دیمانه: ئومید تۆفیق
دكتۆر ره‌فیق سابیر، نوسه‌رو رۆشنبیر و ئه‌ندامی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ "سبه‌ی" سه‌رنج و تێبینیه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به كاره‌كانی په‌رله‌مان و كاریگه‌ری ئه‌و ده‌زگایه له بواری چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت ده‌خاته‌ڕو، هاوكات ئه‌و هۆكارانه‌ش ئاشكراده‌كات، كه به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستاندا. هاوکات ده‌ڵێت: "په‌رله‌مانی کوردستان له بواری چاودێریکردنی حکومه‌ت و ده‌زگاکانی حکومه‌تدا نه‌یتوانیوه رۆڵی خۆی ببینێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له هه‌مو ده‌زگاکانی هه‌رێمی کوردستاندا، به په‌رله‌مانیشه‌وه شه‌فافیه‌ت نییه و له زۆربه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌دا، که‌م تا زۆر، که‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری هه‌ن".
سبه‌ی: ئایا په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی چاودێری و ته‌شریعی، توانیویه‌تی رۆڵی خۆی ببینێت؟
د.ره‌فیق سابیر: په‌رله‌مانی کوردستان له بواری چاودێریکردنی حکومه‌ت و ده‌زگاکانی حکومه‌تدا نه‌یتوانیوه رۆڵی خۆی ببینێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له هه‌مو ده‌زگاکانی هه‌رێمی کوردستاندا، به په‌رله‌مانیشه‌وه رونکاری (شه‌فافیه‌ت) نییه و له زۆربه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌دا، که‌م تا زۆر، که‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری هه‌ن، که‌چی تا ئێستا په‌رله‌مانی کوردستان نه‌یتوانیوه، له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ هیچ وه‌زیرێکدا بکات و متمانه‌ی لێ بستێنیته‌وه. له‌مه‌یش زیاتر په‌رله‌مان ته‌نانه‌ت ناتوانێت چاودێریی جێبه‌جێکردنی بڕیار و یاساکانی خۆی بکات. چه‌ندان بریار و یاسای په‌رله‌مان هه‌ن که جێبه‌جێ نه‌کراون و ناکرێن.
به‌ڵام له‌ڕوی یاسادانانه‌وه ئاشکرایه که په‌رله‌مان کۆمه‌ڵێک یاسای ده‌رکردوه، که زۆربه‌یان گرنگ و پێویستن بۆ هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام به رای من په‌رله‌مان ده‌یتوانی، له ماوه‌ی ئه‌م دو ساڵه‌ی دواییدا ده‌یان یاسای دی ده‌ر بکات.
سبه‌ی: ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مان په‌سه‌ند ده‌كرێن، خواستی په‌رله‌مانتاران و لیژنه تایبه‌ته‌كانی له‌سه‌ره، یاخود به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ركه‌زی له حكومه‌ته‌وه به پێچه‌وانه‌وه دێت بۆ په‌رله‌مان؟
د.ره‌فیق سابیر: سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان له لایه‌ن حکومه‌ت و فراکسیۆنه‌کان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه پرۆژه‌یاسا پرۆژه‌بڕیاری بۆ ده‌نێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیانخاته به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و په‌سندی بکه‌ن، یان نه‌که‌ن. به‌شی زۆری ئه‌و پرۆژه یاسایانه له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه دێن، چونکه حکومه‌ت، وه‌ک ده‌زگای جێبه‌جێکردن، له کاره‌کانیدا ده‌بێت پشت به یاسا‌و بڕیار ببه‌ستێت. له هه‌مان کاتدا حکومه‌ت وه‌ک لایه‌نی جێبه‌جیکاری یاساکان، پێویسته له پرۆژه یاساکان ئاگادار بکرێت و رای خۆی له‌باره‌یانه‌وه ده‌رببڕێت. به‌ڵام له ئه‌نجامدا ته‌نیا سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان، به‌پێی بۆچون و باوه‌ڕی خۆی، بڕیار ده‌دات کام پرۆژه‌یاسا بخرێته به‌رنامه‌ی کاری په‌رله‌مانه‌وه. بۆیه پرۆژه‌یاسا هه‌یه، که زۆر گرنگه، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌وان به‌لایانه‌وه گرنگ نه‌بێت بۆیه به ساڵ و دو ساڵ ده‌خه‌وێندرێت و ناخرێته به‌رنامه‌ی کاری په‌رله‌مانه‌وه، که‌چی به پێچه‌وانه‌وه پرۆژه یاساش هه‌یه، که ره‌نگه بۆ خه‌ڵک ئه‌وه‌نده بایه‌خی نه‌بێت، که‌چی له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌کدا تێده‌په‌ڕێندرێت.ئه‌م شێوه کارکردنه، که په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان دیاری کردوه، ته‌نیا هه‌ڵه نییه، به‌ڵکو زۆر ناعادیلانهشه، چونکه هه‌مو مه‌سه‌له‌که بۆ ئیجتیهاد و بڕیاری سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان، که سێ که‌سن، جێده‌هێڵێت.
