ئاسۆ عه‌لی
كوردستان به واتایه‌كی فراوان كه پێناسه‌بێت بۆ گهلو خاك‌و بزوتنه‌وه‌كه‌ی، له‌مێژه كهناركهوتوی مێژوی مرۆڤایهتیو هه‌رێمه نێودهوڵهتییهكهیهتی. له هه‌ر وه‌رچه‌رخانێكی جیهانیو هه‌لێكی ره‌خساوی مێژوشدا، سه‌رباری كاریگه‌رییه بونیادییهكانو له دهرئهنجامیشیاندا به‌هۆی نه‌هاتنه ئارای رێبهرایهتییهكی رونبینی دوربینه‌وه، ئه‌م قه‌واره دانپێدانه‌نراوه له دۆخێكی هه‌ڵواسراوی نیگه‌ران بۆ خۆی‌و نیگه‌رانكه‌ر بۆ ده‌وروبه‌رو ژینگه‌كه‌یدا ماوه‌ته‌وه. له‌دوا گۆڕانكارییه گه‌وره‌و ریشه‌ییه‌كانی جیهانو په‌ره‌سه‌ندن‌و به‌رجه‌سته‌بونی جیهانگیریشدا، جارێكی دیكه زه‌مینه‌ی رزگاربون له‌و كهناركهوتنه هاتوه‌ته‌وه ئارا، هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه دیسان هێنده‌ی گه‌وره‌یی گۆڕانكارییه‌كان لێیان به‌هره‌مه‌ند نه‌بوین، به‌ڵام له ده‌رئه‌نجامی كاریگه‌ربون به شه‌پۆله‌كانی جیهانگیریی له روی گهیاندنو كرانهوهوه، گۆڕانێكی گه‌وره له روی سیاسی‌و كلتوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هاتوه‌ته‌دی، كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌شه‌ی سروشتی هه‌لومه‌رجی ناوخۆیی كوردستان نییه‌و زۆر ده‌رهاویشته‌ی ئهرێنیو نه‌رێنی لێكه‌وتوه‌ته‌وه، به‌ڵام داڕشتنه‌وه‌یه‌كی نوێی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی له بواره‌كانی ئابوریی‌و سیاسی‌و كارگێڕی به‌گشت ره‌هه‌نده‌كاندا كردوه‌ته پێویستی قۆناغه‌كه. له‌و باره‌یه‌وه سه‌ره‌ڕای لهبهردهستبونی دهرفهتو موسته‌لزه‌ماتی راستكردنهوهو گه‌شه‌پێدانی ئابورییه‌كی هاوتا به‌و گۆڕانه كلتورییو كۆمه‌ڵایه‌تیانه، كه‌چی تائێستا جگه له ئابورییه‌كی به‌كاربه‌رانه‌ی چاوله‌ده‌ستی داهاتی نه‌وت، هیچ بنه‌مایه‌كی ئابوریمان بهدینههێناوهو باری كۆمه‌ڵایه‌تیشمان له‌ده‌ستی قه‌ده‌ردایه، له رویه‌كی دیكه‌وه كه ئه‌مه‌یان جێگا باسی ئێمه‌یه، سیسته‌مێكی فه‌رمانڕه‌وایی هاوتا به ئاستی گه‌شه‌كردنی سیاسی‌و هۆشیاریی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان‌مان نییه، هێشتا ژیانی سیاسی به سیستمێكی سیاسی‌و حیزبی تهقلیدیو ناجۆرو ناهاوتاو به‌سه‌رچو به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
به بڕوای من بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له روی بابه‌تییه‌وه كاردانه‌وه‌و وه‌ڵام بو به‌و ناهاوسه‌نگییه، نه‌ك وه‌ك نه‌یارانی بزوتنه‌وه‌كه‌و هه‌ندێك له لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌كه‌ش له نائاگاییه‌وه بۆ ئاستی كاردانه‌وه‌ی ململانێ حیزبییهكانی بچوكده‌كه‌نه‌وه.
