رۆژنامه: به رای تۆ، له‌ئێستادا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چییه؟ راپه‌ڕینێكی نیمچه عه‌فه‌وییه، یان خواستێكه له‌ناخی خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه؟
* یاده‌وه‌ریی سیاسیی خه‌ڵكی كوردستان، زۆر به‌خراپیی كاری له‌سه‌ر كراوه‌و ته‌نانه‌ت كلتورێكی سیاسیی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌یه كه به كلتوری نۆستالجیا كارده‌كات. كلتوری نۆستالجیا له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا به‌دیده‌كرێت كه پێشكه‌وتنیان به‌خۆیانه‌وه نه‌بینیوه له روی فیكری سیاسییه‌وه. له‌كوردستاندا عاتیفه‌ی سیاسیی كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بڕیاری سیاسیی هه‌یه، چ له‌سه‌ر ئاستی تاكو چ له‌سه‌ر ئاستی گرۆو كۆمه‌ڵ. گۆڕان ئه‌گه‌ر راپه‌ڕینێكی عه‌فه‌وی، نیمچه عه‌فه‌وی یان رێكخراویش بێت، له‌خواستی خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌و هاتوه‌ته مه‌یدانی سیاسییه‌وه! گرفته‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌گه‌ر ئه‌م خواسته به‌پێی چه‌ند بنه‌مایه‌كی زانستی سیاسیی فۆرموله نه‌كرێت، ئه‌وا دوچاری هه‌ڵه‌شه‌یی زیاتر ده‌بێته‌وه‌و نزیكتر ده‌بێته‌وه لهعهفهوییهت. عه‌فه‌وییه‌تی سیاسیی له‌سه‌رده‌می ته‌كنۆلۆجی نوێ‌دا، مه‌رگی سیاسییه! مێژوی سیاسیی كوردستان شاهیده كه راپه‌ڕینی سیاسیی هه‌مو (10 - 12)ساڵ جارێك روده‌دات‌و پاشان شێوازبهندییهك وهردهگرێتو مل ده‌نێته‌وه به‌ره‌و كلتوره كۆنه‌كه. ئه‌مه‌ش پێویستی به نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی قورسه، بۆیه ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی گۆڕان بكه‌م له‌ئێستادا، ده‌ڵێم: "بریتییه له‌و بزوتنه‌وه سیاسییه مه‌ده‌نییه‌ی كه له سه‌رئه‌نجامی رقی خه‌ڵكی كوردستان له‌سیاسه‌ته چه‌وته‌كانی یهكێتیو پارتی‌و نه‌بونی ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی سیاسی سه‌ریهه‌ڵدا، وه‌ك هه‌مو جارێكیش ناوچه‌ی سلێمانی مه‌ڵبه‌ندی بزواندنی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بو، ئێستاش به‌دۆخی شڵۆقی خۆیدا تێدهپهڕێتو له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ساڵێكدا ئاسۆكانی به‌دیار ده‌كه‌ون".
رۆژنامه: كاتێك باس له نه‌شته‌رگه‌ری ده‌كه‌یت، مه‌به‌ستت چییه؟ یان كاتێك ده‌ڵێیت، له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ساڵێكدا ئاسۆكانی به‌دیار ده‌كه‌ون، بۆچی ساڵێك؟
