مادده‌ی 140له‌نێوان جێبه‌جێكردن و هه‌ڵپه‌ساردندا
Monday, August 20, 2007 |
|
|
به‌گوێره‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق (پێشتر مادده‌ی 58)، هه‌موو پارێزگای كه‌ركوك به قه‌زا و ناحیه‌كانییه‌وه، به‌شێك له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی سه‌ر به پارێزگای موسڵ، هه‌ولێر، سه‌لاحه‌دین، دیاله، به‌ناوچه‌ی (كێشه له‌سه‌ر) پێناسه‌كران و بڕیاردرا له‌ڕێگای سێ میكانیزمه‌وه: ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێریكردن، ریفراندۆم تا واده‌ی كۆتایی دیسه‌مبه‌ری 2007 چاره‌نووسیان یه‌كلاییبكرێته‌وه.
به‌شی گه‌وره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه به ناوچه‌ی "كێشه له‌سه‌ر" ناوزه‌د كراون، ئه‌و ناوچانه‌ن كه له‌سه‌رده‌می فاشیزمی به‌عسیدا و له روانگه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه دژ به "مه‌ترسی كورد"، وه‌كو زۆنێكی ئاسایش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه و له‌و پێناوه‌شدا فاشیزمی به‌عسی له‌ڕێی داڕشتنی كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ره‌ی ستراتیژییه‌وه كه مه‌به‌ست لێیان به‌پله‌ی یه‌كه‌م پاراستنی هه‌رسێ شاری كه‌ركوك و موسڵ و خانه‌قین بووه، ته‌نگی به كورد هه‌ڵچنیوه.
ئه‌و ته‌وه‌رانه به‌جۆرێك داڕێژراون كه هه‌موو ناوچه ستراتیژییه‌كان، ناوچه ئابوورییه‌كان، ناوچه قه‌ره‌باڵغه‌كانی نیشته‌جێبوونی دانیشتوان، گرێكانی هاتوچۆ، ناوچه‌كانی نزیك ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان، له ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی جاران داببڕێت و ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه‌ی كوردستان له عیراق له‌ناو ببات و قوڵایی ستراتیژی و جوگرافی بۆ كه‌ركوك و موسڵ و خانه‌قین و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان دروستبكه‌ن. ئه‌مه‌ش به گۆڕینی ئیداری ناوچه‌كانی كوردستان و ده‌ركردنیان له‌سنووری ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی و پاشان راگواستن و ته‌عریبكردنیان.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه فاشیزمی به‌عسی، قه‌زا كوردنشینه‌كانی (دووزخورماتوو، كفری، كه‌لار، چه‌مچه‌ماڵ)ی به‌هه‌موو ناحیه‌كانیانه‌وه، له سنووری كارگێڕی پارێزگای كه‌ركوك دابڕی و به‌سه‌ر پارێزگاكانی سه‌لاحه‌دین و دیاله و سلێمانیدا پهرشوبڵاویكردنهوه. به‌پێچه‌وانه‌ی كه‌ركوكه‌وه و به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی دانیشتوانه كورده‌كه‌ی ناو شاری موسڵ و ده‌وروبه‌ری و به‌مه‌به‌ستی پاراستنی شاره‌كه له مه‌ترسی كورد، عیراقی به‌عس قه‌زا كوردنشینه‌كانی (تلكێف، ئاكرێ، شێخان، حه‌مدانییه، شه‌نگار، ته‌له‌عفه‌ر)ی به‌هه‌موو ناحیه‌كانیانه‌وه، له‌ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دابڕی و له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه به پارێزگای نهینهواوهی گرێدان. پاشان قه‌زاكانی (خانه‌قین، مه‌نده‌لی، به‌دره، كفری)ی به‌هه‌موو ناحیه‌كانیانه‌وه به‌سه‌ر هه‌ردوو پارێزگای دیاله و واسیتدا دابهشیكردن.
به‌پێی ئه‌و سنووره بێت كه عیراقی به‌عس له‌ساڵی 1974دا و پاش شكستهێنانی گفتوگۆكانی كورد و ده‌وڵه‌تی عیراق بۆ "ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی" دایڕشت و به كوردستانی له‌قه‌ڵه‌مدا، ته‌نیا (36،374) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ی له هه‌موو خاكی كوردستانی باشوور هێشته‌وه، كه مه‌ڵبه‌نده‌كانی هه‌رسی پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و بیست و یه‌ك قه‌زا و حه‌فتا ناحیه‌ی له‌خۆگرتبوو.
