له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا هیچ كاتێك هێنده‌ی ساڵی رابردو (2008)، چوار حیزبه‌كه خه‌ڵك‌و میدیاكانی كوردستانیان مه‌شغوڵی سیاسهتو ئامادهكردنو بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌یان نه‌كردوه، كه پێشناچێت بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته گۆڕانی جه‌وهه‌ریی دروستبكات‌و فشارێكی كاریگه‌ربێت بۆ سه‌ر یهكێتیو پارتی.
هه‌روه‌ك له ماوه‌ی رابردودا سه‌ركرده‌كانی (سۆسیالیست، یه‌كگرتو، زهحهمهتكێشان، كۆمه‌ڵ) رایانگه‌یاندوه له چه‌ند رۆژی داهاتودا راپۆرتێك له‌سه‌ر كه‌موكورتییه‌كانی ئیداره‌ی كوردی بۆ رای گشتی بڵاوده‌كه‌نه‌وه، به‌پێی زانیارییه باوهڕپێكراوهكانیش راپۆرته‌كه گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له جۆری گهندهڵیو ئه‌دای حكومهتو كێشه خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ههرێمو به‌غداو كورد‌و ئه‌مریكا باسكردوه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه چه‌ند راسپاردهیهكیشیان خستوه‌ته به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تیی كورد‌و داوای پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی ههرێمو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، راپۆرته‌كه‌ش ده‌گه‌یه‌نرێته ناوه‌نده بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی ئهمریكاو ئه‌وروپا.
تا ئێستا لای هه‌ندێك له چاودێران ئه‌و گومانه نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه كه ده‌ربڕینی ناڕهزاییو نوسینی پرۆژه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرت له‌لایه‌ن ئه‌م چوار حیزبه‌وه، بۆ فشارهێنانی زیاتری خۆیانه بۆ سه‌ر یهكێتیو پارتی به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی پۆست‌و ئیمتیاز‌و بودجه‌ی مانگانه‌ی حیزبه‌كانیان زیادبكه‌ن، یان به جدیی ده‌یانه‌وێت چاكسازیی ئیداریی‌و سیاسی له كوردستاندا بكرێت.
هه‌لومه‌رجی كاركردنی ئه‌م چوار حیزبه له دوڕیانێكی زۆر دژواردایه، نه ئه‌وه‌یه هێنده‌ی دو هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه ده‌سه‌ڵاتیان له حكومه‌تدا هه‌بێت، نه ئه‌وه‌یه وه‌ك حیزبێكی ئۆپۆزسیۆن یه‌كلایه‌نه بتوانن رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن، بۆیه ئێستا قاچێكیان له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدایه‌و قاچێكیشیان له ده‌ره‌وه‌یه.
بونی ئۆپۆزسیۆنێكی ئه‌كتیڤ‌و بزێو یه‌كێكه له پێوه‌ره‌كانی دیموكراتیبونی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی، به‌ڵام له كوردستاندا به‌هۆی ناته‌ندروستیی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی حوكومو نه‌بونی جورئه‌تی سیاسی، هیچ حیزبێك نه‌یوێراوه وه‌ك حیزبێكی ئۆپۆزسیۆن كاربكات‌و به‌شداریی پێنج كابینه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی نه‌كردبێت.
له‌مساڵدا ئه‌نجامدانی گۆڕانكاریی له كابینه‌ی حكومه‌تدا، جا چ به ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بێت له4/6ی ئه‌مساڵ و چ به‌پێی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان یهكێتیو پارتی، پێناچێت له‌م كابینه تازه‌یه‌دا ئه‌وجۆره سیاسه‌ته له‌و چوار حیزبه قبوڵ بكه‌ن كه هه‌م له ده‌سه‌ڵاتیشدا بن‌و هه‌م ره‌خنه‌ی جدیش له حكومه‌ت بگرن.
ئه‌م چوار حیزبه كه ئێستا 18 كورسیان له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا هه‌یه (یه‌كگرتو 9، كۆمه‌ڵ 6، سۆسیالیست 2، زه‌حمه‌تكێشان 1)، كه ده‌كاته 16%ی سه‌رجه‌م كورسییه‌كانی په‌رله‌مان كه 111 كورسییه، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت گۆڕانكاریی به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسیی هه‌رێمدا بهێنن، كه 17 ساڵه به‌وشێوه‌یه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پێویسته له ئێستادا واز له ژاوه‌ژاو موجامه‌له‌ی پارتی‌و یه‌كێتی بهێننو كۆمه‌ڵێك بڕیاری ستراتیژیی بده‌ن، چونكه له ئه‌زمونی زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا كاتێك ویستراوه گۆڕانی جه‌وهه‌ریی به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی‌دا بهێنرێت، ده‌بێت چه‌ند لایه‌نێك قوربانیی بۆ ئه‌و گۆڕانه بده‌ن، ئه‌م چوار حیزبه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت ئه‌و گۆڕانه روبدات، یان ده‌بێت ئه‌و قوربانییه بده‌ن، یان گۆڕانه‌كه دواده‌كه‌وێت، بۆیه ئه‌م لایه‌نانه چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌كرێت ئه‌نجام بده‌ن:
* ئه‌گه‌ر ئه‌م چوار حیزبه ده‌یانه‌وێت له سیستمی سیاسیی هه‌رێمدا ئۆپۆزسیۆن دروست ببێت، پێویسته واز له مه‌نسه‌بێكی " لاوازی" وه‌زاری بهێنن ولهحكومهت بكشێنه‌وه، كه ئه‌و بڕیاره‌شیان كاریگه‌ری ئیجابی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی پێویست له هه‌ڵبژاردنی داهاتودا.
* فه‌رهه‌نگی سیاسیی ئه‌م چوار حیزبه له كاروباری حیزبایهتیكردندا، له ماوه‌ی رابردودا لاساییكردنه‌وه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی بوه، بۆیه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت نه‌خشه‌ی سیاسیی كوردستان بگۆڕن، پێویسته سوربن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چاكسازیی سیاسیی راسته‌قینه‌و به شه‌فافانه كاروباریان به‌ڕێوه‌به‌رن، كه زۆركات ئه‌م لایه‌نانه‌ش له‌پشتی په‌رده‌و له ژوری تاریكدا بڕیاریانداوه‌و مه‌سه‌له گرنگ‌و هه‌ستیاره‌كانیان له میلله‌ت شاردوه‌ته‌وه.