هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كه‌ی حه‌وتی ئازاری رابردو گۆڕانێكی گه‌وره‌ی ناهاوسه‌نگی به‌سه‌ر په‌رله‌مانی عێراقدا هێناو به‌شێوه‌یه‌كی دیكه دیمه‌نی سیاسیی پێكهاته‌كانی وێناكردهوه، به‌جۆرێك؛ قه‌باره‌ی هه‌ردو پێكهاته‌ی شیعه‌و سوننه‌ی گه‌وره‌تركرد. به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌كان (شیعه له‌نێوان (145 بۆ 155) كورسی‌و سوننه‌ش له‌نێوان (85 بۆ 95) كورسی) قه‌باره‌ی كوردیش وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه (55 بۆ 60) كورسی.
چه‌ند رۆژێكه مشتومڕێكی زۆر كه‌وتوه‌ته ناوه‌نده سیاسیی‌و ئیعلامییه‌كانی عێراقه‌وه سه‌باره‌ت به پۆستی سه‌رۆك كۆمار. كه سوننه‌ی عه‌ره‌ب ئه‌مجاره تموحی به‌و پۆسته هه‌یه‌و لیستی هاوپهیمانیو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش پێداده‌گرێت له‌سه‌ر دوباره ده‌ستكه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته.
شتێك، كه منی سه‌رسام كردوه و تێیناگه‌م ئه‌وه‌یه؛ كه ئه‌و پێداگرییه زۆره‌ی به‌ڕێز بارزانی سه‌رۆكی ههرێمو لیستی هاوپهیمانیو به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌سه‌ر پێدانه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ به‌ڕێز تاڵه‌بانی له‌پای چییه؟ بۆچی ئه‌م لایه‌نانه له‌كاتی به‌رگریی كردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته بهشهخسهنهیان كردوه‌و ده‌ڵێن؛ ئه‌و پۆسته بۆ تاڵه‌بانییه‌و ناڵێن بۆ كورده؟ بۆچی بۆ خه‌ڵكی كوردستانی رونناكهنهوه گرنگیی ئه‌و پۆسته له‌چیدایه بۆ تاڵه‌بانی؟ ئایا له وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته پرس‌و راوێژ به په‌رله‌مانی كوردستان كراوه، وه‌ك مه‌رجه‌عی خه‌ڵكی كوردستان؟ ئایا راوێژ به لیستی گۆڕان‌و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ كراوه، كه ئه‌مجاره نزیكه‌ی یهكلهسهر سێی كۆی كورسییه‌كانی كوردیان به‌ده‌ستهێناوه؟ ئایا سه‌رۆكایه‌تی ههرێمو لیستی هاوپه‌یمانی دیراسه‌ی ئه‌وه‌یان كردوه، كه پێداگری زۆر له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته كاریگه‌ریی سلبیی بۆ سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی مافهنهتهوهییهكانی كورد نابێت؟ كورد له به‌رامبه‌ر چ ته‌نازولێك، ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گرێت؟.
جیاوازییه‌كی گه‌وره له‌نێوان گوتاری سیاسیی لیستی هاوپهیمانیو لیستی گۆڕان ههستپێدهكهم، كه هاوپه‌یمانی زۆر ته‌ركیز له‌سه‌ر سه‌ندنی پۆست دهكاتو لیستی گۆڕانیش له‌سه‌ر سه‌ندنی ماف‌و به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌سكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی. هه‌روه‌ك لیستی هاوپه‌یمانی له‌ماوه‌ی رابردودا زۆركات له‌پێناوی سه‌ندنی پۆستی سیادی ته‌نازولی له‌سه‌ر هه‌ندێ مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد كردوه.
