وته به‌ناوبانگه‌كه‌ی توماس مور له‌كاتی دادگایكردنیدا ده‌ڵێت "QUI TACET CONSENTIRET" که به ئینگلیزی واته "SILENCE GIVES CONSENT" و به كوردی "بێ ده‌نگی مانای ره‌زامه‌ندیه".
بێ ده‌نگی مانای ره‌زامه‌ندیه، ئه‌م وته‌یه توماس موری رزگار نه‌كرد له كوشتن، له‌به‌رئه‌وه پێویسته له‌سه‌ر هه‌مو تاكێكی كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌نگی بیستراو بێت له‌مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كاندا، به‌ڵام خوزگه ده‌نگه‌كان ته‌نها ره‌خنه نه‌ده‌بون به‌ڵكو چاره‌سه‌ریان دائه‌ڕشت.
كۆمه‌ڵێك روژنامه و ماڵپه‌ری كوردی و ئینگلیزی هه‌ن كه كۆمه‌ڵێك ره‌خنه بڵاوده‌كاته‌وه له‌باره‌ی ئه‌مڕۆی كوردستانه‌وه، ئهمهشتێكی باشه‌و دیارده‌یه‌كی دیموكراتیه، به‌ڵام شانبه‌شانی ره‌خنه ئه‌بیت چاره‌سه‌ری كه‌م و كورتیه‌كان به‌رنامه‌ی بۆ دابنرێت، لهنوسینیكی پێشومدا "بواری پیشه‌سازی ته‌گه‌ره‌و چاره‌سه‌ر"1 وه‌ڵام و پێشنیاری كه‌سانێك سه‌رنجیان راكێشام، كه‌سانێك پێشنیاری چاره‌سه‌ركرنی بواری كشتوكاڵ به یه‌كه‌م هه‌نگاو داده‌نین و پێیان باشه كه بواره‌كانی تری ژیان ده‌ستكاری نه‌كرێت هه‌تا بواری كشتوكاڵی ته‌واو نه‌بێت، كه‌سانێكی تر پیشنیاری ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌هیچ نه‌كرێت، چونكه گه‌نده‌لی هه‌یه له كوردستان.
به‌ڵام له روانگه‌ی منه‌وه لایه‌نێكی سێیه‌م هه‌یه كه باوه‌ڕی به‌چاره‌سه‌ری كه‌موكورتیه‌كان هه‌یه، به‌بونی یان نه‌بونی گه‌نده‌ڵی، كوردستان پێویستی به‌بنه‌مایه‌كی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و به‌ڕێوه‌بردنی به‌هێز هه‌یه. كۆمه‌ڵگای پیشكه‌وتو، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه كه له‌هه‌مو بواره‌كاندا پیشكه‌وتوه، كۆمه‌ڵگا هه‌رگیز له‌ریزی كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتودا نابێت، ئه‌گه‌ر بواری پیشه‌سازی، دارایی یان به‌ڕێوه‌بردنی ئیفلیج بێت، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر له‌بواری كشتوكاڵیدا له‌پێشه‌وه بێت، هه‌مو بواره‌كان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، كۆمه‌ڵگا نابێت مشه‌خۆر بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌بێت كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌مهێن بێت.
رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ڵگه‌كان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن كه ده‌بێت كوردستان له‌م خه‌وه درێژخایه‌نه‌ی به‌خه‌به‌ر بێته‌وه، له رۆژنامه‌یه‌كی ئیماراتیدا، راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی بواری پیشه‌سازی له كه‌نداوی عه‌ره‌بیدا، له راپۆرته‌كه‌دا هاتوه كه وه‌به‌رهینانی پیشه‌سازی له وڵاتانی كه‌نداودا بازدانێكی نمونه‌یی بهخوهبینیوه له‌ماوه‌ی دو ساڵی پێشودا، به‌پێی راپۆرته‌كه، ژماره‌ی كارگه‌كانی که‌نداوی عه‌ره‌بی له 10431 كارگه‌وه به‌رزبوه‌ته‌وه بۆ 12022 كارگه، رێژه‌ی وه‌به‌رهێنان له 118 ملیار دۆلاره‌وه به‌رزبوه‌ته‌وه بۆ 147 ملیار دۆلار.2
هۆكاری به‌رزبونه‌وه‌ی ژماره‌ی كارگه‌كانی وڵاتانی دراوسێی عێراق ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ سستبونی كارگه‌كانی عێراق، له عێراقدا به‌رهه‌می وڵاتانی كه‌نداو توركیا و ئێران و چه‌نده‌ها وڵاتانی تر جێگای به‌رهه‌مه خۆماڵیه‌كانی گرتوه‌ته‌وه. هیچ گرنگیه‌ك نهدراوهبهم حاله‌ته ترسناكه‌ی كه كوردستان و عێراق پیایدا ده‌ڕۆن، لێپرسراوانی كوردستان و عێراقیش پێویسته چاو له ئه‌مه‌ریکا بكه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ره‌واج بۆ جیهانگیری ده‌كات، له‌هه‌مان كاتدا باجی به‌ڕێژه‌ی 300% خستوه‌ته‌سه‌ر په‌نیری روكیفورتی فه‌ره‌نسی، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا هێنانی گۆشتی گای ئه‌مه‌ریكی قه‌ده‌غه‌كردوه.3