بۆیه هه‌مو فراکسیۆنه‌کان و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی لیژنه‌کان به دروستی نازانن. دروستتره پرۆژه‌یاساکان به هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان سه‌رۆاکیه‌تی په‌رله‌مان و لیژنه‌کانی په‌رله‌ماندا بێت و فراکسیۆنه‌کانیش به‌شدار بکرێن، چونکه ئه‌وان پێکه‌وه باشتر ده‌زانن که ئه‌مڕۆ کام یاسا بۆ خه‌ڵکی کوردستان باشتر و پێویستتره. ئه‌مه بۆ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانیش باشه، چونکه کاره‌که سه‌رکه‌وتوتر ده‌بێت و که‌سیش ناتوانێت سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان به‌وه تومه‌تبار که لایه‌نگرانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرۆژه یاساکاندا ده‌کات.
سبه‌ی: به‌ده‌ر له فراكسیۆنه‌كان، بۆچی خواست و ئیراده‌ی په‌رله‌مانتاران به‌كه‌می نه‌بێت هه‌ستیان پێناكرێت، ئایا حیزب له‌وه‌دا هۆكاره یاخود شتی تر؟
د.ره‌فیق سابیر: خواست و ئیراده‌ی سیاسی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌لای حیزبه‌کانیانه، ئه‌وان زۆرجار به گوێره‌ی ئامۆژگاری و بڕیاری حیزبه‌کانیان ده‌نگ ده‌ده‌ن. ئه‌مه ره‌نگه له زۆربه‌ی وڵاتانی دیکه‌ش هه‌روا بێت، به‌ڵام جیاوازی نێوان کوردستان و ئه‌و وڵاتانه ئه‌وه‌یه که له‌و وڵاتانه حیزب خزمه‌تکاری گه‌له، که‌چی له کوردستان ده‌بێت گه‌ل خزمه‌تکاری حیزب بێت. له‌لایه‌کی دیکه‌وه په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان به جۆرێک ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ده‌ستبه‌ست و ده‌مبه‌ست کردوه؛ که ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ئیراده‌ش بن ناتوانن وه‌ک پێویست رۆڵی خۆیان ببینن، چونکه هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێک له ناو په‌رله‌ماندا له ده‌ستی سه‌رۆکی په‌رله‌مان و جێگرهکهیدایه.
سبه‌ی: له دوای 17ی شوباته‌وه ره‌وشی كوردستان چۆن ده‌بینیت؟ ئایا ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی چاكسازی دروستبوه، یاخود به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌درێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه جارێكی تر "به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت" رێ بگیرێت له 17ی شوباتێكی تر؟
د.ره‌فیق سابیر: روداوه‌کانی17ی شوبات و دواتریش ده‌ریان خست که دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ به جۆرێک بڵاوبونه‌ته‌وه که له‌توانای خه‌ڵکی کوردستاندا نه‌ماوه زیاتر ته‌حه‌مولی بکات، چونکه ئه‌م دو دیاردانه بونه‌ته گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ئازادی و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستان. بۆیه به‌رای من ئاسان نییه و ناکرێت ئه‌مڕۆ به هه‌مان شێوازی پێش 17 ی شوبات هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه ببرێت.
من هه‌ست ناکه‌م که تائێستا ئیراده‌ی چاکسازی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له کوردستاندا ده‌رکه‌وتبێت، ئه‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه ده‌وترێت زیاتر قسه و به‌ڵێنی شیرینن. به‌بێ سه‌روه‌ربونی یاسا و سه‌ربه‌خۆبونی موتله‌قی دادگا ناکرێت قسه له چاکسازی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بکرێت. سه‌دان راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی- سلێمانی له باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه پشتگوێ خراون. ده‌یان که‌یس که په‌یوه‌ندییان به گه‌نده‌ڵییه‌وه هه‌یه له دادگاکاندا خه‌وێندراون و رێگا نادرێت دادگا ئازادانه بڕیارێک له باره‌یانه‌وه بدات. له بری ئه‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی به‌هێز بکرێت که‌چی ئه‌م ده‌زگایه، له رێی دانانی که‌سێکی نه‌شیاوه‌وه، که نازانێت رسته‌یه‌ک به کوردی بخوێنێته‌وه، فه‌له‌ج کراوه.
