسان وۆڵف پڕۆفیسۆر له‌به‌شی فه‌لسه‌فه له له‌نده‌ن یونیڤێرستی کۆلێژ ده‌رباره‌ی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی بۆمان ده‌دوێت و ده‌ڵێت؛ "بۆئه‌وه‌ی که بزانین چۆن ده‌سه‌ڵات شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێت، له‌ژێر رۆشنایی ئاکاره ئه‌خلاقیه‌کاندا، پێویستمان به ئارگیومێنتێك ده‌بێت که بیسه‌لـمێنێت ئێمه واجبێکی ئه‌خلاقیمان له‌سه‌ره که ملکه‌چی ده‌سه‌ڵات بکه‌ین. هه‌ر ئه‌م ئارگیومێنته‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و تێگه‌یشتنه مه‌عریفیه‌ی که که‌ی ده‌سه‌ڵات شه‌رعیه‌ت له‌ده‌ست ده‌دات."(3)جێرمی بێنسام تیۆریستی سودگهرا پێیوایه به‌های بنه‌ڕه‌تی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات بریتی نیه له پێدانی متمانه‌ی ئارازومه‌ندانه که جۆن لۆك و بیریارانی تیۆری عه‌قدی کۆمه‌ڵایه‌تی بانگێشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌بۆچونی ئه‌و ئه‌وکاته ده‌سه‌ڵات شه‌رعیه‌تی خۆی وه‌رده‌گرێت ئه‌گه‌ر له‌ڕێگای ئالیه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه بتوانێت خۆشگوزه‌رانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ست بهێنێت. بێنسام پێیوایه ئه‌وکاته ده‌سه‌ڵات شه‌رعیه‌تی هه‌یه، ئه‌گه‌ر تا ئه‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵکی به‌گشتی دابین بکات.(4)
ئه‌گه‌ر تاکو دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 و که‌مێکیش دوای ئه‌وکاته تا هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1992 ده‌سه‌ڵاتی کوردی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی له‌و کایه ئه‌خلاقیانه‌وه وه‌رگرتبێ که هێزی رزگاریخوازی گه‌لی کورد بون و له‌پێناو پارێزگاریکردن له ناسنامه‌ی گه‌لێك تێکۆشابن، ئه‌وا بێگومان له دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه و هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی کوردکوژی ئه‌و کایانه به‌ره‌و کاڵبونه‌وه ده‌چن و حه‌تمیه‌تی واجببونیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ده‌ره‌نجامیش شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕی به کۆی هه‌مو کایه‌کانیه‌وه ده‌که‌وێته ژێرپرسیاره‌وه. هه‌ربۆیه به پێی تیۆری سودگه‌رایی ده‌سه‌ڵاتی کوردی شه‌رعیه‌تی مانه‌وه‌ی له‌ژێر پرسیاردایه، چونکه به‌درێژایی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی خۆی نه‌یتوانیوه لایه‌نی که‌می خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌تاییه‌کان بۆ خه‌ڵکی دابین بکات.
به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا له ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌جیاتی گۆڕان به‌رده‌وامه له خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه و خولانه‌وه له‌ناو کایه ئێکسپایه‌ره‌کانی دروشمه شۆڕشگێڕیه‌کان بێئه‌وه‌ی هه‌نگاوی پۆزه‌تیڤانه‌ی نابێت بۆ ده‌ربازبون له‌و قۆناغه و هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنی دامه‌زراوه مه‌ده‌نی و ده‌ستوریه‌کان، تا بتوانێ لایه‌نی که‌می پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمه‌ڵگا دابین بکات. که‌واته ئێستا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌به‌رده‌م ئه‌و تێگه‌یشتنه مه‌عریفیه دایه که حه‌تمیه‌تی واجبه ئه‌خلاقیه‌که‌ی له‌ده‌ستداوه و دروشمه شۆڕشگێڕیه‌کانی چیتر له بازاڕی یاریه سیاسیه‌کاندا فلسێکی قه‌ڵپ ناکه‌ن. ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی کارکردن به ئه‌قڵیه‌تی شۆڕشگێڕی بنه‌مای سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین ته‌نگژه‌ی سیاسی بوه له ئیداره‌دانی ئه‌و هه‌رێمه‌دا که به‌رده‌وام بۆته جێگای ره‌خنه‌ی رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان. به ئاراسته‌یه‌ك که تادێت سومعه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌ره‌و خراپبون ده‌چێت، یه‌کێك له ده‌ره‌نجامه خراپه‌کانی ئه‌وه‌یه که به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌کان وادێت وێنای کۆمه‌ڵگای کوردیش تاڕاده‌یه‌ك ناشرین بکات. دیارده‌کانی کوشتنی ژنان، گه‌نده‌ڵی ئیداری و سیاسی (ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سامانی گشتی، خزم خزمێنه، نه‌بونی دامه‌زراوه‌یی و پسپۆڕی و پیشه‌گه‌ری، نه‌بونی ئازادیه تاکه‌که‌سیه‌کان..هتد)، نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتێکی دادوه‌ری کاراو سه‌ربه‌خۆ، بونی په‌رله‌مانێکی کارتۆنی، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بونی سته‌مکاری، ئه‌مانه هه‌مویان خه‌ریکه رایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی وا دروست بکه‌ن که پێیوایه ئه‌قڵیه‌تی سیاسی گه‌لی کورد هێشتا قۆناغی خێڵه‌کی تێنه‌په‌ڕاندوه، له ده‌ره‌نجامیشدا ناتوانێت خۆبهڕێوهبهرێت و ده‌سه‌ڵاتێکی دامه‌زراوه‌یی مه‌ده‌نی دامه‌زرێنێت.
