سەربەست کەرکوکی
شکستە گەورەکەی ئەم دواییەی پارتی کرێکاران لە بریتانیا (پارتی لێیبەر)، چ لە هەڵبژاردنی ناوچەیی و چ لە هی پەرلەمانی ئەوروپیدا، کە گەورەترین دۆراندنە لە مێژووی حیزبەکە؛ دەبێ بۆ ئێمەی کوردستانی باشوور، بە تایبەتی بۆ ئەو حیزب و لایەنانەی ئاڵای سۆشیاڵ – دیموکراتییان هەڵگرتووە، گەورەترین زەنگی خەتەرو باشترین ئاماژەی راچەنین و هیمای بە ئاگاهێنانەوە بێت.
لێیبەر پارتی، لە ساڵی ١٩١٨ەوە بگرە لە ناوچەی (وێلزا) لە هیچ هەڵبژادنێکدا، هەرگیز لە پاش حیزبی پارێزکار (کۆنسیرڤەتیف) دا نەبووە، بەڵام مخابن لەم دوا هەڵبژاردنەدا بووە پاشکەوت.
لە مێژووی کاری سیاسی و هەڵبژاردندا، ئەوە یەکەمجارە لە شارەکانی سکۆتلەندا، پارتی (سکۆتش ناشنال) لە لێیبەر دەباتەوە.
ئەوە یەکەم جارە، لە سەرتاسەری مێژووی حیزبە سیاسیەکانی بریتانیا، حیزبێکی راستڕەوی دژە پەنابەرو بیانی؛ حیزبی نیشتیمانی بریتانی، لە پەرلەمانی ئەوروپیدا جێی دوو کورسی نوێنەرانی لێیبەر وەدەست دەهێنێت. لەوەش زیاتر، ئەوە بۆ یەکەمین جارە، کە لە مێژووی چل ساڵی رابردوودا، لێیبەر، لە هەڵبژاردنێکی بریتانیدا پلەی سییەمی دەستکەوێت. ئەوەش بە کێ بدۆڕیت؟ بە کۆنسەرڤەتیف و حیزبێکی بچووکی وەکو حیزبی سەربەخۆی ( یو.کەی).
لێیبەر پارتی، بەشێوەیەکی گشتی لە هەڵبژاردنی ئەوروپی ئەم جارەی بریتانیادا، تەنیا ١١ کورسی وەدەست هینا – شایانی باسە کە لە ٢٠٠٤ دا ١٨ کورسی هەبوو. بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی (کۆنسێرڤەتیف) ٢٤ کورسی و حیزبە بچووکە ناوبراوەکەش ١٣ کورسی بەدەست هێنا!
لە پێش ئەو کارەساتەشدا، تەنیا بە هەفتەیەک، لێیبەر پارتی، لە هەڵبژاردنە ناوچەییەکاندا، تووشی دۆڕانێکی قورس ببوو. کە لە کۆی هەڵبژاردنی ١٥٨ شارو شارۆچکەی بریتانیا، تەنیا لە ٣٧ کاونسڵدا، باڵا دەست بوو! لە بەرامبەردا (کۆنسێرڤەتیف) لە ٤٩ شارو پارتە نەتەوەییەکانیش لە شەست دا سەرکەوتنیان بەدەست هینا! وە لە شارۆچکەکانی لەندەندا تەنیا لە ٥ شوێن، بەرامبەر بە ٩ شوێن بۆ (کۆنسێرڤەتیف) یان بە دەست هێنا. لەو هەڵبژاردنەدا، لێیبەر لە سێ شاردا کە لە سالی ١٩٨٠ ه وه بە شاری کۆنتڕۆڵی لێیبەر ناسراون، دۆڕا؛ مەبەستم (داربشەر، لانکشەر و ستاتفۆردشەر)یە.