وه‌ڵامێك به رابردو، پرۆژه‌و هه‌نگاوی به‌كرده‌وه بۆ داهاتو
هاوشانی پێویستی‌و هیوا به گۆڕان‌و گۆڕانكاریی، ئاخۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له كوێی وه‌ڵامدانه‌وه به خواست‌و پێویستی بابه‌تی ئه‌و گه‌شه‌پێدانه سیاسی‌و كلتوری‌و رێكخراوهییدایه؟ ئایا هه‌ردو سه‌ركه‌وتنه رێژهییهكهی هه‌ڵبژاردنه‌كانی (25/7و7/3)ی په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی په‌یامی گۆڕان بون؟ یان سه‌ره‌تای كاركردن به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا؟
ئاخۆ ئه‌و ئه‌نجامانه له روی چه‌ندایه‌تی‌و چۆنایه‌تییه‌وه، سه‌قفی مومكینی به‌دیهێنان بون، یان ده‌توانرا به‌رزو باڵاتربن؟ ئایا هه‌مان میكانیزم‌و شێوازی كاركردن‌و كه‌ره‌سته ده‌توانن بۆ خوله‌كانی دیكه‌ی كێبه‌ركێ‌و ململانێی به‌سودو سه‌ركه‌وتو بن؟
ئایا ته‌نیا هاتنه ئارای هێزێكی دیكه‌ی سێیه‌م له‌نێوان یهكێتیو پارتیدا، كلیلی چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌و كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌كانی دۆخی سیاسی‌و كارگێڕیی‌و سه‌ربازیی كوردستانه؟ ته‌نیا ئه‌و فاكته‌ره به‌سه بۆ هێنانه ئارای سیستمێكی نوێی گونجاو له‌گه‌ڵ دۆخی نوێ؟، یان زۆر گۆڕانكاریی پشودرێژانهی هه‌نگاو به هه‌نگاوی تێگهیشتنو لێكگه‌یشتن‌و گونجاندن له‌گه‌ڵ دۆخی نوێی پێویسته؟
ئایا ئه‌و هێزه نوێیه چۆن ده‌توانێت ته‌نیا زیادكردنێكی ژماره‌یی نه‌بێت، به‌ڵكو فاكتهرو نوێهاتێكی چۆنایه‌تی بێت بۆ گۆڕانێكی چۆنایه‌تی له ره‌وتی گه‌شه‌پێدانی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌دا؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌توانین بڵێین له سنوری كاردانه‌وه‌ی خۆإسكی بزوتنه‌وه‌كه بۆ هه‌لی هه‌ڵكه‌وتو، به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له هێنانه ئارای شێوازی نوێی به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی سیاسی له كوردستاندا‌و له‌م هه‌نگاوانه‌یدا سه‌ركه‌وتو بوه:
• به‌رجه‌سته‌كردنێكی رۆشنتری رۆڵی ئۆپۆزسیۆن.
• فراوانكردنی بنه‌مای كرانه‌وه‌و رونكاریو گه‌شه‌پێدانی سیاسی.
• زیندوكردنه‌وه‌ی هه‌ستی ئینتیما بۆ نیشتمان‌و مافی هاوڵاتیبونو ژیاندنه‌وه‌ی هیوا به داهاتویه‌كی باشتر له ناخی كۆمه‌ڵگه بهگشتییو توێژی لاوان به‌تایبه‌تی.
• گهرموگوڕكردنهوهی پرۆسه‌ی سیاسی.
• فراوانكردنی چاودێریی‌و ده‌نگهه‌ڵبڕین به‌رامبه‌ر به گهندهڵییو كه‌موكورتییه‌كان، تا ئیتر هیچ تاكو لایه‌نێكی گه‌نده‌ڵكار نه‌توانێت له بڕیار‌و ره‌فتاره‌كانیدا بێده‌ربه‌ست بێت.
• كردنه‌وه‌ی ده‌رگای كێبه‌ركێی ئیجابیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌رامبه‌ر ئامانج‌و خواسته نهتهوهییو خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و گۆڕینی رێساكانی گه‌مه‌ی سیاسی له داشكاندن (موناقه‌سه)هو به‌كه‌متر رازیبونهوه بۆ لێزیادكردن به ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان.
• كۆتاییهێنان به چه‌قبه‌ستویی سیاسی‌و گرێی پهنجابهپهنجا.