* سه‌ره‌تا، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت گۆڕان مل نه‌نێته‌وه بۆ كلتوره كۆنه‌كه، ده‌بێت ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه بكات. سروشتی پێكهاته‌ی عاتیفه‌ی سیاسیی كوردی، ئاسان راپێچی راپه‌ڕین ده‌كرێت، بۆیه دروستكردنی بزوتنه‌وه‌كه عه‌فه‌وی نییه، به‌ڵام له‌خۆیدا كلتوری سیاسیی ئێمه یه‌كێكه له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی، عهفهوییهته، چونكه ئێمه تا ئێستاش خاڵیین له مهتریالیزهكردنی خواست‌و فیكر‌و تیۆری سیاسیی خۆمان. ئه‌مه‌ش پێویستیی سه‌ره‌كیی نهشتهرگهرییهكهیه، به‌پێچه‌وانه‌وه گۆڕان دیالهكتێكه به‌رده‌وامه‌و عهفهوییانهش، جار جار راپه‌ڕین سازده‌كات. جارێكی تر ده‌ڵێم، نه‌فه‌سی سیاسیی خه‌ڵكی كوردستان كورته، بۆیه درێژترین ماوه ساڵێك ده‌بێت. باپرسیارێك بكه‌ین، ئایا هه‌مو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هه‌ڵوێستیان وهرگرتو گۆڕانیان به‌رهه‌مهێنا، یان به‌شدارییان له‌گۆڕاندا كرد، سه‌رئه‌نجامی فیكرێكی سیاسی هاتنو ئه‌م بڕیاره‌یاندا؟ یان، به‌هێزی عاتیفه‌ی سیاسیی شوێن گۆڕان كه‌وتن؟ به‌ڵێ، به‌شی زۆری خه‌ڵك له بێزاری‌و عاتیفه‌ی سیاسییه‌وه ئه‌م بڕیاره‌یانداو ئه‌مه‌ش ئه‌و سهرهتانهیه كه ده‌بێت له‌سیاسه‌تی كوردیدا چاره‌سه‌ر بكرێت. له‌پای ئه‌م سیاسه‌ته‌دایه كه له‌بری ماندێلا‌و غاندی له‌كورددا تاڵهبانیو بارزانی‌و ئۆجه‌لان هه‌ڵده‌كه‌ون كه باوه‌ڕم وایه، پاش مردنیش حوكم ده‌كه‌ن. ده‌بێت نه‌شته‌رگه‌ری قورسی بۆ ئه‌مه بكرێت، بۆنمونه (نه‌وشیروان مسته‌فا) به‌باشترین شێوه رابه‌رایه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام چۆن نه‌چوه په‌رله‌مان، باشترین شتیش ئه‌وه‌یه كه له‌مه‌وپاش، له‌پشت كهوالیسی پڕۆسه‌كه‌وه ئه‌زمونی خۆی بخاته خزمه‌ت بزوتنه‌وه‌كه تا ببێته نمونه‌ی حه‌ز له كورسی نه‌كردن، چۆن چوه به‌رده‌م دادگا، چۆن به‌ته‌نیاو به‌كه‌مترین پاسه‌وانه‌وه ده‌سوڕێته‌وه، ده‌بێت هه‌ندێك هه‌نگاوی گرنگی تریش بنێت. ئه‌مانه تێكڕا به‌شێكن له نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه، بۆیه لێره‌دا باس له‌كه‌سی یه‌كه‌می بزوتنه‌وه‌كه ده‌كه‌م، ده‌مه‌وێت هه‌مو كه‌سایه‌تی‌و سه‌ركرده‌كانی تریش هه‌میشه له‌ژێر پرسیاردا بن.
رۆژنامه: ئایا، چی بكرێت، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن رێكبخرێتو به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره سیاسییه دروسته بڕوات كه خه‌ونی پێوه ده‌بینرێت؟
* وه‌ك باسمانكرد، ئیمه له‌جوڵه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه ئاسادا، زۆر سه‌ركه‌وتو ده‌بین، چونكه كورت نه‌فه‌سه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی بهیادهوهریو سیستمی راهاتنی مێشك‌و په‌روه‌رده‌ی سیاسییمانه‌وه هه‌یه. باوه‌ڕم نییه، گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌ك بتوانێت ئه‌م گرفته چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ده‌توانێت قۆناغێك بیباته پێش‌و بردنه‌پێشی ئه‌م پرسه‌ش له‌خۆیدا ئامانجێكی گه‌وره‌یه، ناكرێت ئێمه ته‌نیا سه‌یری بڕی ئه‌و كورسی‌و ده‌سه‌ڵاتانه بكه‌ین كه گۆڕان بهدهستیاندههێنێت. به‌لامه‌وه زانستی تره سه‌یری كۆی پڕۆسه سیاسییه‌كه بكه‌ین.