هەڵبەتە دۆڕاندنی لێیبەر، لە پڕ و لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو پاداشتی کۆمەڵێ هەڵە و پەڵەی هەر هیچ نەبێ هەشت ساڵی رابردووی ئەو حیزبە سۆشیال – دیموکراتەی بریتانیا بوو. ئەدای لێیبەر پارتی، چۆری مامڵەکردنی لەگەڵ ویستەکانی جەماوەر، بە ئاشکرا دیاربوو کە دوورو جیاوازە لەگەڵ ویست و بۆچوونەکانی هەتتا ئەندامانی خۆشی. بۆیە عەیان بوو کە لێیبەر کەوتۆتە ناو لیتەی کۆمەڵێ قەیرانی سیاسی، ئابووری، ئیداری و خزمەتگوزارییەوە. کە بە کورتی خۆیان لەم چەند خاڵانەدا دەبیننەوە:
١ - کەمکردنەوەی چەندایەتی و هەروەها جۆرایەتی خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردەیی، پۆلیس و ئەمنیەت، هاتووچۆ و خانوبەر لەلایەن حکومەتەوە.
٢ – سەرجەمی ئابووری وڵاتەکە تووشی رۆچوون و قەیران بووە و بەرپرسانی دارایی حکومەتەکەش بە دیدو بۆچوونی خەڵکەکە، لە چارەسەرکردنی بە پەلەی ئەم کێشەو قەیرانە سست و کەمتەرخەمن.
٣ – ئاشکرابوونی گەندەڵییەکانی ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە هەموو حیزبەکان و هەندێ لە ئەندامانی حکومەتی لێیبەر، لەوەی جگە لە مەعاشی خۆیان، بەبێ هەق و بە بێ ویژدانانە لە ماڵوموڵکی دەوڵەت – واتە ماڵوموڵکی باجی خەڵک –یان وەرگرتووەو بۆ کاروباری شەخسی خۆیان خەرجیان کردووە. هەندێ نموونە:
-ئەلن کین و ئان کین : کە ژن و مێردێکی پەرلەمانتەرن و سەر بە لییبەرن، ئەوان لە کڕینی (شقە – فلات) ێک لە ناوەڕاستی لەندەن، ٤٠ هەزار پاوەندی حکومەتیان خەرجکردووە. هەروەها بۆ پاککردنەوەی (فلات)ەکەیان هەفتانە ٥٥ پاوەندیان بە حکومەت خەرجکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ماڵی یەکەمی خێزانییان تەنیا ١٠ میل لە بینایەی (ویستمنستەر) پەرلەمانەوە دوورە.
-ئەندام پەرلەمان و وەزیری دادی حکومەتی بریتانی، شەهید مالیک، لە ماوەی سێ ساڵدا ٦٦،٨٢٧ پاوەندی لە پارەی حکومەت بۆ چاککردنەوەی خانووی دووەمی خۆی خەرجکردووە.
بەڵام لە ناوشیاندا کسانێکی وەک ( مارتن ساڵتەر) ی نوێنەری ناوچەی ( ریدینگ وێست) ی سەر بەلێیبەریش هەیە، کە رۆژانە بە قیتار دەچێت بۆ پەرلەمان و لە ساڵێکدا ٦٤١٣ پاوەندی خۆی خەرجکردووە و تەنیا ٢٢٢ پاوەندی لە پارەی پەرلەمان داواکردۆتەوە.
هەڵبەتە کەڵکەبوونی ئەو هەموو کێشە و ناپوختییە وخۆکێشانەوەی کۆمەڵێ وەزیرو سەرکردەو کارمەندی حیزبی لێیبەر؛ بە تایبەتی لەوەی لە هەفتەی پێش هەڵبژاردنی ئەوروپیدا، شەش وەزیر دەستیان لە کار کێشایەوە؛ کە ئەمە بووە هۆی کێشانی سنووری سووری خەتەرناک و دروستکردنی دیوارێکی بەرزی رقوکینەی خەڵک بەرامبەر بە لێیبەر و مانەوەی لێیبەر لەسەر حوکم و دەسەڵات.
بۆیە خەڵکەکە دەستیکرد بە جێبەجێکردنی بڕیاری تەمبێکردنی لێیبەر. وە لە ئاکامەکانی هەڵبژاردنەکاندا، داری دەستی جەماوەر بۆ تەمبێکردنی لێیبەر پارتی؛ حیزبە خۆشەویستەکەی جاری جاران بە ئاشکرا دەرکەوت.