ئه‌م دهسكهوتانهو چه‌ندینی دیكه‌ش چۆن جێگای به خۆنازینی بزوتنه‌وه‌كه‌و ههڵسوڕاوهكانیهتی، ئاوه‌هاش جێگای نیگه‌رانییه‌كی ئیجابی‌و بارگرانییه به ئه‌ستۆیانه‌وه، ده‌ستپێكێكی له‌وجۆره سه‌ره‌ڕای ناڕێكی‌و كورتهێنانه‌كان، له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی مێژوییدا راگرتنی بزوتنه‌وه‌كه‌یه، به‌وپێیه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌به‌رده‌م دوریانێكدایه كه یه‌كه‌میان: به‌رنامه‌ی سه‌ركه‌وتوانه‌ی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌یه‌تی، دوه‌میان: پاشه‌كشه‌و هیوابڕاوكردنی كۆمه‌ڵگه‌و جێپێقایمكردنی گهندهڵییو گه‌نده‌ڵكارانه، هه‌نگاوی یه‌كه‌میش بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م دو ئه‌گه‌ره له چۆنێتی ستراكچه‌رو میكانیزمی خۆڕێكخستنو سیستمی ناوخۆیی بزوتنه‌وه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت.
چ رێبازێك؟
هیچ پێكهاته‌و یه‌كه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی به‌بێ ئامانج‌و به‌رنامه‌یه‌كی رۆشنی خاوه‌ن شهرعیهتو چوارچێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی رێكخراو ناتوانێت داهاتوی هه‌بێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له به‌رامبه‌ر بهدیهێنانو كامڵكردنی ئه‌و دو بنه‌مایه‌و شكڵگرتنو خۆڕێكخستندا، له‌ژێر كاریگه‌ریی دو پێشینه‌ی ئاڵۆزدایه، كه بریتین له:
یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستاندا زهنیهتێكی كورتبینی چاوچنۆكی پاوانخوازیی له‌به‌رامبه‌ر زۆربه‌ی چین‌و توێژهكانو له‌گشت بواره‌كاندا هه‌یه، به‌جۆرێك نه لێده‌گه‌ڕێت ده‌وڵه‌مه‌ندی نیشتمانپه‌روه‌ر كار‌و قازانج بكات‌و نه فه‌قیریش بژی، نه نه‌وه‌ی نوێ بێته مهیدانو تواناكانی نیشانبدات، نه نه‌وه‌ی پێش‌و به‌ری ئهزمونو ره‌نجی رابردوی بگه‌یه‌نێته مه‌نزڵ، هه‌ربۆیه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی فراوانی فرهبۆچونو فره به‌رژه‌وه‌ندیی چین‌و توێژه جیاوازه‌كانه، كه ئه‌مه له‌لایه‌ك هێزو چه‌ندایه‌تییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی پێبه‌خشیوه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئاڵۆزیی بۆ دروستكردوه.
دوه‌م: پێشینه‌ی حیزبایه‌تی‌و رێكخستنی سیاسی له كوردستاندا به‌گشتیی، كۆپییه‌كی ئاڵۆز‌و شێواو به‌سه‌رچوی حیزبی خۆرهه‌ڵاتی ستالینییه، كه به بنبهستگهیشتنو قێزهونیو به رێگربونی گه‌شه‌ی سیاسی‌و هۆشیارییو ئابوریی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌مهێناوه‌و دوباره‌كردنه‌وه‌یان نه‌ك هه‌ر هیچ بیانویه‌ك بۆ هاتنه‌مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌كه ناهێڵێته‌وه، بگره تا داهاتویه‌كی نادیاریش ده‌بێته هۆی له‌باربردنی زه‌مینه‌ی گۆڕان‌و ترس له‌و ئه‌گه‌ره‌ش روانینێكی ئاڕاسته پێچه‌وانه‌ی لێكه‌وتوه‌ته‌وه، كه بریتییه له پێكهاته‌یه‌كی تارمایی ئاسا‌و تهجهموعێكی هه‌ركه‌س بۆ خۆی، كه مه‌ترسییه‌كه‌ی هیچی له مه‌ترسی یه‌كه‌م كه‌متر نییه.