گرفتی سه‌ره‌كیی ئێمه، له‌دۆخی رێكخستندایه، چونكه له‌م دۆخدا توشی كۆمه‌ڵه گرفتێك ده‌بین كه به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و گرفتانه گرفتی سیاسیی رێكخراوهیینو گرفتی رێكخراوه‌یی له‌لایه‌ك په‌یوه‌سته به كلتوری رێكخراوهییهوهو له‌لایه‌ك په‌یوه‌سته به زانستی رێكخستن‌و كاری رێكخراوه‌ییه‌وه. بزوتنه‌وه، به‌پێناسه‌ی خۆی، ئه‌ركی سه‌ره‌كیی دروستكردنی وهرچهرخانهو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش توانی سه‌ركه‌وتوانه وه‌رچه‌رخانێك دروست بكات‌و شتێكی نوێ بهێنێته كایه‌وه كه ئه‌ویش به‌رجه‌سته‌كردنی ئۆپۆزسیۆنه‌و یه‌كێكه له‌پێویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراتیزه‌كردنی ژیانی سیاسیی له‌كوردستان. له‌م خاڵه بترازێت، ناتوانین بزوتنه‌وه بۆ ماوه‌ی درێژ سه‌ركه‌وتو بكه‌ین، چونكه له‌ئێستای جیهاندا گۆڕانه‌كان خێرابونو ناتوانرێت به‌ده‌ستوری په‌نجاو شه‌سته‌كانی رابردو بزوتنه‌وه‌ی درێژخایه‌نمان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر له‌ناوی بزوتنهوهكهشهوه بڕوانینه كاره‌كانی (گۆڕان)، ئه‌وا گۆڕان پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه له‌كۆمه‌ڵگاداو گرنگ ئه‌وه‌یه نابه‌سترێته‌وه به‌ناوی بزوتنهوهیهكهوه، ده‌بێت ئه‌ركی بزوتنه‌وه‌كه، ته‌نیا بهركهماڵكردنی گۆڕانكارییه‌كه بێت.
ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له‌خۆیدا بزوتنه‌وه‌یه‌كی مۆدێرن بو له كوردستاندا، (گرنگه بزانین، ئێمه چۆن سه‌یری وشه‌ی مۆدێرن ده‌كه‌ین)، گرنگه رێگهنهدهین، بزوتنه‌وه‌یه‌كی مۆدێرن ببێته مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوێكی نامۆدێرن! بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مۆدێرنه، به‌ئاماژه‌ی جهماوهریبونو ئاشتیخوازێتی كه ئه‌م دو پێكهاته‌یه له‌كۆمه‌ڵگای سیاسیی دواكه‌وتودا زه‌حمه‌ت پێكه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه. ده‌زانین، بزوتنه‌وه‌كه ناتوانێت به‌م جۆره‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت‌و ده‌بێت بچێته قاڵبی رێكخراوێكه‌وه، ئه‌م رێكخراوه‌ش مادام له‌كایه‌ی سیاسی‌دا كارده‌كات، ده‌بێته رێكخراوێكی سیاسی، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌وڵی گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌دات، ده‌بێته حیزبی سیاسیی، ئیتر ئێمه هه‌ر پێناسه‌یه‌كی بكه‌ین (حیزبی سیاسی) پێناسه‌كه‌یه‌تی به‌پێی واقیعیبونی خۆی‌و به‌پێی زانستێك كه له روی ئه‌كادیمییه‌وه سه‌لمێنراوه. من به‌لامه‌وه سه‌یره كه هه‌ندێك را دهبیستمو ده‌ڵێن: "گۆڕان ده‌بێت خۆی بپارێزێت له بهحیزببون"، به ڕاستی ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا كاڵفامییهكی تری سیاسییه، ئێمه خۆمان ناتوانین ته‌جاوزی كلتوری سیاسیی بكه‌ین‌و شه‌ڕ به‌ناو ده‌فرۆشین، پرسیاری سه‌ره‌كیمان ئه‌وه‌یه، ده‌بێته چۆن حیزبێك؟ پرسیاری سه‌ره‌كیمان ئه‌وه‌یه، ئایا كورد خۆی حه‌زی له فه‌وزایه، بۆیه نایه‌وێت له‌هیچ قاڵبێكدا رێكبخرێت؟ یان هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه نازانین پره‌نسیپه‌كانی رێكخراوبون چین؟
رۆژنامه: بۆئه‌وه‌ی گۆڕان رێكخراوێكی سیاسیی پێشكه‌وتو بێت‌و به‌پێی پێویستییه‌كانی سه‌رده‌م، وه‌ڵامی خواستی خه‌ڵكی كوردستان بداته‌وه، ده‌بێت چی بكات؟