بۆیه هه‌میشه که بیر له مه‌سه‌له‌ی چاکسازی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌که‌مه‌وه ئه‌م پرسیاره له خۆم ده‌که‌م: ئایا کێ و کام له‌وانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارن ده‌توانێت ئه‌م کاره بکات؟! هه‌مو جارێکیش ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی مه‌سیحم بیر ده‌که‌وێته‌وه: ده‌ڵێن مه‌سیح به جێیه‌کدا ده‌ڕوات ده‌بینێت چه‌ند که‌سێک، که‌سێکیان له گۆشه‌یه‌کدا به‌گیر هێناوه و ده‌یانه‌وێت به‌ردباران (ره‌جم)ی بکه‌ن. مه‌سیح لێیان ده‌پرسێت: بۆچی به‌ردبارانی ده‌که‌ن؟ یه‌کێکیان وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: قوربان، چونکه زینای کردوه. مه‌سیح ده‌ڵێت: باشه، به‌ڵام با ئه‌و که‌سه‌تان که خۆی زینای نه‌کردوه یه‌که‌مین به‌ردی تێ بگرێت. پیاوه‌کان چاو له یه‌کتری ده‌که‌ن و به‌رده‌کانیان له ده‌ست به‌ر ده‌بیته‌وه و به‌ڕێی خۆیاندا ده‌ڕۆن. که‌واته پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه؛ کێ یه‌که‌مین به‌رد له گه‌نده‌ڵی ده‌گرێت؟!
سبه‌ی: وه‌ك په‌رله‌مانتارێك پشتگیریت له داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر كرد، ئایا داواكانی ئه‌وانت پێ دروستبو؟
د.ره‌فیق سابیر: به‌ڵی ئه‌و داواکارییانه‌ی خه‌ڵکم پێ دروست و ره‌وا بون بۆیه پشتگیریم لێ کردن و پشتگیری‌یان لێ ده‌که‌م.
سبه‌ی: پێتوایه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان كه‌وتبێته به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌ر و ریفۆرم، یاخود بڕیاری روبه‌ڕوبونه‌وه ده‌دات و ئه‌مه‌ش پێده‌چێت ره‌وشێكی وه‌ك وڵاتانی "سوریا و لیبیا و میسر"بهێنێته كایه‌وه؟
د.ره‌فیق سابیر: له دڵه‌وه ئاواته‌خوازم که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێمی کوردستان به‌پیر داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه بچێت، چونکه داخوازیی ره‌وان. له‌مه‌ش زیاتر کوردستان هێشتا سه‌ربه‌خۆ نییه و له هه‌ڕه‌شه‌ی عێراق و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که ده‌رباز نه‌بوه، بۆیه پێویستی به یه‌کڕیزی و ته‌بایی هه‌یه. راسته ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌م یه‌کڕیزی و ته‌باییه ئه‌رکی هه‌مو لایه‌که، به‌ڵام پێش هه‌موان ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاته. جێبه‌جێکردنی ئه‌م داخوازییانه‌ن کۆمه‌کی زۆر به ته‌بایی و یه‌کبونی نه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌ن. بۆیه به قازانجی خه‌ڵکی کوردستان و ته‌نانه‌ت به قازانجی ده‌سه‌ڵاتیشه، چونکه له‌م رێیه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌توانێت به خه‌ڵکی کوردستان بڵێت که به‌ته‌نگ به‌رژه‌وه‌ندی و داخوازییه‌کانی ئه‌وانه‌وه‌یه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌مو لایه‌ک زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
سبه‌ی: له ماوه‌ی پهلهمانتاریتدا، ئاگاداری ئه‌وه‌یت ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مان چیكردوهو به‌هه‌مان شێوه فراكسیۆنی كوردستانیش، بۆچی هه‌میشه به‌ره‌د فیعله‌وه زۆرینه مامه‌ڵه‌ی كردوه له ئاست ئه‌و پڕۆژه یاسایانه‌ی فراكسیۆنه ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌یانویست په‌سه‌ند بكرێت؟
د.ره‌فیق سابیر: هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانه‌وه گرژی و بهدحاڵیبون له نێوان فراکسیۆنی کوردستانی و ئۆپۆزسیۆندا دروست بو. ئه‌وه یه‌که‌مین جار بو له مێژوی په‌رله‌مانی کوردستاندا ئۆپۆزسیۆن به‌م گوڕ و هێزه‌وه ده‌ربکه‌وێت. ئه‌مه بۆ هه‌ردولا ئه‌زمونێکی نوێ و تاقیکردنه‌وه‌یه‌کیش بو. ئه‌م گرژی و بهدحاڵیبونه ده‌رفه‌تی نه‌دا زه‌مینه‌ی گوێگرتن له یه‌کتری جۆره متمانه‌یه‌ک به یه‌کتری دروست بكات. سه‌ره‌نجام مه‌سه‌له‌که به‌داخه‌وه هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ر لایه‌نه بیه‌وێت پێشانی ئه‌ویدی بدات که خۆی بڕیاده‌ره. ئه‌مه‌ش به قازانجی په‌رله‌مان و خه‌ڵک نه‌شکایه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر به رواڵه‌ت لایه‌نێکیش (براوه) بێته به‌رچاو، ئه‌وا له ناوه‌ڕۆکدا هه‌ردولا زه‌ره‌رمه‌ند بون، چونکه وه‌ک وتم ئه‌م کێشه‌یه و ئه‌نجامه‌کانی به قازانجی خه‌ڵک ته‌واو نه‌بون.
