هه‌ڵبژاردن و لیستی گۆڕان
 ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چی‌ ده‌گۆڕێت؟




Tuesday, June 23, 2009
 

راپۆرت: ئیبراهیم عه‌لی‌ - ئارام شێخ وه‌سانی‌

هه‌ڵبژاردن، هه‌رێم دابه‌شی‌ دو به‌ره‌ ده‌كات
چاودێرانی‌ سیاسی‌ پێیانوایه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵ‌ هه‌رێم دابه‌شی‌ دو به‌ره‌ی‌ جیاواز ده‌كات، به‌ره‌ی‌ یه‌كه‌میان ئه‌و به‌ره‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌زمونی‌ (18) ساڵی‌ حوكمڕانیی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌م به‌ره‌یه‌ش  لیستی‌ كوردستانی‌‌و لیسته‌ سێبه‌ره‌كانی‌ دیكه‌یان نوێنه‌رایه‌تیی‌ ده‌كه‌ن، به‌ره‌ی‌ دوه‌میان كار بۆ گۆڕانی‌ سیستمی‌ كاركردن‌و  كۆتاییهێنان به‌ ئه‌زمونی‌ هه‌ژده‌ ساڵی‌ رابردو ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌شیان چه‌ند لیستێكی‌ جیاواز نوێنه‌رایه‌تیی‌ ده‌كه‌ن‌و به‌هێزترین لیستیش كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌جێبهێنن، لیستی‌ گۆڕان‌و لیستی‌ چوار حیزبه‌كه‌یه‌، چاوه‌ڕێ‌ ده‌كرێت ململانێی‌ ئه‌م دو به‌ره‌ جیاوازه‌ ململانێیه‌كی‌ سه‌خت به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت‌و گۆڕانی‌ گه‌وره‌ له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمدا بهێنێته‌ ئاراوه‌.

تاڤگه‌ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ ئێستا هه‌رێم به‌ره‌و دو ئاراسته‌ ده‌ڕوات "سه‌باره‌ت به‌ ئه‌مڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ هه‌ڵبژاردنمان له‌پێشه‌، هه‌مو لیسته‌ به‌شداره‌كان مافی‌ خۆیانه‌ بانگه‌شه‌ بۆ خۆیان بكه‌ن، دیاره‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌ ئێستادا دو لایه‌نه‌، لایه‌نێك كه‌ هه‌ژده‌ ساڵی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان‌و لایه‌نێكیش  به‌رامبه‌ره‌كه‌یه‌تی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و ئه‌زمونه‌ بگۆڕێت، لایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ بخاته‌ڕو كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا تائێستا پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵك كراوه‌، لایه‌نه‌كی‌ دیكه‌ ده‌یه‌وێت وێڕای‌ نكۆڵی‌ نه‌كردن له‌ هه‌ندێك گۆڕان‌و پێشكه‌وتن به‌ به‌راورد به‌ كاتی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عس، به‌ڵام له‌ئاست ئه‌و داهات‌و پلان‌و به‌رنامه‌یه‌ نه‌بوه‌ كه‌ چاوه‌ڕێ‌ ده‌كرا، بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات له‌ رێگایه‌كی‌ ئاشتیانه‌وه‌ چاكسازیی‌‌و گۆڕانی‌ تێدا بكرێت، بۆ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ش ته‌نیا سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان پێوه‌رن، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئێستا بانگه‌شه‌ی‌ یه‌كسانی‌ دابه‌شكردنی‌ بودجه‌ ده‌كرێت كه‌ ته‌واو نزیكبوینه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌ له‌كاتێدایه‌ ده‌بو زۆر زوتر كار له‌سه‌ر دابه‌شكردن‌و سه‌رفكردنی‌ بودجه‌ بكرایه‌".