ئێستاش لەپاش ئەو دۆڕانە کارەساتاویانە، لەوە ناچێت کەفوکوڵی توڕەیی ئەندامانی حیزبەکە بێدەنگ بووبێت، ئەوەتا ٧٠ ئەندام پەرلەمانی لێیبەر، خەریکن داوا دەکەن کە (گۆڕدن براون) دەست لە سەرۆکایەتی حکومەت بەردات. خەڵکەکەیش مقۆمقۆی ئەوەیان تیدا دروست بووە کە داوای هەڵبژاردنی بەپەلە بکەن. هەروەها داوای ئەوە دەکەن کە گەندەڵکارانی وڵاتەکە حیسابیان لەگەلدا بکریت و سزا بدرێن.
لە کوردستانی ئێمەشدا، چەندین دایناسۆری بەرەڵڵای ئابووری و تەیری خورافی بیناسازی و پلانی بێ پلان رۆژانە لە کارن!. لە کوردستانی ئێمەدا لەگەڵ ئەوەی بە بێ ریقابەیەکی ئەوتو، گەورەترین سۆپەرمارکێت و مۆل و بەرزترین هۆتێل دروست کراون یا دەکرێن، کەچی بە دەگمەن بیرمان لە دامەزراندنی بناغەی بە جەماوەریکردنی سیستەمی بانکی و دامەزراندنی کۆمپانیاکانی بیمە و تەئمین کردۆتەوە، یا راستیدا هەر گرنگیمان بەو بابەتە نەداوە.
لە کوردستانی ئێمەدا، پەیتا پەیتا هەوڵدەدرێت، بۆ جوانکردنی شارە گەورەکان باغ و باغچە دروست بکرێن، کەچی هێشتا لە بێ ئاوی / یا کەم ئاوی، خەڵکانمان بە گشتی بۆ پڕکردنی تانکی ئاوی ماڵانیان دەبێ شەوان خەو لەخۆ حەرام بکەن. شەقامە گەورەکان بە گڵۆپی نوێ و گەورە دەڕازێتەوە، کەچی هێشتا (ئەفرادی) ناو ماڵانمان، هەر لە خولی فێربوونی گۆڕینی سویجی ئەلەتریکن، لە حکومییەوە بۆ مولیدەو بە پێچەوانەشەوە!
لە کوردستانی ئێمەدا، لەبەر ئازادی بازاڕ، کە بازاری دوکتۆرانمان لە هەموویان بێ ویژدانترە و خەڵکە هەژارەکانمان لە بێ پارەیی لە خوا دەپاڕێنەوە کە خۆیان و ماڵ و منداڵیان نەخۆش نەکەون ... ، کەچی خەڵکان و بەرپرسانی سۆشیال – دیموکراتمان ئێستاش پرۆژە و سیستەمێکی جدییان بۆ چارەسەریی بنەڕەتی ئەم پێداویستیە جەماوەرییە لە سەر مێزدا نییە.
لە کوردستانی ئێمەدا، بواردان بە کۆمپانیاکانی مۆبایل، بەبێ سنوور واڵایە، کەچی ئەوەندەی تۆزقاڵێ گرنگی نەدراوە بەوەی کە وڵاتەکە ئەگەر وڵات بێ، دەبێ سیستەمی رێک و مۆدرینی تەلەفۆنی ئەرزیی هەبێت.
لە کوردستانی ئێمەدا، هەر وەکو بریتانیا و هەر وڵاتێکی تری دونیا، خەڵک دەشێ، دەکرێ، بەرامبەر بەم کەمتەرخەمیانەش خۆگر و هێمن و هێدی بن، بەڵام کە نا شایستێکە دەگاتە سەر بابەتی (سوو استفادە) لە ماڵوموڵکی میللەت، لە گەندەڵی بەکارهینانی پارەی حکومەت و حیزبەکان، لە گەندەڵی تەوەزلی لە وەختی کار و دزینی کاتی دەوام.... لای ئێمەش خەلکەکە گۆشت و خوێن و شعورن، بۆیە هەڵوێست وەردەگرن. ئەو هەڵوێست وەرگرتنانەش لە رۆژانی ئاساییدا، رەخنەگرتن و قسەکردن و بە با دانی توڕەیین، بەڵام لە رۆژانی هەڵبژاردندا، بەداخەوە دەشێ لەو جۆرە بن، کە لەم دوو هەفتەیەی دواییدا لەبریتانیادا دژ بە لێیبەر تەقییەوە.