سبه‌ی: تۆ ماوه‌یه‌ك له لیژنه‌ی نه‌زاهه سه‌رۆك بویت، رێگره‌كان له به‌رده‌متدا چی بون، یاخود له‌و ماوه‌یه‌دا چیتانكرد؟ بۆچی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی لیژنه‌كه به‌تۆشه‌وه ده‌ستیان له كاركێشایه‌وه له لیژنه‌ی نه‌زاهه؟
د.ره‌فیق سابیر: راستییه‌که‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی که من سه‌رۆکی لیژنه‌ی نه‌زاهه بوم، جگه له به‌دواداچون بۆ هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی بچوک که ره‌وانه‌ی ئێمه کرابون، نه‌مانتوانی کارێکی ئه‌وتۆ بکه‌ین، چونکه هاوکاری نه‌کراین و که‌س پشتی نه‌گرتین. بۆ نمونه سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان ئاماده نه‌بو هیچ کام له‌و سه‌دان راپۆرتانه‌ی دیوانی چاودێریی دارایی، که په‌یوه‌ندییان به سه‌رپێچی قانونی و گه‌نده‌ڵییه‌وه هه‌یه، بدات به لیژنه‌که‌مان. ئێمه به‌بێ به‌ڵگه نه‌مان ده‌توانی ده‌ست به کاری جیدی بکه‌ین. بۆیه زۆربه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌که‌مان به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتین که هێشتا له کوردستاندا ئیراده‌یه‌کی سیاسی بۆ چاکسازی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دروست نه‌بوه. له‌م حاڵه‌ته‌دا لیژنه‌ی نه‌زاهه زیاتر وه‌ک دیکۆرێک، یان ناوێکی بێ ناوه‌رۆک ده‌بێت. بۆیه زۆربه‌ی ئه‌ندامان له کاری لیژنه‌که بێ‌ئومێد بوین و وازمان له لیژنه‌که هێنا.
سبه‌ی: سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات پێكهاتوه، ئایا په‌یوه‌ندی و كاركردنی ئه‌و سه‌رۆكایه‌تیه له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاراندا به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی به‌ڕێوه‌ده‌چو؟ باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی په‌رله‌مان له سه‌رۆكایه‌تیدا قۆرخبوهو ئه‌وانیش به ئه‌جێندای حیزبی و زۆرجاریش شه‌خسی؛ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كاره‌كانی په‌رله‌ماندا دروست ده‌كه‌ن؟
د.ره‌فیق سابیر: کار و کۆبونه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان به‌پێی په‌یڕه‌وه ناوخۆکه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت که له ساڵی1992 په‌سند کراوه. په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌کانی داوه به سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان، به تایبه‌تی به به‌ڕێز سه‌رۆکی په‌رله‌مان. ئاشکرایه سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان ده‌بێت بێلایه‌نانه و دور له ئه‌جێندای حیزبی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام ئایا تا چه‌ند ئه‌وان توانیویانه بێلایه‌نانه و بێ جیاوازیکردن له نێوان فراکسیۆنی کوردستانی و فراکسیۆنه‌کانی ئۆپۆزیسیۆندا ره‌فتار بکه‌ن؟ من ناتوانم شایه‌تی بۆ بێلایه‌نی ئه‌وان بده‌م، چونکه هێشتا نه‌مزانیوه که له کوردستاندا که‌سێکی حیزبی، له هه‌ر پۆستێکدا بێت، توانیبێتی بێلایه‌نانه و دور له ئه‌جیندا و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌ی کار بکات.