گۆڕان له‌ شێوازی‌ ته‌وافوقی‌ سیاسی‌
چاوه‌ڕێ‌ ده‌كرێت یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ هه‌رێم بریتی‌ بێت له‌ گۆڕانی‌ شێوازی‌ ته‌وافوقی‌ سیاسیی‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ له‌ رابردودا به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ته‌وافوق له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م حیزبه‌ هه‌بوه‌، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین ته‌وافوقه‌كانی‌ رابردو جۆرێك له‌ نابه‌رامبه‌ری‌ تێدا بوه‌ به‌وپێیه‌ی‌ جیاوازیی‌ گه‌وره‌ له‌نێوان قه‌باره‌ی‌ ئه‌م هێزانه‌دا هه‌بوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شداریان پێنه‌كراوه‌ له‌ پرسه‌ گرنگه‌كانی‌ هه‌رێمدا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌هۆی‌ نزیكی‌ قه‌باره‌ی‌ هێزو لیسته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌دا، پێده‌چێت ته‌وافوقی‌ سیاسی‌ گۆڕانی‌ به‌سه‌ردا بێت.

تاڤگه‌ محه‌مه‌د باس له‌و پێشبینییه‌ ده‌كات كه‌ به‌ هه‌بونی‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ راسته‌قینه‌، په‌رله‌مانی‌ داهاتو زۆر كاراتر ده‌بێت "به‌ هه‌بونی‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ حه‌قیقی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتودا كه‌ ئێستا دروشمیان چاكسازیی‌ خزمه‌تگوزاریی‌‌و گۆڕانه‌، ده‌توانن له‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتودا فشار دروستبكه‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش حكومه‌ت له‌ خه‌می‌ هاوڵاتییاندا بێت، بۆیه‌ هیواخوازم خه‌ڵك له‌كاتی‌ ده‌نگداندا هه‌ست به‌وه‌بكات كه‌ ئایا ته‌نیا لایه‌نێك له‌ په‌رله‌مان ده‌توانێت خزمه‌ت بكات یا به‌ به‌شداریی‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان‌و ده‌نگی‌ جۆراوجۆر".


گۆڕانی‌ ئاشكرابونی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن
بابه‌تی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌مڕۆی‌ هه‌رێم ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌، ده‌بینین ئه‌مجاره‌ به‌ر له‌ چه‌ند مانگێك بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن، بابه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن بوه‌ته‌ بابه‌تی‌ گفتوگۆی‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ هه‌رێم، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی‌ گرنگی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو به‌شداریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا بكات.

كاریگه‌رنه‌بونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردوی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر تاكی‌ كوردی‌، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتبو كه‌ له‌ هه‌رێمدا به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن لای‌ خه‌ڵك رۆشن بو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان گۆڕانێكی‌ ریشه‌یی‌ هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ ئه‌ویش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ لیسته‌ جیاوازه‌كان روبه‌ڕوی‌ دابه‌شكردنی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌بنه‌وه‌، چاوه‌ڕێ‌ ده‌كرێت به‌شێك له‌ پلانه‌كانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ كورسییه‌ په‌رله‌مانییه‌كان، گۆڕانی‌ به‌سه‌ردابێت.

ئه‌گه‌ره‌كانی‌ ساخته‌كاریی‌
ئه‌گه‌ری‌ ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كاریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، یه‌كێكه‌ له‌ ترسه‌ گه‌وره‌كانی‌ لیسته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بتوانرێت گۆڕان له‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردندا بێته‌ ئاراوه‌، تائێستاش هیچ زه‌مانێك نه‌دراوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌زمونه‌ پڕ ساخته‌كارییه‌كانی‌ رابردو له‌ هه‌رێم دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی‌ له‌به‌ر زۆریی‌ ساخته‌كاریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردوی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا، سێ‌ شاره‌كه‌ی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ خرانه‌ لیستی‌ ره‌شه‌وه‌، كۆمسیۆنیش به‌وپێیه‌ی‌ كادیره‌ باڵاكانی‌ ئه‌ندامانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتین، به‌ڵێنێكی‌ دڵنیاكه‌ره‌وه‌یان لانییه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ رێگا بگیرێت له‌ ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كاریی‌.

فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌، سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق، رایگه‌یاند كه‌ میكانیزمه‌كانی‌ ئه‌وان رێگانادات كه‌ ساخته‌كاریی‌ بكرێت له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، حه‌یده‌ری‌ ئه‌وه‌شی‌ وت: "له‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌دان چاودێری‌ كیانه‌ سیاسییه‌كان‌و راگه‌یاندنكاران‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ چاودێریی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش ده‌توانن له‌ پێشێلكارییه‌كان ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌".

سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو كه‌ ئه‌وان گومانیان له‌ هه‌ر سندوقێك هه‌بێت، ده‌توانن ئه‌و سندوقه‌ به‌تاڵبكه‌نه‌وه‌‌و ده‌نگه‌كانی‌ حساب نه‌كرێت ئه‌گه‌ر گومانی‌ ساخته‌كاریی‌ تێدابێت، هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد كه‌ ئه‌مجاره‌ ده‌نگده‌ر ناتوانێت له‌ دو شوێنی‌ جیاواز ده‌نگ بدات‌و ده‌نگده‌ر ته‌نیا له‌یه‌ك بنكه‌ی‌ ده‌نگداندا ناوی‌ هه‌یه‌، ته‌نیا ده‌توانێت له‌و بنكه‌یه‌ ده‌نگ بدات.

فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌ ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ كادیره‌كانی‌ كۆمسیۆن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ حیزبیی‌ دیاریكرابن، وتی‌: "ئێمه‌ وه‌كو خه‌ڵكێكی‌ سه‌ربه‌خۆ ئه‌ركه‌كانمان راده‌په‌ڕێنین"، به‌ڵام هۆگر چه‌تۆ، به‌رپرسی‌ رێكخراوی‌ تۆری‌ شه‌مس بۆ چاودێریی‌ هه‌ڵبژاردن، له‌ دیداری‌ پێشوتری‌ رۆژنامه‌دا باس له‌و گومان‌و رێگایانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بنه‌ هۆكار بۆ ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كاریی‌‌و رێگریی‌ له‌ ساخته‌كاریی‌، هۆگر ده‌ڵێت: "گه‌ره‌نتی‌ بۆئه‌وه‌ی‌ یاریی‌ به‌ سندوقه‌كان نه‌كرێت، بونی‌ چاودێری‌ لایه‌نه‌كانه‌، ئه‌و چاودێرانه‌ ده‌توانن له‌گه‌ڵ‌ سندوقه‌كاندابن تا سندوقه‌كان ته‌سلیم به‌ كۆمسیۆن ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ كۆمسیۆن بكه‌ین، ده‌بینین هه‌مو یه‌كله‌دواییه‌ك رێگرن له‌و ساخته‌كاریانه‌، ئایا ده‌كرێت له‌كوێ‌ ساخته‌كاریی‌ بكرێت؟ پێشتر له‌ 2005دا بنكه‌ی‌ فه‌رعی‌ هه‌بو، دواتر ده‌چوه‌ پارێزگا، ئێستا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌، بنكه‌ راسته‌وخۆ ده‌چێته‌ پارێزگاو ده‌چێته‌ ناو داتابه‌یس، شتێكی‌ دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مو حیزبێك‌و لایه‌نێك ده‌توانێت تۆماری‌ ده‌نگده‌ران وه‌ربگرێت، بۆئه‌وه‌ی‌ بزانیت چه‌ند ده‌نگده‌ر له‌كوێ‌ هه‌یه‌، له‌كوێ‌ كه‌مه‌‌و له‌ كوێ‌ زۆره‌، بۆ نمونه‌ له‌ سنوری‌ هه‌مو سۆراندا (180) هه‌زار ده‌نگده‌ر هه‌یه‌، ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر له‌ سۆران (250) هه‌زار ده‌نگ هاتبو، مانای‌ وایه‌ یاریی‌ به‌ ئه‌نجامه‌كان كراوه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ كه‌ دانراون، رێوشوێنی‌ كۆنكرێتین بۆ رێگرتن له‌ كاری‌ ساخته‌كاریی‌، لێره‌ ئه‌و رێویشوێنه‌ رێگره‌ له‌و ساخته‌كارییه‌، له‌ هه‌موشی‌ گرنگتر ئاستی‌ هۆشیاریی‌ تاكه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ رێگانه‌درێت یاریی‌ به‌ ده‌نگی‌ بكرێت، ده‌بێت زۆر هانی‌ هاوڵاتییان بده‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ بچن ده‌نگبده‌ن".