رووبه‌ری كوردستانی باشوور ده‌وروبه‌ری (85000) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه، ئه‌و رووبه‌ره‌ی كه كورد ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا ده‌شكێت و به‌هه‌رێمی كوردستان ناسراوه، به‌نزیكه‌ی (40000) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه مه‌زه‌نده ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی كه نیوه‌ی خاكی باشوور هێشتا له‌ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی كوردیدایه و به‌پێی مادده‌ی 140ی ده‌ستور به‌ناوچه‌ی "كێشه له‌سه‌ر" پێناسه كراوه.
به‌وپێیه و به‌گوێره‌ی سنووری كارگێری سه‌رده‌می به‌عس، پارێزگای كه‌ركوك به هه‌موو قه‌زا و ناحیه‌كانیه‌وه، قه‌زای مه‌خموری سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر، هه‌موو قه‌زا و ناحیه كوردستانییه‌كانی سه‌ر به پارێزگای موسڵ جگه له قه‌زای ئاكرێ، هه‌موو قه‌زا و ناحیه كوردستانییه‌كانی سه‌ر به پارێزگای واسیت، قه‌زای دووزخورماتووی سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌و ناوچانه‌ن كه پێویسته له‌ڕێی مادده‌ی (140)ه‌وه چاره‌نووسیان یه‌كلایی بكرێته‌وه.
رووبه‌ری عیراق بێ له كوردستان (350،052) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه، له‌و رووبه‌ره (168،552) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه، كه نزیكه‌ی نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی ده‌كات و به‌شی گه‌وره‌ی دانیشتوانه عه‌ره‌به سوننه مه‌زهه‌به‌كانی تێدا نیشته‌جێن، بیابانه و سه‌رچاوه گرنگه‌كانی ژیانی تێدا نییه، ئه‌وه‌شی كه ده‌مێنێته‌وه رووپێوێكی تێكه‌ڵه‌ی خاكه گردۆڵكه‌یی و ده‌شته لیتهییهكانه، كه جگه له ره‌شه خاكه‌كانی كه‌ناره‌كانی هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات، ئیتر له‌به‌شێكی گه‌وره‌یدا رووبه‌ره ئاوییه‌كانی زۆنگاو و عهماراوهكان دایده‌پۆشن، بۆیه عیراق (جگه له‌ناوچه‌كانی ئه‌وپه‌ڕی باشووری) له‌بژێوی خۆیدا، پشتی ته‌واوی به كوردستان به‌ستووه.
ئه‌گه‌ر هه‌رێمی رزگاركراوی كوردستان به‌سه‌رچاوه ئاوییهكانییهوه ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، ئه‌وا ناوچه كوردستانییه‌كانی سه‌ر به‌مادده‌ی 140، به سه‌رچاوه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی په‌ترۆڵه‌وه ده‌نازێت. جگه له‌بایه‌خی ئابووری، له‌رووی ستراتیژی عه‌سكه‌رییه‌وه، شاره‌كانی سه‌ر به‌م ناوچانه و به‌تایبه‌تیش شاره‌كانی كه‌ركوك و موسڵ و خانه‌قین، هه‌میشه گرێی هاتووچۆی داگیركردن و ههڕشهكردن بووه له‌م به‌شه رزگاركراوه‌ی كوردستان و له‌باری ئازادبوونیاندا، زامنی ئاسایشی كوردستان و سێ داشی سواری قه‌واره‌ی كوردستان ده‌بن به‌سه‌ر عیراقی داهاتوودا.
مه‌حاڵه هه‌رێمی كوردستان له‌داهاتوودا و بێ له‌و ناوچانه، بتوانێت بیر له‌سه‌ربه‌خۆیی بكاته‌وه، یان ته‌نانه‌ت وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی نیمچه سه‌ربه‌خۆش درێژه به‌مانه‌وه‌ی خۆی بدات.
ئێستا ئیتر پرۆسه‌ی سیاسی له عیراق به‌ره‌و بنبه‌ست چووه، به‌ره‌ی ته‌وافوق كه نوێنه‌ری زۆربه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ن، نوێنه‌رانی خۆیان له پارله‌مان كێشایه‌وه. به‌هه‌مان شێوه لیستی ئهلعیراقییهی سه‌ر به عه‌لاوی هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنه‌به‌ری هه‌مان كار ده‌كه‌ن. هه‌ر به‌و پێیه‌ش هه‌موو ئه‌و داوایانه‌ی كه كورد وه‌كو دهستهبهشێكی گرنگی پرۆسه‌كه خوازیاری بووه شایانی پێماڵ و پێداچوونه‌وه‌ن. ئیتر مادده‌ی 140 به‌هه‌مان شێوه‌ی پرۆسه سیاسییه‌كه ساردبۆوه. چونكه مه‌حاڵه به‌و ماوه كه‌مه‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی میكانیزمه‌كانی مادده‌ی ناوبراو ماوه، مادده‌كه به‌ئه‌نجام بگات.
