(سبه‌ی):
بۆ 11 هه‌مین رۆژ، خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌ریه‌كانی گه‌لی میسر بۆ داوای وازهێنان له حوسنی موباره‌ك درێژه‌ی هه‌یه‌و خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش بڕیاریانداوه ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) بكه‌ن به رۆژی جێهێشتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن موباره‌كه‌وه.
به‌پێی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ له چه‌ندین شاری میسره‌وه جگه له قاهیره، هه‌زاره‌ها خۆپیشانده‌ر به‌ره‌و گۆڕه‌پانی ته‌حریر ده‌ڕۆن و ده‌یانه‌وێت ئه‌مڕۆ گه‌وره‌ترین ئاپۆرای خۆپیشاندان رێكبخه‌ن.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (ئه‌ی بی سی) ئه‌مه‌ریكی، كه شه‌وی دوێنێ بڵاوبوه‌وه، حوسنی موباره‌ك سه‌باره‌ت به‌و داوایه‌ی خۆپیشانده‌ران رایگه‌یاند "دوای 62 ساڵ خزمه‌ت ده‌مه‌وێت بڕۆم، به‌ڵام له پشێوی ده‌ترسم".
به‌پێی هه‌واڵی ته‌له‌فزیۆنه‌كه، تا ئێستاش حوسنی موباره‌ك و جه‌مالی كوڕی، له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیدا نیشته‌جێن.
له نوێترین كاردانه‌وه‌ی جیهانیشدا سه‌باره‌ت به روداوه‌كانی میسر‌و پرسی جێهێشتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن موباره‌كه‌وه، ئێواره‌ی دوێنێ رۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز) باسی له‌وه‌كرد: به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی میسری له گفتوگۆدان سه‌باره‌ت به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی موباره‌ك.
چه‌ند دیبلۆماتكارو به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكیش ئه‌وه‌یان به رۆژنامه‌كه راگه‌یاندبو كه: به‌پێی پلانێك موباره‌ك ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی گواستنه‌وه به پشتگیری سوپا راده‌ستی عومه‌ر سلێمان ده‌كات.