راسته‌و نكۆڵی له‌وه ناكرێت، كه به‌ده‌ستهێنانی پۆست گرنگه، به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌یه پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد هه‌یه‌و ده‌بوایه سه‌رۆكایه‌تی ههرێمو لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان به‌دیقه‌تتر له گرنگیی و ناگرنگیی ئه‌م پۆسته بڕوانن، چونكه له چوارساڵی داهاتودا جیاواز له‌م خوله‌ی تێپه‌ڕی، پۆستی سه‌رۆك كۆمار پۆستێكی زۆر رهمزیو تهشریفاتیو لاواز دهبێو به‌پێی ده‌ستور له‌م خوله‌دا وه‌ك جاری رابردو مافی ڤیتۆی له‌سه‌ر ده‌ركردنی یاساكانی په‌رله‌مان نابێ‌و بێڕه‌زامه‌ندی ئه‌و تێدهپهرێێنرێت.
به‌ڵێ پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌ڕوی ناوبانگ‌و حزوری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی عێراقیی‌و جیهانیی بۆ كورد بهرچاوترو دڵخۆشكهرتره، به‌ڵام من پێموایه؛ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد له‌وه‌دایه، ئه‌مجاره پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت، كه له‌پۆستی سه‌رۆك كۆمار گرنگیی‌و بایه‌خێكی زیاتری بۆ كورد هه‌یه، به‌وپێیه‌ی چوار ساڵی داهاتو زۆر سه‌خت ده‌بێت به‌نیسبه‌ت كورده‌وه‌و كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی گرنگ له په‌رله‌مان حه‌سم ده‌كرێت، كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌م روانه‌وه ده‌توانێت رۆڵی گرنگی هه‌بێت:
یه‌كه‌م: سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌توانێت موماته‌ڵه‌و رێگری بكات له ده‌رچونی هه‌ندێك یاسا، دژ به كورد.
دوه‌م: له‌م خوله‌دا لانیكه‌م مه‌سه‌له‌ی ماده‌ی (140) به‌لایه‌كدا حه‌سم ده‌كرێت.
سێیه‌م: له‌م خوله‌دا سه‌رژمێریی گشتیی عێراق ده‌كرێت، كه ئه‌ویش په‌یوه‌ندیی به نفوزی كورد له ناوچهدابڕاوهكانو مه‌سه‌له‌ی (17%)ی بودجه‌وه هه‌یه، كه ره‌نگه له‌م ده‌وره‌یه‌ی په‌رله‌ماندا هه‌ندێك له فراكسیۆنه‌كان رازی نه‌بن، ئه‌و رێژه‌یه بدرێته‌وه به كورد.
چواره‌م: به‌پێی ماده‌ی (48)ی ده‌ستور، له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ئه‌نجومه‌نی فیدراڵیی پێكده‌هێنرێت، كه جێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ده‌گرێته‌وه‌و زه‌مانه‌تێكی گرنگه بۆ كورد، ئه‌گه‌ر به‌لێزانانه كاری بۆ بكرێت.
پێنجه‌م: به‌پێی ماده‌ی (142)ی ده‌ستور له‌م خوله‌دا كۆمه‌ڵێك ته‌عدیلات له ده‌ستوردا ده‌كرێت، كه به‌شێكیان په‌یوه‌ندییان به مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه هه‌یه.
كرۆكی ئه‌م مه‌سه‌لانه په‌یوه‌ندییان به مافی كورده‌وه هه‌یه، نه‌ك به‌ڕێز تاڵه‌بانی، هه‌ر بۆیه ناكرێت ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕێز تاڵه‌بانی حه‌ز به‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته ده‌كات، ئه‌و پۆسته كاریگه‌ریی به‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی مافه‌كانی كورده‌وه هه‌بێت.
راستییه‌ك هه‌یه‌و ده‌بێ دانیپێدابنرێت؛ كه سه‌رۆك تاڵه‌بانی پیربوهو ته‌ندروستی زۆر باش نییه، بۆیه نابێت سیاسه‌تی كورد هه‌ڵبواسرێت به‌كه‌سێكدا، كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌كرێت نه‌توانێت له‌به‌ر ناسه‌قامگیریی باری ته‌ندروستی به‌ته‌واوه‌تی موماره‌سه‌ی كاره‌كه‌ی بكات، چونكه بونی مام جه‌لال به‌و ته‌ندروستییه خراپه‌ی كاریگه‌ری بۆ سه‌ر دینامیكییه‌تی كورد له‌به‌غدا ده‌بێت.