دیمانه: شه‌نكار عه‌بدوڵا
له چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان و كه‌موكورتی ئه‌و پڕۆژه ده‌ستوره‌ی له په‌رله‌مان په‌سه‌ندكراوه له‌گه‌ڵ سبه‌ی، قانونزان دكتۆر نوری تاڵه‌بانی رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئه‌گه‌ر ده‌ستورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان پهسهندبكرابا، تێیدا به‌ڕونی ده‌سه‌ڵاتی هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كان دیاری بكرابا، ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆییش كه‌متر ده‌بو، چونكه ده‌سه‌ڵاته‌كان به حیزبهكانیشهوه حیسابێكیان بۆ ده‌ستور ده‌كرد، كه قانونی باڵایه‌و سه‌رچاوه‌ی هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانه، پاش ئیراده‌ی گه‌ڵ".
سبه‌ی: سه‌ره‌تا با له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین كه له خولی پێشوی په‌رله‌ماندا ره‌خنه‌تان له پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان گرتبو، وه‌ك قانونزانێك ره‌خنه‌كان له ده‌ستوری هه‌رێم چیی بو؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان دۆكیمه‌نتێكی قانونی گرنگه، له‌وێدا شێوه‌ی حوكمڕانیكردن دیاری ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ مافی هاوڵاتیان و ئه‌ركه‌كانیان به‌شێوه‌ی گشتی. ره‌خنه‌ی قانونیم له پرۆژه‌كه‌و له شێوه‌ی ئاماده‌كردنی هه‌یه. بۆ نمونه، پاش دارشتنی پرۆژه‌كه به‌دوا شێوه‌ی له كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی 2006، چه‌ند تێبینیێكم به‌نوسراوی دایه سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی به ئومێدی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ریان، به‌ڵام نه‌یخسته به‌رده‌م لیژنه‌كه به‌بیانوی ئه‌وه كات به‌سه‌رچوه‌و پرۆژه‌كه دواشێوهی خۆی وه‌رگرتوه. به‌ڵام پاش كه‌متر له دو مانگ و له‌كاتی پشوی هاوینی په‌رله‌ماندا، كۆبونهوێكی به‌ناو نائاسایی به لیژنه‌كه كردبو، تێیدا ده‌ستكاری 22 مادده‌و بڕگه له پرۆژه‌كه‌یان كردبو، به ئاماده‌نه‌بونی نزیكه‌ی دو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی. ده‌كرا ئه‌و كۆبونه‌وه پاش 10 رۆژی تر بكرێت و به ئاماده‌بونی هه‌مو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه پێداچونه‌وه به پرۆژه‌كه بكرێت. ره‌خنه‌م له ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه‌ش هه‌یه، لێره ته‌نیا ئاماژه بۆ بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی دوی پرۆژه‌كه ده‌كه‌م، كه مادده‌ی 140 له ده‌ستوری عێراقی كردوه‌ته بنه‌ما بۆ دیاریكردنی سنوری سیاسی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و مادده‌یه بۆ نه‌هێشتنی ئاسه‌واری سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراق دارێژراوه، نه‌ك بۆ دیاریكردنی سنوری هه‌رێمی كوردستان. ناحه‌زانی كورد هه‌میشه له هه‌وڵی ئهوهدابون كۆسپ له‌به‌رده‌م جێبه‌جێ كردنی ئه‌و مادده‌یه دروستبكه‌ن، بۆیه نازانین كه‌ی و چۆن و به چ شێوازێك جێبه‌جێ ده‌كرێت. بڕگه‌ی یه‌كه‌می ئه‌و مادده‌یه له پرۆژه‌كه به‌باشی دارێژراوه، سنوری هه‌رێمی به‌پێی بنه‌ماكانی مێژو و جۆگرافیا دیاری كردوه، به‌بۆچونی من بڕگه‌ی دوه‌می ئه‌و مادده‌یه زیاده. هه‌روه‌ها له بڕگه‌ی دوه‌می مادده‌ی (107)ی پرۆژه‌كه دیوانی ده‌ستپاكی و ده‌سته‌ی چاودێری دارایی پێكه‌وه له‌و بڕگه‌دا كۆكراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش له روی قانونییه‌وه ههڵهێكی گه‌وره‌یه. ره‌خنه‌ی دیكه‌مان له پرۆژه‌كه هه‌یه كه لێره‌دا باس له هه‌مویان ناكرێت.