ئاسته‌نگ و گرفته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕی
ویلیه‌م پێیوایه: ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که له‌دوای خه‌باتی چه‌کداریدا دژی چه‌وسێنه‌ران سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن هه‌میشه کۆلکه‌یه‌کی هاوبه‌شیان هه‌یه که به شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی ناوده‌برێت، له‌هه‌مان کاتیش‌دا هه‌مویان هاوبه‌شن له بونی نه‌هامه‌تی و بێبه‌شی له داهات و سه‌رمایه نیشتیمانیه‌کان. ئه‌م جۆره رژێمه زیاتر له رژێمهکانیتر هه‌وڵ ده‌دات بۆ پیرۆزکردن و هێشتنه‌وه‌ی سه‌رمایه رهمزیهکانی شۆڕش. یه‌کێکیتر له نیشانه جیاکه‌ره‌وه‌کانی ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاتانه ئه‌و پێشبینیه گه‌ورانه‌یه که خه‌ڵکی به‌رامبه‌ر به‌م ده‌سه‌ڵاتانه هه‌یانه، واته خه‌ڵکی له هه‌مو بوارێک‌دا چاوه‌ڕوانی خزمه‌تگوزاری و هێنانه‌کایه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی خۆشگوزه‌ران ده‌که‌ن. دواجار ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه روبه‌ڕوی ئه‌و داواکاریانه ده‌بنه‌وه که پێویستیه‌تی گۆڕان ده‌هێننه پێشه‌وه ئه‌ویش خۆی له گواستنه‌وه له قۆناغی دروشمه شۆڕشگێڕه‌کانه‌وه بۆ قۆناغی دامه‌زراوه‌یی و حکومڕانی مه‌ده‌نی ده‌بینێته‌وه که به قۆناغی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری داده‌نرێت. ئه‌و داواکاریانه دوای ئه‌وه‌ی که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه پشتگوێ ده‌خرێن یاخود گرنگیه‌کی ئه‌وتۆیان پێ‌نادرێت، له قۆناغێکی دواتردا ده‌بنه هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدانی فشارێك که تاڕاده‌یه‌ك فۆرمێکی توندوتیژ به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. هه‌ر بهرهرهنگاریهك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ ئه‌و فشارانه‌و داننه‌نان به به‌رپرسیاریه‌تی فه‌شه‌لی سیاسی، ده‌ره‌نجام ده‌بێته زیاترکردنی رقی خه‌ڵکی و دوباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داواکاریه‌کان بۆ گۆڕانێکی ریشه‌یی که سه‌رتاپای پڕۆسه‌ی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری بگرێته‌وه. له یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تدا تاکو ئه‌و داواکاری و فشارانه چۆکیان به ده‌سه‌ڵاتداراندا دا زیاتر له حه‌فتا ساڵی خایاند ، به‌ڵام له وڵاتێکی وه‌کو مۆزه‌مبیقدا ته‌نها پێنج ساڵی خایاند، بۆ هاتنه‌کایه‌ی گۆڕانێکی ریشه‌یی له هه‌رێمی کوردستانیشدا 17 ساڵی تێپه‌ڕاندوه‌و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که تا 10 ساڵیتریش بخایه‌نێت.(5)
که‌واته خه‌ڵکی ئه‌و هه‌رێمه به‌لایه‌نی که‌م پێویسته 10 ساڵی‌تر چاوه‌ڕوان بکه‌ن بۆ گه‌یشتن به قۆناغێكی سیاسی نوێ که تیایدا دامه‌زراوه ده‌ستوریه‌کان نه‌وه‌ك "دامه‌زراوه حیزبی" و خێڵه‌کیه‌کان ئیداره‌ی ناوچه‌که بده‌ن. له دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1992 و له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه، ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌وه‌ی فێرکردین که هه‌ر ئاوا به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ئیمتیازه‌کانی خۆیان نابن و ئاماده‌نین ملکه‌چی یاسابن. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که دانیشتوانی هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه به ئاواته‌وه روانیویانه‌ته سه‌رکه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی دیفاکتۆی هێزه کوردیه‌کان. به‌ڵام ئه‌م هێزانه له‌به‌رئه‌وه‌ی له جه‌وهه‌ریاندا هێزی دیموکراتخوازنهبون، بۆیه هه‌میشه له هه‌وڵی به سیمبولکردن و پیرۆزکردنی سه‌رکرده لۆکا‌ڵی و خێڵه‌کیه‌کانیان بون، "حیزبی سیاسی" هه‌یه که سه‌رکرده حیزبیه‌کانی کردوه به سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی و ساڵانه پۆل پۆل خه‌ڵکی راپێچی سه‌رگۆڕه‌کانیان ده‌کرێ و په‌یمانی ملکه‌چیان پێ نوێ ده‌کرێته‌وه. ته‌نانه‌ت حیزبی سیاسی هه‌یه که سه‌رکرده مێژویی و خێڵه‌کیه‌کانی کردوه به سه‌رمایه‌ی حیزبی و له‌دوای مردنیشیان پله‌ی سیاسی به‌رزکردونه‌ته‌وه له جه‌نه‌ڕاڵه‌وه بگره تاکو مه‌لیک. ئه‌و هێزه کوردیانه که‌وتونه‌ته ئه‌و پارادۆکسه‌ی که نازانن ئایا ئه‌وان حیزبی سیاسین؟ یاخود گردبونه‌وه‌ی خێڵه‌کی یا دیوه‌خانی بنه‌ماڵه‌یین؟ چونکه شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و هێزانه ئه‌وه‌ده‌رده‌خات که هێشتا حیزبی سیاسی له‌و ناوچه‌یه‌دا له قه‌یرانی ناسنامه‌دا ده‌ژی.
جه‌یمس ستێفن (1829-1894) بیریار‌و مێژونوسی یاسایی ئینگلیزی له وتارێکدا به‌ناوی "ده‌ره‌نجامه‌کانی ئازادی" دا ته‌ئکید له‌و پره‌نسیپه سه‌ره‌تاییانه ده‌کاته‌وه که ده‌سه‌ڵاته شۆڕشگێڕیه‌کان هه‌میشه وه‌کو پاساوی مانه‌وه‌یان به‌کاری ده‌به‌ن. ئه‌و پێیوایه ئه‌و هێزانه له‌ڕێگای فه‌رمانڕه‌واییه‌کی ره‌های کاروباره‌کانی کۆمه‌ڵگاو تاکه‌کانه‌وه، له‌ڕێگای زۆره‌ملێ و کۆنتڕۆلکردنه‌وه، جا ئه‌مه چ به‌هۆی به‌کارهێنانی هێزی راسته‌وخۆ یاخود به‌هۆی هێنانه‌کایه‌ی رایه‌کی گشتی جه‌ماوه‌ری له کۆمه‌ڵگادا که هه‌میشه رکابه‌ره‌کانیان به ره‌گه‌زێکی ئه‌خلاقی نه‌ویستراوه‌وه تاوانبارده‌که‌ن. ئه‌م تۆمه‌تبارکردنه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌میشه وه‌کو چه‌کێکی کاریگه‌ر بۆ لێدانی ئازادی که‌سانیتر به‌کارده‌هێنرێت.(6)
لێره‌دا به‌پێی بهراوردکاریهك ده‌گه‌ینه ئه‌و راستیه‌ی که پڕه‌نسیپه‌کانی جه‌یمس ستێفن ده‌قاوده‌ق باس له واقعی ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌که‌ن. هه‌رتاکێکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه چه‌ندینجار ئه‌و به‌ندوبالۆرانه له بڵندگۆی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ده‌بیستن که رکابه‌ره‌کانیان به که‌سانی "گێره‌شێوێن" یاخود "به‌تابوری پێنجه‌م" تاوانبار ده‌که‌ن که هه‌میشه ئیش له‌سه‌ر ناشرینکردنی سومعه‌ی "ئه‌زمونه دیموکراتیه‌که‌ی" هه‌رێم ده‌که‌ن. ئه‌زمونێك دوای زیاتر له 17 ساڵی ته‌مه‌نی نه‌یتوانیوه قۆناغی حه‌ماسی شۆڕشگێڕی تێپه‌ڕێنێت و خۆی له پاشکۆیه‌تی بۆ"حیزب" بگره بۆ بنه‌ماڵه رزگاربکات. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و هێزانه دێن سیسته‌مێکی سیاسی بارگاوی به کۆت و به‌ربه‌سته خێله‌کی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کانه‌وه داده‌مه‌زرێنن. سیسته‌مێك که ئه‌ساسی ئینتیما تێیدا بریتیه له گوێڕایه‌ڵی و ستایشکردنی بنه‌ماڵه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و سه‌رکرده حیزبی و خێڵه‌کیه‌کان. هه‌میشه ئه‌و سیسته‌مه ئیشی له‌سه‌ر کوشتنی ئینتیما بۆ گه‌ل و وڵات کردوه، به‌جۆرێك روحی ناوچه‌گه‌رێتی و خێڵه‌کی تۆخکردۆته‌وه، که ناوچه‌یه‌کی دیاریکراو بکات به مه‌ڵبه‌ندی کاری خۆی، له‌گه‌ڵ په‌راوێزخستنی ناوچه‌کانیتر که وه‌کو به‌شێك له وڵاتێکی دراوسێ ته‌ماشایان بکات و مانگانه دیوه‌خانانه بدات به سه‌رۆك خێڵه‌کان. بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه ده‌سه‌ڵاتێکی راهای خێڵه‌کی ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌یی له رێگای ده‌زگا ئه‌منیه‌کانه‌وه (ده‌زگاکانی: ئاسایش، زانیاری، پاراستن)، به‌هۆی میلیشیا تایبه‌تیه‌کانه‌وه ( هێز و له‌شکری "پێشمه‌رگه"، هێزی دژه‌تیرۆر، لیوا تایبه‌تیه‌کان) حکومڕانی به‌ناوی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕیه‌وه ده‌که‌ن. به‌ڕاده‌یه‌ك که سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگا کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ن و له‌ڕێگای ترساندن و تۆقاندنه‌وه ئینتیمای تاکه‌کان بۆلای خۆیان کێش ده‌که‌ن.