 ده‌نگدانی‌ پێشمه‌رگه‌ دو رۆژ زوتر
ده‌زگاكانی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم تائێستا یه‌كیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌و ئاسایشی‌ سلێمانی‌، یه‌كێتی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كات‌و ئاسایشی‌ هه‌ولێریش له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌ربرێت، له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هیچ یاسایه‌ك په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌م دو ده‌زگایه‌ وه‌ك دو ئۆرگانی‌ حكومی‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، بۆیه‌ ئه‌م دو ئۆرگانه‌ زیاتر وه‌ك دو ئۆرگانی‌ حیزبی‌ ده‌رده‌كه‌ون‌و له‌كاتی‌ پێویستیشدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ئه‌م دو حیزبه‌ كارده‌كه‌ن، بۆیه‌ ترسی‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ له‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌زگاكانی‌ ئاسایش رۆڵێكی‌ نێگه‌تیڤ ببینن له‌كاتی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ بنكه‌كانی‌ ده‌نگداندا، جگه‌ له‌وه‌ش هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ (48) كاتژمێر به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌وان ده‌نگی خۆیان ده‌ده‌ن‌و چاودێریی توندیشیان له‌سه‌ره‌، كه‌ به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌وان موچه‌خۆری‌ پارتی‌‌و یه‌كێتین، كه‌واته‌ ده‌بێت ده‌نگه‌كانیشیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ئه‌وان بێت، مه‌ترسیی‌ گه‌وره‌ش له‌وه‌یه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنیشدا بێنه‌وه‌و به‌شداریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن‌و دوجار ده‌نگ بده‌ن.

سه‌ردار عه‌بدولكه‌ریم، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌باره‌ی‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌وترێت ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ده‌نگده‌ر هه‌یه‌و زیاد له‌ پێویست ناو نوسراوه‌، وتی‌: "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ناوی‌ ده‌نگده‌ران هه‌ڵه‌ی‌ زمانه‌وانی‌ تێدابوه‌، بۆیه‌ ناوه‌كانمان بۆیان گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ چاكبكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوانه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكوپێك نه‌گه‌ڕانده‌وه‌، ئه‌وا رێگای‌ دیكه‌ ده‌گرینه‌به‌ر"، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگدانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و گومانی‌ هه‌بونی‌ ساخته‌كاریی‌‌و دوجار ده‌نگدان، هۆگر چه‌تۆ باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ كۆمسیۆن بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ كاری‌ كردوه‌‌و ناوی‌ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی‌ له‌ لیستی‌ گشتیی‌ ده‌نگده‌راندا هێناوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ "ئێستا ده‌نگوباسێكی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ هێزی‌ سه‌ربازییه‌، له‌ كوردستان به‌پێی‌ زانیارییه‌كان (400) هه‌زار ده‌نگده‌رن، باشه‌ ئه‌وانه‌ كه‌ ده‌نگده‌ده‌ن پێشتر هه‌ر هاوڵاتییه‌، واتا پێشتر وه‌ك هاوڵاتی‌ ناوی‌ تۆماركراوه‌، زۆر ئاساییه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ جلی‌ مه‌ده‌نی‌ بكه‌نه‌به‌رو بچن ده‌نگبده‌ن، واتا ده‌كاته‌ دوجار ده‌نگدان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ كۆمسیۆن رێگایه‌كی‌ تازه‌ په‌یڕه‌وده‌كات بۆ ئه‌و بابه‌ته‌، بۆ ئه‌مه‌ش تۆمارێكی‌ تایبه‌ت دروستكراوه‌ تایبه‌ت به‌و هێزه‌ سه‌ربازیانه‌، ئه‌و هێزانه‌ ناویان له‌ تۆماری‌ گشتیی‌ هاوڵاتییاندا ره‌شكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش شتێكی‌ گرنگه‌، چونكه‌ بۆ زانیاریتان له‌ عێراق له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردودا، ده‌نگده‌ری‌ سه‌ربازیی‌ كه‌ زۆر له‌ هه‌رێم زیاتره‌، 40%ی‌ ئه‌ژمار نه‌كرا، به‌هۆی‌ كه‌موكورتی‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا".

ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ كه‌ جێبه‌جێ‌ ناكرێن
وه‌ك به‌شێك له‌ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو به‌ڵێنی‌ جۆراوجۆر به‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێم ده‌ده‌ن كه‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م به‌ڵێنانه‌ له‌ئاستی‌ مه‌حاڵ‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، بۆ نمونه‌ به‌ڵێندان بۆ وه‌رگرتنی‌ ته‌واوی‌ ده‌رچوانی‌ ئاماده‌یی‌، ئه‌مه‌ش له‌ زانكۆكانی‌ كوردستان، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ئه‌مساڵ‌ زیاتر له‌ (67) هه‌زار قوتابی به‌شداریان له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ كۆتایی‌ ساڵدا كردوه‌و ساڵی‌ پار رێژه‌ی‌ نیو هێنده‌ بو، ئینجا ده‌ هه‌زار قوتابی‌ نه‌توانرا وه‌ربگیرێت، ئه‌مساڵ‌ رێژه‌كه‌ دو به‌رابه‌ره‌، چۆن ده‌توانرێت وه‌ربگیرێت، نابێت ئه‌وه‌شمان بیربچێت ئه‌م به‌ڵێنه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ گه‌نجانی‌ هه‌رێم حه‌ز له‌ گۆڕان ده‌كه‌ن‌و ده‌نگ به‌ لیسته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ كۆی‌ به‌ڵێنی‌ لیسته‌ به‌شداربوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ تۆری‌ شه‌مس وه‌ك یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ چاودێریی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات، چاودێریی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ش ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن لیسته‌كانه‌وه‌ به‌ هاوڵاتییان ده‌درێت‌و دواتر له‌ راپۆرتێكدا ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ "یه‌كێك له‌و هه‌نگاوه‌كانی‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌دا كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، چاودێریكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ پارته‌ سیاسییه‌كان ده‌یبه‌نه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا، به‌رنامه‌كانیان ده‌هێنین به‌راوردی‌ ده‌كه‌ین ئاخۆ تا چه‌ند ئه‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش راپۆرتی‌ تایبه‌ت ده‌رده‌كه‌ین كه‌ ئه‌نجامی‌ به‌ڵێنه‌كانه‌".

كاره‌كانی‌ حكومه‌ت له‌نێوان موزایه‌ده‌و ئه‌ركی‌ حكومه‌تدا
بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ كه‌موكوڕییه‌كانی‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ی‌ به‌ (18) ساڵ‌ بۆی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگ‌و هه‌فته‌‌و رۆژێكدا جێبه‌جێی بكات، بۆ ئه‌مه‌ش به‌ پاڵپشتی‌ میدیای‌ حیزبی‌ ریكلامێكی‌ گه‌وره‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌م پرۆژانه‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ئه‌م كارانه‌ ئه‌ركی‌ حكومه‌تن‌و ئه‌نجامنه‌دانی‌ ئه‌م كارانه‌ تائێستاو جێبه‌جێنه‌كردنی‌ پرۆژه‌كان‌و ته‌واوی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا دراون، جێگای‌ لێپێچینه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ بۆچی‌ له‌م ماوه‌ كه‌مه‌دا ده‌توانرێت پرۆژه‌كان جێبه‌جێبكرێن، به‌ڵام ماوه‌ی‌ (18) ساڵه‌ ئه‌م كارانه‌ ناكرێن، تاڤگه‌ محه‌مه‌د وه‌ك ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، پێیوایه‌ ئه‌و پرۆژه‌و كارانه‌ی‌ ئێستا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌و پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتییان ده‌كرێـت، خیانه‌تكردنه‌ له‌ داهاتی‌ میلله‌ت "دیاره‌ حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌بوه‌ كه‌ له‌ رابردودا خزمه‌تگوزاریی‌ پێشكه‌ش بكات، ئه‌ی‌ بۆ نه‌یكردوه‌؟ دیاره‌ ئه‌وه‌ خیانه‌تكردنه‌ له‌ داهاتی‌ میلله‌ت كه‌ له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ خه‌ڵك داوای‌ خزمه‌تگوزاریی‌ ده‌كات بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ نه‌ده‌كرا؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌ی‌ ئێستا ده‌كرێت له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردودا به‌ به‌رده‌وامی‌ بكرایه‌، هیچ شوێنێك نه‌ده‌ما خزمه‌تگوزاریی‌ پێنه‌گات، به‌داخه‌وه‌ له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كان  ئه‌وانه‌ی‌ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، پێشتر كاری‌ خۆیان كردوه‌ بۆ میلله‌ت ئینجا چاوه‌ڕێی‌ ئه‌نجام ده‌كه‌ن نه‌ك كاتی‌ هه‌ڵبژاردن".

