نه‌ژاد جه‌لال
هه‌رچۆن هه‌رێمێك كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌مو مه‌رامێكی بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته شه‌خسییه‌كانی خۆیه‌تی، هه‌مو پلانێكیشی بۆ پیرۆزكردنی كه‌س و حیزبه، هه‌وڵه‌كانیشی سه‌راپا بۆ گێلكردنی عه‌قڵه‌كانه، ئاواش هێزی گۆڕان ده‌بێت بێته كایه‌وه بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و هێڵه ره‌شانه‌ی كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له مێژوی گه‌له‌كه‌ماندا تۆماری كه‌ن.
زۆریاندا له‌و به‌ڵێنانه‌ی كه خه‌ڵك چاوه‌ڕێیه‌تی، به‌ڵام ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌وان سه‌لماندی كه تاكه ئامانجیان مانه‌وه‌ی خۆیانه له‌سه‌ر كورسیه‌كان، ئه‌مه‌ش بیركردنه‌وه‌ی سیستمه شمولییهكانه، ئه‌وان خه‌ڵك به مێگه‌لێكی كاسكراو ئه‌بینن، له خه‌یاڵێكدا بون كه هیچ هێزێك نییه له‌سه‌ر و خۆیانه‌وه، به‌ڵام جاڕی گۆڕان كاسی كردن، گۆڕان پێیوتن كه گه‌ل كۆیله ناكرێت، چونكه دنیا و بیری ئه‌مڕۆ قبوڵی سته‌م و چه‌واشه‌كاری ناكات، له ئه‌مڕۆدا گه‌ل حوكمڕانه و ناكرێته مێگه‌ل.
له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌وه تا ئێستا كه كاتی بانگه‌شه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی كوردی كۆمه‌ڵێك كرده‌وه‌ی نواندوه، هه‌رچۆن شه‌رمه، ئاواش بڕوانهبونی ئه‌وان به دیموكراسی ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی كه له فه‌رمانده‌ییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كردویانه، ئه‌و هه‌ڕه‌شه و ترساندنانهی به‌رامبه‌ر ئه‌وان كردوتانه، خۆی له‌خۆیدا نه‌بونی مۆڕاڵ ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له هه‌ندێك داوده‌زگای سهربهحكومهتدا هه‌مان كرده‌ی نهشیاوكراوه، جگه له‌وه‌ش كه بودجه‌ی حكومه‌ت بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كاردێنن، ....هتد، پێویستی گۆڕان ئالوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه كه‌سانێك حكومڕانن باوه‌ڕیان به دۆڕان و ده‌ساوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات نییه.
ئێوه كه بڕواتا وایه ده‌بێت له كورسیه‌وه بخرێنه ناو تابوت، ئێمه‌ش كه بڕوامان وایه ده‌بێت ئێوه بێعاجزی ماڵئاوای بكه‌ن له‌و كورسییه‌ی كه به‌میراتی ده‌زانن، چونكه گه‌وره‌ترین هه‌لتان پێدرا سه‌ركه‌وتو نه‌بون، له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژویدان، لێگه‌ڕێن با گه‌ل بڕیار له باشی و خراپی هه‌ردولا بدات، دڵنیابن له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش به ئامرازه ناشهرعییهكانتان بتانه‌وێت سه‌ركه‌وتنی ره‌ش تۆمار بكه‌ن، سبه‌ی گۆڕان روئه‌دات، ئه‌گه‌ر هه‌ر سوربن له‌سه‌ر رێگری گۆڕان، ئه‌وا هیزی گه‌ل خه‌فه ناكرێت، هه‌رگیز ئێوه‌ش له تاغوته‌كان گه‌وره‌تر نین.
پێده‌چێت ئێوه بڕیارتان دابێت هه‌رگیز گوێ بۆ زمانه راستگۆكان نه‌گرن، ئه‌گه‌رنا چه‌ند ساڵه رۆشنبیر‌و نوسه‌رانی ئه‌م هه‌رێمه پڕ به‌ده‌م هاوار ئه‌كه‌ن ههڵهتانكرد، وامه‌كه‌ن، واناكرێت، ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن له‌زیانی هه‌مومانه... هتد، به‌ڵام ئێوه هه‌ر له‌بیری ڵاڵكردنی زمانه حه‌ق بێژه‌كان بون، ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆژانه‌ی ئه‌سپی ئاره‌زو میزاجتان لێتاودابو، گوێتان بۆ راستییه‌كان بگرتایه، بڕوابكه‌ن ئێستا له شه‌قامه‌كاندا گوڵبارن ده‌كران، نه‌ك ...، ئالێره‌وه گۆڕان بوه خواستی مافخوراوه‌كان.