له ژێر رۆشنایی ئه‌و ئارگیومێنتانه‌ی سه‌ره‌وه دا، ده‌کرێت ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی کوردی دا روده‌دات به سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی دابنرێت. چونکه سیسته‌مێکه که له بنه‌ڕه‌تدا کارده‌کات له‌سه‌ر دژایه‌تیکردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسا و هه‌وڵدان بۆ زیاتر به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیه مه‌ده‌نیه‌کان. ده‌سه‌ڵاتی ره‌های حیزبه بنه‌ماڵه‌ییه‌کان به‌سه‌ر هه‌مو دامه‌زراوه ئیداریه‌کانی ناوچه‌که و پاوان‌کردنی داهاته نیشتیمانیه‌کان و مل نه‌دان به ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات، دوباره کۆپیهکردنهوهی سیسته‌مه داپڵۆسێنه‌ره‌کانی وڵاته دیکتاتۆریهکانن. ده‌سه‌ڵاتێك که کۆنتڕۆڵی هه‌مو کایه‌کانی هێزی خستۆته ده‌ستی که‌سانی بنه‌ماڵه یاخود که‌سانی نزیك له بنه‌ماڵه‌وه، به مه‌به‌ستی ده‌مکوتکردنی ئه‌وکه‌سانه‌ی که ده‌یانه‌وێت له بازنه‌ی گوێڕایه‌ڵی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بچنه ده‌ره‌وه و له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌و هێزانه‌وه کاربکه‌ن. ئه‌م جۆره له سه‌رکوتکردن و توندیوتیژی به ئاراسته‌یه‌کی مه‌ترسیداردا ده‌ڕوات، به‌شێوه‌یه‌ك که دکتۆرێکی زانکۆ و رۆژنامه‌نوسێك له نوێژی نیوه‌ڕۆدا تیرۆرده‌کرێن، پلانی تیرۆرکردنی که‌سانیتر داده‌ڕێژرێت، کادرانی پێشکه‌وتوی حیزب ده‌رده‌کرێن و ته‌نانه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشدا ئه‌وانه‌ی که داوای گۆڕانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن به‌رچه‌قۆ ده‌درێن و رێگا له کۆڕوکۆبونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کان ده‌گیرێت.
هه‌مو ئه‌وانه‌ی که باسکران به سیما جیاکه‌ره‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی له ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی داده‌نرێن که هیچ په‌یوه‌ندیه‌کیان به پێکهاته‌ی ئیتنی کۆمه‌ڵگا و ئایدیۆلۆژیای سیاسی ده‌سه‌ڵاته‌وه نیه. چونکه ده‌کرێت هێزێکی ده‌سه‌ڵاتدار له سه‌رده‌مێك له سه‌رده‌مه‌کان هێزی به‌رگریکار بوبێت، له‌هه‌مانکاتیشدا هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیایه‌کی "دیموکراتی" یا "سۆشیال دیموکرات" بوبێت. به‌ڵام له موماره‌سه‌ی سیاسی‌دا هێزێکی داپلۆسێنه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی پیاده‌بکات به‌رامبه‌ر به رکابه‌ره‌کانیان که دورنیه تا دوێنێ هاوخه‌باتی یه‌ك سهنگهربوبن، نمونه‌ش قبوڵنه‌کردنی هێزه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیهکانیتره له لایه‌ن هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه. چونکه ئه‌و هێزانه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئیعتراف به‌و راستیه ناکه‌ن که پڕه‌نسیپه دیموکراتی و ده‌ستوریه‌کان ده‌توانن شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی کۆتایی پێبهێنن، هه‌ربۆیه‌ش هه‌میشه ئیختیارێکی سه‌خت ده‌خه‌نه به‌رده‌می هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌کانه‌وه، یا ئه‌وه‌تا له سه‌رکه‌وتن و شکستیهکانمان چه‌پڵه‌مان بۆلێدهن، یا ئه‌وه‌تا " ئه‌گه‌ر به‌م وه‌زعه رازینین ئه‌وه عه‌رزو ئه‌وه‌ش گه‌ز"(7) فه‌رمون با به‌ره‌نگارتان بینه‌وه، هێرشکردنه سه‌ر باره‌گاکانی یه‌کگرتوی ئیسلامی و کوشتن و راوه‌دونانی ئه‌ندامه‌کانیان له هه‌ڵبژاردنی 2005 دا بهڵگهیهکیتری ئه‌و راستیه‌ن که ده‌سه‌ڵاتی کوردی تا سه‌رئێسقان نوقمی غه‌ریزه شۆڕشگێڕیهکانه و ته‌حه‌مولی بونی جیاوازیه‌کان ناکات، به شێوه‌یه‌ک له یه‌ك ره‌نگی به‌ولاوه هه‌رگیز جیاوازیهکانیتری قبوڵ نیه.