سبه‌ی: پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان له‌ڕوی قانونییه‌وه چۆن ده‌بینی، مه‌به‌ست لایه‌نی داڕشتنه‌كه‌ی و رێزبه‌ندیی به‌ش و مادده‌و بڕگهكانیهتی، له‌گه‌ڵ دیباجهو ده‌قه وهرگێڕاوهكهی، له‌م روه‌وه هیچ كه‌لێن و كورتهێنان به‌دی ده‌كه‌ن؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان به‌زمانی عه‌ره‌بی دارێژراوه، له‌یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌كه پێشنیازی نوسینه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌م به زمانی كوردی كرد، چونكه (كوردی)زمانی فه‌رمییه و ده‌بێ ئه‌و دۆكیمهنته گرنگه به‌و زمانه بنوسرێت، به‌ڵام پێشنیازه‌كه‌م قبوڵ نه‌كرا. پاش ئاماده‌كردنی پرۆژه‌كه له كۆتایی حوزه‌یرانی 2006، ئه‌ركی وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه بۆسه‌ر زمانی كوردی به من سپێردرا، به هاوكاری چه‌ند دۆستێكی زمان‌زان پرۆژه‌كه‌مان له عه‌ره‌بییه‌وه كرده كوردی، به چاپكراوی پرۆژه‌كه‌م دایه سه‌رۆكی لیژنه‌كه. به‌ڵام پاش چه‌ند رۆژێك به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌م، سه‌رۆكی لیژنه‌كه داوای له چه‌ند ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه كردبو به كوردیه‌كه‌یدا بچنه‌وه، ئه‌وه كارێكی باش بو، به‌ڵام ده‌بو منیش ئاگاداربكرێمه‌وه، تا هاوكاریان بكه‌م. ئه‌و پێداچونه‌وه بوه هۆی ده‌ستكاریكردنی پرۆژه‌كه‌و ره‌خنه له زمانی داڕشتنی بگیرێ، چونكه ئه‌و براده‌رانه‌ی به پرۆژه‌كه‌دا چوبونه‌وه، به‌ده‌قاوده‌قی وهریانگێڕابوه سه‌ر زمانی كوردی، كه ئه‌وه‌ش له‌ڕوی زمانه‌وانیه‌وه راست نییه، چونكه هه‌مو زمانێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. له‌كاتی وه‌رگێڕانی پرۆژه‌كه بۆسه‌ر زمانی كوردی، چه‌ند تێبینیێكم له‌سه‌ر به‌شێك له مادده‌كانی هه‌بو، له‌پاڵ ده‌قی وه‌رگێڕاوی مادده‌كان، به ره‌شی پێشنیازی دارشتنهوهیانم كردبو. بۆ رونكردنه‌وه، چه‌ند نمونهێك ده‌خه‌مه به‌رچاو: له مادده‌ی دوه‌می پرۆژه‌كه‌دا كه ته‌رخانكراوه بۆ دیاری كردنی سنوری هه‌رێمی كوردستان، له‌پاڵ ده‌قی وه‌رگێڕاوی ئه‌و مادده‌یه، كه به‌م جۆره‌بو:
" دوه‌م: بۆ دیاریكردنی سنوری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پشت به مادده‌ی 140 ی ده‌ستوری یه‌كگرتوی عێراق، ده‌به‌سترێ." ئه‌و تێبینیه‌م له‌سه‌ر نوسیبو:
{بڕگه‌ی دوه‌می ئه‌م مادده‌یه زیاده، چونكه گومان ده‌خاته سه‌ر سنوری هه‌رێمی كوردستان به‌و شێوه‌ی له بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا، كه به‌پێی بنه‌مای جۆگرافیاو مێژو دیاریكراوه. پشت به‌ستن به مادده‌ی 140 بۆ دیاریكردنی سنوری هه‌رێمی كوردستان وادهگهێنێت كه ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده‌یه به‌و شێوه‌یه‌ی كورد داوای ده‌كات جێبه‌جێ نه‌كرێت و به‌شێك له‌و ناوچانه نه‌خرێته سه‌ر سنوری هه‌رێمی كوردستان، كورد ده‌بێ قبوڵی بكات و ده‌ست له كوردستانیه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ڵبگرێت. له سوریا هه‌ردو پارێزگای (ئهسكهندرونه)و (ئه‌نتاكیا) ده‌مێكه خراونه‌ته سه‌ر سنوری سیاسی توركیا، به‌ڵام سوریا دانی پێدانه‌ناوه و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی فه‌رمی سوریا ئه‌و دو پارێزگایه ئێستاش به به‌شێك له سوریا ده‌درێنه قه‌ڵه‌م. خۆپابه‌ندكردن به مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عێراق بۆ دیاریكردنی سنوری هه‌رێمی كوردستان راست نییه، چونكه ئه‌و مادده‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی دیكه دارێژراوه، كه نه‌هێشتنی شوێنه‌واری سیاسه‌تی به عه‌ره‌بكردنی ئه‌و ناوچانه‌یه، نه‌ك دیاریكردنی سنوری هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م بڕگه‌یه له كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 22ی ئابی 2006، خراوه‌ته سه‌ر پرۆژه‌كه}".
هه‌روه‌ها مادده‌ی هه‌شتی پرۆژه‌كه به‌م شێوه‌یه دارێژرابو:
"مادده‌ی هه‌شت:
گه‌لی كوردستان – عێراق مافی دیاریكردن و بڕیاردانی چاره‌نوسی خۆی هه‌یه، به‌پێی ئه‌م مافه‌ش، له دیاریكردنی پێگه‌ی رامیاری خۆی و به‌دیهێنانی گه‌شه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری خۆیدا ئازاده. ئه‌م یه‌كێتییه ئازادانه‌ی كه له‌گه‌ڵ عێراقدا وه‌ك گه‌ل و خاك و سه‌روه‌ریی هه‌ڵبژاردوه، به‌ستراوه به پابه‌ندبون به ده‌ستوری یه‌كگرتوی عێراق و سیسته‌می فیدراڵی و په‌رله‌مانی و دیموكراتی و فره لایه‌نی و مافه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵی مرۆڤ، له‌به‌رئه‌وه بۆی هه‌یه چاوبگێرێتهوه به‌م بڕیاره‌ی بۆ دیاریكردنی پاشه‌رۆژی خۆی و پێگه‌ی سیاسیی له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه:
1- پێشێلكردنی شكۆمه‌ندیی ده‌ستوری یه‌كگرتوی عێراق، كه وه‌ك پاشگه‌زبونه‌وه له پابه‌ندبون به سیستمی فیدراڵی یان پرنسیپه بنچینه‌ییه‌كانی ده‌ستور و دیموكراسیه‌ت و مافه‌كانی تاك وكۆمه‌ڵی مرۆڤ، دابنرێت.
2 - په‌یره‌وكردنی سیاسه‌تی جیاوازی ره‌گه‌زی و گۆڕینی باری دێموگرافی كوردستان، یان هێشتنه‌وه‌ی شوێنه‌وار و ئاكامه‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته، كه به پاشگه‌زبونه‌وه له‌و پابه‌ندبونه ده‌ستورییه‌ی له مادده‌ی 140ی ده‌ستوری یه‌كگرتودا هاتون، داده‌نرێت." به‌ڵام پێشنیازكرابو به‌م جۆره دابرێژرێت:
1- گه‌لی كوردستان - عێراق مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی خۆی به ئاره‌زوی خۆی هه‌یه.
