رۆژ نییه له رێگای میدیا نوسراو و بینراو بیستراوهكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حیزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه ئاشنا نه‌بین به زاراوه‌ی عه‌قڵانیه‌تی سیاسی، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و هاوڵاتییه بێ لایه‌ن و ره‌وت و حیزبه سیاسیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات خاوه‌نی عهقڵانهتی سیاسی نه‌بن و بیانه‌وێ ئه‌م ئه‌زمونه‌مان لێتێكبدهن به ناعه‌قڵانیه‌ت ؟!.
له‌كاتێكدا دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 25-7-2009 بۆ هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات رون بۆوه كه خه‌ڵكانێكی زۆری دیكهههن له‌م نیشتمانه هاوبه‌شن و راو بۆچونی جیاوازیان هه‌یه، به ژماره كه‌م نین، به‌ڵكو زۆریشن وه‌ك له ئه‌نجامه بڵاوكراوه‌كانه‌وه ده‌ركه‌وت سه‌ره‌ڕای بونی گومان له ساخته‌كاری له‌و پرۆسه‌یه‌دا، له سه‌دا چلی 40% دانیشتوی كوردستان ده‌نگیان به ئۆپۆزسیۆن داوه، واته هۆیه‌ك هه‌یه له‌پشت ئه‌م راستیه‌وه؟! ئایا هه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ئێستای كوردستان نه‌بون ساڵی 1992 ده‌نگیان به‌و دو حیزبه‌دا،بۆ ئێستا ده‌نگ به ئۆپۆزسیون ده‌ده‌ن!. گریمان ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن كه‌مینه‌ش بونایه، ئه‌بوایه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی گوێی لێبگرتنایهو به‌وپه‌ری عه‌قڵانیه‌ت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكردنایه، ئه‌و عهقڵانهنیهتهی خۆیان باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، پرسیارێك له ناخی هه‌ر یه‌ك له ئێمه‌ی هاوڵاتیه‌وه دروست بوه، ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مه‌به‌ستی له عه‌قڵانیه‌تی سیاسیی چییه؟!. ئه‌گه‌ر عه‌قلانیه‌تی سیاسی مانای ئه‌وه‌بێت به هه‌مو شتێكی ده‌سه‌ڵات رازیبین و نقه‌مان لێنه‌یه‌ت و چاومان بنوقێنین له به‌رده‌م راستی و ناعه‌داله‌تی و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌ستخۆشیان لێبكه‌ین و چه‌پڵه‌یان بۆ لێبده‌ین و له‌گه‌ڵیان راستگۆنهبین سه‌باره‌ت به‌بۆچون و ده‌ربرینی راستیه‌كان ئه‌وه نه‌ك عه‌قلانیه‌ته بێگومان ناعهقلانیهتێكی زۆر زه‌قه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌توانم بڵێم تا ئێستا میلله‌ت و پارت و رێكخراوه سیاسیه‌كانمان زۆر به عه‌قلانیه‌ت كاریان كردوه، به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراتی و به ئاشتیانه ویستیان گۆڕانكاری له سیستمی سیاسی وڵات بكه‌ن، به‌هه‌مه‌ئاهه‌نگی هه‌مو پارت و رێكخراوه سیاسیه‌كانه‌وه بهدهسهڵاتیشهوه، نه‌ك له رێگاری كودهتاو توندوتیژی و تێكدانی ئاشایشی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌مومان به دهسڵاتیشهوه له نیشتمانێكداین، خاڵی یه‌كگرتنه‌وه‌مان پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و خزمه‌تی هاوڵاتیانه به‌بێ جیاوازی ره‌گه‌ز و چین و توێژ و مه‌زهه‌ب.
