له کوێی گۆڕانداین؟
گه‌نده‌ڵیی سه‌رتاپاگیری هه‌رێمی کوردستان؛ هه‌روه‌ها هه‌ڵه‌و تاوانه‌کانی کارگێڕانی سیستمی فه‌رمانڕه‌وا؛ چ وه‌ك تیۆرییه‌کانی بۆته‌ی زانستی یاسا‌و ئابووریی‌و رامیاریی، چ وه‌ك فاکت‌و ره‌وشی باو له هه‌رێمه‌که، هه‌موو شتێکیان له‌سه‌ر گوترا. پسپۆڕان‌و رۆشنبیران ئه‌وه‌ی له هه‌گبه‌یاندا بوو له‌و به‌ستێنه‌دا هه‌ڵیان رشت... له راستییدا، بێبه‌رهه‌مانه، هێنده له‌سه‌ر خهوشو ته‌نگوچه‌ڵه‌مه کارگێڕیی‌و دامه‌زراوه‌ییه‌کان گوترا، به‌های "گهشبینییو هیوا به رووگه‌ی گۆڕان" زۆر دابه‌زی.
ده‌مێکه ئه‌و ته‌نگه‌ژانه چاوه‌نواڕی ئه‌وه‌ن، جه‌مسه‌رێكی بهناوودهنگو پسپۆڕ‌و خاوێن‌و کاریگه‌ر سه‌ر هه‌ڵبدات، ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ریی به‌رهه‌ڤ بکات. رێکاری گونجاو بۆ پراکتیزه‌ی تیۆرییه زانستییه‌کان دابڕێژێت؛ پاڵێك به "گا" چه‌قیوه‌کانی گۆڕانه‌وه بنێت‌و بیانخاته سه‌ر راسته‌ڕێ.
جه‌مسه‌رێك، هێڵێکی سپی بۆ یه‌که‌م جێپێ بکێشێت؛ سوپایه‌کی سڤێل له "بهلهنگازانو قوربانییانی حه‌ڤده‌ساڵ له‌خشته‌بردن" وه‌ك ماراسۆن به دوای خۆیدا تاو بدات، هیوایه‌ك بۆ گۆڕانی سپی دێمۆکراسییانه چێ بکات... لێ وادیاره، گۆڕان هه‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌بێت ببێت؛ نه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه، نه‌ك ئه‌وه‌ی پێویستمانه!
وادیاره گۆڕان، نیازی هه‌یه، هه‌روه‌ك گۆڕانی پارته‌کان، پاش کۆنفرانسێك، به ناوهرۆکێك، لێ به روخسارێکی دیکه‌ی "بۆ چاووڕاو هه‌ندێك گۆڕاو"، تا سه‌رده‌مێکی نادیاری دی، له گوژمه‌یه‌کی دی‌دا بژی!
پڕۆژه‌که‌ی (مامجه‌لال)
گه‌ر (مامجه‌لال) بیه‌وێت پڕۆژه‌ی باش بۆ چاکسازیی‌و بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵیی، ده‌سه‌ڵاتی یاسا، دادپه‌روه‌ریی رامیاریی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی دابڕێژێت؛ بڕوام وایه وی، وه‌ك (توانست/ ئه‌زموون/ ده‌سه‌ڵات/ کاریگه‌ریی) له هه‌ر سهرکردهیهكی کورد زیاتر، ئه‌و کاره‌ی له‌نێو قه‌ڵه‌مڕه‌وی راسته‌قینه‌ی خۆی، له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی (ینك) بۆ ده‌چێته سه‌ر؛ که پاشان ناڕاسته‌وخۆ دهتهننهوهو ده‌بنه فشاری جهماوهرییو له‌ڕوودامان بۆ (پدك)یش.
گه‌ر له نموونه‌یه‌کی زیاده‌ڕۆدا، وای دابنێین هه‌موو (یه‌کێتی) سه‌د که‌س بن، هه‌موویان گهندهڵو له پۆستی کارگێڕییدا بن... (مامجه‌لال) توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه، هه‌موویان له ده‌سه‌ڵاتی کارگێڕیی داببڕێت! باشتریین پڕۆژه‌ی چاکسازیی، بداته ده‌ست که‌سانی بێلایه‌نی پسپۆڕی ته‌کنۆکراتی خاوێن‌و سه‌ره‌تایه‌کی ساخڵه‌م رۆ بنێت.