 
     Print     Send this link     Add to favorites
 
ره‌وتی گۆڕان به‌ره‌و كوێ‌؟
رۆژمێری‌ هه‌ڵبژاردن
گۆڕان هاوکێشه‌یه‌کی نوێ
بیست وپێنجی حه‌وت
یوسف محه‌مه‌د: گۆڕان به‌ڕێوه‌یه‌، ئه‌گه‌ر نه‌گۆڕێین به‌جێده‌مێنین
به‌رپرسه‌ باڵاكان رچكه‌شكێنی خروقاته‌كانی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنن
گۆڕان بۆ؟
-2-
گۆڕان به‌ڕێوه‌ نیه‌، رویداوه‌
ئه‌وانه‌ی‌ رابوردومان لێزه‌وت ده‌كه‌ن خۆیان رابوردیان نییه‌
ئه‌ركی‌ له‌پێشینه‌ی‌ تاك له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا
په‌رله‌مانی میلله‌ت... یان په‌رله‌مانی حیزب و ...
درۆی پێش هه‌ڵبژاردن!
د.له‌تیف شێخ مسته‌فا: له‌روی یاساییه‌وه‌ نابێت ریفراندۆم له‌سه‌ر ده‌ستور له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكرێت
جه‌مسه‌رگه‌ری وگۆڕان ونیه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌ك
حیكمه‌ته‌كانی‌ گۆڕان
گۆڕان بۆ؟
-2-
پڕوپاگه‌نده ‌یان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن
تێپه‌ڕبوون به‌زۆنگاودا...
د.شه‌فیق قه‌زاز: باوه‌ڕم به‌ گۆڕان هه‌یه‌‌و ده‌بێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش بگۆڕێت
دروستكردنی‌ دیكتاتۆرێك بۆ كوردستان
نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ گوَڕاندا ده‌گوَڕێت...
نه‌وشیروان و وێنه‌! عه‌قڵ و سۆز و هه‌ڵبژاردن
96 ده‌نگ
گۆڕان بۆ كێیه‌‌و كێن ئه‌وانه‌ی‌ گۆڕان دروست ده‌كه‌ن؟
درۆمه‌که‌ن، درۆمه‌که‌ن..تا باوه‌ڕتان پێبکه‌ن
هه‌ر ده‌ستور مابوو بیحیزبێنن، ئه‌ویشیان کرد
بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و كه‌لتور
رێگای گۆڕان - گۆڕانی رێگا
له‌پێناوی كام گۆڕاندا ده‌نگده‌ده‌ین به‌لیستی گۆڕان؟
نامه‌یه‌کی کورت و کراوه‌ بۆ سه‌رانی کورد
گۆڕان...
له‌ مۆنۆپۆلی ده‌ستوره‌وه‌ بۆ مۆنۆپۆلی ده‌سه‌ڵات
ترسی دڵی شێرکۆ بێکه‌س و هه‌ڵبژاردن
پێشکه‌شه‌ به‌ فه‌رمانڕه‌وایانی هه‌رێم
به‌راورد
گه‌نجان هێزن.. یان په‌راوێزن؟!
تایبه‌نمه‌ندیه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌بێت چۆنبێت؟
ده‌رفه‌تی‌ گۆڕان
چه‌مکی هه‌ڵبژاردن
ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌ هه‌ق... ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌ خومی
ئایا خواستی گۆڕان و چاکسازی، دوژمنایه‌تی کردنی ده‌سه‌ڵاته‌؟!
په‌نده‌کانی هه‌ڵبژاردنی گشتیی سه‌رکۆماری ئێران
په‌رله‌مان ‌و ده‌ستوور
له‌ په‌راوێزی‌ مشتومڕی‌ ده‌ستووردا
پارتی‌‌و سیستمی‌ پاشایه‌تی‌، یه‌كێتی‌‌و ره‌فتاری‌ دۆڕاوانه‌
ئه‌نفلۆنزای هه‌ڵبژاردن له‌ کوردستاندا
جه‌ماوه‌ر ده‌نگ بۆ لیستێك ئه‌دات که‌ حکوومه‌تێك پێك بێنێ وه‌زیره‌کانی حیزبی نه‌بن
ده‌نگ به‌م مرۆڤه‌ بده‌ن
هه‌ڵبژاردن و فرتوفێڵه‌كان..
نه‌وشیروان مسته‌فا: یه‌ك ریزی‌ ناو ماڵی‌ كورد به‌ كێبڕكێی‌ دیموكراتی‌ ده‌بێت
ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندان له‌ پرۆسه‌ی‌ گۆڕاندا
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چی‌ ده‌گۆڕێت؟
ده‌نگتان ویژدانتانه‌ مه‌یفرۆشن
گۆڕان له‌ پارادۆکسه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا‌
کوا سیاسه‌ت و حیزبی چه‌پکه‌ گوڵه‌که؟
ستراتیژی لیستی گۆڕان چۆن ده‌ست پێبکا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ناكۆكییه‌كانم له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ گه‌یشتۆته‌ خاڵی‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوشدا به‌ لیستی‌ جیاواز داده‌به‌زین
ده‌نگ بۆ كام ده‌ستووره‌یان بده‌ین؟
ئاماژه‌كانی‌ قبوڵكردنی‌ ده‌ستوور
بۆچی هه‌موو خه‌ڵک ده‌ڵێن گۆڕان
هه‌ڵبژاردن و ئه‌گه‌ره‌كانی‌ ساخته‌كردن
وانەیەک بۆ ئایندەی حیزبەکانی ئێمە
ئێره‌ كوردستانه‌...
بۆچی‌ پێویستمان به‌چاكسازییه‌ ؟
به‌دبه‌ختیه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن
په‌یام و به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕان
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێستا ئه‌وله‌ویه‌ت‌ بۆ گۆڕانه‌
شه‌ماڵ‌ عه‌بدولوه‌فا: له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو خه‌ڵك وازمان له‌هه‌مو پله‌و پایه‌یه‌‌ك هێنا
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێستا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ چاكسازییه‌
بابه‌كر دڕه‌یی‌: كاندیده‌كانی‌ لیستی‌ گۆڕان بۆ بارودۆخی‌ ئێستای‌ كوردستان زۆر باشن
حیزب پرۆژه‌كانی‌ حكومه‌ت به‌ چالاكیی خۆی ده‌ناسێنێت
پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ پرۆژه‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم وه‌ك پڕوپاگه‌نده‌ به‌كارده‌هێنن