لێره‌دا پرسیارێك دێته پێشه‌وه، که ئایا ده‌سه‌ڵاتێك له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه هاتبێته ساحه‌که و ملکه‌چی ئیراده‌ی ده‌نگده‌ران بوبێت، چۆن ده‌کرێت به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی پۆلیسی دابنرێت و به قبوڵنه‌کردنی جیاوازیه‌کان تاوانبار بکرێت؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره پڕۆفیسۆری سیاسه‌ت له زانکۆی ئۆکسفۆرد د. رۆبێرتسۆن ده‌ڵێت: "له‌وانه‌یه هه‌ندێجار به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه دیموکراتیه‌تی زۆرینه به‌رامبه‌ر به که‌مینه فکری، ئێتنی و ئایینیه‌کان وه‌کو تاکتیکێکی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی به‌کارببرێت"(8)، نمونه‌ش هه‌ردو حکومه‌تی به‌ریتانیا له به‌ڕێوه‌بردنی ئێرله‌ندای باکور (بێگومان پێش رێککه‌وتنامه‌ی هه‌ینی پیرۆز 1998)، حکومه‌تی تورکیا له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمه کوردیه‌کانی باشوری رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که، که بێگومان هه‌ردولا به پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی له‌و ناوچانه‌دا تاوانبارده‌کرێن.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌ڵبژاردن نابێته پێوه‌ری به‌شه‌رعی بون له ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕیه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتێك که له رێگای که‌ناڵه یاساییه‌کانه‌وه داده‌مه‌زرێت و پابه‌ندی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری ده‌سه‌ڵات ده‌بێت. راسته زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران ئه‌و دو هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌یان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام ئایا ئێمه له ئاست چ پڕۆسه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردندا هه‌ڵوێسته ده‌که‌ین؟ هه‌ڵبژاردنێك به گوێره‌ی راپۆرتی رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزه کوردیه‌کان خراونه‌ته لیستی ره‌شه‌وه، یا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی که به‌رله‌وه‌ی ده‌نگده‌ر بچێته سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان، ده‌نگه‌که‌ی بۆدراوه، یا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی که به زه‌بری هێز له رێگای ترساندن و تۆقاندنه‌وه خه‌ڵکی ئیختیاره‌کانی سنوردار کرابو، دروشمی "یا له‌گه‌ڵمان به یا دوژمنی" باشترین وه‌سفێکه بۆ ساته‌وه‌خته‌کانی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمدا . لێره‌دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ره‌تای وتاره‌که‌مان که ئایا دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یی گۆڕانی تێدابو که ده‌ستبه‌رداری حه‌ماسه شۆڕشگێڕیه‌کانی بێت و ملکه‌چی یاسابێت؟ بێگومان وه‌ڵامه‌که‌ی رون و ئاشکرایه و پێویست به باسکردن ناکات. چونکه وه‌کو رۆبێرتسۆن ده‌ڵێت؛ " ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بانگێشه‌ی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی ده‌که‌ن له‌هه‌ندێ فۆرمیاندا هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆری و ستهمکاریهکانن، چونکه هه‌ردو فۆرمه‌که‌ی ئه‌و دو سیسته‌مه بهتونێڵهکانی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسیدا تێپه‌ڕده‌بن و دواجار هه‌ردوکیان له موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسیه‌وه له‌دایك ده‌بن."(9)
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌و زه‌نگه مه‌ترسیداره‌یه که پێویسته کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ربکات. ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که به‌شێکی زۆری به‌رپرسیاریه‌تی پاڵپشتیکردن و به‌هێزکردن و مانه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئه‌مڕۆی له‌ئه‌ستۆدایه. ئه‌گه‌ر له داهاتویه‌کی نزیکدا کۆمه‌ڵگا به‌هۆش خۆیدا نه‌یه‌ته‌وه، ئه‌وا بێگومان چاره‌نوسیان له چاره‌نوسی گه‌لانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ناوچه‌که باشترنابێت. چونکه ئێستا گه‌لی کورد له‌و به‌شه‌ی نیشتمانه‌که‌یدا ته‌نها یه‌ك رێگای له‌پێشدا ماوه، ئه‌ویش یا ئه‌وه‌تا بڕیاربدات که ده‌سه‌ڵات بگۆڕێت، یا ده‌بێت تا ماوه ملکه‌چی قبوڵ بکات. به‌ڵام ویڵ دیورانت پێیوایه که سه‌بری خه‌ڵکیش به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات سنورداره‌و رۆژێك دێت، که چیتر ملکه‌چی له‌ڕێگای هێزه‌وه قبوڵناکات. بۆیه سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته ده‌ڵێت؛ "ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ته‌نها پشت به هێز ده‌به‌ستێت هێنده نابات بیناکه‌ی توشی داخوران دێت، چونکه خه‌ڵك ئه‌گه‌ر به سروشتی خۆیان بهئهمهكیش بن، به‌ڵام دیسان هه‌ر به سروشتی خۆیان که‌لله‌ڕه‌قن."(10)
قۆناغی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری
ئه‌م قۆناغه به‌پێچه‌وانه‌ی قۆناغی یه‌که‌م به‌شێکی گرنگی زانسته سیاسیه‌کان و یاسای ده‌ستوری ده‌گرێته‌وه. زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری بیریارانی سیاسی و شاره‌زایانی قانونی ده‌ستوری به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان له‌م بابه‌ته دواون. هه‌ر له جان جاك رۆسۆوه بۆ راندی بارنێت هه‌میشه سه‌رێکی به‌لادا کراوه‌ته‌وه.
پرسیاری سه‌ره‌کی لێره‌دا بریتیه له‌وه‌ی که ئایا ئه‌و شه‌رعیه‌ته له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ؟ ئه‌ی چۆن ده‌گه‌ینه قۆناغی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری؟ له‌ڕوی مێژوییه‌وه ئه‌م قۆناغه به قۆناغی کلاسیکی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری داده‌نرێت، زۆربه‌ی زۆری تیۆرگهرایانی ئه‌و بواره پێیانوایه، شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری له‌و شوێنه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت کاتێك ئه‌و که‌سانه‌ی که حوکمڕانی ده‌کرێن به‌ڕونی و ئاشکرایی متمانه بده‌ن به ده‌سه‌ڵاتێکی باڵا که خۆی له ده‌ستور یا یاسایه‌کی گشتیدا ده‌بینێته‌وه تاکو له‌و سایه‌یدا هه‌مولایه‌ك مافه‌کانیان پارێزراو بێت و هه‌ست به دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ن. به‌ڵام ئاخۆ خه‌ڵکی چۆن ده‌توانن متمانه به ده‌سه‌ڵاتێکی باڵا ببه‌خشن؟
بۆ گه‌یشتن به وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه، راندی بارنێت پڕۆفیسۆری تیۆری یاسایی له کۆلێژی یاسای زانکۆی بۆستن له وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکادا. سه‌باره‌ت به بونی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری ده‌سه‌ڵات تیۆریکی نوێ ده‌دات به‌ده‌سته‌وه، ئه‌ویش به تیۆری "پێویستیه‌تی و گونجان" ناسراوه. بارنێت ده‌ڵێت: 'له‌ڕوی پڕاکتیکیه‌وه کارێکی مه‌حاڵه ده‌سه‌ڵاتێك بتوانێت متمانه‌ی هه‌مو حوکمڕانیکراوهکان به‌ده‌ستبخات، چونکه هه‌میشه کۆمه‌ڵێك خه‌ڵک هه‌ن که دژی ده‌سه‌ڵاتبن یا ئه‌گه‌ر دژیشی نه‌بن ئه‌وا له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی سیاسی و ده‌ستوری وڵات‌دا یه‌کناگرنه‌وه، بۆیه‌ش ئه‌وانه متمانه نابه‌خشن به ده‌سه‌ڵات'.(11) هه‌روه‌ها ناتوانرێت شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات به پێوه‌ری سودگه‌رایی بێت که‌واته شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری ده‌سه‌ڵات ده‌که‌وێته ژێر پرسیاره‌وه. بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و گرێکوێره یاساییه له روی پڕاکتیکیه‌وه، بارنێت تیوۆرهکهی خۆی وه‌کو چاره‌سه‌رێکی ریشه‌یی ده‌بینێت. تیۆره‌که‌ی ئه‌و له‌سه‌ر دو پڕه‌نسیپی بنچینه‌یی بونیادنراوه، ئه‌وانیش:
1. پێویستیه‌تی ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ستوری بۆ پاراستنی مافی تاکه‌که‌سه‌کان.
