غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵا
شێركۆ بێكه‌س ده‌ڵێ: په‌پوله و كۆتره‌كان گێره‌شێوێن نین.
منیش ده‌ڵیم: ئه‌وه داڵه توشهكانن گێره‌شێوێنن...
جاران ده‌یانوت شۆڕشمان پێنه‌كرێت پێمان تێكده‌درێت. ئێستا ئه‌و قسه‌یه به‌جۆرێكی دیكه به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر چاكسازیمان پێنه‌كرێت خوێنتان ده‌ڕێژین! بێگومان خوێن رشتنهكانی سلێمانی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات راسته‌وخۆ و به‌به‌رچاوی دنیاوه لێی به‌رپرسیارن و ده‌ستیان چوه‌ته ئه‌و خۆینانه، بڵێی كه‌سیش گوللـه له‌ده‌ستی ده‌رنه‌چوه! بگره به‌قه‌ستی كوشتن ته‌قه‌یان له خه‌ڵك كردوه. بۆیه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له دوای 17/2وه هیچ شه‌رعیه‌تێكی نه‌ماوه. هه‌قیشه جه‌ماوه‌ری كوردستان ئیتر به‌قسه‌ی ئه‌و حكومه‌ت و په‌رله‌مانه نه‌كه‌ن و فراكسێونهكانی ئۆپۆزسیۆن بكشێنه‌وه له‌و په‌رله‌مانه به زوترین كات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ناكه‌ن باچیتر نه‌یه‌نه سه‌ر مینبه‌ره‌كانی سه‌رای ئازادی و سه‌راكانی دیكه له شار و شاروچكه‌كانی دیكه و خوتبه بده‌ن. چونكه خوێنه‌كانی ئه‌م رۆژانه‌ی سلێمانی و كه‌لار و چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ڵه‌بجه هیچ پاساوێكیان نه‌هێشته‌وه بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته و ئه‌و پهرلهمانهـ خۆپیشانده‌رانیش به یه‌ك داواده‌كه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵوه‌شێنه‌وه...
ئه‌وانه تا ئێستاكه به ئه‌قڵیه‌تی شه‌ڕی براكوژی بیرده‌كه‌نه‌وه، واده‌زانن كه ئه‌وان چون بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئاشتبونه‌وه به ناوبژیوانی ئۆڵبرایت و مه‌سه‌له‌كه به رێككه‌وتنێكی هه‌ش كوشتاره‌كه وه‌ستا!. گه‌رچی تائێستایش هه‌ردولا له حاڵه‌تی جه‌نگی سارد و بێمتمانه‌ییدا ده‌ژین! خۆ ئه‌وان ناتوانن گه‌لێكی چوار ملێونی سواری فڕۆكه بكه‌ن و بچن بیبه‌ن بۆ لای هیلاری كلینتون و ئاشتی بكه‌نه‌وه به‌بێ هیچ به‌رامبه‌رێك! ئه‌وه‌ش نازانن كه ئێدی ئه‌م گه‌له به به‌ڵێنه شوانخهڵتێنهكان ته‌فره نادرێت و بڕیاری ببڕای ببڕی خۆی هه‌یه، به هیچ شتێكیش قه‌ره‌بوی ئه‌و خوێنه به ناهه‌ق رژاوهی كوردستان ناكرێته‌وه، ته‌نها به‌گۆڕینی ریشه‌یی ئه‌م سیستمه‌ی ئێستای كوردستان نه‌بێ، ئه‌م سیسته‌مه گه‌نده‌ڵه تا سه‌ر ئێسقانه. ئه‌وه‌یشی بڕوا ناكات كه ئه‌م ده‌سه‌ڵات تا سه‌ر ئێسقان گه‌نده‌ڵه، با له‌و منداڵه شههیدكراوانه ببپرسن كه به ده‌ستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته شه‌هید كراون. با له ئاسایش و هێزه ئه‌منی نا ئه‌منیه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی بپرسن، كه هه‌ركه‌سێك ده‌می به هه‌ق كرده‌وه دوای ئه‌وه له په‌ناوه ده‌یگرن و بێ سه‌رو شوێنی ده‌كه‌ن. نمونه‌كانیش ماون وه‌كو دكتۆر پشتیوان و خالید شینه و مه‌لا كاروان...
چۆن دڵتان هات جه‌رگی ئه‌و پیره‌مێرده ریش سپیه‌یی كه‌لار بسوتێنن، كه فرمێسكه‌كانی بۆ بیلالهكهی هه‌مو ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌ی ده‌هێنێ، هه‌ر فرمێسكێكی تۆمه‌تێكه و ئاڕاسته‌ی ئێوه‌ی ده‌كات، ئه‌و خوێنه به ناهه‌ق رژاوانه ملێونه دۆلار و ملیاره دۆلاره‌كانتان كه سامانی ئه‌م گه‌له‌یه قه‌ره‌بویان ناكاته‌وه! ته‌نها ئه‌وه‌یش هه‌یه كه به تۆزی خۆتانه‌وه كورسیهكانتان بهجێبهێڵن. ئیدی كاتی ئه‌وه‌ش هاتوه نوسه‌ر و شاعیرانی راسته‌قینه‌ی ئه‌م گه‌له خوێنی خۆیان بخه‌نه كاسه و مێژوی مه‌ردایه‌تی بۆ خۆیان دروست بكه‌ن و له‌سه‌نگه‌ری گه‌له‌كه‌یان بوه‌ستن.