(سبه‌ی):
رۆژنامه‌ی (واشنتۆن پۆست)ی ئه‌مه‌ریکی له‌راپۆرتێکیدا ئاماژه‌ی به‌وه داوه، خۆپیشاندان و راپه‌ڕینه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ژماره‌یه‌ک وڵاتی عه‌ره‌بی، پاشه‌کشه‌ی هه‌ژمونی ئه‌مه‌ریکا له‌و وڵاتانه پیشان ده‌ده‌ن.
له‌و راپۆرته‌یدا که پشتی به‌ستوه چه‌ند چاودێرێکی سیاسی له‌ناوچه‌که‌دا، واشنتۆن پۆست نوسیویه‌تی: پاش روداوه‌کانی تونس و میسر و چه‌ند وڵاتێکی دیکه، چاودێرانی سیاسی هه‌ست به پاشه‌کشه‌ی هه‌ژمونی ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ن له‌و وڵاتانهداو هاوکات به "خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوای ئه‌مه‌ریکا" وه‌سفی ده‌که‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه تۆجان فه‌یسه‌ڵ، چالاکوانی مه‌ده‌نی و چاودێری سیاسی له ئوردن، پێیوایه هه‌ژمونی ئه‌مه‌ریکا له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابه‌زیوه‌و رایگه‌یاندوه: پێموایه ئه‌مه‌ریکا ناتوانێت لاوان و نه‌وه‌ی نوێی ئه‌و وڵاتانه به‌لای خۆیدا رابکشێت، چونکه بێهیوایی خۆیان له‌هه‌وڵه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ناوچه‌که‌دا ده‌رده‌بڕن و له‌و بڕوایه‌دان نمونه‌یه‌کی باشیان پێشکه‌ش نه‌کردوه.
هاوکات رۆژنامه‌که ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، خۆپیشاندانه‌کانی قاهیره دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی موباره‌ک، دورکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا پیشان ده‌ده‌ن، که وه‌ک هاوپه‌یمانێکی ئه‌مه‌ریکا لهدهسهڵاتهکهی حوسنی موباره‌کی سه‌رۆکی میسر ده‌ڕوانن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رۆژنامه‌که ئاماژه‌ی به‌لێدوانه سه‌ره‌تاییه‌کانی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکا کردوه له‌یه‌که‌م رۆژی خۆپیشاندانه‌کانی میسر، وه‌ک جۆ بایدنی جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا رایگه‌یاند که ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی موباره‌ک دیکتاتۆری نییه، لای خۆشیه‌وه هیلاری کلینتۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه پێیوابو ده‌بێ حوکمه‌که‌ی موباره‌ک جێگیربون به‌خۆیه‌وه ببینێت.
رۆژنامه‌ی (واشنتۆن پۆست) هێماشی بۆ ئه‌وه‌کردوه، پاشه‌کشه‌ی هه‌ژمونی ئه‌مه‌ریکا له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان به‌ئاشکرا ده‌بینرێت، به‌تایبه‌ت دوای ده‌کردنی زه‌ینلعابدین بن حه‌لی سه‌رۆکی تونس له‌سه‌ر حوکم، هه‌روه‌ها چاوه‌روانی کشانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێراق، له لوبنانیش حیزبوڵا که له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی و هاوکاری ده‌کرێت توانی ده‌سه‌ڵاتێک له‌و وڵاته بێنێته ئاراوه که به ویستی خۆی بێت، دوای ئه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی سه‌حد حه‌ریری هه‌ڵوه‌شانده‌وه.