2- گه‌لی كوردستان - عێراق له‌گه‌ڵ گه‌لی عه‌ره‌بی عێراقدا، به ویست و ئاره‌زوی خۆی، ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی دامه‌زراندوه، كه سیستمه‌كه‌ی دیموكراتی و په‌رله‌مانی و فره‌لایه‌نی و له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنه له مافه‌كانی مرۆڤ.
3- مانه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان - عێراق له‌م ده‌وڵه‌ته یهكگرتوهدا، به‌نده به ره‌چاوكردنی بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ده‌ستوری عێراق، به‌تایبه‌تی فیدرالیزم و سیستمی په‌رله‌مانی و دیموكراتی و رێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ، له‌گه‌ڵ جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140ی له ده‌ستوری عێراق و نه‌هێشتنی شوێنه‌واری سیاسه‌تی گۆڕینی باری دیموَگرافی ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌و مادده‌یه ده‌ستنیشانی كردون}.
سبه‌ی: روه ئیجابی و باشه‌كانی پرۆژه‌ی ده‌ستوره‌كه له چیدا ده‌بینی؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: چه‌ند پرنسیپێكی قانونی گرنگ له پرۆژه‌كه‌دا چه‌سپێندراوه، وه‌ك دیاریكردنی سنوری هه‌رێمی كوردستان به‌پێی مێژو و جۆگرافیا، هه‌رچه‌نده له بڕگه‌ی دوه‌می هه‌مان مادده‌دا پشت به مادده‌ی 140 له ده‌ستوری عێراق به‌ستراوه، كه وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كردوه راست نییه. له‌و پرنسیپه گرنگانه‌ی له پرۆژه‌كه‌دا هاتوه، چه‌سپاندنی مافی چاره‌نوس بۆ گه‌لی كوردستان، له‌گه‌ڵ مافی داواكردنی رێفه‌راندۆم له‌لایه‌ن له سه‌دا بیست و پێنجی 25% ئه‌و كه‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه له چه‌ند حاڵه‌تێكی دیاری كراودا، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرنسیپێكی تر.
سبه‌ی: كوردستان له غیابی ده‌ستوردا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ واته نه‌بونی ده‌ستور چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌بوه له‌سه‌ر ژیانی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: ده‌ستور سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و قانونهكانه، له‌وێدا شێوه‌ی حوكمڕانی و رێكخستنی ده‌سه‌ڵاته‌كان دیاری ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له‌گه‌ڵ دیاریكردنی ماف و ئه‌ركه‌كانی هاوڵاتیان. په‌سه‌ندكردنی سیسته‌می فیدراڵی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌وه له تشرینی یه‌كه‌می 1992 بوه هۆی دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی (دێ فاكتۆ) له هه‌رێمی كوردستان. په‌رله‌مان ده‌بو به بڕیارێكی تر ده‌ستورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ند بكات، تێیدا ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌رێم و شێوه‌ی رێكخستنیان دیاری بكرێت. مانه‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوانه به‌بێ رێكخستنیان به‌پێی ده‌ستور، بوه هۆی زیاتر ده‌ستێوه‌ردانی پارته سیاسیه‌كان و هه‌تا به‌شێك له دامه‌زراوه‌كان له كاروباری دامه‌زراوه‌كانی تر، چونكه سنوری ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و دامه‌زراوانه به‌ڕونی دیاری نه‌كرابو. په‌رله‌مانی هه‌رێم كه ئه‌ركی سه‌ره‌كی قانوندانانه له‌گه‌ڵ چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت، ده‌ستی ده‌خسته ناو كاروباری حكومه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش ناكۆكی لێ په‌یدا ده‌بو. ئه‌گه‌ر ده‌ستورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان پهسهندبكرابا، تێیدا به‌ڕونی ده‌سه‌ڵاتی هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كان دیاری بكرابا، ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆییش كه‌متر ده‌بو، چونكه ده‌سه‌ڵاته‌كان به حیزبهكانیشهوه حیسابێكیان بۆ ده‌ستور ده‌كرد، كه قانونی باڵایه‌و سه‌رچاوه‌ی هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانه، پاش ئیراده‌ی گه‌ڵ.