ئه‌م دۆخه ئه‌ركی به‌كرده‌وه نوێ‌و جیاوازبونێكی وه‌های خستوه‌ته پێش بزوتنه‌وه‌كه، كه جیاوازبون له ئامڕازه‌وه نه‌كاته ئامانج‌و گره‌وی سهركهوتنو شكستیشی گرێدراوی ئه‌م بنه‌مایه‌یه، كه به روانینی من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه هێڵی راستی ناوه‌ڕاستی خۆلادان له‌و دو مه‌ترسییه دیاریده‌كه‌ن:
• ئایا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه تاكه‌ی به‌بێ به‌ڕێوه‌به‌رێتی یان رێبهرایهتییهكی رونكارو ده‌سته‌جه‌معی ده‌توانێت بگوزه‌رێنێت؟ ئه‌و رێبه‌رایه‌تییه ده‌بێت له كێ‌و چۆن پێكبێت؟ به ههڵهداچون له‌م دیاریكردنه‌دا باجه‌كه‌ی چی ده‌بێت؟
• هه‌نگاونان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به پچڕان له رابردو یان موتوربه‌ی نێوان ئه‌زمونی كۆن‌و وزه‌و خوێنی نوێ ئه‌نجامده‌درێت؟ ئایا ململانێی سروشتی كۆن‌و نوێ چۆن به‌ڕێوه‌ده‌برێت؟ به یه‌كتر په‌راوێزخستن یان یه‌كتر ته‌واوكردن؟
• گواستنه‌وه له عهقڵیهتو میكانیزمی كاری رابردوه‌وه بۆ شێوازێكی نوێ كوتوپڕو ریشه‌یی ده‌كرێت، یان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو؟ كامیان سه‌ركه‌وتوه‌و سودو زیانی هه‌ر شێوازێكیان چییه؟
• ئاخۆ له‌نێوان بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی بێ سه‌رو سیما‌و رێكخراوێكی دیسپلنداری ستالینیدا، دۆزینه‌وه‌و په‌یڕه‌وكردنی هێڵێكی راست‌و ناوه‌ڕاست كارێكی له‌كردن نه‌هاتوه؟ ئه‌گه‌ر وانییه بۆ ناكرێت؟! مه‌گه‌ر بۆشاییه‌كی له‌وچه‌شنه نییه كه به سه‌ركه‌وتنێك باییبونو به پاشه‌كشه‌یه‌ك دۆشدامان به‌دیدێنێت؟ ئایا كێبه‌ركێكردنی گۆڕان به‌پله‌ی یه‌كه‌م كێبه‌ركێیه‌كی چه‌ندایه‌تییه له‌گه‌ڵ هاوشێوه‌كان، تا ته‌نیا به ژماره پێوانه بكرێت؟ یان كێبه‌ركێیه‌كی زانستیانه‌ی چۆنایه‌تی كه له‌گه‌ڵ هه‌ر سهركهوتنێكدا نیگه‌رانی پاراستن‌و وه‌به‌رهێنانی سهركهوتنهكهو له‌گه‌ڵ هه‌ر پاشهكشهیهكیشدا له هه‌ڵوه‌سته‌و ویستی به‌خۆداچونه‌وه به‌دیدێنێت؟
• ئه‌گه‌ر له قۆناغی پێش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان‌و گۆڕینی شه‌رعییه‌تی جه‌ماوه‌ری به شه‌رعیه‌تی یاساییدا نادیاریی جه‌سته‌و ستراكچه‌ری رێكخراوه‌یی بۆ خه‌باتێكی نیمچه نهێنیو خۆپاراستن له كاردانه‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵات، ناچاریی‌و به سود بوبێت، ئاخۆ دوای ئه‌وه‌و دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مانه‌وه له‌و دۆخه‌دا چ سودو چ زیانێكی هه‌یه؟ ئایا داهێزران‌و پهرتبونو پاشه‌كشه‌ی لێناكه‌وێته‌وه؟ ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتوه به‌رگریی له‌به‌رامبه‌ر تاوانه سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا بگۆڕدرێت بۆ هێرشی مه‌ده‌نیانه‌و یاسایی؟ ئه‌وه‌ش به‌بێ بونی په‌یكه‌رێكی هاوچه‌رخی زیندو چالاك ئه‌نجامده‌درێت؟