من، نەک بۆ رتووشکردنی دزێویی، نەک بۆ هەڵخەڵەتاندنی میللەت تا رۆژی هەڵبژاردن، نەک بۆ پروپاگەندە بۆ ئەموئەو، بەڵکو بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموکراتیەتی راستەقینەی چاوەروانکراو، بۆ ئەوەی ئەو حیزبانەی ساڵانێکی دوورو درێژی ناو شاخ، پێشەنگی خەبات و تیکۆشان بوون، ئێستاش هەر سەرقافڵەی خزمەتگوزاری و دابینکاری ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بن بۆ جەماوەرە ستەمدیدەکەمان، بۆ ئەوەی بەرابەر بە داخوازییەکانی ئەم چاغە بە دڵسۆزییەوە چاکسازبین؛ چاکسازی سیستەمی حکومەتیی و ئیداری وخزمەتگوزاری و چاکسازی ئابووری. بۆ ئەوەی یەکگرتوو بێن بەرامبەر بە لایەکانی دژە بەرژەوەندییە نەتەواییەتێکانمان، کە ئەمەش تەنیا بە پشتیوانی میللەتەوە دەکریت و سەردەکەوێت. ئەو پشتیوانییەش لەمەودا دەبیتە موستەحیل، ئەگەر ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش نەکەین و بە راستی نەبینە خزمەتکار و سایە و سێبەر بۆ میللەتەکەمان.
بۆ ئەمانە بە گشتی پێوویستە، حیزبەکان، بە تایبەتی سۆشیال – دیموکاتەکانمان، هەر لە ئێستاوە ( تا لەوە درەنگتر نەبووە) بەری ئەو رۆچوونە چاوەڕوانکراوە بگرن. ئەو بەرگرتنەش تەنیا و تەنیا بە بڕیاری شۆڕشگێڕانەی دابڕکەر سەر دەگرێت. ئەو هەنگاوەش بە بیرو بۆچوونی بەندەو زۆربەی دڵسۆزانی نەتەوەکەمان لە چەند خاڵێکی وەکو ئەمانەی خوارەوە خۆیان دەبیننەوە:
١ – بە پێی رێورەسمێکی بە پەلەی قانونی و حیسابداری، بە سەرپەرشتی (دیوانی چاودێری دارایی) و هاوکاریی (لیژنەی نەزاهەت) ی پەرلەمانی کوردستان و بە بڕیاری دیوانێکی دادوەریی سەربەخۆی نەترس، یەکەم هەنگاو، لێکۆڵینەوە لە مێژوویی دارایی و مۆڵکایەتی هەموو بەرپرسانی حیزبی و حکومیی لە سەرۆکی هەرێمەوە بیگرە تا مدیر عامی وەزارەتەکان، لە سەرۆکی حیزبەکانەوە بیگرە تا ئەندام کۆمیتە و لقەکان، بکرێت.
٢ – هاوکات لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا، حیزبەکان (مەبەست هەر هەموو حیزب و لایەنەکانە) بە جورئەت بن لە ئاشکراکردنی هەموو گەندەڵی و گەندەڵکاریەک کە بە ناوی ئەوان و لە ژێر پەردەو باڵی دەسەڵاتی ئەوانەوە کراوە. بێ ترس لە ئۆرگانەکانی خۆیانەوە خۆیان پاک بکەنەوە لە هەر گەندەڵ و گەندەلییەک کە لە مەکۆی ئەوانەوە کراوە. چونکە ئەگەر کەسێک هەتتا ئەگەر ٣٠ -٤٠ ساڵیش لە سەختترین خەباتدا بووبیت، ئەوەی دوێنێی بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی ئەمڕۆ کردبێت، ئەوا بازرگانییەکی نا شەریفی کردووە. وە بە گشتی نابێ ئێمە لێخۆشبوونی بەو شیوەیەمان هەبێت. کە پاکی دوێنێ ببێتە پردەی هیزەبەدەرخۆنەکردنی پیسی ئەمڕۆی هەر هاوڕێ و هەڤاڵێکمان. ئەوەی دوێنێ بە گیرفانی خاڵی و بە کڵاشێکی لاستیکەوە بە سەربەرزی دابەزییە ناو شارەکانەوە و ئەمڕۆکە بە هەپوویەک و بە خۆڕایی خاوەندی چەندین کۆشک و ئەرزە و کۆمپانیایە، نابێ ئەو مافەمان لێ زەوت بکات، کە لێی بپرسین ئەرێ هاوڕێ / هەڤاڵ ئەمانەت لە چۆنی سیستەمی رەوا و لە کوێی کاری قانونیدا پەیدا و دەستەبەر کردووە.