له‌بری ئه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بیر له‌وه بكاته‌وه بۆ له سلێمانی قه‌ڵا مه‌زنه‌كه‌ی یه‌كێتی، ده‌نگی به‌ده‌ست نه‌هێنا و بگه‌ڕێت به دوای هۆكاره‌كاندا و چاره‌سه‌ریان بكات، ئه‌گه‌ر به مهنتقیشبێت ئه‌بێ هۆكاری هه‌بێت، هیچ شتێك له دنیادا بێ هۆكار نییه هه‌رچه‌ند من سیاسی نیم به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چوبم یه‌كێك له هۆكاره‌كان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌زمه‌ی رۆشنبیری دڵسۆزی هه‌یه به‌مانایه‌كی تر ئه‌زمه‌ی فیكری هه‌یه سه‌ره‌ڕای بونی سه‌نته‌رێكی زۆری بیر‌و هۆشیاری و به‌ناو كۆمه‌ڵایه‌تی و بونی ده‌زگایه‌كی زه‌به‌لاحی راگه‌یاندن كه بوه به بارێك به‌سه‌ر یه‌كێتیه‌وه، ئه‌توانم به ئه‌مانه‌ته‌وه بڵێم سه‌رده‌می شاخ له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكان له‌گه‌ڵ نه‌بونی ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی پێشكه‌وتو زۆر له كاتی ئێستا باشتر بوه، په‌یتا په‌یتا ئه‌و نامیلكه فیكری‌و سیاسیانه‌ی دهردهچوله ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا ئه‌گه‌یشته زانكۆ و قوتابیان سه‌ره‌ڕای ئه‌و زه‌برو زۆره‌ی رژێمی به‌عس كه نامیلكه‌یه‌ك له‌و نامیلكانه بهسبون بۆ سڕینه‌وه‌ی ژیانی چه‌ند قوتابیه‌ك، قوتابیانی زانكۆكان ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆیان له‌سه‌ر بابه‌ته سیاسیه‌كان ده‌كرد به‌بێ جیاوازی له هه‌مو زانكۆكانی عیراق به به‌غدا و موسڵ وبه‌سرا و كوفهشهوه..... ئه‌گه‌ر دور نه‌ڕۆین هه‌ر یه‌ك له‌ئێمه كه دوچاری شكستێك ده‌بینه‌وه سه‌ره رای دڵته‌نگی به‌په‌رۆشه‌وه هه‌وڵده‌دین به‌سه‌ر شكسته‌كه‌دا زاڵبین به دۆزینه‌وه‌ی هۆكاری شكستیهكهو چاره‌سه‌ركردنی به شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی كه هه‌ڵه به‌هه‌ڵه راست نه‌كه‌ینه‌وه به‌ڵكو بگه‌ینه سه‌ر برینه‌كه‌و تیماری بكه‌ین .
ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ئاوا بهتهشهنوجهوه بڕوانێته بار‌و دۆخه‌كه‌و له روانكهی بۆچونی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم نه‌بێت و ده‌نگی پێنهدابم دوژمنمه، ئه‌وا هه‌مو هاوڵاتی بێلایه‌نیش ده‌خاته ئه‌و خانه‌یه‌وه نه‌ك هه‌ر ئه‌ندامه‌كانی خۆی به‌ڵكو له‌نه‌تیجه‌دا ناتوانێت بارودۆخه‌كه هه‌ڵبسه‌نگێنێت و چاره‌ی پێویستی بۆ بكات له روانگه‌ی فه‌رهه‌نگی لێبوردن و پێكه‌وه‌ژیان و گفتوگۆی ئاشتی، مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی ده‌نگی نه‌دابێت به لیستی كوردستانی ناحه‌زی لیستی كوردستانی بێت به‌ڵكو متمانه‌ی پێنه‌ماوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ژده‌ساڵه له ده‌سه‌ڵاتدایه و به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كردوه، ئه‌و دو حیزبه سه‌ره‌كیه سه‌ره‌ڕای بونی رێكه‌وتنی ستراتیجی نێوانیان هه‌ریه‌ك له شوێنی جوغرافیای خۆی باڵاده‌سته و له بری حكومه‌ت حیزب هه‌ڵده‌ستێت به‌كاروباری حكومه‌ته‌كه، به رواله‌ت له هیچ شتێك كه‌ممان نیی یه خاوه‌نی حكومه‌ت،هیزی پێشمه‌رگه،په‌رله‌مان و ریكخراوی مه‌ده‌نی و دیموكراتین، به‌ڵام هه‌موی به رواڵه‌ت و روكه‌شه، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر دو حیزبه هاوپه‌یمانه ستراتیجیهكهدان، هه‌ریه‌ك له شوێنی جوغرافیای خۆی باڵاده‌سته‌و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاته رێگه نادات به‌هاوپه‌یمانه ستراتیجیهكهش جموجۆڵی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بنه‌ره‌تی هه‌بێت، حیزب له كاری پیرۆزی حیزبایه‌تی و ئایدۆلوَجیا دوركه‌وتۆته‌وه و به‌رگێكی تری به‌سه‌ردا كراوه و به‌هه‌مو شێوه‌كان له كۆمپانیادهچن نه‌ك حیزب، حیزب بازاڕی كۆنترۆڵ كردوه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئابونه‌ی ئه‌ندامه‌كانی بژێت له سه‌ر بودجه‌ی وڵات ده‌ژێت كه‌ته‌رخان كراوه بۆ هاوڵاتیان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت حیزب بوه به‌بار به‌سه‌ر كۆمهڵگاو هاوڵاتیه‌وه، له‌جیاتی مۆدێرن كردن و ئه‌كتیڤ كردنی حیزبه‌كان به به‌ها ئایدۆلوجیهكان، تابێت له ئایدۆلۆجیاو پیرۆزی خه‌باتی سیاسی دور ده‌كه‌ونه‌وه، (وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه له په‌نجا وڵایه‌ت پێك هاتوه خاوهنییهك حكومه‌ته كه پارێزگاری ده‌كات له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌مو ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان، نه‌ك له ده‌سكه‌وتی حیزبایه‌تی ته‌سك و دهستوپێوهندهكانی ده‌سه‌ڵات).
راستیه‌ك هه‌یه ئه‌بێ هه‌مومان بیزانین، ئه‌مه یه‌كه‌م جار نییه یه‌كێتی توشی گرفتی له‌م جۆره ببێته‌وه، به‌ڵام به عه‌قلانیه‌تی بیرمه‌ندو (مفكر) رۆشنبیرهكانیهوه له‌و بارودۆخه ده‌رچوه، بۆیه باشتر وایه چیتر بیر له رابردو و پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه نه‌كه‌نه‌وه و ئه‌ندامه‌كانیان زویر نه‌كه‌ن به‌گومان لێكردنیان، به‌ڵكو به چاوێكی سیاسی پۆفیشناڵتر بڕواننه بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان و كار بكه‌ن به‌و چه‌پكه گوڵه‌ی هه‌رده‌م به‌ڕێز مام جه‌لال باسی لێوه‌ده‌كات و به‌پراكتیك بۆ خه‌ڵكی كوردستان بسه‌لمێنن كه لایه‌نگری ئه‌و چه‌پكه گوڵه جیاوازهن نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا به‌دی ده‌كرێت له‌ڕێی رۆژنامه‌كانی زمانحاڵی حیزبی ده‌سه‌ڵات كه به ئاشكرا روبه‌ڕوی هه‌مو بۆچونێكی ئۆپۆزسیون ده‌بنه‌وه ئه‌گه‌ر باشیش بێت و له خزمه‌تی هاوڵاتیدا بێت، بچوكترین نمونه‌ش بۆ ئه‌مه له‌كوردستانی نۆێ دا له ژماره 4998 دا بابه‌تێك بڵاوكراوه‌ته‌وه (بڕینه‌وه‌ی موچه بۆ كابانی ماڵ زیان به ئابوری هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت) وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م پێشنیاره تاكه پرۆسه بێت زیان به ئابوری وڵات بگه‌یه‌نێت دور له‌و گه‌نده‌ڵیه ئابوریانه‌ی ده‌كرێت له‌گشت لایه‌كه‌وه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه بۆچونی به‌ڕێز كاك نه‌وشیروانه بۆ سه‌ربه‌خۆكردنی ئافره‌تی كورد له‌ڕێی پشت به‌ستن به ئابوریه‌كی تایبه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یان لا خراپه؟! به‌ڵام زۆر كاری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی تر ده‌كرێت كه خزمه‌ت به‌گه‌ل و نیشتمانیش ناكات و زیان به ئابوری هه‌رێمیش ده‌گه‌یه‌نێت بێئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌كی پێبكرێت .