• ئاخۆ دیسان لاساییكردنه‌وه‌و كۆپیكردنی ستراكچه‌رو میكانیزمه حیزبییهكانی ده‌ره‌وه‌و ئه‌مجاره‌یان له خۆرهه‌ڵاته‌وه بۆ خۆرئاوا، هاوشێوه‌ی ئه‌زمونه‌كانی سه‌ده‌ی رابردو به شكست كۆتایی نایه‌ت؟ ئایا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رێكخراوێكی سیاسی ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردن‌و ته‌نیا هه‌ڵبژاردنه‌و هه‌ڵبژاردن دێته‌وه مه‌یدان؟ یان رێكخراوێكی سیاسی ده‌بێت بۆ ژیان بهگشتییو رۆڵگێڕان له گشت كێبه‌ركێ‌و ململانێ به‌رده‌وامه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و له گشت بواره‌كاندا؟
• ئایا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خاوه‌نی رێباز‌و ره‌فتارێكی رادیكاڵانه‌ی ریشه‌یی یان ریفۆرمخوازانهو هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ده‌بێت؟ یان نه‌خێر، خاوه‌ن ستراتیژ‌و ئامانجی رادیكاڵانه‌ی ریشهییو تاكتیك‌و هه‌نگاوی ریفۆرمخوازانه؟.
چۆن په‌یكه‌رێكی رێكخراوه‌یی؟
بۆ ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه بابه‌تی‌و رو له گه‌شه‌كه‌ی گۆڕان نه‌بێته كێڵگه‌ی ئه‌زمونی دور له توێژینه‌وه‌و شكستخواردوی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، ئه‌م هه‌نگاوانه به پێویست ده‌زانم:
• پێكهێنانی (ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌رێتی كاتیی) له (30-50) هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌كه، كه دابه‌ش ببێت بۆ دو ده‌سته‌ی (راوێژكاران)و (هه‌ڵسوڕێنه‌ران) بۆماوه‌ی (شه‌ش مانگ تا ئه‌وپه‌ڕی ساڵێك).
• ئه‌م ئه‌نجومه‌نه لانیكه‌م مانگی جارێك له‌كاتی دیاریكراودا كۆبونه‌وه‌ی فراوانی هاوبه‌ش ئه‌نجامبدات، بڕیار‌و رێنمایی‌و راسپارده‌كانی به دهنگدانو مولزه‌م بن، پهیإهو له لێپرسراوێتی دهستهبهرهیی بكات.
• كاری (ده‌سته‌ی راوێژكاران) بریتی بێت له به‌رنامه‌ڕێژیی پێشوه‌خت بۆ هه‌ر پرۆسه‌و ئه‌ركێكی په‌یوه‌ندیدار به بزوتنه‌وه‌كه‌و گوێگرتن له پێشنیاز‌و ره‌خنه‌و كهموكورتییهكانو دوای توێژینه‌وه به فه‌رمیی ئاڕاسته‌كردنی بۆ(ده‌سته‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌ران) بۆ بهدواداچونو كارلهسهركردن.
• (ده‌سته‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌ران) ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ربه‌ستانه‌ی كاره پسپۆڕییه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه به‌پێی بڕیاره‌كانی (ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌رێتی) له چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وێكی كاری كاتیدا بگرێته‌ئه‌ستۆ.
• رێكخستنێكی نه‌رمی خۆڕسكانه‌ی چوارچێوه رون به میكانیزمی هاوسه‌نگكردنی ماف‌و ئه‌ركه‌كان‌و به‌پێی هه‌ڵبژاردنی به خولی به‌رپرسیارێتی خۆبه‌خشانه‌ی دور له مۆنۆپۆڵكردنو تۆماركردنی هه‌مو ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ن هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌كه بن دابڕێژرێت.
