(سبه‌ی):
ئێواره‌ی دوێنێ (پێنجشه‌ممه)، هاوڵاتیه‌كی میسری به‌هۆی ئه‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ری كه‌ڵه‌كه بوبون، له وڵاتی میسر خۆی كوشت، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و وڵاته هه‌وڵی خۆ كوشتن‌یان داوه له ماوه‌ی 4 رۆژی رابوردو، گه‌شته 7 كه‌س و ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ش به‌و هۆیه‌وه گیانیان له ده‌ستداوه، گه‌شته 3 كه‌س.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه (بزوتنه‌وه‌ی میسریه‌كان له دژی گرانی)، هۆشداریداوه له به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی خۆكوشتن له رۆژانی داهاتودا به‌هۆی بار‌و گوزه‌رانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری له میسردا و له راگه‌یاندنێكدا ئه‌وی خستوه‌ته‌ڕو كه: له كاتی به‌رده‌وامی ئه‌و سیاسه‌ته ئابوریه نا به‌رپرسانه‌ی له میسردا پیاده ده‌كرێت، دورنیه ته‌قینه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری روبدات.
دوای ئه‌وه‌ی له وڵاتی تونس چه‌ند كه‌سێك خۆیان كوشت وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له به‌رامبه‌ر گرانی و بێكاری له‌و وڵاته، كه به‌هۆیه‌وه هه‌فته‌ی رابوردو زهینولعابیدهینی بن عه‌لی، سه‌رۆكی تونس ناچاركرا وڵات جێبهێڵێت، له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابوردو چه‌ندین كه‌س له وڵاتانی جهزائیرو میسر‌و یه‌مه‌نیش له به‌رامبه‌ر گرانی و بێكاری و خراپی باری گوزه‌رانیان، هه‌وڵی خۆ كوشتنیانداو به‌و هۆیه‌وه ژماره‌یه‌كیان گیانیان له ده‌ستدا.