Sbeiy.com © 2007-2011 All rights reserved    
ئه‌مه‌ریكا: له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌نده‌ی‌ راسته‌وخۆمان هه‌یه‌ مامۆستایانی هاوبه‌ش ستایشی سه‌رجه‌م مامۆستایانی‌ كوردستان ده‌كات به‌غدا؛ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمبه‌وه، 70 كه‌س بون به‌ قوربانی‌ به‌هۆی‌ كوشتنی‌ خوشكه‌زاكه‌یه‌وه‌، میرێكی كوه‌یتی‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێت چوارقوڕنه‌؛ كارمه‌ندانی به‌شی سیانه‌ی كاره‌با مانیانگرت بۆ وه‌رگرتنی خوێندكارانی هه‌رێم، نوێنه‌ری‌ 22 زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێرن سوریا؛ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 14 كه‌س كوژراون هه‌ولێر؛ چه‌ندین كه‌س ناویان له‌ناو ليستى (دامه‌زراوان) و (دانه‌مه‌زراوان)دا نه‌هاتوه‌ته‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانی‌ لیبیا: قه‌زافی له‌ شاری‌ سیرته‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: حكومه‌تی‌ توركیا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ كورد وه‌ستاندوه‌ هۆشیار زێباری‌: بونی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق ناشه‌رعیه‌و جێگه‌ی‌ قبوڵكردن نیه‌ 5 هه‌زار یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ شاره‌كاندا بۆ هێزه‌كانی ناوخۆ دروستده‌كرێت ئه‌ڵمانیا؛ تارا جاف و داریوشی‌ ئیقبالی‌ كۆنسێرتێك كۆیان ده‌كاته‌وه‌ سلێمانی؛ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام بانگهێشتی دادگا کراو به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌خسی ئازاد کرا شانۆگه‌ری‌ گێژه‌ن نمایش ده‌كرێ