سبه‌ی: زۆر ره‌خنه له‌دیباجه‌ی ده‌ستور گیراوه، ئه‌م دیباجه‌یه تاچه‌ند دروسته و ده‌بێت چۆن بێت؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: (پێشه‌كی) وشهێكی كوردیه له وشه‌ی (دیباجه) چاكتره. (پێشه‌كی) پرۆژه‌كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌وه به‌زمانی عه‌ره‌بی ئاماده‌كراوه، ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه پاشتر وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی. ئه‌و (پێشه‌كی)یه به زمانی ئینشائی دارێژراوه، تێیدا ئاماژه نه‌كراوه بۆ ئه‌و دۆكیمهنته نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی دانیان به مافی چاره‌نوس بۆ گه‌لی كورد ناوه، وه‌ك په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی (سێڤر)ی ساڵی 1920. چاكتره ئه‌و (پێشه‌كی)یه به زمانێكی قانونی و كورتر دابرێژرێت. له‌كاتی وه‌رگێڕانی پرۆژه‌كه بۆسه‌ر زمانی كوردی، (پێشه‌كی)ێكی تازه‌م به هه‌ردو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی بۆ پرۆژه‌كه نوسی، به‌ڵام سه‌رۆكی لیژنه‌كه نه‌یخسته به‌رده‌م لیژنه‌كه‌وه تا بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت!
سبه‌ی: هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نی قانونی و سیاسیش گله‌یی ئه‌وه‌یان له‌ده‌ستوری هه‌رێمه كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر زۆره، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ره‌هایه ده‌بێته كێشه بۆ دواڕۆژی سیستمی سیاسی له‌م هه‌رێم؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتێكی زۆری پێدراوه، بۆ نمونه، پێشنیازكردنی پرۆژه‌ی قانون و بڕیار بۆ په‌رله‌مان، ده‌ركردنی ئه‌و قانون و بڕیارانه‌ی كه په‌رله‌مان په‌سه‌ندیان ده‌كات، كه ده‌بێ له‌ماوه‌ی (10)رۆژدا، له رۆژی وه‌رگرتنیان له‌لایه‌ن دیوانی سهرۆكایهتیهوه په‌سه‌ندی بكات، یان تانه له هه‌موی یان له به‌شێكیان بدات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكاته‌وه، به‌ڵام بڕیاری په‌رله‌مان له باره‌یه‌وه یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ده رۆژی دیاریكراودا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی ده‌رنه‌كرێت، ئه‌وا ئه‌و قانون و بڕیارانه به په‌سه‌ندكراو داده‌نرێن. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه فه‌رمان (مرسوم) ده‌ربكات بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، چ له حاڵه‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، یان له حاڵه‌تی كۆتایی هاتن به ماوه‌ی خولی هه‌ڵبژاردنی، له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی فه‌رمان بۆ بانگهێشتكردنی په‌رله‌مان بۆ به‌ستنی یه‌كه‌م دانیشتنی خولی هه‌ڵبژاردنی، ئه‌ویش له‌ماوه‌ی پازده رۆژدا، له رۆژی راگه‌یاندنی دوا ئه‌نجامه‌كانی. ئه‌گه‌ر ئه‌و بانگهێشتنه نه‌كرێت، ئه‌وا په‌رله‌مان خۆی رۆژێك دوای ته‌واوبونی ئه‌و ماوه دیاریكراوه، كۆده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێم بۆی هه‌یه فه‌رمان به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌و حاڵه‌تانه‌ی له ده‌ستور یان له قانونی په‌رله‌مان دیاریكراون ده‌ربكات. ئه‌وانه‌و چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی دیكه له مادده‌ی (65)دا، له بیست وچوار بڕگه‌دا ده‌ستنیشان كراون. له‌و پرۆژه‌ی كه له حوزه‌یرانی 2006دا ئاماده‌كرابو، ژماره‌ی ئه‌و بڕگانه كه‌متر بون، به‌ڵام له كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ده‌ستوری كه له ته‌موزی 2008 بدا به‌سترابو، چه‌ند بڕگهێكی دیكه‌ی خرابوه‌سه‌ر. به‌شێكی زۆر له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بریتین له په‌سه‌ندكردنی بڕیار یان پێشنیازی په‌رله‌مان یان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی، به‌ڵام به‌شێكیان ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تن به خۆی.