لێ به بڕوام، (مامجه‌لال) ناخوازێت ئه‌و کاره بکات. چونکه بونیادی رامیاریی سیستمی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان له بنه‌ڕه‌ته‌وه مڤرۆیه (سه‌قه‌ته). ته‌نها سیستمێکی تۆکمه‌ی گه‌نده‌ڵیی، گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی دهکاتو ده‌بێت هاوته‌ریب ببێته کۆئه‌ندامی بهرگرییو له‌مپه‌ڕی به‌رده‌می گۆڕان بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و ژینگه‌یه. سیستمێك که ژماره‌یه‌کی زۆر له فیگه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك مشه‌خۆر تێیدا بژێن. دیاره له‌و ژینگه‌یه‌شدا سه‌ره هه‌ره زله‌کانی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێم، سوودمهندترینیانن.
راگه‌یاندنه‌که‌ی (مامجه‌لال) به ناوی پڕۆژه؛ لانیکه‌م ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زاری کاره‌کته‌رێکی گرنگی کاریگه‌ری گۆڕه‌پانی رامیاریی ئێراق‌و کوردستان جه‌خت کرده‌وه، که پارتسالارییو نادامهزراوهییو نه‌بوونی میریی نۆیترال، سه‌رچاوه‌ی ئاسته‌نگه‌کانن. دیاره گه‌ر له‌و کۆنتێکستهشدا دوو پارت ده‌سه‌ڵاتی ره‌هایان به‌خۆیان دابێت، ناڕاسته‌وخۆ ده‌یسه‌لمێنێت، خودی دوو زلپارتهکه مشتووی ناو ههنبانهکهن!
کاتێك وی چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك به ناوی پڕۆژه‌ی چاکسازییه‌وه، ده‌خاته پێش فیگه‌ره گه‌نده‌ڵه‌کانی ئه‌و پێڕۆیه بۆ جێبه‌جێکردن. وه‌ك ئه‌وه وایه، مرۆڤ به "داربڕ"ێكی سه‌ر لقی بڵندی دره‌ختێك بڵێت: "لقه‌که‌ی ژێرپێت ببڕه‌وه، تا نه‌که‌ویه خوار!".
له‌وێوه به‌بڕوام ئه‌و ئامۆژگارییانه، له‌وه سادهترو سهرپێییتر نووسراون ببنه پڕۆژه، له چه‌ند ئامۆژگارییه‌کی باوکانه زیاتر چیی دی نین.
به‌ڵام (مامجه‌لال) به هه‌وانته له‌و جۆره هه‌نگاوانه نانێت. له راستییدا بڵاوکراوه‌که‌ی چه‌ند رهههندێکیشی پێکا:
یه‌که‌م: به‌هۆی سهنگو خۆشه‌ویستیی خودی (مامجه‌لال)، لای ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵکی ناڕازی‌و به‌سته‌زمان که پێیان ده‌وترێت (جه‌لالی)، بووه مایه‌ی گهشبینییو هیوای نوێ بۆیان.
دووه‌م: دهسهڵاتو هه‌ژموونی خودائاسای (مامجه‌لال) له‌نێو (ینك) وای کرد، ژماره‌یه‌کی زۆری دی، خۆشباوه‌ڕانه ئومێدی له‌سه‌ر رۆ بنێن‌و بۆ ساڵی نوێی ٢٠٠٩ بچنه‌وه نێو خولگه‌یه‌کی دی خوماریی... ئه‌م دوو هۆکاره شه‌قامی توڕه‌ی کوردییشیان به گشتیی تا راده‌یه‌ك هێور کرده‌وه... له‌وانه‌یه به هه‌ندێك گۆڕان له "فۆرم"دا، به ناوی چاکسازییه‌وه، تا ماوه‌یه‌کی نادیار، کۆمه‌ڵێك ره‌خنه‌ی ده‌ره‌کییش کپ بکاته‌وه.
