عه‌لی حه‌مه شه‌ریف
یه‌كێ له ده‌ركه‌وت و دیارده گرنگ و دڵخۆشكهرهكانی ئه‌م سه‌ده‌یه ئه‌وه‌یه كه باهۆزی دیموكراسی و شه‌پۆلی راپه‌ڕین و رژانه سه‌ر شه‌قامی خه‌ڵك وه‌ك مۆدیلێكی باو و سه‌ركه‌وتو ورده ورده په‌ره ده‌سێنێ، بێ خۆبه‌ستنه‌وه و بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی كام بیروڕا و كام لایه‌ن و گروپ رێبه‌رایه‌تی ده‌كا، ئه‌وه‌ی هه‌یه و ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ راپه‌ڕینی خه‌ڵكه دژی ده‌سه‌ڵاتداره تۆتالیتا‌ر و تاكڕه‌وه‌كان، له‌پێناو ئازادی و فره‌یی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆتایی هێنان به ده‌سه‌ڵاتی مۆنۆپۆلی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار.
ئه‌مڕۆ بۆ سه‌راپای دنیا و به‌تایبه‌تی بۆ هێزه زه‌به‌لاحه‌كانی جیهانی وه‌كو ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و وڵاته پێشكه‌وتوه‌كانی دنیاش ساغ بۆته‌وه، كه ئه‌م بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌ری و رژانه سه‌رشه‌قامه‌ی خه‌ڵك ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ره‌فتاره قێزه‌ون و دژ بهخهڵكهیه كه‌چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وانه‌ی حیزبی قائد و حاكم له‌به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاتانه پیاده ده‌كرێ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، بۆیه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر راپهڕینێكدا به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵانی پێش‌و هێزه پێشكه‌وتنخوازه‌كانی دنیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ك دو هێزی كاریگه‌ر له‌سه‌ر ره‌وشی جیهان و شانۆی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی پشتگیری ئه‌و گۆڕانكاریانه ده‌كه‌ن و جه‌خت له پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و چاكسازی سیاسی و ئابوری له ناوخۆی ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا نیشانه و هێمای به‌هێز و دیار و ئاشكران بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ی جاران پێی ده‌وترا سنور و كاروباری ناوخۆی وڵاتان كه ئێستا به رونی هه‌ست به پاشه‌كشه‌ی ئه‌و پره‌نسپه ده‌كرێ كه له‌پشت سه‌روه‌ری و نه‌هێشتنی ده‌ستێوه‌ردانه نێو خۆییهكانی وڵاتانه‌وه بون، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادیه مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كان، هێنانه‌دی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی، وه‌ك كۆمه‌ڵێ پره‌نسیپی گشتی له‌م چه‌رخه‌دا بونه داخوازی و داواكاری ده‌ست لێ ههڵنهگرتوی گه‌ل كه هه‌ر رۆژه‌ی له وڵاتێك و له‌ژێر حوكمێكی ره‌ش و خۆسه‌پێندا شه‌قام و كۆشك و سه‌رای ده‌سه‌ڵات ده‌هه‌ژێنن، سه‌رۆك و سه‌ركرده و لێپرسراوه حكومی و حیزبیه خۆسه‌پێنه‌كان ناچار ده‌كه‌ن وڵات به‌جێ بهێڵن و ده‌ست له‌كاری سیاسی و حوكمڕانی هه‌ڵگرن.
تائێستا هه‌مو ئاماژه و و روداوه‌كان وا نیشان ده‌ده‌ن كه سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك سه‌ره‌تای گۆڕان و ئاڵوگۆڕی و زنجیره‌یه‌ك روداوی سیاسی نوێ و گرنگ ده‌بێ، به‌تایبه‌تی له‌و پنته چه‌قبه‌ستو و بازنه كڵۆم دراوانه‌ی كه ماوه‌یه‌كی دور و درێژه له ژێر عه‌بای ئاین و عروبه و پارێزه‌ری ئاسایشی نیشتمانی بالۆره‌ی به‌رده‌وامی شۆڕش و ده‌سكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و ئایدۆلۆژیه‌كی دیاریكراودا، هه‌ر جاره‌ی به‌شێوازێك و هه‌ر رۆژه‌ی به ئاوازێك ئه‌دا به‌گوێی خه‌ڵكدا ئه‌و رۆژانه تێپه‌ڕین، ئه‌و بالۆرانه به‌سه‌رچون، ئه‌و ئاوازانه سواو و بێ كه‌ڵك بون و دادی هیچ سیسته‌مێكی دیكتاتۆر و خۆسه‌پێن نادا، رۆژی ئه‌وه نه‌ماوه ئه‌م جۆره سیسته‌مانه بیانوی بێ سه‌روبه‌ر و به‌ڵێنی سه‌وز و سوری درۆ هه‌ڵرێژن و هێز و جۆش و خرۆشی خه‌ڵك خاو بكه‌نه‌وه و له شاڕێی راسته‌قینه‌ی داخوازی و مافه ره‌واكانی لای بده‌ن! ئه‌مڕۆ یه‌ك حه‌قیقه‌ت له سه‌روی هه‌مو حه‌قیقه‌ته‌كانی تره‌وه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه حه‌تمیه‌تی مێژویی و پێداویستی ئه‌م قۆناغه‌ی ژیانی خه‌ڵك بریتیه له گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ریه‌كان بۆ خه‌ڵك و خه‌ڵك ئه‌بێ خۆی به‌ده‌ستی خۆی چاره‌نوس و مێژوی تازه‌ی خۆی بنوسێته‌وه و هه‌مو به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كاروانی شارستانی و گه‌شه‌كردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی تێك و پێك ده‌شكێنێ و زایه‌ڵه‌ی "ده‌گۆڕێی یا بتگۆڕین" له هه‌مو دنیا ده‌نگ ئه‌داته‌وه.