ئه‌وه‌ی بۆ هه‌مو لایه‌ك نیگه‌رانییه نادیاری داهات و خه‌رجییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌یه، ئه‌وه‌یه كه ده‌بوایه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم شه‌رمنده بونایه له روی خه‌ڵكدا، به‌ڵام ئه‌وان زۆر سه‌ربه‌رزانه به‌رگری له‌خۆیان ده‌كه‌ن، هاوكات چه‌ندین بوكهڵهش نمایشی ره‌وایه‌تی ده‌ده‌ن به‌و داهاته‌ی كه له میلله‌ت ده‌شاردرێته‌وه.
حكومه‌تی هه‌رێم ساڵانه 17%ی بودجه‌ی عێراقی پێده‌درێت، ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵك ده‌یزانێت ته‌نها ئه‌مه‌یه، ئیتر چی داهاتی ناوخۆ و گومرگ و نه‌وتی فرۆشراو به قاچاغه و...هتد كه‌س نازانێت چه‌نده‌یه و چۆن دێت و چۆن ون ده‌كرێت؟!.
ساڵانێكه خاوهنشكۆكان ده‌ڵێن: ئێمه 75%ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی وه‌ریده‌گرین وه‌ك موچه ده‌یده‌ین به فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام به‌وته‌ی به‌رپرسێكی یه‌كێتی له به‌غدا ئه‌وه موبالهغیه 33%ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له به‌غداوه دێت، وه‌ك موچه ده‌درێت به فه‌رمانبه‌رانی حكومی، خوَی وته‌ی به‌ڵام "ناوێرم ئه‌و راستییه ئاشكراكه‌م"، نازانین چ حیكمه‌تێك هه‌یه له شاردنه‌وه و پێچ و پهناكردن به داهات و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم، جگه له تاڵانكردن و بردنی بۆ خۆتان.
لیستی گۆڕان ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ئه‌ستۆ گرتوه ئه‌و په‌رده ره‌شانه لابدات كه داوتانه به‌سه‌ر دارایی و داهاتدا، ئێوه تائێستا ئاماده‌نین حیسابی خیتامی ساڵانه به‌رنه په‌رله‌مان، په‌رله‌مانیش ساڵانه به‌زوی و په‌له‌په‌ل بودجهكهتان بۆ په‌سه‌ند ده‌كات، ئه‌مه گه‌وره‌ترین تاوانه كه په‌رله‌مانتاران به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ده‌كه‌ن، چونكه به‌م چه‌ند ساڵه سه‌لماندیان كه ئه‌وان په‌رله‌مانتاری حیزبن و نوێنه‌ری خه‌ڵك نین، سه‌لماندیان ئه‌وان بۆ شه‌رعیه‌تدان به كرده ناشه‌رعییه‌كانی دو حیزبی باڵا ده‌ست چونه‌ته ناو بینای په‌رله‌مان، نه‌ك بۆ گه‌یاندنی ئازار و داواكانی خه‌ڵك.
ئێوه‌یه‌ك كه سوربن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دو وه‌زاره‌تی دارایی یه‌ك نه‌گرێته‌وه، ئاماده نه‌بن به ژماره داهات و خه‌رجییه‌كان به خه‌ڵك بڵێن، هه‌میشه له هه‌ڵپه‌كردنی بلۆكردنی پارهدابن له بانكه‌كانی ده‌ره‌وه، ئه‌جندای سهركیتان ئه‌وه بێت كه خۆتان هه‌م سیاسی و هه‌م بازرگان بن، كۆمپانیاكانتان ده‌ستبخه‌نه بینه‌قاقای بازاڕه‌وه، له هه‌مو پڕۆژه و كرده‌یه‌ی بازرگانیدا پشكتان هه‌بێت، ...هتد، بێگومان له‌به‌رامبه‌ریشدا خه‌ڵك گۆڕانی ده‌وێت.
بفامن بیرێك له رابردوی خۆتان بكه‌نه‌وه، خواپیاوهكان، بزانن چیتان ده‌رهه‌ق به‌و گه‌له كرد كه ساڵانێكی زۆر بۆ كورسییه‌كه‌ی ژێر ئێوه خوێن و ئاره‌قی رشت، دڵنیام ئه‌گه‌ر ویژدانتان بجوڵێنن پێكی ژه‌هری په‌شیمانی ده‌نۆشن، به‌ڵام كاتێك په‌شیمان نابن، خواستی گۆڕانتان سه‌رهه‌ڵده‌دات.
