هانس راوشهر*
له ئه‌ڵمانیه‌وه: دانای شه‌ده‌ڵه
له میسردا مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه تێکۆشانی هه‌مو لایه‌نه خۆپیشانده‌ره ناڕێکخراوه‌کان و سه‌ربه‌خۆکان که‌نار بخرێن و ره‌نج به خه‌سار بچن، خۆپیشانده‌رانێک له‌پێناو ژیانێکی ئازاد و ره‌ها دا ئه‌مکاره‌یان کرد، له‌گه‌ڵ کێ دا جێگری سه‌رکۆمار (ئه‌م جێگرسهرکۆمارهی که جاران بهروهرامی هێزه ئاسایشپارێزه‌کان بو) دانوستان ده‌کات؟ له‌گه‌ڵ ئه‌خه‌وان موسلمین دا، ئه‌ی باشه کێ نوێنه‌ری ئه‌و ئاپوره زۆره‌ی جه‌ماوه‌ره که له مه‌یدانی ته‌حریر دا پرۆتێستۆ ده‌که‌ن؟ ئه‌ی کێ نوێنه‌ری خوێندکاران و ژنان ده‌کات له‌و دانوستانانه دا؟
وادیاره یه‌کێتیی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا متمانه‌یان به جێگری سه‌رکۆمار و سوپای میسر هه‌بێت، ئایا ئه‌مه مانای چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ مانای ئه‌وه‌یه که لایه‌نگری رژێمه‌که‌ی موباره‌کن به که‌مێک ده‌سکاریه‌وه، واته موباره‌ک لایت؟
Mubarak light ?
ئه‌نجام هه‌ریه‌ک بێت راستیه‌ک هه‌ست پێده‌که‌ین که ئیتر به‌سته‌ڵه‌کی چه‌قبه‌ستوی سسته‌می وڵاتانی عه‌ره‌بی شکێنرا.
خه‌ڵکانی ناڕازی و پرۆتێستۆکاری سه‌رشه‌قامه‌کان هۆکاری پاشکه‌وتن و دواکه‌وتویی وڵاته‌کانیان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی سه‌رۆکه دایناسۆره‌کانی خۆیان (خه‌تای ئیسرائیل و ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان ناگرن) و ئه‌و سه‌رۆکه دایناسۆرانه به بهروهرامی دواکه‌وتنیان ده‌زانن.
ماده‌م لێره‌دا ناوی ئیسرائیلمان هێنا وا باشه که‌مێک له‌م وشه گرنگه رامێنین، ئه‌ی باشه په‌رچه‌کرداری ئیسرائیل به‌رانبه‌ر ئه‌م بزوتنه‌وه ئازادیخوازیانهی تونس و میسر چی بو؟ ئیسرائیل له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕه کۆنه‌که‌ی خۆی بو، شه‌معون پیرێزی سه‌رکۆماری ئیسرائیل هۆشداری ئه‌وه‌ی دا که نابێت ئه‌خه‌وان موسلمین ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست، هه‌روه‌ها بنیامین ناتانیاهۆی سه‌ره‌کوه‌زیران مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌یه که هه‌رچۆنێک بێت حوسنی موباره‌ک له ده‌سه‌ڵات دا بهێڵرێته‌وه.
ئه‌م بۆچونه‌ی سه‌رانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ واقیعی ئامانجی ئه‌و که‌سانه دا نایه‌ته‌وه که پێکهاته‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و مۆدێرنی کۆمه‌ڵگه‌ی میسرن و له مه‌یدانی ته‌حریر دا خۆپیشاندانیان ساز کردوه، چونکه ئه‌م خۆپیشانده‌ره مۆدێرنانه خوازیاری دراوسێیهتیهکی ئاشتی و ئارامین له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دا.
لێره دا ئه‌و پرسیاره دێته پێشه‌وه که ده‌پرسێت: ئایا به‌ڕاستی روخانی به‌په‌له‌ی ئه‌م رژێمه له به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیل وه‌یاخود وردتر بڵێین سه‌رانی ئیسرائیل (بێجگه له که‌مینه‌یه‌کی ئایینی توندڕه‌و له ئیسرائیل دا) نییه؟ ئیسرائیل دیموکراسیه‌کی ئاست به‌رزی تێدایه. دیموکراسیه‌ک که هیچ کام له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کان ناتوانن ره‌خنه‌ی لێ‌بگرن.