٣ – بە پێی قانونێکی تازە، لێپێچینەوەی ساڵانە لە حیسابات و داهات و ماڵوموڵکی دەسەڵاتدارانی حکومیی و حیزبی بکرێت. دەسەڵاتی ئەو کارە بدریت بە بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ لە ناو دیوانی چاودیری دارایی، ئەو بەرێوەبەرایەتییە وەکو دستەیەکی ناو دیوان، بەرپرس بێت لەوەی لە پاش (واژۆ)کردنی لەلایەن دادگای تایبەتی ئەو بابەتە، بۆچوونی دیوان و بڕیاری دادگاکە بگەێنێت بە دەستەی تایبەتی (نەزاهە) ی پەرلەمانی کوردستان. بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت (حەسانە) لەسەر ئەو کەسە گەندەڵە هەڵبگرێت و داوای دادگاییکردنی بکات.
٤ -خەرجەکانی چاودێری و پاسەوانی و ئەمنیەتی هەر هەموو دەسەڵاتدارانی حکومی و بەرپرسانی حیزبی، تا دوا تنوک کەمبکریتەوە. رێورەسمی حکومی بۆ دابنیرێت. لە کاری عەشاریی و خزمایەتەوە بگۆڕدریت بۆ کاری پرۆفیشناڵی حکومی. وە بە گشتی ئەم جۆرە خەرجانە لە کەڵ کەمکردنەوەیان لە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی حیزبەکان دەربکرێن.
٥ – خەرجەکانی هاتنوچوونی ناوەوەو دەرەوەی وڵات، ئەگەر بۆ کارو ئەرکی حکومەتی کوردستان نەبن، هی هەموو دەسەڵاتدارانی حکومەتیی و حیزبی، لە سەرۆکی هەرێمەوە تا دوا دەسەڵاتدار و کارمەند، لە ئەرک و بەرپرسیارێتی بودجەی حکومەت دوور خرێن. هەمان هەنگاو بنریت بۆ کەمکردنەوەی (نپریە) ی دائیرە و بارەگا حیزبیەکان، بە پەرلەمانیشەوە. ئەم مەسەلەیەی (نەپریە) بەو شێوازەی ئیستا هەیە، یەکێکە لە دواکەوتووترین دیاردە عەشایرییەکان لە سەر سەکۆی ئەو وڵاتەی دەیەوێت بەرەو تازەگاریی و مەدەنیەت هەنگاوبنێت.
٦ – چاوبخشێنریت بە سیستەم و چەندایەتی موچە و مەعاشی بەرپرسانی حیزبی و حکومەت و پەرلەمان، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەر دوو لا دەپچڕن، بە رادەیەک هەمووار بکریت تا لەگەڵ ئاستی مەعیشەتی گشتی خەڵکی کوردستان شێوە گونجانیکی هەبیت.
لە کۆتاییدا، بوار بە خۆم دەدەم کە بە ئێوەی دەسەڵاتداران بڵێم: ئێوە ئەگەر دەتانەوێت تووشی کارەساتەکەی حیزبی لێیبەری بریتانی نەبن، با لە ئێستاوە بەپەلە بڕیاری شۆڕشگێرانە بدەن و هەنگاوی جێبەجێکردنی شۆڕشگێڕانەتر بهاون. بەڵام ئەگەر گوێ نەدەن و ئەم بۆچوونانە بە بادی هەوا بزانن، ئایا ئامادەن لە ئێستاوە کارەساتەکەی ئایندە وێنابکەن؟