حه‌مید عه‌زیز
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و کوێ؟
زیاتر لێره‌وه وه‌ڵامی ئه‌وه ده‌ده‌ینه‌وه، که‌ده‌ڵێین بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و کوێ؟. بۆیه راوبۆچونم وایه که‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ناوچه دابڕاوه‌کاندا چۆن له گوتار‌و دروشمه‌كانیدا باسی نه‌هێشتنی گهندهڵییو بێخزمه‌تی کوردستانی ده‌کرد به‌هێنده‌ی ئه‌وه‌ش بزواندنو جوڵاندنی سۆزی نه‌ته‌وه‌ییش بۆ خاوه‌ندارێتی ناوچه دابڕاوه‌کان پێویست بو، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌کراو پیشاندانی ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه وه‌کو به‌ڵگه له‌لایه‌ن راگه‌یاندنه‌وه به‌داخه‌وه که‌مێک لاواز بو. که‌موکوڕی راگه‌یاندنی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی گۆڕان له‌ناوچه دابڕاوه‌کاندا کهبهداخێکی گه‌وره‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو دیکۆمێنت و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که‌له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌بو نه‌خرایه رو یان زۆر که‌میی باس کراو هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کاندیده‌کانی به‌گوێره‌ی پێویست نه‌بون و وتاری ئه‌کادیمیانه‌ی سه‌رده‌می نوێی گۆڕانی ئه‌مڕۆی تێدا لاواز بو.
سه‌رکه‌وتنی پلانه‌کانی ده‌سه‌ڵات و به‌تایبه‌ت درۆکانی یه‌کێتی و سه‌رگرتنی پلانی داڕێژراو سیناریۆکانی به‌تایبه‌ت له‌موسڵ و که‌رکوکی یه‌کێتی سه‌ری گرت و خه‌ڵکیان زۆر چه‌واشه کرد ئه‌ویش له‌به‌هێزیی راگهیاندنهکهیانهوه بو به‌پله‌ی یه‌که‌م و نه‌بونی بڕوای فره ده‌نگی و بونی به‌رهه‌ڵستکار له‌لایه‌ن عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵکه‌وه به‌پله‌ی دوه‌م. فڕوفێڵ و ته‌زویری زۆر‌و ته‌خشان و په‌خشانی پاره‌و سامانی خه‌ڵکیی له‌پێناو پڕوپاگه‌نده‌ی حیزبیداو په‌یمان و به‌ڵێنه درۆکان که‌هه‌مو جارێک ده‌یده‌ن و نایبه‌نه سه‌رو یاری کردن به‌عه‌قڵی هه‌ندێ خه‌ڵکی ساویلکه‌و نه‌خوێنده‌وار (رێزم هه‌یه بۆ نه‌خوێنده‌واران مه‌به‌ستم نه‌خوێنده‌واری قوتابخانه‌و زانینی ئهلف و بێ نیه)، ئه‌مانه زۆر کاریگه‌رییان هه‌بو له‌سه‌ر خه‌ڵکیی ئه‌و ناوچانه. هه‌ڕه‌شه‌و ترس و تۆقاندن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و نه‌وێرانی خۆده‌رخستنی خه‌ڵک و دۆستان و لایه‌نگرانی گۆڕان ته‌نانه‌ت لهههولێرو دهۆکیش و ترساندنیان به‌نان بڕین و گرتن و.. هتد ئه‌مه‌و بێجگه له‌وه‌ی که‌خه‌ڵکێکی زۆریان به‌وه خه‌ڵه‌تاند که‌له‌ناو کابینه‌ی ده‌نگداندا کامیرا هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر ده‌نگ بدرێت به‌گۆڕان ده‌زانرێت و سه‌دان فڕو فێڵی تریش.
