(سبه‌ی):
خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری زۆربه‌ی شاروشارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی گرتوه‌ته‌وه‌و نوسه‌رێکیش ده‌ڵێت؛ کار له‌ڕه‌خنه‌و گله‌یی له ده‌سه‌ڵات ده‌رچوه‌و هه‌ولێریش دێته ده‌نگ.
مه‌سعود عه‌بدولخالق، نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسی شاری هه‌ولێر، به (سبه‌ی) راگه‌یاند: ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی كه له كوردستان و ناوچه‌كه ده‌كرێت هۆكاره‌كانیان یه‌كه، ئه‌و وڵاتانه‌یه كه سیسته‌مه‌که‌یان سیسته‌می قاعیده‌ی حیزبی و گه‌نده‌ڵی و بێكاری و گرانیه، حیزب ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئاسایش و هێزی چه‌كداری داگرتوه، ئه‌م جۆره سیسته‌مه‌ش ته‌نها له‌جیهانی عه‌ره‌بی و كوردستانه، بۆیه خۆپیشاندان له كوردستان سه‌رتاسه‌ریه‌و داواكاری گشتی هاوڵاتیانه.
باسی له‌وه‌شکرد، خه‌ڵكی كوردستان داوای چاكسازیی ریشه‌یی ده‌كه‌ن و نایانه‌وێت ئه‌زمونه‌كه‌یان تێك بچێت، ته‌نها داوای چاكسازی ریشه‌یی و خۆچاككردنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن.
ئه‌و نوسه‌ره رونیشیکردهوه، "ماوه‌ی 20 ساڵه ده‌سه‌ڵات به‌ڵێن به هاوڵاتیان ده‌دات و جێبه‌جێی ناكات، کار له‌ڕه‌خنه‌و گله‌یی ده‌رچوه، چونكه ره‌خنه‌و گله‌یی كرا و خۆپیشاندانی جیا جیا كرا بۆ بابه‌تی جیاجیا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات گوێی پێنه‌دا".
مه‌سعود عه‌بدولخالق وتیشی: له‌پاڵ هه‌مو ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌دا ده‌سه‌ڵات هه‌نگاوی زیاتریشی نا بۆ گه‌نده‌ڵی، وه‌ك داگیركردنی زه‌وی و موڵك و ماڵی گشتی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه که سه‌ره‌تا به‌مه‌تر بو دوایی داگیرکردن بو به‌دۆنم، پاشانیش په‌ڕیه‌وه بۆ نه‌وت و چه‌ندان شتی دیکه".
ناوبراو ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانی ناوچه جیاوازه‌کانی هه‌رێمیش، وتی: ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ولێریشی گرتوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ولێر دره‌نگ ده‌جوڵێت و هه‌ركاتیش جوڵا، به‌ئاسانی دانامركێتهوهو كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت، ته‌ئکیدیشی کرده‌وه به‌رده‌وامبونی خۆپیشاندانه‌كانی ئێستاش هه‌مو هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه.
هێژا محه‌مه‌د