• به دامه‌زراوه‌ییكردن له رێگه‌ی دو میكانیزمی هه‌م جیاواز، هه‌م تێههڵكێشو هه‌م ته‌واوكاریی (پیشهییو جوگرافی)ه‌وه، یه‌كه‌م: پهیكهربهندكردنی توێژ‌و پیشه دیار‌و كاریگه‌ره‌كان به‌پێی شوێنكاریان وه‌ك یه‌كه‌ی بنچینهییو پێكهوهگرێدانیان له یه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی (گه‌ڕه‌ك، ناحیه، قه‌زا، پارێزگا‌و پاشان سه‌رانسه‌ری هه‌رێم)دا، له نمونه‌ی مامۆستایان یان خوێندكاران له ئاستی خوێندنگه‌وه تا رایه‌ڵه‌ی گشتیی مامۆستایان یان خوێندكاران له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، كه میكانیزمێكی رون‌و پێكه‌وه گونجاو ده‌بێت بۆ تێگه‌یشتن له خواست‌و كێشه‌و داواكانی هه‌ر توێژێكو به‌شداركردنیان له پرۆسه‌ی سیاسی‌و تێگه‌یشتن له خاڵه لاواز‌و به‌هێزه‌كان‌و سازدانیان له پرۆسه پیشهییو چالاكییه سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. دوه‌م: له‌سه‌ر ئاستی جوگرافی هه‌ر گه‌ڕه‌ك‌و ناحیه‌و قه‌زاو پارێزگایه‌ك، چوارچێوه‌یه‌كی ده‌سته‌ی كاری هاوبه‌شی رێكخستن‌و تێهه‌ڵكێشكردنی یه‌كه‌ی توێژ‌و پیشه جیاوازه‌كانی سنوره‌كه پێكبهێنرێت، بۆ هه‌ماهه‌نگی خواست‌و ویست‌و كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌و سنوره‌و سازدانیان له پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردنه گشتییهكانو هه‌ر چالاكییه‌كی به كۆمه‌ڵدا.
• میكانیزمی یه‌كه‌م كه پیشه‌ییه هاوشێوه‌ی كاری وه‌زاره‌ته تایبه‌تمه‌نده‌كان ده‌بێت، بۆ نمونه له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمدا له بنكه‌ی ته‌ندروستی گوندێكی بچوكه‌وه تا ده‌گاته گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌ی پایته‌خت له‌ڕێی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه سه‌رۆكاری دهكرێتو به‌وه‌ش ئاستی لێپرسراوێتی سهركهوتنو شكستیان دیار‌و ئاشكرا ده‌بێت، میكانیزمی دوه‌میش، كه جوگرافییه، هاوشێوه‌ی یه‌كه كارگێڕییه‌كانی ناحیه‌و قه‌زاو پارێزگاكانه، كه به‌ڕێوه‌به‌رێتی ناحیه له سنوری ناحیه‌كه‌دا سه‌رۆكاری نه‌خۆشخانه‌و خوێندنگه‌و بنكه‌ی پۆلیس‌و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی سنوره‌كه‌ی دهكاتو له‌گه‌ڵیاندا له په‌یوه‌ندییه‌كی گهرموگوڕو رۆژانه‌دایه. بونی نوسینگه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه له هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی كارگێڕیی‌و جوگرافیدا ئه‌و رۆڵه ههماههنگكاره ده‌گێڕێت، میكانیزمی هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌و دو میكانیزمه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی نهرمو زانستیانه وه‌ك ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی نێوان چه‌تربازانی نمایشكاره، كه له ئاسمان به‌پێی به‌رنامه‌و پلانی كار به دهستگرتنو ده‌ستبه‌ردان شێوه هونه‌رییه جۆراوجۆره‌كان دروستده‌كه‌ن‌و هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه.
• جێبه‌جێكردنی مۆڵه‌تی ره‌سمی‌و كردنه‌وه‌ی نوسینگه شارستانییه‌كان به شێوازێكی نوێ‌و جیاواز له باره‌گا زۆر‌و زه‌به‌نده ناشرین‌و بێزاركه‌ره باوه‌كان.
• له‌دوای شه‌ش مانگ یان ئه‌وپه‌ڕی ساڵێك به‌پێی بڕیاری (ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌رێتی كاتیی) كۆنگره‌ی دامه‌زراندن ببهسترێتو رێباز‌و سیما‌و په‌یكه‌رو میكانیزمی بڕیارلێدراوی شه‌رعی بزوتنه‌وه‌كه ده‌قی خۆی بگرێت.