2. ده‌بێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته تا ئه‌و راده‌یه گونجاوبێت که مافی ئه‌و که‌سانه پێشێل نه‌کات که حوکمڕانیان ده‌کات.
بارنێت پێیوایه که ده‌سه‌ڵات کاتێ شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری هه‌یه که کۆی کایه‌کانی له‌سه‌ر پڕه‌نسیپه دیموکراتیه‌کانی وه‌کو ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه، به‌شداری سیاسی، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان، رۆڵی یاسا وپاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ دا بیناکرابێت.
به هه‌ڵوێسته‌کردن له‌سه‌ر بارودۆخی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێمی کوردستان دا، ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌ك هه‌ر له ته‌نگژه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوریدا ده‌ژیت، به‌ڵکو تۆزقاڵێکیش بڕوای به پڕه‌نسیپه دیموکراتیه‌کانی وه‌کو ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات، به‌شداری سیاسی، پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ، رۆڵی یاسا نیه. ئیداره‌ی ئه‌و هه‌رێمه له غیابی دامه‌زراوه ده‌ستوریه‌کاندا به بڕیاری هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به‌ڕێوه‌ده‌برێت. لێره‌دا بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و گرفتانه رۆسۆ پێشنیاری دیموتراتیهتی بهشدارگهراییمان بۆ ده‌کات. ئه‌و پێیوایه که خه‌ڵکی ده‌بێ به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتدا بکه‌ن له‌هه‌مو ئه‌و کێشانه‌دا که کاریگه‌ری راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر کاروباری ژیانیاندا هه‌یه. که‌واته لێره‌دا ده‌پرسین، ئایا له هه‌رێمی کوردستاندا خه‌ڵك به‌شدارن له‌و کاروبارانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به ژیانی خه‌ڵکه‌وه هه‌یه؟
ئه‌گه‌رچی به‌شداری سیاسی به یه‌کێك له پڕه‌نسیپه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دیموکراتی داده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه و ناونراوه به‌شداری سیاسی، نه‌ك هه‌ر به‌شداری سیاسی نیه، به‌ڵکو ده‌توانین بڵێین سانسۆرێکه بۆ خنکاندنی خودی دیموکراتیه‌ت. به‌شداریه‌كه له ئیداره‌دا نه‌وه‌ك له ده‌سه‌ڵاتدا که ته‌نها بۆ جوانکردنی دیکۆری دیواره قێزه‌ونه‌کانی گه‌نده‌ڵی هه‌ردو ئیداره فاشلهکهی هه‌رێمه، به‌شداریه‌ك تا ره‌وایی بدات به ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بڕیاری سیاسی و داهاتی نیشتمانی له‌لایه‌ن هه‌ردو هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌وه. ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتیش له قاموسی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا هه‌ر بونی نیه، هه‌ردو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له رۆژی دامه‌زراندنیانه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ نه‌یان توانیوه سه‌رۆک یا سکرتێرێك بگۆڕن. که‌واته له کاتێکا خودی هێزه سیاسیه‌که له ئۆرگانه‌کانی خۆیدا له ئیستیبدادیدا بژیت، ئه‌ی چۆن ئه‌و هێزه ده‌توانێت باسی چاکسازی یا گۆڕانی کایه‌کانی ده‌سه‌ڵات بکات؟ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ده‌رك به‌م هاوکێشه ئاڵۆزه بکه‌ن، ده‌بێت ئه‌وه بزانن که ئه‌و هێزانه ده‌سه‌ڵاتێکی بارگاوی به گوتاره خێڵه‌کیه‌کانیان دادهمهزراندوه و بارودۆخێکی سیاسی وایان خولقاندوه له سایه‌یانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی کوردی به قه‌یرانێکی سه‌ختی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوریدا تێده‌په‌ڕێت. له‌مه‌شه‌وه، هه‌ر بانگێشهیهك بۆ چاکسازی له خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه له میکیاج کردنی پیره‌ژنێك ده‌چێت که بۆیه‌کردن ناتوانێت روخساری جوانی ته‌مه‌نی لاوێتی بۆ بگێڕێته‌وه. له‌مه‌شه‌وه هه‌مو ئه‌و "پڕۆژانه‌ی" که داوای چاکسازی له حکومه‌تدا ده‌که‌ن به "پڕۆژه‌که‌ی" تاڵه‌بانیه‌وه بۆ جیاکردنه‌وه‌ی حیزب له "حکومه‌ت"، نرخی ئه‌و مه‌ره‌که‌به ناهێنن که پڕۆژه‌که‌ی پێنوسراوه‌ته‌وه. چونکه چاکسازی له حکومه‌تدا که فه‌رمانبه‌ری هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه نابێته رودانی هیچ گۆڕانێك له په‌یکه‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی کێشه حکومه‌ت نیه به‌ڵکو کێشه‌که خودی ده‌سه‌ڵاته. که‌واته بۆ ده‌ربازبون له‌و باردودۆخه نهویستراوهدا ئه‌ی چاره‌سه‌ر چیه؟
چارهسهریاکان:
له‌به‌رئه‌وه‌ی کێشه‌کانی ده‌سه‌ڵات بون به دیارده‌ی مه‌ترسیداری سیاسی و ئابوری و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تی درێژخایه‌ن، که‌واته چاره‌سه‌رکردنیان کارێکی ئاوا ئاسان و بێگرێکوێره نیه. بۆ ده‌ربازبون له‌و ته‌نگژانه‌ی که له سایه‌ی "هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه" سه‌ریانهه‌ڵداوه، کۆمه‌ڵگای کوردی به‌لایه‌نی که‌م پێویستی به 10 ساڵی‌تر هه‌یه تاکو بتوانێت گۆڕان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا بکات. به بۆچونی نوسه‌ر ئه‌و گۆڕانه‌ش به یه‌کێك یان زیاتر له‌و چاره‌سه‌ریانه‌ی خواره‌وه ده‌کرێت:
گۆڕانی ته‌رازوی هێز:
گۆڕان له ته‌رازوی هێزدا یه‌کێكه له پێوه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی گۆڕانی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م گۆڕانه‌ش نایه‌ته‌دی، به‌بێ بونی زه‌مینه‌یه‌کی ئابوری و سیاسی گونجاو. به مانایه‌کیتر، هه‌ر هه‌وڵێك بۆ گۆڕان به‌بێ بونی ئابوریه‌کی به‌هێز و گه‌شه‌سه‌ندو که بتوانێت به‌رده‌وامی و له‌سه‌رپێ وه‌ستانی هێزه سیاسیه‌کان فه‌راهه‌م بکات، ده‌ره‌نجامه‌که‌ی شکستی هێنان ده‌بێت. که‌واته له‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی کوردستاندا، چ هێزێكی ئابوری، گروپ، یا دامه‌زراوه‌یه‌ك ده‌توانێ مل ملانێی کۆشکی پۆڵاین و داهاته له‌بن نه‌هاتوه‌کانی کۆمپانیا زه‌به‌للاحه‌کانی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بکات؟ بێگومان، ته‌نها دامه‌زراوه‌یه‌ك که ئه‌مڕۆ له ساحه‌که‌دا بتوانێت تاڕاده‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌م کۆمپانیا زه‌به‌للاحانه بوه‌ستێته‌وه کۆمپانیای وشه‌یه. ئه‌گه‌ر براده‌رانی کۆمپانیای وشه بتوانن سود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرن به‌وه‌ی که نزیکن له ده‌سه‌ڵاته‌وه و زانیاریان هه‌یه له‌سه‌ر تونێڵه تاریکه‌کانی داهاتی ده‌سه‌ڵات که له کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه و چۆنیش دیزه‌به‌ده‌رخۆنه ده‌کرێت، ئه‌وا بێگومان ده‌توانن هه‌میشه کارتێکی گرنگی فشاربن و تای ته‌رازوی هێزه ئابوریه‌کان له به‌رژه‌وه‌ندی گۆڕاندا بشکێننه‌وه. واته وشه ده‌توانێت، زۆر به‌ڕاشکاوی کارته‌کانی خۆی بۆ شوێنپێ له‌قکردنی پێگه‌ی کۆمپانیا زه‌به‌للاحه‌کانی هه‌ردو هێز به‌کاربهێنێت. که‌واته ئه‌ی چۆن وشه ده‌توانێت گۆڕانکاری له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا بکات؟
پێش هه‌رشتێك ده‌بێت دان به‌و راستیه‌دا بنێین، که به‌ر له کۆمپانیای وشه چه‌ند هێزێکی سیاسی و گۆڤاری ره‌هه‌ند و هه‌ر دو هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی و دواتریش ئاوێنه به هۆی ئه‌و داراییه سنورداره‌ی که هه‌یانه وه‌کو دو هه‌فته‌نامه‌ی سه‌ربه‌خۆ، توانیویانه تا راده‌یه‌ك فشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بکه‌ن، به‌ڵام کاریگه‌ریان زۆر سنورداره چونکه هیزێکی سیاسی کاریگه‌ر نیه که پشتیوانی بۆچونه‌کانیان بکات. مۆرکی جیاکه‌ره‌وه‌ی کۆمپانیای وشه له هه‌ردو هه‌فته‌نامه، هێزه داراییه‌که‌ی و ئه‌و پشتیوانیه جه‌ماوه‌ری و سیاسیه به‌هێزه‌یه که له‌لایه‌ن چه‌ندین فیگه‌ری سیاسی کورده‌وه لێیده‌کرێت. بۆیه‌ش وشه ده‌توانێت له رێگای که‌ناڵه‌کانی خۆیه‌وه، وشیاریه‌کی جه‌ماوه‌ری بێنێته ئاراوه که چیتر خه‌ڵکی به ده‌هۆڵی وتاره شۆڕشگێڕیه بێ ناوه‌ڕۆکه‌کانی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵنه‌په‌ڕن. دواتریش وشه له پڕۆسه‌یه‌کی سیاسی دور مه‌ودادا له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه، به پشتیوانی کردن له لیستێکی سه‌ربه‌خۆ یا لیستێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێزه‌کانیتر جگه له ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌توانن که‌سانی پیشهگهرو سیاسی ئه‌کادیمی بنێرنه په‌رله‌مان. ده‌ره‌نجامی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش هاوسه‌نگی هێز له به‌رژه‌وه‌ندی گۆڕان ده‌شکێته‌وه.
گۆڕان له رێگای گۆڕانی ته‌رازوی هێزه‌وه له پڕۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستاندا به‌لایه‌نی که‌م پێویستی به دو ده‌وره‌ی په‌رله‌مانی ده‌بێت. به‌ڵام ئاسته‌نگی سه‌ره‌کی له‌به‌رده‌م ئه‌م هه‌نگاوه‌دا، ده‌ستێوه‌ردانی میلیشیا چه‌کداره‌کانی ده‌سه‌ڵاته له هه‌ر پڕۆسه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردندا. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه؛ ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئاماده‌یه له رێگای سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه ملکه‌چی پێوه‌ره دیموکراتیه‌کانی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات بێت؟ دوباره ده‌بێت ئه‌و ئه‌زمونه تاڵه بیر خۆمان بهێنینه‌وه، که بۆ ماوه‌ی 17 ساڵه ده‌سه‌ڵاتی کوردی شه‌ڕی مل نه‌دان به ده‌ره‌نجامی سندوقه‌کانی ده‌نگدان ده‌که‌ن. که‌واته هه‌ر پڕۆسه‌یه‌کی "ههڵبژاردنیتر" به بێ بونی چاودێره نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له سه‌روی هه‌موشیانه‌وه وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا، ئه‌وا هه‌مان ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1992 و 2005 لێده‌که‌وێته‌وه. که‌واته ئه‌گه‌ر گۆڕان له ناوخۆدا شکستی هێنا، ده‌بێت گه‌لی کورد چاوه‌ڕوانی گۆڕانی سیاسه‌تی ئه‌مریکا بێت له ناوچه‌که‌دا.