كردایه‌تی كورد، له یارینهزانێك ده‌چێت له‌ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تائێستا بۆمان رون نه‌بۆته‌وه كه ده‌یانه‌وێت هه‌رێم به‌ره‌و چی هه‌ڵدێرێك به‌رن، له به‌غداش مه‌گه‌ر به‌س خۆیان بزانن له‌چی ئاوازێك ده‌خوێنن.
له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقه‌وه، له‌و كاته‌دا كه كورد گه‌وره‌ترین هێز بو له عێراقدا، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی په‌له‌بكه‌ن له چه‌سپاندنی مافه‌كانی كورد و پێداگربن، به به‌رده‌وامی سازش له‌دوای سازش ده‌كرا، هه‌مو ئه‌مانه‌ش له‌پێناو چه‌ند كورسییه‌كی بێدهستدا بو.
ئه‌وان كه خۆیان كرێكاری بنیادنه‌ری عێراقێكی به‌هێزبون، ئێستاش نیوه‌یان له‌وێ به كورسییهكانهوه نوساون، له به‌غدا زوزو له میدیاكانه‌وه سۆزی خۆیان بۆ ئیمام عه‌مامه و عێراق ده‌رده‌بڕن، كه‌چی له هه‌رێمیشه‌وه به به‌رده‌وامی پرته‌و بۆڵه دێت، ده‌ڵێن وا سه‌رده‌می به‌عس ده‌گه‌ڕێته‌وه و مالیكی سه‌دامی دوه‌مه و ...هتد، ئه‌مه چ ئیستواجیهتێكه، لایه‌كی پۆسته‌كانی به‌غدا به ئێوه‌یه، كه‌واته ترسمان له‌چی هه‌بێت؟، یان ده‌تانه‌وێت گه‌وجاندنی گه‌ل پێڕۆ بكه‌ن، پێمان ناڵێن ئێوه چ كاره‌ن له به‌غدا؟ خۆ ئه‌گه‌ر سوپای عێراق هه‌رێم داگیر بكات، ده‌بێت سه‌رك كۆمار بروسكه‌ی ده‌ستخۆشی بۆ سوپا بنێرێت، كه كورده، ره‌نگه جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیش بێت سه‌ردانی هه‌رێمی داگیركراو بكات، كه ئه‌ویش كورده، ئالێره‌وه خه‌ڵك متمانه‌ی به چه‌واشه‌كاری نامێنێت.
ساڵانێكه نوێنه‌رانمان له به‌غدا تاكه شه‌ڕیان شه‌ڕی پاره و 17% بوه، لایه‌نی عه‌ره‌بی عێراقیش زۆر ژیرانه رایكێشاونهته ئه‌و شه‌ڕه‌وه، هه‌مو مههامهكان و خواسته‌كانی كوردیان پێكردون به 17%، چش له كه‌ركوك و خانه‌قین و شه‌نگار و 140، ئه‌مه گه‌وره‌ترین شكست بو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م قۆناغه‌دا سه‌ركردایه‌تی كوردیان كرد، له ده‌ستوردا زۆر ماف بۆ كورد سه‌لمێنراوه، به‌ڵام بۆ ده‌سكه‌وته كه‌سییه‌كان و مانه‌وه له‌سه‌ر كورسییه بێدهستهكان، هه‌موی فه‌رامۆش كرا، ئالێره‌وه خواستی گۆڕانتان گه‌شه‌ی كرد.
لیستی گۆڕان كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه جارێكی تر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا پیاداچونه‌وه‌ی بۆ بكرێت، چونكه لاوازی ئه‌دای سیاسی كورد له به‌غدا خه‌ریكه سیستمی فیدڕاڵی ده‌نێژێت، بۆیه هێزی گۆڕان هێزێك ده‌بێت بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140 و فیدڕاڵی و مافه ده‌ستورییه‌كانی كورد.
ئێوه كه شه‌ش ساڵه له ناوه‌ند نوێنه‌رایه‌تیمان ده‌كه‌ن، هه‌ژده ساڵه ریش سپی ئێمه‌ن، سه‌رئه‌نجام شكستتان هێناوه، نه‌تانتوانیوه نێوێنهرێكی ئازا و سه‌ركه‌وتوبن و شه‌ڕی مافه‌كانمان بكه‌ن، پێویست به نیگه‌رانی ناكات، حه‌ق حه‌قی میلله‌ته بتانگۆڕێن.