(سبه‌ی):
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کانی شار‌و شارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، بازگه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی هه‌ولێر كێشه‌ی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان دروستكردوه‌و رێگه به‌دانیشتوانی سنوری ئیداره‌ی سلێمان ناده‌ن سه‌ردانی ئه‌و شاره بکه‌ن.
ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی و خوێندكار له‌قه‌زای كۆیه که رێگه‌یان پێنه‌درابو بچنه ناو هه‌ولێره‌وه، بۆ (سبه‌ی) ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌کرد، "له‌دوای خۆپیشاندانی شار‌و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌بازگه‌كانی سنوری ئیداره‌ی هه‌ولێر له‌كاتی هاتوچۆكردن بۆ شار‌و شارۆچكه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی كێشه‌ی زۆر بۆ هاوڵاتیان دروست ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له هه‌ردو بازگه‌ی دێگه‌ڵه و كه‌سنه‌زان".
ئه‌و هاوڵاتیانه ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕو، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابوردودا له کاتێکدا بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر هاوڵاتیان راده‌گرن و ده‌یانپشکنن، ده‌یان هاوڵاتی دانیشتوی سنوری ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی سلێمانی رێگه‌یان پێنه‌دراوه سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێر بكه‌ن.
ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی و بێزاری لای ته‌واوی هاوڵاتیان دروستکردوه‌و به‌کارێکی نه‌شیاو له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن، هاوکات رۆژی (سێشه‌ممه)ی رابوردوش تیمێكی كه‌ناڵی KNN پاش روماڵکردنی خۆپیشاندانێک له‌شاری کۆیه، دواتر له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌ولێر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پارتی له‌بازگه‌ی دێگه‌ڵه رێگه‌یان لێ گیرا و نه‌یانهێشت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ولێر.
ئاری سابیر