هه‌روه‌ها ئیسرائیل خاوه‌ن کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی زیندوتر و روناکبیر تره له عه‌ره‌به‌کان (سه‌ره‌ڕای هه‌بونی هاوڵاتیگهلی توندڕه‌وی ئایینی و ناسیونالیست له ناو ئیسرائیل دا)، بێجگه له‌وه‌یش له بواری زانست و ته‌کنۆلۆژیا دا له ئاستێکی یه‌کجار به‌رزتر دایه له چاو وڵاته عه‌ره‌بیه دراوسێکانی دا.
دواجار ده‌توانین هۆکاری ئه‌م پێشکه‌وتنه‌ی ئیسرائیل بۆ هه‌بونی مێشکی ئازاد و ره‌ها بگێڕینه‌وه. چونکه ته‌نیا له‌و شوێنانه دا مێشک ده‌توانێت به‌رهه‌می باش بخاته‌وه که ئاازادیی تێدا بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یش دا پۆلیتیکی ئیسرائیل به هه‌مان شێوه گه‌یشتۆته خاڵی راوه‌ستان و چه‌قین و بێ به‌رهه‌می، پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینیه‌کان دا له‌لایه‌ن سه‌رانی ئێستاکه‌ی ئیسرائیله‌وه بێبایه‌خانه پیایدا ده‌ڕوانرێت یاخود به‌هۆی تاکتیکگه‌لی جۆراوجۆره‌وه پێشی پێده‌گیرێت، هه‌ر به بیانوی پاراستنی هه‌بونی ئیسرائیله‌وه له‌وانه‌یه بۆ ده‌یانساڵی تر داگیرکردنی خاکی فه‌له‌ستینیه‌کان و رۆژاوای ئه‌رده‌ن به‌رده‌وام بێت.
پۆلیتیکی ئیسرائیل له بواری ده‌رکردنی عه‌ره‌ب و دروستکردنی یه‌که‌ی نیشته‌جێبون و هێنانی جوله‌که بۆ شوێنه‌کانیان کاره‌ساته.
دیاره که‌سانی ئاگاداری وه‌کو ناتانیاهۆ و پیرێز به‌ر له خه‌ڵکانی تر ده‌زانن ئه‌م بارودۆخه ناتوانرێت به‌وشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش ئه‌م دوانه هه‌ر به‌و باوه‌ڕه کۆنهیانهوه نوساون و به بیانوی ئه‌وه‌ی که گوایا له ئێستا دا کاره‌کان به‌م باوه‌ره جێبه‌جێده‌کرێن.
له لایه‌کی تره‌وه به‌شێکی دیار و به‌رچاوی کۆمه‌ڵی ئیسرائیل - واته ئه‌وانه‌ی خانویان له شوێنی خاکی عه‌ره‌به ده‌رکراوه‌کان دا بۆ دروستکراوه له‌گه‌ڵ ناسیونالیسته توندڕه‌وه‌کان ده‌یانه‌وێت بۆ هه‌میشه و هه‌تا هه‌تایه خاکه داگیرکراوه‌کانی خۆرئاوای ئه‌رده‌ن بکه‌ن به به‌شێک له خاکی ئیسرائیل و ملیۆنان فهلهستتینی به‌ره و ئه‌رده‌ن ده‌ربکه‌ن.
کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسرائیل ئاماده‌کاری بۆ به‌رنامه‌گه‌لێک کردوه که بۆ دواڕۆژی به‌کارنایه‌ت و له ئێستا دا ئاسودانه خۆی پێوه به‌ستۆته‌وه.
ئایا ئیسرائیل ده‌توانێت له موباره‌ک زیره‌کتر بێت؟
سه‌رچاوه: دێر ستاندارد
* هانس راوشهر: نوسه‌ری چه‌ندین کتیبه و یه‌کێک له رۆژنامه‌وانه ناسراوه‌کانی نه‌مسایه، له ساڵی 1944 دا له ڤیه‌ننا له‌دایکبوه.