سبه‌ی: ده‌كرێت بزانین وه‌ك شاره‌زاییه‌كی قانونی چ ده‌ستورێكی بۆ هه‌رێمی كوردستان پێ باشه، یان ئه‌گه‌ر سه‌رپشك بیت له دانانی ده‌ستور چ ده‌ستورێك داده‌نێیت؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: روخانی رژێمی به‌عسی له نیسانی 2003 و په‌سه‌ندكردنی قانونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ماوه‌ی گواستنه‌وه وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره بو له مێژوی كوردستان و عێراقدا. مادده‌ی 53ی ئه‌و قانونه دانی به هه‌رێمی كوردستاندا نابو له سنوری ئیداری ئه‌و ناوچانه‌ی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمدا بون. مادده‌ی 54ش دانی به ده‌زگا سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌رێمدا نابو، وه‌كو حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری. په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كو ده‌سه‌ڵاتێكی قانوندانهر مایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دریژه به كاره‌كانی بدات تا ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌ستورێكی هه‌میشه‌یی بۆ عێراق په‌سه‌ند ده‌كرێت. په‌رله‌مانی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و قانونه ده‌یتوانی قانونی تازه له هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ند بكات، یان ده‌ستكاری قانونه‌كانی پێشتر بكات، به مه‌رجێك گونجاوبن له‌گه‌ڵ مادده‌ی 25 و په‌ره‌گرافی (د) له مادده‌ی 43ی قانونی نابراودا. به‌گوێره‌ی ئه‌و دو مادده‌یه، چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكی "سیادی" كه تایبه‌ت بون به حكومه‌تی ناوه‌ند، په‌رله‌مانی هه‌رێم ده‌بو رێزیان لێ بگرێ له كاتی په‌سه‌ندكردنی قانونی تازه‌دا. به‌واتایه‌كی دی، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌یتوانێ هه‌مو جۆره قانونێك په‌سه‌ندبكات، به دهستوریشهوه، چونكه ده‌ستور ئه‌ویش قانونه، به‌ڵام قانونێكی باڵایه، به مه‌رجێك ره‌چاوی ئه‌و دو مادده‌یه بكرێت.
سه‌رانی كورد ده‌بو داوای دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بكه‌ن له‌سه‌ر بنهماێكی نوێ، چاكترین بنه‌ماش بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، رێككه‌وتنی ئاره‌زومه‌ندانه بو له نێو دو پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كه‌ی عێراق. ئه‌گه‌ر داخوازیه‌كانی گه‌لی كوردستان له ده‌ستورێكدا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه پهسهندبكرابان و كاربكرابایا بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ده‌ستوره‌ی هه‌رێم له ناو ده‌ستوری عێراقدا جێگیر بكرابان، سه‌نگی كورد له‌ڕوی قانونییه‌وه قورس‌تر ده‌بو. سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌یانتوانی بڵێن له‌و ده‌ستوره‌دا كه په‌رله‌مانی هه‌رێم په‌سه‌ندی كردوه داواكاریه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی تێدا دیاری كراوه. ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر قبوڵی نه‌كردبا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ده‌ستوره‌ی هه‌رێم له‌ناو ده‌ستوری عێراق نهچهسپێنرێ، به‌شداری له دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق ناكه‌ن. حكومه‌تی عێراق له‌و ده‌مه زۆر لاواز بو نه‌یده‌توانی جارێكی تر هێزه چه‌كداره‌كانی بنێرێ بۆ كوردستان بۆ داگیركردنه‌وه‌ی و له‌شكركێشی بكاته سه‌ر كوردستان.