پێویسته زۆر به‌په‌له بواری پیشه‌سازی شانبه‌شانی بواری كشتوكاڵی ههڵبسێنرێتهوه. ئه‌بێت پڕۆژه‌یه‌كی گونجاو دابڕێژرێت بۆ بوژاندنه‌وه‌ی بواره‌جیاجیاكانی كوردستان، لێره‌دا به‌ره‌نگاری ته‌گه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌تر ئهبێنهوه، كه ئه‌بێ چاره‌سه‌ربكرێت له‌پێناو بوژاندنه‌وه‌ی كوردستاندا، ئه‌ویش ته‌گه‌ره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م پڕۆژه گرنگه‌یه، بوژاندنه‌وه‌ی كوردستان ده‌ست پێناكات به‌بێ بونی كادری به‌ڕێوه‌بردنی لێهاتو و به‌هێز، به‌ڕێوه‌بردن چاره‌سه‌ری هه‌مو ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌كانه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌بێت بگه‌ڕێین به‌دوای كادری به‌ڕێوه‌بردن كه ئه‌م سێ ره‌وشته‌ی تیادا به‌دیبكرێت 1. هه‌ستكردن. 2. توانای بڕیار. 3. توانای جێبه‌جێكردن.
1. هه‌ستكردن: لێپرسراو یان به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ركه‌وتو ئه‌بێت هه‌ستبكات به‌بڕیاری راستی چاره‌نوسساز، بڕیاری راست ئه‌و بڕیاره‌یه كه له به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵ بێت، ئه‌م ره‌وشته زۆر گرنگه له لێپرسراوی سه‌ركه‌وتودا، چونكه ئه‌توانین بیسه‌لمێنین كه زۆر له لێپرسراوانی كوردستان تارماییه‌ك به‌رچاویان ده‌گرێت له‌كاتی بڕیارداندا، ئه‌مه ئه‌بێته هۆی بێ توانای لێپرسراوان له جیاكردنه‌وه‌ی بڕیاری راست له بڕیاری چه‌وت، زۆر بڕیار له‌سه‌ر كاغه‌ز راست ده‌بینرێت، به‌ڵام له جێبه‌جێكردندا ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ڵه‌یه، جیاكردنه‌وه‌ی بڕیاری راست و چه‌وت ئاسان نیه، به‌ڵام لێپرسراوی سه‌ركه‌وتو ئه‌وه‌یه كه بڕیاری راست هه‌ڵده‌بژێرێت، چونكه هه‌ست بهكارتێكردنی ئه‌و بڕیاره ده‌كات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا له‌داهاتودا، بۆ نمونه بڕیاردان له‌سه‌ر یاسای وه‌به‌رهێنانی كوردستان به بڕیارێكی سه‌ركه‌وتو له قه‌ڵه‌م دراو هه‌تا ئه‌مڕۆش زۆربه‌ی لێپرسراوان به دڵخوشیهوه باس له یاسای وه‌به‌رهینان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كهبینراو ده‌بینرێت رۆژانه، ئه‌وه‌یه كه یاسای وه‌به‌رهێنان بوه به‌گوڕی سه‌رمایه‌ی تاكی كورد له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات.4 چه‌نده‌ها كه‌س له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌رمایه‌ی ره‌وانه‌ی كوردستان كرد بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌ی پیشه‌سازی و بیناسازی، به‌پێی یاسای وه‌به‌رهینان، حكومه‌ت پارچه‌یه‌ك زه‌وی دابین ده‌كات بۆ پرۆژه‌كه به‌شێوه‌ی كرێ و بانه‌وانی. خاوه‌ن پڕوژه هه‌ڵده‌ستێ به‌دروستكردنی پڕۆژه‌كه به‌بێ هیچ یارمه‌تیه‌كی تر له حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه. وه‌به‌رهێنی كورد سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر سه‌رف ده‌كات و پڕوژهكهی ته‌واو ده‌كات، ئه‌گه‌ر بینا بێت ئه‌وا كرێ ناكات و ئه‌بێت له‌ئه‌نجامدا دابخرێت، چونكه بینای زۆر دروست كراوه له قه‌راغ شار به‌بێ پلان، خۆ ئهگهركارگه بێت ئه‌وا ئه‌بێت دابخرێت چونكه كارگه‌ی خۆماڵی ناتوانێ پێشبڕكێی كۆمپانیا ده‌ره‌كیه‌كان بكات، ههڵهكوشندهكانی یاسای وه‌به‌رهینان ئه‌وه‌یه كه نهیاسای پلانی بیناسازی ونهیاسای پارێزگاری به‌رهه‌می خۆماڵی له كوردستاندا دانه‌نراوه، ئه‌مه بوه‌ته هۆی خنكاندنی په‌ره‌سه‌ندنی وه‌به‌رهێنان له كوردستاندا، ئه‌م دو هه‌ڵه‌یه بوه هۆی كه وه‌به‌رهێن ساڵانه سه‌دان هه‌زار دینار بدات به‌كرێی زه‌وی، هه‌رچه‌نده پڕوژهكهی وه‌ستاوه.