* ئه‌وه‌ی گۆڕان جیابكاته‌وه له حیزبه‌كانی تر، ده‌بێت لهدونیابینیهوه ده‌ستپێبكات.. سه‌ره‌تا ناوی گۆڕان بۆ حیزب نابێت‌و ئه‌وه دروشمی قۆناغێك بو، ده‌بێت ناوێكی تر هه‌بێت پڕ به‌پێستی دونیابینی ئه‌م حیزبه بێت، پاشان ده‌بێت ئامانجی ستراتیژیی‌و كورتخایه‌نی هه‌بێت كه به‌هۆی ئامانجه كورتخایهنهكانییهوه به‌شێوه‌یه‌كی هارمۆنی دهزولهیی، ئامانجه ستراتیژییه‌كانی خۆی بچنێت. ئه‌مه‌ش زانستێكه پێیده‌وترێت داڕشتنی ستراتیژیی كه پێویسته زۆرترین بیرمه‌ندو هۆشمه‌ندی سیاسی‌و فیكری‌و زانستی تێیدا به‌شداری بكه‌ن، نه‌ك هه‌ر كه‌سێك هاتو چوار په‌ره‌گرافی نوسیبێت، یان (20)ساڵ پێشمه‌رگه بوبێت، ئیتر ئێمه بێین‌و بیكه‌ینه بار به‌سه‌ر ئه‌م داڕشتنه ستراتیژییه‌وه. دواتر، پێویسته به‌رنامه‌و پێڕه‌وی رێكخراوه‌كه بنوسرێته‌وه‌و بۆ هه‌مو ساڵه‌كانی ئایندهی ئه‌و ستراتیژه‌ش چه‌ند نهخشهڕێیهكی سیاسی ههبێتو ئه‌مانه ده‌بنه كهتهلۆكو ده‌ستورو ده‌توانرێت به‌هۆی ئه‌مانه‌وه سنور بۆ سه‌ركرده‌و كادیره‌كانی ئه‌و حیزبه دانرێت، ده‌بێت ئه‌م دۆكیومێنت‌و پلانانه سه‌روه‌ر بن‌و به‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندن، گۆڕانیان تێدا نه‌كرێت. به‌م جۆره رێكخراوی سیاسیی دروست دهكرێتو ئایدۆلۆژیای تایبه‌ت به‌خۆی ده‌بێت كه لهپرهنسیپو ستراتیژیدا ره‌نگده‌داته‌وه. ئیتر ئه‌و سیاسهتو نه‌خشانه، فه‌شه‌ل به تهكهتولبازی ده‌هێنن، فه‌شه‌ل بهڕۆتینی كوشنده‌ی حیزبی ده‌هێنن..تاد، له‌و شوێنه‌وه كه ئه‌م نه‌خشانه به‌كارده‌هێنرێن، ده‌بێت چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بكرێت. ئیتر به‌قسه‌ی بریقه‌دار نابێت، خه‌ڵكێك بێت‌و بڵێت باوی ئایدۆلۆژیا نه‌ماوه، باوی حیزب نه‌ماوه، باوی رێكخستنی سیاسیی نه‌ماوه. ئه‌مانه هه‌موی ته‌سلیمبونه به‌كۆمه‌ڵه خه‌یاڵێك كه له‌دنیای سیاسه‌تدا شوێنی عه‌مه‌لیان نییه. تا ئێستاش هه‌مو حیزبێك، رێكخراوێكی سیاسییه‌و هه‌وڵ بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات دهداتو خاوه‌نی ئایدۆلۆژیایه‌كی خۆیهتیو ئایدۆلۆژیاش كفر نییه، به‌ڵكو شێوازی موماره‌سه‌ی سیاسییه‌و ئه‌م چه‌مكانه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
رۆژنامه: ئایا، گۆڕان ته‌نیا بۆ وه‌رچه‌رخانێكی سیاسیی هه‌رێم پێویست بو، یان پێویسته ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌وڵی گۆڕینی سیستم‌و عه‌قڵی رامیاریی‌و حوكمڕانیی بدات؟
* ئه‌گه‌ر گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵناسێت به بونیادنانی ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی سیاسیی؟ ئه‌ڵته‌رناتیڤێك له‌سه‌ر بنه‌مای گۆڕینی سیستم‌و عه‌قڵی سیاسیی، ئه‌وا ئه‌گه‌ر حوكمیش بگرێته ده‌ست، هێشتا پێویستیی دروستكردنی ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه به‌رده‌وامه، ئه‌وا ناچار، ده‌بێت خه‌ڵكی نوێ بیربكه‌نه‌وه له دروستكردنی ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌دا، چونكه خه‌ونی خه‌ڵك ته‌نیا بزوتنه‌وه‌و وه‌رچه‌رخانێكی كاتی نییه. خواستی خه‌ڵك، خواستێكی درێژخایه‌نه بۆ ژیانێكی باشتر كه به رۆژو دو رۆژ به‌دی نایه‌ت كه به‌بێ نوێنه‌رێكی شه‌رعی به‌دی نایه‌ت. ده‌بێت گۆڕان ببێته ئه‌و نوێنه‌ره شه‌رعییه، بۆیه ده‌بێت به ئه‌قڵێكی تره‌وه بێته پێش‌و ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه بكات، ئه‌گه‌رنا گوڕی ته‌مه‌نی گۆڕان زۆر كورت دهبێتو مه‌رگێكی گه‌نجانه‌ی وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی شوراكان، چاره‌نوسی ده‌بێت.