سێهه‌م: بڵاوکراوه‌که‌ی (مامجه‌لال)، په‌یامێکی گاڵته‌ئامێز بوو، بۆ هه‌موو که‌سێتییه رامیاریی‌و رۆشنبیره‌کانی شه‌قامی په‌ستی کوردیی، که ماوه‌ی دوو ساڵه شینومۆر ده‌بنه‌وه‌و سه‌دان وتار‌و لێکۆڵینه‌وه‌و بهدواداچوونو پڕۆژه‌ی زانستیی ده‌خه‌نه ڕوو... وه‌ك ئه‌وه‌ی پێیان بڵێت: (ده‌ڵێی له هه‌ساره‌یه‌کی دییه‌وه هاتوون؛ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی ته‌نها چاوو دڵی هه‌یه‌و له ئاوزاندن بێبه‌شه. هه‌ر ئێمه ده‌بینێت؛ هه‌ر ئێمه‌ی ده‌وێت. کاغه‌زی سپیش فڕێ بده‌مه بازاڕ، له ههزاربهههزارهکانی ئێوه به‌های به‌رزتره. سه‌دان هێنده ئاگر بخه‌نه‌وه، به چه‌ند دێڕێك خامۆشیان ده‌که‌مه‌وه!).
چواره‌م: سوور ده‌یزانی، هه‌رشتێك (ینك) پێشنیاری بکات، (پدك) نایپهژرێنێت... له‌لایه‌ك له‌به‌ر خودشهیداییو هه‌سته‌وه‌ریی (پارتی پێشڕه‌و) لای (پدك). هه‌روه‌ها له سۆنگه‌ی "گرێ ده‌روونییه کلاسیکییه‌که‌ی" نێوان ئه‌و دوو پارته. له لایه‌کی دیش، له‌به‌رئه‌وه‌ی (پدك) خۆی به فه‌رمانڕه‌وای پله یه‌کی هه‌رێم ده‌زانێت؛ که‌سی دی مافی پێشنیار‌و پڕۆژه‌ی نییه‌و جێگه‌ی (مامجه‌لال)یش له (به‌غدا)یه... به‌وشێوه‌یه له‌وانه‌یه (مامجه‌لال) گۆڵێکی دی بکات‌و بهربهستو هۆکاری نهخستنهگهڕی پڕۆژه‌که‌ی بخاته ئه‌ستۆی (پدك).
پێنجه‌م: ویستی له به‌هاو ره‌ونه‌قی ئه‌و داوا‌و پێشنیارانه بدات، که چه‌ند مانگێکه چوار پارته‌که به داخراویو کراوه‌یی، ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی دوو زلپارتهکهی ده‌که‌ن.
شه‌شه‌م: بۆ ئه‌وه‌ی ریفۆرمیسته راسته‌قینه‌کانی ناو (ینك) چه‌ك بکات، چه‌کی خه‌باتیان که (ریفۆرمه) دابماڵێتو به‌ڕه‌یان له ژێرپێ رابکێشێت.
حه‌وته‌م: راگه‌یاندنێکی وه‌ها، هه‌ر فۆرم‌و ناوه‌رۆك‌و کاریگه‌رییه‌کی هه‌بێت، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌های بۆ چاکسازیی داناوه، ده‌بێته مۆتیڤی ئه‌رێن بۆ خڕبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی (ینك)و پێکه‌وه گردبوونه‌وه‌یان به مێنتالیتهیتی ئاسووده‌تر له به‌رده‌م کۆنگره‌ی داهاتووی ئه‌و پارته... هه‌روه‌ها ده‌بێته بیانووبڕ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی، دوای پڕۆژه‌و خواسته‌کانی چاکسازیی خۆیان ده‌که‌ون، ناچاریان ده‌کات بچنه کۆنگره‌و گره‌وێکی دی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌سپه‌ی (مامجه‌لال) بۆ چاکسازیی بکه‌ن.