ده‌بێت كورد چی بكات؟
• پێش هه‌مو شتێك پێویسته سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد مل بۆ تهدویلكردنی كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دی له میانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه نه‌دا، ملدان بۆ چاره‌سه‌ری نێوده‌وڵه‌تی، زۆر به‌كورتی مانای له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك.
• له‌پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ستوردا، ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد هه‌موو ئه‌و داخوازییانه‌ی كه پێشتر، جا له نه‌زانی و خۆشباوه‌ڕییه‌وه بووبێت، یان له‌ژێر فشاری ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ندا، دووباره بخاته‌وه سه‌ر خوانی گفتوگۆ، له‌نێو ئه‌وانه‌شدا مافی بڕیاردانی چاره‌نووس بۆ گه‌لی كوردستان وه‌كو داوایه‌كی بێ چه‌ندوچۆن. ته‌نها له‌میانه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی مافی چاره‌نووس ده‌كرێت كورد مه‌ترسییه‌كانی داهاتووی بڕه‌وێنێته‌وه.
• رووبه‌ری ئه‌و ناوچانه‌ی كه مادده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه، ده‌وروبه‌ری چل هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه. رووبه‌ری پارێزگای كه‌ركوك به‌قه‌زا و ناحیه‌كانی ئێستایه‌وه ده‌وروبه‌ری ته‌نها ده هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه. ده‌شێت له‌باری پیاڕانهگهیشتن به‌جێبه‌جێكردنی مادده‌كه له واده‌ی خۆیدا، سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد پێدابگرێت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 له ناوچه‌كانی تر جگه له كه‌ركوك، كه‌ركوك بۆ كاتێكی تر كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد واده‌كه‌ی بۆ داده‌نێت، جێبه‌جێكردنی مادده‌كه‌ی تێدا دوابخرێت.
• جگه له‌وانه ده‌شێت كورد ئه‌وه بخاته به‌رده‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، كه ئاماده‌یه ژماره‌یه‌ك له‌عه‌ره‌بی هاورده، ئه‌وانه‌ی ئاماده نین بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه لێهاتووه‌كانی جارانیان، وه‌كو هه‌ر هاووڵاتییه‌كی كوردستانی، له پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆكدا نیشتهجێیانبكات.
حاڵی حازر بێ بوونی هیچ رێكکهوتنامهیهك له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی كورد و حكومه‌تی عیراقدا، ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق له هه‌رێمی كوردستاندا نیشته‌جێن.
• سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌ك له‌و پاره مۆڵه‌ی له‌به‌رده‌ست هه‌ردوو سه‌ركردایه‌تی پارتی و یه‌كێتیدایه، وه‌ك پاڵنه‌رێك بۆ نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئاواره كورد و توركمانه‌كان و هه‌روه‌ها بۆ ناردنه‌وه‌ی ئاشتییانه‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌ش. ئاخر ناكرێت هه‌زاران خێزانی عه‌ره‌ب كه ده‌یان ساڵه نیشته‌جێی ئه‌و ناوچانه‌ن بۆ ته‌نها بیست ملیۆن دینار به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان، هه‌روه‌ك شورهییێكی گه‌وره‌شه كه تائه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره له‌به‌ر نه‌بوونی هاوكاری پێویست ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌بێت.
• دواجار و له‌هه‌مووشی گرنگتر، ئاساییكردنه‌وه و بیناكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان كورد و توركمان و گه‌لانی نیشته‌جێی ئه‌و ناوچانه‌یه و ره‌وینه‌وه‌ی دڵه‌راوكێ و مه‌ترسی پهراوێزكردنیانه. راستییه‌كه‌ی هیچ شتێك هێنده‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركمانه‌كاندا بۆ سه‌رخستنی مادده‌ی 140 گرنگ نییه، ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان كورد و توركمان به‌ڕه له‌ژێر پێی زۆربه‌ی لایه‌نه نه‌یاره‌كانی تری مادده‌ی 140 دا ده‌رده‌هێنێت و جێبه‌جێكردنی ئاشتییانه و هه‌تاسه‌ری پرۆسه‌كه زامن و ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. |
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|