گۆڕانی سیاسه‌تی ئه‌مریکا له ناوچه‌که‌دا:
ئه‌مڕۆ ئه‌مریکا کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیه له شیکردنه‌وه‌ی هاوکێشه سیاسیه پڕتهنگژهکانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا. واته هه‌ر پڕۆسه‌یه‌کی گۆڕان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌گشتی و ئه‌م ناوچه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان به‌تایبه‌تی، به‌بێ بونی ئه‌مریکا وه‌کو کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی، یا به‌لایه‌نی که‌م به‌بێ پاڵپشتی کردنی راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆی ئه‌مریکا ده‌ره‌نجامێکی ئه‌وتۆی لێناکه‌وێته‌وه. بۆ هه‌ر گۆڕانێکی چاوه‌ڕوانکراو له هه‌رێمی کوردستاندا پێویسته هێزه ریفۆرمخوازه‌کان، تا ئه‌وکاته‌ی که ده‌توانن ببنه جێگای متمانه‌ی ئه‌مریکا، گره‌و له‌سه‌ر پاڵپشتی ئه‌مریکا بۆ گۆڕان نه‌که‌ن. چونکه هه‌مومان ئه‌و راستیه ده‌زانین که ئه‌مریکا وه‌کو هێزێکی براگماتی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی له ناوچه‌که‌دا هه‌یه. له‌پێناوی پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ش ئاماده‌نیه قوربانی به‌و هێزو گروپانه بدات که پاڵپشتی له سیاسه‌تی ئه‌مریکا ده‌که‌ن. ئه‌مریکا بۆ راگرتنی ته‌رازوی هێز و به‌رده‌وامیدان به‌و هاوسه‌نگیه، هه‌رچه‌نده ئه‌و هێزانه، هێزی داپڵۆسێنه‌ر یا خود دیکتاتۆریشبن ئاماده‌نیه ده‌ستبه‌رداریان بێت. ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت لێره‌دا ئه‌وه‌یه که له دوای داگیرکردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه بۆ یه‌که‌مجار له مێژوی سیاسی گه‌لی کورددا به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌لی کورد یه‌کانگیر ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه بۆ پاراستنی پێگه‌ی سیاسی و ئابوری خۆیان قۆرخ ده‌که‌ن. له جیاتی چه‌سپاندنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌لی کورد و پارێزگاری کردنیان، شانبه‌شانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکا، به‌هۆی کورتبینی و کۆڵه‌واری ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه، گه‌لی کورد کۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌تی گرنگی مێژویی له‌ده‌ست ده‌دات. که ده‌ره‌نجامه‌که‌ی تادێت ده‌رده‌که‌وێت و خه‌ونه‌کانی گه‌لێك خه‌ریکه به‌ره‌و کاڵبونه‌وه ده‌چن. له هه‌مو ئه‌و هاوکێشانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد هه‌ر رۆژه‌و له‌سه‌ر په‌تێکی سیاسی یاریانکردوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ستراتیژیه‌کی رون و ئاشکرایان هه‌بوبێت بۆ داهاتوی سیاسی هه‌رێمی کوردستان. له‌هه‌مو ئه‌و بارانه‌شدا ده‌بێت ئه‌و راستیه بزانین که تا ئێستاش گۆڕانێکی ئه‌وتۆ له سیاسه‌تی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به هێزه ده‌سه‌ڵاتداره کوردیه‌کان روینه‌داوه.
بۆ ده‌رخستنی ئه‌و راستیه‌ی سه‌ره‌وه پێویستمان به چه‌ند نمونه‌یه‌کی واقعی هه‌یه که ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان نه‌رمی نواندوه یا چاوپۆشی لێکردون. لێره‌دا ده‌پرسین، ئایا ئه‌وه ئه‌مریکا نه‌بو که گڵۆپی سه‌وزی بۆ هێزه کوردیه‌کان پێ‌کرد تا کۆنتڕۆڵی هه‌مو ئه‌و ناوچانه بکه‌ن که کورد به به‌شێك له خاکی خۆی ده‌زانێ؟ ئه‌ی باشه ئه‌وه ئه‌و هێزانه نه‌بون له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه "حیزبی" و خێڵه‌کیه‌کانیان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان له‌ده‌ستدا؟ دهرفهتێکیتر کاتێك ئه‌مریکا داوای ره‌وانه‌کردنی هێزی کوردی کرد بۆ پاراستنی بۆڕیه نه‌وته‌کانی که‌رکوك، تا پشتێنه‌یه‌کی ئه‌منی له‌ده‌وری شاره‌که‌دا دروست بکه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی کوردی له جیاتی خۆئاماده‌کردن بۆ ههنگاوێکی گرنگی له‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی ئه‌مریکیه‌کانیان دایه‌وه به‌وه‌ی که‌تاکو حکومه‌تی عێراقی به‌تانی و ئازوقه‌یان بۆ دابین نه‌کات ئه‌وان هێز ره‌وانه‌ی که‌رکوك ناکه‌ن!! به‌ڕاستی ئه‌و وه‌ڵامه جێگای سه‌رسوڕمان و گاڵته‌جاڕیه. چونکه ئه‌گه‌ر ئێوه ئه‌و شاره به‌به‌شێك له خاکی خۆتان ده‌زانن و له خیتابه شۆڕشگێڕیه پڕ حهماسهکانتاندا شینی حه‌سه‌ن و حوسێنی بۆ ده‌که‌ن، بۆچی داوای به‌تانی و ئازوقه له لایه‌نێکیتری سیاسی ده‌که‌ن؟ دوباره ئه‌و خه‌ونه‌ش له‌به‌ر نه‌بونی به‌تانی فه‌شه‌لی هێنا. ده‌رفه‌تی سێیه‌م، کاتێ هێزه‌کانی حکومه‌ت عێراقی هاتنه‌وه سه‌عدیه و جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌په، به چاوسورکردنهوهیهکی ئه‌و هێزانه، هێزه شۆڕشگێڕه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌بێ ته‌قاندنی فیشه‌کێك بۆ پارێزگاری له "خاکه‌که‌یان" وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رچون. لێره‌دا ده‌پرسین؛ ئایا چی ده‌بو ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و هێزانه بونایهوه؟ بێگومانم که چۆن له خانه‌قین ئه‌مریکیه‌کان هیچ فشارێکی ئه‌تۆیان دروست نه‌کرد، ئه‌وا له جه‌له‌ولا و سه‌عدیه و قهرهتهپهشدا هه‌مان هه‌ڵوێستیان ده‌بو. ده‌ره‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه‌ی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له کاروباری سه‌ربازیدا ئێستا سوپای عێراقی ده‌یه‌وێت کۆنتڕۆڵی ده‌وروبه‌ری که‌رکوکیش بکاته‌وه، هه‌ر بۆیه ئێستا ته‌قه له‌سه‌ر بانی مه‌قان و شێراوه‌یه.
له‌ڕوی سیاسیه‌وه ئه‌مریکا له به‌رزترین ئاستی دیپلوماسیدا پێشوازی له سه‌رکرده ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان کردوه. ته‌نانه‌ت جێگری سه‌رۆکی پێشوی ئه‌مریکا دیك چینی سه‌ردانی هه‌رێمه‌که ده‌کات و به‌رله‌وه‌ی بچێته به‌غدا راوبۆچونی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد وه‌رده‌گرێت. سه‌رۆکی پێشوی ئه‌مریکاش جۆرج ده‌بڵیو بۆش له ماوه‌ی که‌متر له دو ساڵدا چوار جار له‌گه‌ڵ "سه‌رۆکی هه‌رێمدا" کۆده‌بێته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که چه‌ندین به‌رپرسی پایه‌به‌رزی تری ئه‌مریکا به‌رده‌وام سه‌ردانی هه‌رێمه‌که‌یان کردوه.
هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نمونانه لاپای چی بون؟ سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌و جێگایه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، که له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا به‌هۆی به‌رگریکردنی ئه‌مریکا له هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، که تا ئێستاش جێگای متمانه‌ی ئه‌مریکان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکا له هه‌رێمه‌که‌دا. ئه‌وا ئومێدی گۆڕانی ئه‌و هێزانه له لایه‌ن ئه‌مریکیه‌کانه‌وه به هێزی مه‌ده‌نی که بڕوایان به دیموکراتی هه‌بێت، بێگومان یاریه‌کی ده‌ره‌نجام زانراوه. چونکه تا ئێستاش ئه‌مریکا بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی "تیرۆر"، راگرتنی هاوسه‌نگی له عێراقدا هێشتا پێویستی به‌و دو زلهێزه ماوه.