له‌هه‌موی ناخۆشتر که‌منی زۆر ئازار ده‌دا خۆش باوه‌ڕیی و ساویلکه‌یی هه‌ندێک له‌خه‌ڵک بو که‌باوه‌ڕیان به‌و کاره خراپانه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌بو به‌تایبه‌ت بودجه بردنهکهو پڕۆژه وه‌همیه‌کان و پڕکردنی بانکه‌کانی ئه‌وروپا له‌پاره‌ی لێپرسراوانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی که‌پاره‌ی رهشوڕوتی خه‌ڵکی کوردستانه. نه‌بونی به‌رنامه‌یه‌کی چڕوپڕی نه‌ته‌وه‌یی له‌و ناوچانه‌داو نه‌ناسراوی هه‌ندێک لهکاندیداکانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و تێکه‌ڵ نه‌بونی زۆریان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا بوه هۆی نامۆ بونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خه‌ڵکی ناوچه دابڕاوه‌کان له‌لایه‌ک و چالاکی و چونه ناو خه‌ڵکی کاندیداکانی ده‌سه‌ڵات و به‌تایبه‌ت یه‌کێتی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌گشتی و کوردستان به‌تایبه‌تی رۆشنبیریی سیاسیان که‌مه فره لیستی و فره ده‌نگی کهپڕۆسهیهکی دیموکراسی و ئه‌کتیڤه به‌هه‌ڵه‌و ناشرین سه‌یرکردنی زه‌ره‌رێکی گه‌وره‌ی له‌گۆڕان دا‌و له‌باتی وه‌کو دۆست بیبینن وه‌کو دوژمنی لێکترازان و دوبه‌ره‌کی سه‌یریان ده‌کرد. له‌وتارێکمدا پێشتر ئه‌وه‌م نوسیوه که‌پێش سه‌ده‌یه‌ک و له‌سه‌رده‌می شێخ عه‌بدولقادری شه‌مزینی 1912 که‌شۆڕشی چه‌کداری کورد ده‌ستی پێکردوه ئاماژه‌م به‌وه داوه که کورد له‌سه‌ره‌تای ژیانی به‌رخۆداندا پێویستی به شۆڕشی رۆشنبیری هه‌بوه چونکه ئه‌وکات و ئێستاش به‌ڕێژه‌یه‌کی به‌رز مرۆڤی کورد نه‌خوێنده‌واره‌و رۆشنبیریی رامیاریان زۆر که‌مه بۆیه ده‌سه‌ڵاتی کوردی بۆ هه‌مو جارێکی هه‌ڵبژاردن ئه‌مه‌ی به‌هه‌ل زانیوه‌و به‌ئاره‌زوی خۆی چه‌واشه‌ی کردون. ئه‌وه‌ی که‌له‌مانه هه‌موی گرنگتره ئه‌وه‌یه که‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هزروبیرێکی مۆدێل نوێ یه بۆ ناوچه‌که ئه‌گه‌ر به‌م شێوه مهدهنیانهیهی خۆی بمێنێته‌وه زۆر به‌داخه‌وه ده‌پوکێته‌وه‌و نامێنێت چونکه ئه‌بێت بزانێت کوردستان له‌ڕوی کاری ده‌سه‌ڵاتیی و سیاسیه‌وه له‌ڕوی رۆشنبیری تاکی کوردیشه‌وه وڵاتی سوید یان ئه‌ڵمانیا نی یه. ده‌بێت گۆڕان و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان سه‌یری چوارده‌وری خۆیشیان بکه‌ن که‌دوژمنانی کورد‌و گۆڕان له‌کێ و له‌چی پێکهاتون.؟. بۆیه به‌ڕای من ده‌بێت له‌م شێوه فۆرمی ریکخراوهیی و بزوتنه‌وه‌یی و رۆشنبیری یه‌وه ده‌ربچێت و بگۆڕێت بۆ حیزبێکی سیاسی و خاوه‌نی قه‌واره‌یه‌کی دیاری کراوی خۆی هه‌م له‌به‌ر خۆی و هه‌م له‌به‌ر جه‌ماوه‌ره‌که‌ی و هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یارانی گۆڕان ده‌سه‌ڵات و هێزو پاره‌و گۆڕه‌پانی فراوانی چه‌ک و جۆره‌ها میلیشیاو.. هتد یان هه‌یه. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌کو به‌رهه‌ڵستکار زۆر چالاکه‌و ئه‌توانم بڵێم یه‌که‌م جاره له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌ت وڵاتانی عاره‌بی به‌رهه‌ڵستکاری وه‌کو گۆڕان هه‌بێت و عێراق و ناوچه‌که‌ش گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌ن که‌ئه‌ندامانی پارله‌مانی کوردستان له‌سه‌ر لیستی گۆڕان چه‌ند به‌چالاک و ئه‌کادیمی و زانان، به‌ڵام چه‌ند ئه‌کتیڤ و باشیش بین ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین باشتر بین و بزانین چۆن له‌گه‌ڵ ره‌وشه‌که‌و ناوچه‌که‌و عه‌قڵیه‌تی ده‌سه‌ڵات و حه‌زو ویستی خه‌ڵک و شه‌قامی کوردی‌دا بین و خۆمان بگونجێنین. ده‌بێت گۆڕان و ئه‌ندامان و دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بزانن که‌دوژمنانی کورد‌و نه‌یارانی گۆڕان پاره‌و سامانی زۆریان هه‌یه‌و چاوی خه‌ڵکیی پێ کوێر ده‌که‌ن و هه‌موشمان ده‌زانین که‌باری ماکی (مادی) گرنگیی خۆی هه‌یه‌و خه‌ڵکیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌ژار کردوه کهبیکهنه کۆیله‌ی خۆیان.
ئایا ده‌بێت گۆڕان هه‌تا سه‌ر هه‌ر بێ پاره بێت و خه‌ڵکیی به‌بێ به‌رامبه‌ر کاری بۆ بکات و نان بڕاو بێت و جه‌نگی مه‌ده‌نیانه‌ی سه‌رده‌می نوێیشی بۆ بکات.؟. ئایا ده‌کرێت ئه‌مجاره‌ش به‌خه‌ڵکی کوردستان بڵێین ده‌سه‌ڵات خراپه‌و دزه‌و بودجه ده‌دزێت و ئه‌و هێماو شته کۆنانه بده‌ینه‌وه به‌گوێی خه‌ڵکییدا.؟. یان ده‌بێت به‌رنامه‌ی نوێ و کاری نوێ و به‌تایبه‌ت پلانی نوێی بیری دڵسۆزانه‌و گوتاری نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره ده‌ربخه‌ین بۆ میلله‌ته‌که‌مان به‌تایبه‌ت له‌ناوچه دابڕاوه‌کانی کوردستانداو به‌رگری لهبراکانیشمان بکه‌ین وه‌کو هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی له‌باکورو رۆژهه‌ڵات و باشوری بچوک.
ده‌بێت بیر له‌وه‌ش بکه‌ینه‌وه که‌ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه له‌گرده‌که بێینه خواره‌وه‌و راسته‌وخۆ تێکه‌ڵ به‌خه‌ڵکی چه‌وساوه‌و به‌ش مه‌ینه‌تی ناوچه‌کانی خۆمان بین که‌هه‌مو پشت و په‌نایان ته‌نها ئێمه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین نزیک بینه‌وه له‌ناوچه‌کانی تریش.؟. بیرمان له‌وه کردۆته‌وه که‌ئایا پێویستمان به‌چه‌ند شوێن و ناوچه‌یه‌ک نی یه له‌هه‌مو کوردستاندا که‌ئه‌ندام و لایه‌نگرانی گۆڕان کۆبونه‌وه‌و یه‌کتر بینینی تێدا ئه‌نجام بده‌ن وه‌کو چۆن ئه‌وان ناوچه‌و لق و که‌رت و.. هتد یان هه‌یه.؟. بۆ زیاتر هه‌تنه پێشه‌وه‌ی خه‌ڵکیی لێمان پێویست ناکات بیر له‌وه بکرێته‌وه ئه‌گه‌ر نان بڕاوان هیچیان بۆ نه‌کرا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ئێمه خۆمان پاره کۆبکه‌ینه‌وه‌و بچین به‌ده‌میانه‌وه یان قورسایی بخه‌ینه سه‌ر ده‌سه‌ڵات که‌نانی نان بڕاوان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ منداڵانی برسی و باوکی بێ معاش و موچه.؟. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ک ته‌نها نان بڕاوان لێمان دور نه‌که‌ونه‌وه به‌ڵکو بڕوای ئه‌وانی تریش رابکێشین بۆ خۆمان یان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ویژدانمان ئاسوده بکه‌ین چونکه له‌ڕاستیدا ئه‌وه یه‌کێتی یه خه‌ڵکی کوردستان برسی و به‌ند ده‌کات و ئه‌وه گۆڕانیشه به‌ئاشکراو بێ سڵه‌مینه‌وه به‌رگرییان لێده‌کات که‌ئه‌مه جوانترین وه‌فای بزوتنه‌وه‌یه‌که که‌به‌رگری له‌جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌یکات به‌و شێوه‌یه. پێم وایه ئه‌مانه‌و هه‌روه‌ها ئازایه‌تی و بوێری ئه‌ندامانی پارله‌مانی به‌غداشمان و کارکردن له‌وێوه بۆ کوردستان که‌ڕۆڵی زۆر کایگه‌ری ده‌بێت بۆ خه‌ڵکیی و بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیشی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش زۆر گرنگه بیزانین که‌گرنگی دان به‌ڕۆڵی راگه‌یاندن و بڵاو کردنه‌وه‌ی کادێرانمان له‌ناوچه لاوازه‌کانماندا نابێته هۆی به‌هێزیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پێشخستنی له‌دیدی خه‌ڵکه‌وه.؟.
ده‌سه‌ڵات و نه‌یارانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بادڵنیابن و ئه‌م جۆره وتارانه‌ی ئێمه بخوێننه‌وه‌و بزانن که‌چۆن ئێمه ئازادانه ره‌خنه له‌خۆمان و لهبزوتنهوهکهمان ده‌گرین و هیچ جۆره ماستاوێک نازانین و هیچ جۆره پاره‌و زه‌وی و بهخشیشێکمان نی یه ته‌نها بیر‌و باوه‌ڕی به‌رگری کردنمان له‌هه‌ژارانی وڵات هاندهرمانهو بیروباوه‌ڕی پۆڵایینمانه. خۆ رێکخستنه‌وه و خۆ ئاماده‌کردن بۆ بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی به‌به‌رنامه به‌تایبه‌ت به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی چونکه ئه‌و به‌رنامه‌یه ناچێته قاڵبی فۆرمی ره‌گه‌زپه‌رستی یه‌وه به‌شه‌رتێک به‌به‌رنامه‌ی ئاشکرا کار بکات نه‌ک نهێنی و کۆبونه‌وه تاریکه‌کان نمونه‌ی بزوتنه‌وه کۆنه‌کانی کورد. هه‌تا ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان شێوازێکی نوێی مۆدێرنی رێخستنی کاری سیاسی و رۆشنبیری و جه‌ماوه‌ریه بۆیه ده‌بێت گۆڕانی به‌سه‌ردابێت و له‌سه‌ره‌تای وتاره‌که‌ماندا باسی ئه‌وه‌مان کرد که‌گۆڕان له‌ناو گۆڕاندا مه‌به‌ست له‌هه‌میشه نوێبونه‌وه‌و نوێخوازیه له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌گشتی و کوردستان به‌تایبه‌تی و مه‌به‌ستیش له‌کۆنفرانس و هه‌ڵبژاردنی ئازاده له‌ناو خۆی بزوتنه‌وه‌که‌دا که‌ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی گۆڕان و جیاوازی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌و دو پارته بنه‌ماڵه‌ییه‌دا که‌ته‌نها هه‌ر خۆیان سه‌رۆک و ئاغای کوردن و رێگه ناده‌ن کهسیتر ببێته سه‌رۆک و ته‌نانه‌ت قهدهغهیشه.بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کارێکی تری زۆر باشی ئه‌نجام داوه که‌ئه‌و چوارچێوه ته‌قلیدیه کۆنه‌ی شکاند کهحیزبه کوردیه کۆنه‌کان په‌یڕه‌ویان ده‌کردو ئینتیما بۆ حیزب له‌پێش نیشتمان و نه‌ته‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب له‌پێش هه‌مو شتێکهوهو کۆیله‌کردنی ئه‌ندامانی حیزبیش له‌پێش خه‌ڵک و میلله‌ته‌وه.