ئه‌وه‌ی جێگای پێكه‌نینه كهههتا ئه‌مڕۆ لێپرسراوانی حكومه‌تی هه‌رێم یاسای وه‌به‌رهێنان به‌یاسایه‌كی سه‌ركه‌وتو ناوده‌به‌ن، ئه‌وه‌ی جێگای گریانه كه میلله‌ت رۆژانه زیانی ئه‌و یاسایه ده‌ژمێرێت.
2. توانای بڕیار: لێپرسراوی سه‌ركه‌وتو، لێپرسراوێكه كه توانای بڕیاری هه‌یه، ئه‌بێت لێپرسراو توانای بڕیاردانی هه‌بێت له‌سه‌ر یاسا چاره‌نوسسازه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی سڵ بكاته‌وه له‌كرداری ده‌ره‌كی. هه‌ستكردن به‌بڕیاری راست پێویستی به‌توانا هه‌یه كه بڕیاره‌كه داڕێژێ، چه‌نده‌ها یاسا هه‌یه كه لیپرسراوی كورد به‌ڕاستی ئه‌زانیت، به‌ڵام توانای ئه‌وه‌ی نیه بڕیاری له‌سه‌ر بدات، چه‌نده‌ها بڕیار هه‌یه كه خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگا ئه‌كات، به‌ڵام لێپرسراوان لێی دورده‌كه‌ونه‌وه له‌به‌ر ترسی كاردانه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره له‌سه‌ر كه‌مێك خه‌لك، بۆ نمونه یاسای لیپێچینه‌وه له گه‌نده‌ڵی له كوردستاندا یاسایه‌كه خزمه‌ت به زۆربه‌ی زۆری كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام هه‌تا ئه‌مڕۆ هیچ لێپرسراوێك خۆی له‌قه‌ره‌ی ئه‌و یاسایهنادات، چونكه ئه‌م یاسایه ئه‌بێته هۆی لێپێچینه‌وه له‌هه‌ندێك كه‌س كه خاوه‌ن هێزن، ئه‌مه بوه‌ته هۆی دوركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا له حكومه‌ت و دروستبونی بۆشایه‌كی گه‌وره له‌نێوان حكومه‌ت و میلله‌تدا، لای هه‌موان ئاشكرایه كه بڕیارێك سود به زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نێت بڕیارێكی راسته‌و هه‌ر بڕیارێك دژی كۆمه‌ڵگا بێت و سودی كه‌مینه بێت بڕیارێكی هه‌ڵه‌یه.
3. توانای جێبه‌جێكردن: هه‌ستكردن به بڕیاری راست و توانای بڕیاردانی شتیكی باشه، به‌ڵام به‌بێ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره نه‌بونی باشتره، كوردستان بوه‌ته گۆڕستانی چه‌نده‌ها بڕیاری راست و ته‌نها چاوه‌ڕێی لێپرسراوێكه زیندویان بكاته‌وه‌و جێبه‌جێیان بكات.
كاتی ئه‌وه هاتوه ده‌نگ بۆ لێپرسراوی خاوه‌ن ره‌وشته‌كان بدرێت.
په‌راوێز:
1. روژنامه‌ی روژنامه: ژماره399، 02/04/2009
Arabian Business, September 24 – 30 2008, 2. "الاستپمارات الصناعیه الخلیجیه 147 ملیار دولار"
Bush War on Roquefort Raises a Stink in France3.
“Departing Officials Set Duty at 300% "
Edward Cody, Washington Post, Foreign Service, Thursday, January 29, 2009; Page A01
4. ده‌قی یاسای وه‌به‌رهینان له‌هه‌ریمی كوردستان، به‌شی چواره‌م، ته‌رخانكردنی زه‌وی وزار،مادده‌ی چواره‌م، یه‌كه‌م