رۆژنامه: ئایا، له‌كاتی ئۆرگانیزهكردنیدا، چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بێته حیزبێكی ستالینی؟
* ده‌بێت گۆڕان، ببێته حیزبێكی سیاسیی جیاواز‌و سنوری سلێمانی تێپه‌ڕێنێت، پێكهاته‌و په‌یكه‌رێكی رێكخستنی لیقی ههبێتو به ئاسانی نه‌گیرێت، بیر لهستراكچهرێكی جیاواز بكاته‌وه، ماوه‌ی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی سكرتێر‌و سه‌رۆك دیاری بكات‌و ئیلتیزامی پێوه بكات له‌هه‌مو ئاسته‌كاندا..تاد، زۆر شتی تریش كه به باشی نازانم هه‌مویان باس بكه‌م، به‌ڵام گرنگترین خاڵ ئه‌وه‌یه، خۆی پێناسه بكات. له‌م پێناسهكردنهدا قه‌واره‌و پشتیوانییه‌كانی كه‌م ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌قامگیرتر ده‌بێت. بۆنمونه، ده‌بێت هه‌ڵوێستی خۆی له‌مه‌ڕ دابه‌شبونی چینایهتیو ره‌گه‌زی‌و ئاینیی‌و نیشتمانی‌و په‌یوه‌ندیی نێوان ههرێمو فیدراڵ‌و...تاد دیاری بكات. ناكرێت گۆڕان وه‌ك پارتی‌و یه‌كێتی بمێنێته‌وه‌و له‌فه‌زای گشتیدا خۆی نمایش بكات. ده‌بێت هه‌ڵوێستی جیاواز بانگه‌شه بكات‌و داكۆكی لێ بكات. ناكرێت له‌پێناوی هه‌ڵبژاردن‌و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگدا، هه‌ڵوێست له‌ده‌ست بدهینو ناكرێت له‌پێناو ئهندامگیریدا سازش بكه‌ین.. ئه‌م میكانیزمانه حیزب به‌ره‌و حیزبی ستالینی ده‌به‌ن.
ده‌بێت گۆڕان پشت ببه‌ستێت به رێكخستنی موگناتیسی، نه‌ك كاره‌بایی، چونكه تێچونی كه‌متر ده‌بێت، ده‌توانێت كاراتر‌و چالاكتربێت، چاره‌سه‌ری گرفتی به‌یه‌كدادانی نه‌وه‌كان ئاسانتر ده‌كات. ده‌بێت زۆرترین به‌شداری به‌خه‌ڵك بكات‌و رۆڵی رای گشتی دیاری بكات، نابێت گۆڕان پشت به‌هیچ فراكسیۆنێكی ناوخۆی ببه‌ستێت به‌ته‌نیاو فراكسیۆنه‌كانی تر فه‌رامۆش بكات. باشترین نمونه‌ش ئه‌وه‌یه كه بتوانێت ههرلایهنو كه‌سێك ئهركو گرنگی‌و رۆڵی خۆی ههبێتو به‌پاداشت كارنهكاتو حیزبێكی له‌مجۆره، له‌هه‌مو كوردستاندا به (200 - 300)كارمه‌ندی پڕۆفیشناڵ بهڕێوهدهچێتو ده‌توانێت سه‌دان هه‌زار ئه‌ندامی كارای ههبێتو هه‌ریه‌كه‌شیان رۆڵی خۆی هه‌بێت.