کارێکی تری شه‌پۆلی گۆڕان زیندوکردنه‌وه‌ی رۆحی مردوی کوردایه‌تی بو له‌گیانی لاوان‌دا و هێنانهوهییان بۆ ناو گۆڕه‌پانی کاری رامیاری و جارێکی‌تر هه‌ست به‌هاوڵاتی بون و هه‌ست بهخۆکردنیان بۆ گه‌ڕایه که‌ئه‌مه شۆڕشێکی نوێتر بو له‌ناوچه‌که‌دا. هێنانی بیردۆزێکی نوێی سه‌رده‌میانه که‌بیروڕای جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت له‌ناو یه‌ک رێکخراو یان یه‌ک حیزب‌دا که‌ده‌بێته هۆی پته‌ویی و شێوه فۆرمی دامه‌زراوه‌یی و وه‌رگرتنی خه‌سڵه‌تی به‌تینی لیبڕاڵ دیموکراسی رۆژئاوا کهنوێترین سیستمی کاری ده‌سه‌ڵاتی یه له‌ئه‌مڕۆدا.فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بۆ گۆڕان له‌کردارو فه‌رمانی رابردو ئێستای سته‌مه‌وه دروست بوبێت ده‌نگێک دژ به‌زوڵمی تاکێک به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵێک په‌یدابوبێت که‌لوپه‌لێک بۆ پۆشته‌یی هه‌ژاران و سته‌م لێکراوان دورابێت ره‌نگێک شۆڕشێکی نیللی مه‌ده‌نیانه‌ی به‌رهه‌ڵستکار بنوێنێت ده‌رکه‌وتنی هه‌ناسه‌یه‌ک له‌خنکان رزگارمان بکات ده‌بێت به‌ره‌و کوێ بچێت.؟. من دڵنیام گۆڕان له‌ناو گۆڕاندا هه‌ناسه له‌ناو گیاندا چاو له‌ناو بینین‌دا هه‌نگاو لهپێواندا ده‌ستی پیاو چاکان له‌ئیشدا ئومێدی گه‌لێکی سته‌م دیده‌و زوڵم لێکراو نامرێنێت ئه‌م گۆڕانه‌ش نه‌یکات گۆڕان له‌ناو گۆڕاندا ده‌یکات بۆیه ده‌بێت بڵێین گۆڕان له‌هزرو بینینی گۆڕانخوازانه‌وه به‌ره‌و کوێ.؟. گۆڕان به‌ره‌و مه‌نزڵگای یاران ده‌چێت به‌ده‌ستی پڕه‌وه به‌ره‌و ماڵی نان بڕاوان و هه‌ژارانی وڵات ده‌چێت به‌ره‌و هێنانه‌وه‌ی پاره دزراوه‌کان و به‌ده‌ست هێنانی مافی خه‌ڵکی ره‌ش و روتی ئه‌م نیشتمانه کلک و گوێ کراوه‌وه ده‌چێت به‌ره‌و تێربونی گه‌ده‌ی میمکه رهعناکهی دوینێی من ده‌چێت و سه‌ردانی خێمه سارد‌و سڕ‌و شڕه‌که‌ی میمکه گیان ده‌کات و بۆلای دڵ شکاوانی گه‌رمه‌سێرو کوێستان ده‌چێت و گۆڕان وه‌ڵامی گه‌رمی کوردانه‌ی هه‌مو پرسیاره‌کان و به‌ده‌نگه‌وه هاتنی قیژه‌ی ئه‌نفال و گونده کاول بوه‌کانی کوردستانه بۆیه گۆڕان هه‌مومان به‌ره‌و ژیانێکی ئاسوده‌و یه‌کسان و دادپه‌روه‌رانه ده‌بات ده‌با هه‌مو پشتگیری لێ بکه‌ین.
کۆتایی...