به‌پێی لێکدانه‌وه‌ی زۆرێك کاتێك ئه‌مریکا گۆڕان له په‌یکه‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا ده‌کات، یا ئه‌و هێزانه ده‌که‌ونه ئه‌جێندای گۆڕانه‌وه له ستراتیژیه‌تی ئه‌مریکادا ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوسه‌نگی یه له‌ده‌ستبده‌ن که له‌سه‌ره‌وه باسمانکرد. ئه‌م گۆڕانه‌ش له‌سه‌ر سێ سیناریۆی سه‌ره‌کی ده‌وه‌ستێت، ئه‌وانیش: یه‌که‌م؛ خه‌ڵکی کورد خۆیان داوای گۆڕانی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن له رێگای رێپێوان و که‌مپێینی مه‌ده‌نیانه‌وه، ئه‌وکاته ئه‌مریکاش لاپێناوی پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌که به‌ده‌م داواکاریه‌کانه‌وه دێت. ئه‌م جۆره له که‌مپێینی مه‌ده‌نیانه کارێکی تاڕاده‌یه‌ك ماحاڵه، چونکه هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌کان ته‌واوی کۆمه‌ڵگای کوردیان له رێگای رێکخراوه به ناو دیموکراتی و مه‌ده‌نی و پیشه‌ییه‌کانه‌وه کۆنتڕۆڵکردوه. خاڵی دوه‌م؛ دوباره به‌هێزبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عێراقی که بتوانێت سه‌قامگیری و ئاسایش بۆ خه‌ڵکی دابین بکات و هاوسه‌نگی و شوێنپێی هێزه کوردیه‌کان له‌قبکات. هه‌ر هه‌وڵدانێك یا روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن هێزه کوردیه‌کانه‌وه، ئه‌مریکا نیگه‌ران ده‌کات، ده‌ره‌نجامیش ئه‌مریکا به‌دوای ئه‌لته‌رناتیڤێك ده‌گه‌ڕێت. له خاڵی کۆتاییدا؛ کاتێك ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤه ئاماده‌یی ده‌بێت که هێزێکی سیاسی به‌هێز له ساحه‌که‌دا ئاماده‌یی هه‌بێت که جێگای متمانه‌ی ئه‌مریکا بێت و بتوانێت له دوای هه‌ر گۆڕانێکدا جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست بۆئه‌وه‌ی بۆشایی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا دروست نه‌بێت، ده‌ره‌نجامیش به سودی هێزه توندڕه‌وه‌کان نه‌شکێته‌وه. کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م سیناریۆیه ئه‌وه‌یه که هێشتا ئه‌و هێزه سیاسیه له قۆناغه سه‌ره‌تایییه‌کانی فۆرمهلهبون و جێگیربونی سیاسیدایه. که به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌کان نه‌یتوانیوه له‌م قۆناغه‌دا سه‌ره‌نجی ئه‌مریکیه‌کان ته‌واو به‌لای خۆیدا کێش بکات، که‌واته ته‌نها چاره‌سه‌ر پاڵپشتیکردن و به‌هێزکردنی ئه‌و هێزه سه‌ره‌تاییه‌یه که ئه‌مڕۆ کۆمپانیای وشه رابه‌رایه‌تی ده‌کات.
له‌کۆتاییدا، ده‌کرێت ئه‌و راستیه‌ش فه‌رامۆش نه‌که‌ین که زۆرێك له چاودێرانی سیاسی پێیان وایه ئیداره‌ی نوێی دیموکراته‌کان به سه‌رۆکایه‌تی باراك ئۆباما به هاریکاری تیمه ئیداریه‌که‌ی زیاتر به‌لای پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤدا ده‌چن. ئۆباماش له وتاری دوای سوێندخواردنی وه‌کو سه‌رۆکی نوێی ئه‌مریکا نامه‌یه‌کی ئاشکرای زۆر به‌ڕاشکاوی نارد بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی که ده‌یانه‌وێت له رێگای سته‌مکاریه‌وه درێژه به ده‌سه‌ڵاتیان بده‌ن، کاتێ وتی"بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی که ده‌یانه‌وێت له رێگای گه‌نده‌ڵی و...سه‌رکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنه‌وه ده‌ست به ده‌سه‌ڵاته‌وه بگرن، پێیان ده‌ڵێین ئێوه له‌سه‌ر رێگایه‌کی مێژویی هه‌ڵه‌دان".(12) ئه‌گه‌ر هاتنی جۆزیف بایدنی جێگری سه‌رۆکیش له دوا سه‌ردانیدا بۆ عێراق و دواتر بۆ که‌رکوك به‌ڵام نه‌هاتنی بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌م چوارچێوه‌یه لێکبده‌ینه‌وه، ئه‌وا پێویستیه‌تی خۆ ئاماده‌کردن بۆ گۆڕان له لایه‌ن هێزه کاریگه‌ره‌کانه‌وه زیاترده‌بێت. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا ئۆباما و تیمه‌که‌ی ده‌بێت ده‌رکیان به‌و راستیه کردبێت که هه‌رێمی کوردستان ئه‌مڕۆ له هه‌مو کاتێ زیاتر پێویستی به گۆڕان هه‌یه؟
په‌راوێز:
1- N. Mandela, Long Walk to Freedom, (Little, Brown and Company: 2004), p. 364
2- I. W. Zartman, Collapsed States: The Disintegration and Restoration of Legitimate Authority, (CAIS Press:1995),pp.1, 109.
3- M. Rosen and J. Wolff, (Eds) Political Thought, (Oxford University Press: Oxford, 1999), p. 134.
4- J. Wolff, An Introduction to Political Philosophy, (Oxford University Press: Oxford, 1996), p. 37.
5- I. W. Zartman (1995) Collapsed States: The Disintegration and Restoration of Legitimate Authority, (CAIS Press: 1995), pp. 1, 109.
6- J. F. Stephen, ‘The Consequences of Liberty in M. Rosen and J. Wolff, (Eds) Political Thought, (Oxford University Press: Oxford, 1999), p. 134.
7- قسه‌ی مه‌سعود ساڵه‌یی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان له چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا، له سایتی ئاوێنه وه‌رگیراوه به‌رواری21/12/2008
8- D. Robertson, The Routledge Dictionary of Politics, (3rd Ed) (Routledge: London, 2004), p. 384
9- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و
10- ویڵ دیورانت، مێژوی شارستانی، به‌رگی یه‌که‌م: وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی و ئه‌وانیتر (ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م: سلێمانی، 2007)، ل 70
11- R. E. Barnett, Restoring the Lost Constitution: the Presumption of Liberty, (Princeton University Press: Princeton, 2004).
12- وتاری دوای سوێندخواردنی ئۆباما له 20/01/2009 دا، له سی ئێن ئێنه‌وه وه‌رگیراوه