له كۆتایی ساڵی 1992 پرۆژه‌ی دهستورێكم بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كرد، تێیدا به‌شی هه‌ره زۆری داواكاریه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌وێدا چهسپێنرابون. لێره ئاماژه بۆ چه‌ند بنه‌مایه‌كی ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌كه‌م: مافی گه‌لی كوردستان بۆ دیاریكردنی چاره‌نوسی به ئاره‌زوی خۆی، هه‌روه‌ها له مادده‌ی سێی ئه‌و پرۆژیه باس له‌وه كراوه كه " گه‌لی كوردستانی - عێراق سه‌رچاوه‌ی هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانه و خۆی بریاری دوارۆژی خۆی ده‌دا". له مادده‌ی یه‌كه‌می ئه‌و پرۆژه‌یه باس له دامهزرانهدنهوهی ده‌وڵه‌تی عێراق كراوه له‌سه‌ر پرنسیپی رێككه‌وتنی ئاره‌زومه‌ندانه: "هه‌رێمی كوردستانی - عێراق هه‌رێمێكه له هه‌رێمه‌كانی كۆماری عێراقی فیدرال، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كگرتنی ئاره‌زومه‌ندانه دروست بوه". له مادده‌ی چواره‌می ئه‌و پرۆژه‌یه هاتوه: " گه‌لی كوردستان به ویست و ئاره‌زوی خۆی له‌گه‌ڵ به‌شه عه‌ره‌بیه‌كه‌ی عێراق كۆمارێكی فیدرالی پێكدێنن"، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌ێنێ كه ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنی ئاره‌زومه‌ندانه دروستبكرێته‌وه. ئه‌مه ده‌رباره‌ی دیاری كردنی په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان به حكومه‌تی عێراقه‌وه. له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، پرۆژه‌كه له‌سه‌ر بنهماێكی تر دارێژراوه، كه جیاوازه له‌و بنه‌مایه‌ی كه پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی ساڵی 2009 ئاماده‌كراوه. ده‌قی پرۆژه‌كه به عه‌ره‌بی نوسراوه، ئومێده‌وارم جارێكی تر بڵاوی بكه‌مه‌وه.
سبه‌ی: ئێستا هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌ستور و گۆڕانكاریی له پڕۆژه‌كه‌ی پێش‌و پێشكه‌ش كردوه، چ تێبینییه‌كت هه‌یه له‌سه‌ر كۆی پڕۆژه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆ په‌رله‌مان، هه‌رچه‌نده به‌شێكیان له مانگی حوزه‌یرانی 2009دا ده‌نگیان بۆ داوه! پێشتر ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كردوه كه پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم گرنگیێكی تایبه‌تی هه‌یه‌و یه‌كه‌م ده‌ستور ده‌بێت له مێژوی گه‌لی كوردا، بۆیه ده‌بێ به‌شێوه‌ێكی راست ودروست و به زمانێكی قانونی ره‌وان دابڕێژریـَت. ئه‌و پرۆژه ده‌ستوره‌ی كه له حوزه‌یرانی 2009 په‌رله‌مان به زۆرینه په‌سه‌ندی كرد، كه‌موكوڕی تێدایه، ته‌نیا په‌رله‌مانتار بوم ده‌نگم بۆ نه‌دا، ئه‌ویش له‌به‌ر هۆی قانونی نه‌ك سیاسی، چونكه له ساڵی 1992ه‌وه كار بۆ دانانی ده‌ستور بۆ ئه‌م به‌شه رزگاركراوه‌ی كوردستان ده‌كه‌م. به قه‌ناعه‌ته‌وه ده‌نگم بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه نه‌دا، چونكه ده‌زانم كه‌موكوڕیی زۆری تێدایه كه پێویسته پێش په‌سه‌ندكردنی چاكبكرێن. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ره‌خنه‌م له شێوه‌ی ئاماده‌كردن و دارشتنی پرۆژه‌كه هه‌بوه، بۆیه له سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزی 2008 ده‌ستم له لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم كێشایه‌وه.