لیستی كوردستانی به‌پێی ئه‌و عه‌قڵانیه‌ته‌ی كه باسی لێوهده كات پێویسته وه‌ك هه‌مو ئه‌و دهسهلاَته سیاسیانه‌ی ئه‌مڕۆی جیهان به جۆرێكی ستاندهرد بڕوانێته پرۆسه‌ی سیاسی دور له ئایدۆلوجیاو ستراتیجیه‌تی كاركردن بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و پرۆسه‌ی دیموكراسی، نه‌ئه‌بو گه‌مه ساسیهكانی پیش هه‌ڵبژاردن و كاتی هه‌ڵبژاردن و دوای هه‌ڵبژاردن تێكه‌ڵاو بكات، هه‌ریه‌ك له‌م پرۆسانه گه‌مه‌ی كاریگه‌ری تایبه‌تی خۆی ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین تائێستاش ده‌سه‌ڵات هیچ له ئیستراتیجیه‌تی خۆی نه‌گۆڕیوه چ له پێش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تا دوای پرۆسه‌كه‌ش .
ئه‌بێ لیستی كوردستانی دوای پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به یه‌ك چاو سه‌یری هاولاتی بكات له روانگه‌ی چه‌مكی هاوڵاتیبون له كوردستانی عیراقدا، جیاوازی نه‌كات له‌نێوان ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان پێداوه‌و ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان پێنهوداوه، ئه‌گه‌ر وه‌ك یه‌كیش سه‌یریان نه‌كات، نابێت وه‌ك دوژمن سه‌یریان بكات، ئه‌مه له لایه‌ك وه‌له لایهكیترهوه ئه‌بێ له‌په‌رله‌مانی داهاتو به‌و په‌ڕی خۆلیبوردن له روانگه‌ی فه‌رهه‌نگی لێبوردن و پێكه‌وه‌ژیان و گفتوگۆی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن كار بكه‌ن بۆ گه‌ل و نیشتمان، له به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت و ئاسایشی نهتهوهییمانبن، له‌گه‌ڵ لیسته ركابه‌ره‌كان دابنیشن و به عه‌قڵیه‌تێكی سیاسی نوێی كراوه‌و بێنه‌وه مه‌یدان و به‌سه‌ر ئه‌و گیروگرفتانه‌دا زاڵببن كه له رێگادان، ئه‌وه‌ش له رێی كۆنگره‌وه (ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی كه ده‌مێكه باسی لێوه ده‌كرێت و ئه‌نجام نادرێت) كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی هاوڵاتی ساده‌ش به‌گومانه‌وه بڵێت، ئه‌گه‌ر حیزبێك ئاماده‌نه‌بێت له ناو خودی حیزبه‌كه‌دا دیموكراسی بپارێزێت، چۆن ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی گه‌ل و دیموكراسی كۆمه‌ڵگاكه ده‌پارێزێت، بێگومان یه‌كێتی له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورسدایه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و پێگه جه‌ماوه‌رییه‌ی كه دۆڕاندی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌دا، ئه‌وه‌ش به گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌ها سیاسیه به‌نرخه‌كان و به‌هێز كردنی لایه‌نی فیكری یه‌كخستنی خیتابی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ر له‌نوێ به به‌رگێكی تازه‌وه .
پرسیاره‌كه‌ش له‌وه‌دایه ئایا سیاسیه‌كانمان چه‌ند ئاماده‌ن گوێ له هاوڵاتی ساده‌و رۆشنبیران بگرن.
له‌كۆتاییدا ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ده‌یكه‌ن به پێی عه‌قڵانیه‌تی سیاسی به‌بێ بچێته قاڵبی خزمهنگردنی تاكی كورده‌وه به‌پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ره‌وری یاسا‌و دابین كردنی عه‌داله‌تی ئیجتماعی و دروست كردن و پێشخستنی سامانی مرۆیی، كه زۆر له سامانه سروشتیه‌كانمان به‌نرختره بۆیه ئه‌بێ هه‌موان له خزمه‌تی سامانی مرۆیی‌دا بن بۆ ئه‌وه‌ی گره‌وه‌كه ببه‌نه‌وه.