ئه‌گه‌ر فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان به ته‌وافوقی سیاسی رێكبكه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جارێكی تر به پرۆژه‌كه‌دا بچنه‌وه، ئه‌وا ده‌كرێ له‌سه‌ر داوای حكومه‌ت یان 10 په‌رله‌مانتار پرۆژه‌كه بخرێته‌وه به‌رده‌م په‌رله‌مان، به‌ڵام ده‌بێ دو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامان ده‌نگی بۆ داواكاریه بده‌ن، چونكه له قانونی په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم، كه چه‌ند رۆژێك پێش په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌كه‌ی ده‌ستور په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كرد، ئه‌و مه‌رجه دانراوه. په‌رله‌مان ده‌توانێ لیژنه‌ێكی بچوك له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ناولێ بنێ تا به پرۆژه‌كه‌دا بچێته‌وه. له‌و باوه‌ڕه‌دام كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه زو ته‌واو ده‌بێت، چونكه پرۆژه‌كه پێویستی به ده‌ستكاریكردنی بنه‌ڕه‌تی نییه. به‌شێك له مادده‌كانی و (پێشه‌كی)یه‌كه‌ی ده‌بێ چاكبكرێن، تا بگونجێن له‌گه‌ڵ داخوازیه‌كانی به‌شی زۆری خه‌ڵكی كوردستان.
سبه‌ی: تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ده‌ستوره‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ندكراوه، چ مه‌ترسییه‌كی بۆ دوارۆژی هه‌رێم ده‌بێت، یان به‌دیوێكی تردا، ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ده‌ستور جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه بۆ په‌رله‌مان و به ته‌وافق ده‌ستكاری بكرێت؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: وابزانم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌كه بۆ په‌رله‌مان، پاش ده‌ستكاری كردنی ده‌بێ به ته‌وافوقی سیاسی بێت، ئه‌وه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مو لایه‌نه‌كانه. له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌ڵێین ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان به تێكرا، یان به زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان په‌سه‌ندكراوه. ئاینده‌و دوارۆژی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و نه‌وه‌كانی پاش ئێمه‌ش شانازی به‌و هه‌ڵوێسته‌مان ده‌كه‌ن.
سبه‌ی: كۆمه‌ڵێك سه‌ره‌نج و ره‌خنه‌ی جیددی له‌لایه‌ن پسپۆڕان و رۆشنبیران بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پرۆژه‌ی ده‌ستور خراونه‌ته‌ڕو، تاچه‌ند گرنگه سود له‌و ره‌خنه‌و سهرهنجانه ببینرێت؟
دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: پێویسته سود له هه‌مو تێبین و سه‌رنج و راوبۆچونه‌كانی شاره‌زایان و پسپۆران وه‌ربگیرێ. یه‌كێك له كێشه‌كانم له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی ده‌ستوری په‌رله‌مان ئه‌وه‌بو كه كۆبونه‌وه‌یان به لیژنه‌كه نه‌ده‌كرد بۆ ته‌ماشاكردنی ئه‌و هه‌مو پێشنیاز و راوبۆچونانهی رێكخراو خه‌ڵكی شاره‌زا بۆ لیژنه‌كه‌یان ناردبو به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پرۆژه‌كه. لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر پرۆژه‌كه ده‌بێته هۆی زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شداری له لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن كه‌سانی شاره‌زاو پسپۆر بن.
چه‌ند تێبینییه‌ك ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ده‌قی وه‌رگێڕاوی ئه‌و پرۆژه‌ی له ئه‌یلولی 2006دا بلاَوكرایهوه، به پێشنیازه‌كانه‌وه... دكتۆر نوری تاڵه‌بانی